هەڤاڵ ئەبوبەكر دەستی لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی كێشایەوە کوردستانی

نوچە نێت

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی گۆڕان دەست لە كاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی پارێزگار و بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند و ڕایدەگەیێنێت، "بێبەریبوونی خۆمان لە هەردوو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین و لە ئەمڕۆوە؛ وەک کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین."

بەیانی ئەمڕۆ هەینی (11/تشرینی یەكەم/2024) هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی دەست لەكاركێشانەوەی پۆستی پارێزگای سلێمانی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، "کە بەداخێکی سەختەوە؛ ناکۆکیی و دووبەرەکیی و بێمتمانەییەکی زۆرو قوڵ کەوتۆتە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوەو بەسەر دوو ماڵی لێکترازاودا؛ دابەشبوون، ئێمە خۆمان لەو دۆخە بەدورگرت و هەموو هەوڵێکی کۆکردنەوەو یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەو قبوڵکردنی یەکترو کاراکردنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و ناوەندەکانی بڕیاردانمان دا، بەڵام نەگەشتینە ئەنجام. "

هاوكات پارێزگاری سلێمانی لە نووسراوێكدا داوای لە وەزیری ناوخۆ دەكات، لە پۆستەكەی ببەخشرێت و بگوازرێتەوە بۆ ناو وەزارەتی ناوخۆ.

دەقی ڕوونكردنەوەی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگای سلێمانی:

ئێمە؛ بە بژاردەو بڕیاری ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان و، بە هەڵبژاردن و بەدەنگی زۆرینەی ڕەهای خەڵک و بزوتنەوەی گۆڕان و بڕیاری جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێککەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەنگی هەموو فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بە پەسەندێتیی وەزارەتی ناوخۆو سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و بە مەرسومی هەرێمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ لە ٤ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ دا؛ وەک پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاربووم، لە پێناوی خزمەت نەک دەسکەوتدا، دڵسۆزانە حکومەتێکی خۆجێی هاووڵاتیی سەنتەریی خزمەتگوزارمان لەسەر بنەمای یاساسەروەریی و دور لە حیزبایەتیی و دور لە جیاکاریی و لایەنداریی؛ بەپشتیوانیی هەمووان بنیاتناوە، بۆیەکەمجار لە مێژووی کورددا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بەشداریی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی حکومەتە خۆجێیەکانمان؛ بەرجەستە کردووە، بەرەنگاری هەموو ئاڵنگارییەکان بوینەتەوەو گۆڕیومانن بۆ دەرفەتی گەشەکردن و بوژاندنەوەو سەقامگیریی، سێ مانگ پێش تەواوبوونی ماوەی چوارساڵی خزمەتکردنمان لەم پۆستەدا، لە ٩ی ئەیلولی ٢٠٢١دا؛ بەفەرمیی داوای بەخشینمان لە پۆستەکەم کردووە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسا دەبێت تا هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاو هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ؛ بەردەوامبین، بۆ جاری دووەم هەمان داواکاریی فەرمیمان لە ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا؛ پێشکەش بە بەڕێزان وەزیری ناوخۆو سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هەر سێ لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەو تا ئەمڕۆ؛ پەسەندنەکراوە.

ئێمە حوکمڕانیمان لە ململانێی سیاسیی دورخستۆتەوەو پابەندیی دەستورو یاساو ڕێساو ڕێنماییەکان بووین و دەبین.

لەم دۆخەی ئێستادا، کە بەداخێکی سەختەوە؛ ناکۆکیی و دووبەرەکیی و بێمتمانەییەکی زۆرو قوڵ کەوتۆتە ناو بزوتنەوەی گۆڕانەوەو بەسەر دوو ماڵی لێکترازاودا؛ دابەشبوون، ئێمە خۆمان لەو دۆخە بەدورگرت و هەموو هەوڵێکی کۆکردنەوەو یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەو قبوڵکردنی یەکترو کاراکردنەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و ناوەندەکانی بڕیاردانمان دا، بەڵام نەگەشتینە ئەنجام. 

لە ئێستاشدا نابینە بەشێک لەم ململانێ و کێشمەکێشەی گۆڕانی لە ئامانج و ستراتیژو دەستور و پاکێچ و بەرپرسیارێتییەکەی دورخستۆتەوە.

بۆیە:

یەکەم: بۆ جاری سێیەم و کۆتایی؛ داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەخشینمان لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی پەسەند بکات.

دووەم: بێبەریبوونی خۆمان لە هەردوو ماڵەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕادەگەیەنین و لە ئەمڕۆوە؛ وەک کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسەند دەکرێت، یان ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕیی دەگیرێتەبەر بۆ دەستاودەستی پۆستەکەمان لەگەڵ هەر پاڵێوراوێکی تردا.

سێیەم: نابین بەبەشێک لەم دابەشبوونەو بەهەمان ڕۆح و گیانی گۆڕانخوازییەوە؛ لە هەر کات و شوێنێکدا؛ خزمەت دەکەین، وەک هەمیشە داکۆکیکارو خزمەتکاری هەموو هاونیشتمانیان دەبین بەبێ جیاوازیی.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین