ڕێزان شێخ دلێر: بە هەمواکردنەوەی یاسای باری کەسێتی خێزان گرنگی نامێنێت دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

ڕێزان شێخ دلێر، جیا لەوەی لە خولی سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی عیراق، پەرلەمانتاربوو، پارێزەرە و لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کاردەکات. هەمیشە وەک چالاکێکی بواری مافەکانی ئافرەتان دەردەکەوێت. بەر لەوەی بچێتە پەرلەمانی عیراق کاری ڕێکخراوەیی دەکرد و ئێستاش گەڕاوەتەوە سەر هەمان کار.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانێتی ژنانە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەندامی مولتەقای نیسائی دەوڵەتە عەرەبییەکانە، لە گفتووگۆیەکی نوچەنێت باس لە مەترسییەکان ئەم هەوڵە دەکات کە لە پەرلەمانی عیراق بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عیراقی ژمارە (188) ی ساڵی1959 دەدرێت.

نوچەنێت: بۆچی لە پەرلەمانی عیراق هەوڵی گۆڕینی یاسای باری کەسێتی ژمارە (188)ی ساڵی 1959دەدرێت، هەندێک دەڵێن ئەوەی هەوڵی بۆ دەدرێت گۆڕینە نەک هەموارکردن، پێتوایە ئامانج لەم هەوڵە چییە؟

ڕێزان شێخ دلێر: عیراق بریتییە لە کۆمەڵێک پێکهاتە، پێکهاتەی شیعە گەورەترین پێکهاتەیە لەسەر ئاستی عیراق، دەیانەوێ ئەم دەوڵەتە لە مەدەنی و فیدڕاڵییەوە بکەن بە دەوڵەتێکی ئیسلامگەرایی، لەبەرئەوەی پێشتریش یاسای جەعفەرییان هێنا و نەیانتوانی سەرکەوتووبن، لە خولی سێیەم جارێکی تر ئەم یاسایەیان هێنایەوە دیسان سەرکەوتوونەبوون، لە خولی چوارەم هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە (57) کە گەڕانەوەی منداڵە بۆ لای باوک لە تەمەنی دووساڵییەوە کاتێک دایکەکە هاوسەرگیری کردەوە تا دوانزە کەس منداڵەکە ناگەڕێتەوە سەر دایک، واتە دایک بووەتە ئەڵقەیەکی زیادە بەلای ئەوانەوە.

ئێستا دیسان هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەی عیراقی بگەڕێننەوە سەر مەزهەبەکان، لە ناو هەر کۆمەڵگەیەک کە دەسەڵاتی یاسادانان دادەنێی دەبێت ئەو یاسایانە دابنێن، کە کۆمەڵگە پێویستییەتی، واتە پێویستییەکانی ئێستای کۆمەڵگە چییە؟ کەلێن هەیە کە تا ئێستا نەتوانراوە یاسایەکی بۆ دابنێین. بۆیە کۆمەڵگەی عیراقی لە ئێستادا هیچ پێویستی بە دەستکاری ئەم یاسایە نییە.

دەست بردن بۆ یاسای باری کەسێتی زۆر مەترسیدارە، چونکە پەیوەستە بە باری کەسێتی هەموو تاکێکی موسوڵمان لە ناو عیراق، دەبێ زۆر بە هەستیاری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئەگەر دەستیشی بۆ ببرێت دەبێ گروپێک دەست بۆ ئەم یاسایە بەرێت، کە زۆر بەتوانا بن هەر لە زانایانی ئاینی، مامۆستایانی زانکۆ و بیرمەندان لەم هەوڵانەدا بەشداربن، نەک تەنیا یەک پەرلەمانتار بێت بە بیروهۆشی خۆی بۆ حەزو ئارەزووی خۆی، بۆئەوەی خەڵک دەنگی پێبدات بێت ئەو ئاڵۆزییە گەورەیە لەناو دەوڵەتی عیراق درووست بکات.

یەکەم بڕگەی ئەم پڕۆژە یاسایە دەڵێت، کەسان ئازادن لەسەر یاسا کۆنەکە بمێننەوە یاخودنا ئەگەر ئەم یاسایە هەمواربکەین، بە وەستانی ماددەی(2)، هەموو یاسای باری کەسێتی لە ماددەی (2) پێکهاتووە، هەر لە گرێبەستی هاوسەرگیری و چۆنێتی هاوسەرگیرییەکان هەروەها تەڵاق و هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ژیانی کەسەوە. لەجیاتی ئەوە دەڵێت، بگەڕێینەوە بۆ مەرجەعی مەزهەبی سوننەوشیعە، لە سوننەدا زیاتر لە شەش مەزهەب هەیە، ئەوەی  کە لەساڵی 1959 پشتیان پێ بەستووە مەزهەبی شافیعی و مەزهەبی حەنەفی بووە. شیعە یەک مەزهەبی هەیە بەڵام ئیمامیان هەیە. دوانزە ئیمامیان هەیە هەروەها چوار ئیمامی سەرەکییان هەیە، ئێمە وەکو سوننە یەک مەرجەعمان نییە، ئەمە وات لێ دەکات، کە مرۆڤ لە کۆمەڵگە کێشەی بۆ درووست ببێت و  یاسایەکی مەدەنی نەبێت لە کاتی گرفت و پێویستیدا دا بڕۆنەوە سەری. 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بەیاننامەیەک هەڵوێستی هەرێمی سەبارەت بەم هەمواری ئەم یاسایە ڕاگەیاند

قاعیدەی تشریعی عیراقی دەڵیت، دەبێ یاسا ڕوون و ئاشکرا و قابیلی جێ بەجێ کردن بێت، تاوان نییە ئەگەر سزایەکی بۆ دانەنرێت، واتە ئەوەی ئەوان داوای دەکەن لەدەرەوەی قاعیدەی تشریعییە، بابەتێکی تر باسی (مدونە) دەکەن هەندێ زاراوە هەیە لە یاسادا باس دەکرێت و دانی پێدا نراوە، بەڵام تا ئێستا باسی (مدونە) نەکراوە. (مدونە) دەڵێت، شیعەکان بەرنامەیەک بۆ یاسای باری کەسێتی خۆیان دابنێن سوننەکانیش بۆخۆیان.  یەکەم هەنگاو ئەوەیە دەوڵەتەکە دابەش دەکەی و دەیگەڕێنێتەوە بۆ تایفەگەری و مەزهەبگەرایەتی بۆ نموونە من سوننەم و شافعیم، ئەم مەزهەبانە باس لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خوای خۆیان دەکەن، هەروەها بەپێی ڕۆژگارەکان بۆ ئەوکات و قۆناخە دانراوە، هەروەها مەزهەبەکان لەیەک ناچن لەسەر بابەتەکان ڕێک نەکەوتوون بۆیە ئەو هەموو مەزهەبە دانراوە، کە دێینە سەر هاوسەرگیری دەبێت هەموان لەسەری کۆک بن و یاسایەک هەبێت، کە هاوڵاتی تووشی کێشەیەک بوو پێگەی پارێزراوبێت بە تایبەت ژن و منداڵ، بەداخەوە یاسادانەرانی ئێستا لەناو پەرلەمانی عیراق، هەندێکیان دەزانن لەناو ئەو کۆمەڵگەیەو ئەم پێگە ئاساییە فکر و عەقڵ وهۆشیاری تەواویان نییە، تاکو یاسا بۆ کۆمەڵگە و بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگە دابنێن. دەیانەوێ کۆمەڵگە بەرەو دواوە بگەڕێننەوە. ئەم گەڕانەوە بەرەو دواوە کاریگەری دەکاتە سەر منداڵێکی کچ و کوڕ، کە لە نەجەف تا یان لە بەسرە لە دایک دەبێت، دواڕۆژی ئەمانە چی لێدێت قۆناخی منداڵیان نامێنت. بەپێی یاساکان هاوسەرگیری لە کۆمەڵگەی ئێمە هەمیشەییە، ئەگەر دووکەس نەگونجان دەڕۆن بەپێی شەرع لە دادگا لەیەکتر جیادەبنەوە .

لەم پڕۆژ یاسایە دا لە ماددەی (10) لە  بڕگەی( 5)دا دەڵێت، هەر هاوسەرگیرییەک لە دەرەوەی داداگا کرابێت، تاوانە. ئەم هەموارە نوێیە دەڵێت، دەبێ ئەوە ڕەت بکرێتەوەو هاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگا ئاسایی بێت، کەواتە جارێکی تر دەسەڵاتی تەواو دەدرێتەوە بە مامۆستایانی ئاینی، هەندێ لە مامۆستایانی ئاینی خوێندنیان تەواو کردووە بەڵام هەندێکیان تا ئێستا دەنگی ژن بە عەورەت دادەنێن، ئەمە زۆر قورسە، کە بڕیار لەسەر منی ژن بدات.

کەواتە چەندەها هاوسەرگیری دەکرێت و منداڵ دەخرێتەوە، بەبێ ئەوەی کەس بچێتە ناو دادگا، داداگا هێزی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە جێگایەک تەنیا بۆ پەسەندکردن.

 لە هەرێمی کوردستان، چەندین ساڵە کاردەکەین ڕێز و هێز بۆ دادگا بگەڕێتەوە، هەرچییەک بێت دادوەر کەسێکی یاساییە و داد و دادپەروەری لایە، ئەمە وای لیدێت لە جیاتی داداگا مەلا حووکم دەدات.

ئێمە تا ئێستا کێشەمان لە گەڵ گوتارەکانیان هەیە ڕیک ناخرێتەوە نەک ژیانی خەڵک بکەوێتە دەستیان.

ئەگەر ئەم پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمان تێپەڕێت خێزان گرنگی نامێنێت

نوچەنێت: ئەگەر ئەم یاسایە هەموار بکرێت کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

ڕێزان شێخ دلێر: بە دڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت، چونکە ئەمە باس لە (مدونە) دەکات و سوننەش ناچار دەکات (مدونە)ی خۆی بنووسێتەوە. ئێمەش وەکو هەرێمی کوردستان زۆربەی زۆرمان سوننەین، واتە بەدەرنابین لەم کێشمەکێشمە.

 بابەتی ئیسلامگەرایەتی و ئەوەی، کە بابەتێک شەرعی و ناشەرعی و حەڵاڵ و حەرام زەق دەکرێتەوە، حزبە ئیسلامییەکان ئێستا لەگەڵی نین دوایی ئەوانیش دەڵێن، ئێمە ناشەرعی ناکەین، یەکێک دەڕوات سکاڵا لە دادگای فیدراڵی  تۆمار دەکات و تانە دەدات لە داداگاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یاسایەک دەرچووە لەناو دەوڵەتی عیراق پەیوەستە بە یاسای باری کەسێتییەوە پەیوەستە بە کەسانی موسوڵمانەوە. منێکی موسوڵمان دەمەوێ ئەم یاسایە بەسەرما جێ بەجێ بێت، کە چووە ناو دادگای فیدڕاڵی، بە دڵنیاییەوە دادگای فیدڕاڵی ئەم تانەیە وەردەگرێت، چونکە ئەمە باس لە حەڵاڵ و حەرام و شەریعەتی ئیسلام دەکات. 

ناگەڕێتەوە بۆئەوەی ئێمە چیمان جێ بەجێ کردووەو چیمان جێ بەجێ نەکردووە، بیرمان بێ حزبە ئیسلامییەکان نایانەوێ هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هەبێت و ئێستاش قسە بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێن، کە تەنیا داواکاریمان ئەوەیە، خێزانەکان خێزانی پتەوبن و دووربن لە تووندووتیژی. ئەوان ئەم دووربن لە تووندووتیژییەشیان قبوڵ نییە.

نوچەنێت: لایەنی شیعە دەڵێن دڵنیاین ئەم پڕۆژە یاسایە تیدەپەڕێت، چونکە کەس کێشەی لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە نییە. پێتوایە دەبێ کورد لە پەرلەمانی عیراق چی بکات؟

ڕێزان شێخ دلێر: ئەمە ڕاست نییە، چونکە 125پەرلەمانتار واژوی کردووە کە دژی ئەم هەموارەن، زۆریش لەوانە کورد و سوننەو شیعەشی تێدایە، بەڵام بابەتێکی دیکە هەیە ئەویش ئەوەیە، کە دوو پڕۆژە یاسا لە ناو پەرلەمان هەن. یەکێکیان تایبەتە بە کوردەکان و یەکێک تایبەتە بە سوننەکان، ئەوەی تایبەتە بە کوردەکان ئەوەیە، کە باس لە گەڕانەوەی عقاراتی هەندێ کەس دەکات لەناو کەرکووک کە ئەوانە لە سەردەمی سەدام حسێن، موڵک و ماڵیان داگیرکراوەو دەیانەوێ بگەڕێتەوە، ئەوە ڕێککەوتنیان لەگەڵ دەکەن و دەڵێن، ئێمە بە مەبەرجێک دەنگ دەدەین بەو پڕۆژەیە کە ئێوە دەنگ بدەن بە یاسای باری کەسێتی، دووەمیان، لێبوردنی گشتی بۆ سوننەکان هەیە، کە هەموو بەرنامەی خۆیان لەسەر داڕشتووە دەڵێن ئێمە چەندەها کەسایەتیمان هەیە، کە بەڕای ئەوان بێ تاوانن و ئەوەتا لە ناو زیندانن دەبێ ئەمانە ئازاد بکرێن، لەو کاتەشدا شیعە دەڵێن، ئێمەش دەنگ دەدەین بە یاسای گشتی بەمەرجێک ئێوە دەنگ بە یاسای باری کەسێتی بدەن، کەواتە ئەوە ڕێککەوتنێکی قورسە بۆ هەرسێ لایەنەکە لە ناو پەرلەمان، بەڕای من ئەوەندە بە ئاسانی تێناپەڕێت، یەکێک لە پەرلەمانتارەکان زۆر جوان گوتویەتی،  لە جیاتی ئەوەی چەند دۆنم زەوی و بگەرێندرێتەوە بۆ کورد و بڕۆن تاوانبار لە زیندان بێننە دەرەوە، دەیکەین بە قوربانی مارەبڕینی  منداڵانی خوار نۆساڵ، لە هەموو دەوڵەتی عیراق.

نوچەنێتی: ئێمە لەهەرێمی کوردستان بەهەوڵی سەرۆکی حکوومەت ئەوکات لە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی یاسای باری کەسێتیمان هەموارکردووەتەوە، ئەگەر ئەم پڕۆژە یاسایە تێپەڕێت چەند جیاواز دەبێت لە گەڵ ئەم یاسایەی ئێمە؟

ڕێزان شێخ دلێر: بە دڵنیاییەوە ناکۆکی زۆرە، یاسای ژمارە (188) زۆر جیاکاری و نابەرابەری تێدایە، لەهەندێک لە بڕگەکان نایەکسانی تێدایە دەڵێت، ژنێک کە گونجاو نییە لەگەڵ بژی و خراپە، ئایا لەم سەردەمەدا هیچ پیاوێک خراپ نییەو هەموویان تەواون؟ ناچاری دەکات کە بیگەڕێنێتەوە بۆ ناو خێزان، باس لە هێزی پیاو دەکات، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان بۆ نموونە ئەو بڕگەیەی کە باس لە فرەژنی دەکات، مەرجمان بۆ داناوەو مەرجی یاسایی و شەرعی، چونکە لەناو قورئانیشدا باس لە دادپەروەری دەکات بۆ هێنانی ژنی دووەم و سێیەم ڕێگای بۆ دانراوە، ئێمە یاسامان بە جۆرێک هەموارکردووەتەوە، کە بگونجێت لەگەڵ ژیانی گەنجەکانی ئێستا و ئەم سەردەمە گەنجێک ، کە تەمەنی هەژدە ساڵە لە ڕیگەی مۆبایلەکەی خۆیەوە لە دنیایەکی پێشکەوتوودا دەژیت لەهەر شوێنێکی عیراق بێت ڕازی نابێت بەوەی، کە بە نۆساڵی هاوسەرگیری بکات و مامۆستایەکی ئاینی بڕیار لەسەر ژیانی بدات ئەوە ناگونجێت ئەگەر بۆ ماوەیەکیش قبوڵ بکرێت دوایی وای لێدێت، کە عیراق دەبێتە دەوڵەتێکی سەرلێشێوا و کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو.

بەپێی ئەم پڕۆژە یاسایە هاوسەرگیری کاتی ڕێگە پێدراو دەبێت

نوچەنێت: لە هەرێمی کوردستان هاوسەرگیری کاتی نییە، هەروەها کێشەی مەزهەبیشمان نییە، ئایا دوای هەموارکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە چی لێدێت؟

ڕێزان شێخ دلێر: ئێمە مەزهەبمان زۆرە بەڵام یاسایەکمان هەیە دوای ئەمە هەموو مەزهەبەکان (مدونە)ی خۆیان دەبێت هیچیان ڕازی نابن ئەویتری لەسەر جی بەجێ بکرێت، لە کۆمەڵگەی ئێمە هاوسەرگیری هەمیشەیی هەیە و تەنیا بە مردن یان تەڵاق کۆتایی دێت، بەڵام ئەم هەموارە ڕێگە بە هاوسەرگیری کاتی دەدات، هەندێجار لە دوو سەعاتەوە دیاریکراوە و  بە مافێکی شەرعیشی دادەنێن، کە بڵێن ئەمە لەناو پڕۆژەکە نییە وانییە، چونکە کاتێک بۆ مەزهەبەکان دەگەڕێیتەوە، بەکۆی گشتی باسی هاوسەرگیری کاتی تێدایە، من منداڵم دەوێت پەروەردەی بکەم و خوێندن تەواو بکات نەک هاوسەرگیری کاتی بکات، ڕەنگە لەم هاوسەرگیرییە کاتییانە، لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ناوی (بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە) هەتا هاوسەرگیری هەمیشەیی پێش هەژدەساڵیش بازرگانییە بە مرۆڤەوە. 

چونکە لە  هاوسەرگیری کاتیدا ئافرەت دەبێتە کاڵا، لەگەڵ لەشفرۆشی جیاوازییەکەی ئەوەیە کە ئەو شەرعییەو بە گرێبەستێک دەڕواتە ناو ئەم پەیوەندییە ئەویان بێ گرێبەست دەڕوات ئەگەرنا هەردووکی بەرانبەرە بە بڕێک پارە. 

کەواتە مەترسییەکی گەورەیە لەناو کۆمەڵگە. ئێمە یەکێک لە کارە نەرێنییەکانی ئەوروپا بەوە دەست نیشان دەکەین، کە خێزان گرنگی نەماوە بەڵام دوای ئەو هەموارە، لای ئێمەش خێزان گرنگی نامێنێت. هەر ژنێک یان کچێک ئیشی بە پارەبوو دەتوانێ بڕوات ئەم هاوسەرگیرییە کاتییە بکات.

نوچەنێت: حکوومەت چی بکات؟ یان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چی بکەن پاراستنی کۆمەڵگەی ئێمە ؟

ڕێزان شێخ دلێر: ئێمەی هەفتەی پێشتر لە هەولێر دانیشتنێکمان کرد لەگەڵ ڕێکخراوی ئێمە و هاوپەیمانی ژنان، کە چیبکەین و چۆن ڕێگری بکەین؟ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی دەرکرد کە ئەوان دژی ئەم هەموارەن، ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان بەهیچ جۆرێک ئامادەنین بۆ قبوڵکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە، هەروەها یەکێتی زانایان بەیانێکی باشیان دەرکرد، تا ئێستا یەکیتی و پارتی لەناو پەرلەمانی عیراق، دژی ئەم هەموارەنم،ئەمە جێگای دڵخۆشییە.

پێویستە حزبە سیاسییەکان، حکوومەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی چالاک، بە هەوڵ و ڕێگای جۆراو جۆر دژی ئەم هەوڵە بوەستنەوە بۆئەوەی خێزان وەکو خۆی بمینێتەوەو کۆمەڵگە تووشی سەرلێشێوان نەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین