وه‌زاره‌تى دارایى عێراق رێنمایى جێبه‌جێكردنى یاساى بودجه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

وه‌زاره‌تى دارایى عێراق ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند، رێنماییه‌كانى جێبه‌جێكردنى یاساى بودجه‌ى گشتى ساڵى 2021ى ته‌واو كردووه‌ و سبه‌ى به‌سه‌ر وه‌زاره‌ت و پارێزگاكان دابه‌شى ده‌كات. دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و تانانه‌ى حكومه‌تى عێراق له‌ دادگاى فیدڕاڵى له‌سه‌ر بودجه‌ تۆمارى كردوون، جێبه‌جێكردنى بودجه‌ دوا ناخات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ى نیسان، وه‌زاره‌تى دارایى عێراق له‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى خۆى راگه‌ێێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا باسى له‌ ئاماده‌كردنى رێنماییه‌كانى جێبه‌جێكردنى یاساى بودجه‌ كردووه‌ و ده‌ڵێ، "ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ى نیسان وه‌زاره‌تى دارایى رایده‌گه‌ینێ رێنماییه‌كانى جێبه‌جێكردنى بودجه‌ى ته‌واوكردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تى كۆماره‌وه‌ ره‌زامه‌ندیى له‌سه‌ر دراوه‌".

بۆیه‌ داوا ده‌كات سبه‌ى دووشه‌ممه‌ 26ى نیسان، سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و پارێزگا و دامه‌زراوه‌كان سه‌ردانى وه‌زاره‌تى دارایى بكه‌ن و رێنماییه‌كان وه‌ربگرن.

سه‌باره‌ت به‌و تانانه‌ى حكومه‌تى عێراق له‌ دادگاى فیدڕاڵى له‌ یاساى بودجه‌ى گشتى 2021ى عێراقى داوه‌، وه‌زاره‌تى دارایى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م تانانه‌ جێبه‌جێكردنى بودجه‌ دواناخه‌ن.

پێشتر هه‌رێمى كوردستان و عێراق رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر بودجه‌ى گشتى 2021  كردووه‌. ئومێد سه‌باح سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى باسى له‌وه‌ كرد ئه‌م هه‌فته‌یه‌ شاندێكى ته‌كنیكى و پسپۆڕى سه‌ردانى به‌غدا ده‌كه‌ن به‌ مه‌یه‌ستى جێبه‌جێكردنى بودجه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین