سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆك بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كۆبووەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە، "پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت ڤیتۆی لەسەر كەس نیە و پێویستە گفتوگۆكان لە چوارچێوەی یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكوومەت و یەك هێزی پێشمەرگەدا بێت."

ڕۆژی چوارشەممە (شەشی تشرینی یەكەم/2024) لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن هیتچن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە كۆبوونەوەكەدا كە ئاندرو بیزلی كونسوڵی بریتانیا لەهەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق پیرۆزبایی "سەركەوتنی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان و ڕێژەی بەرزی بەشداریی خەڵك لە دەنگدان و بەڕێوەچوونی لە كەشێكی ئارامدا لە سەرۆك بارزانی كرد. لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی گەلی كوردستانی كرد كە بەم ڕێژە بەرزە بەشداریی هەڵبژاردنیان كردووە."

هەروەها دانوساندنەكانی پەیوەست بە پێكهاتە و ئەجێندای حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان تەوەری تری ئەو دیدارە بوو و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە، "كە پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت ڤیتۆی لەسەر كەس نیە و پێویستە گفتوگۆكان لە چوارچێوەی یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكوومەت و یەك هێزی پێشمەرگەدا بێت."

هەر لە كۆبوونەوەیەدا "بیروڕا لەبارەی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا و كاریگەریی لەسەر هاوكێشەكانی جیهان و ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ" كرا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین