پێگەی ئافرەت لە گوتارەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دا دیمانە و راپۆرت

چرا یاسین

پرسی ئافرەتان، لەهەرێمی کوردستاندا یەکێکە لە پرسە سەرەکی و لە پێشینەییەکانی کۆمەڵگە، کە ئێستا وەک پرسێکی گرنگ و بایەخدار و لە هەمان کاتدا فەرامۆشکراو چاوی لێ دەکرێت. زۆر کەمن ئەوانەی بەدەم ژن و کێشە و مافەکانیانەوە دەچن. بە تایبەت لە ئاستی سیاسی و کەسانی باڵای هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ڕابردووی تا ئەمڕۆ، سەرۆک (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەپاڵ گرنگیدان بە تەواوی ئەو پرس و گرفتە سیاسیانەی ڕووی لەهەرێمی کوردستان کردووە، پرسی ژنی لە ئەولەویاتی کارەکانیدا داناوە. رێزگرتنی لە پێگەی ئافرەت لە وتارەکانیدا لەماوەی مانگێکی رابردوودا زیاتر ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن، کە پرسی ئافرەت و رێزگرتن لە بوون و پێگەی ژن لە باوەڕە نەگۆڕییەکانیەتی.

 سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرکردەی دیاری کورد،  بووەتە سومبولی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان، لەمێژووی دروست بوونی کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی کابینەی یەکگرتنەوەی کورد،  پاش مێژوویەکی دووری دوو کابینەیی لە هەرێمی کوردستان، پێشتریش لە کابینەی چوارەمدا. لەیەکەم نەفەسی سەرۆکایەتی کابینەکەیەوە هەمیشە بە گرنگییەوە خوێندنەوەی بۆ ماف و ئەرکەکانی ئافرەتانی کوردستان، کردووە.

 ئەم گرنگیدانەی بە ڕۆڵی ئافرەتان لە ئەولەویاتی بڕیارە سیاسی و کارەکانی حکوومەتەکەی بووە. سیاسەتی یەکسانی ڕاگەیاندووە و بەڕێزەوە لە مافی ئافرەتی کوردستانی ڕوانیووە، لەکاتێکدا دۆخی ژنان لەوپەری خراپیدا بوو، تووندوتیژی دژ بە ژنان بەر بڵاوبووە، لەگەڵ وەرگرتنی سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، هەوڵیدا حکوومەتەکەی بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و نەهێشتنی تووندوتیژیی دژ بە ژنان ئەرکدار بکات. بۆ ئەوەیش چەندین رێوشوێنی گرتە بەر، لە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بۆ دروستکردنی تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر پرسی ئافرەتان، گۆڕینی یاساکان و چەسپاندنی یاساکان.

بەردەوام لە هەوڵ و کار و پرۆژە و سیاسەتەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دا، ئاشتی کۆمەڵایەتی و کارکردن بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دیموکرات و رێزگر لە ماف و بەها مرۆڤایەتییەکان جێگیر و جێی بایەخ بووە، لە نێویشیاندا کارکردن بۆ بە دیهێنانی مافەکانی ئافرەتان وەک بنەمایەکی نەگۆڕ دەبینرێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، هاوکاتی سیاسەت و پرۆژەکانی بۆ ئەو ئامانجە، هەمیشە لە دەرکەوتن و گوتارەکانیدا پەیامی گرنگ و جیاواز ئاراستەی کۆمەڵگە و ئافرەتان دەکات. بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کۆمەڵگەیەکی کراوەی ئازاد و پێشکەوتووی مەدەنی، بێ ئازادیی ئافرەت و مسۆگەریی تەواوی مافەکانیان نایەتە دی. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە زۆر بۆنەدا دووپاتی دەکاتەوە کە ئامانجیان بارهێنانی کۆمەڵگایەکە تواناکانی ئافرەت سنووردار نەکات، ئافرەت تێیدا هەست بە ستەم و ژێر دەستەیی نەکات و پەراوێز نەخرێت.

 سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرکردەی دیاری کورد،  بووەتە سومبولی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان

 ئەگەر گوتار و دەرکەوتنەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە ماوەی تەنها  یەک مانگدا لە (١٧-١٠-٢٠٢٤) تا (١٦-١١-٢٠٢٤)  وەربگرین، ئەوە ڕوونتر ئەو باوەڕەی بەڕێزیان بە یەکسانی و رێزگرتن لەمافی ژنان و هاندانی بۆ کۆمەڵگە بۆ رێزگرتنیان لە پێگەی بەدی دەکرێت، لەوێوە ئەو راستییە دەبینین، کە پرسی ژن و کارکردن بۆ پرسی ئافرەتان لای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، دونیابینی و باوەڕ و سیاسەتی نەگۆڕە، بۆیە لە هەموو دەرفەتێک کەڵک وەردەگرێت، تا بیرمان بهێنێتەوە، بەڕێز و متمانەوە لە پێگە و توانای ژن بڕوانین و هانمان دەدات بۆ ئەوەی هاوکار و هاندەری هاتنە پێشەوەی زیاتری ژنان بین.

بۆ نمونە : سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا کە لە (٢٤-٩-٢٠٢٤) بە بۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان پێشکەشی کرد، لەگەڵ بیرهێنانەوەی گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئازادی بانگەشەو ئازادی سیاسییەوە، ئەو پەیامە بە دەرفەت دەزانێت، کە جارێکی تریش توانا و مافی ئافرەت بەبیر بهێنێتەوە دەڵێت " لێرەدا بە تایبەتی جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی ڕێز و پێگەی ئافرەت دەکەمەوە، پاراستنی ژنان بە گشتی و بە کاندیدبوونیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان"[1].

 لەو وتارەشدا کاتێک باسی لە خستنەڕووی پلانەکانی داهاتووی حیزبەکەی کرد، سەرکەوتنیان بەڕێگەی بەدەستهێنانی مافەکان و پێشخستنی ژیانی چین و توێژەکان دەزانێت. گرنگی لەوەشدا زامنکردنی مافەکانی ئافرەتان و هەوڵی زیاتری پێشخستنیان لە بیرناکات.

هەر لەو ماوەیەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، جیا لەو پەیام و گوتارانەی کە بۆبانگەشەکانی هەڵبژاردن پێشکەشی کردوون، لە (١٧-١٠- ٢٠٢٤)، لە مەراسیمی بیست و نۆیه‌مین خولی ده‌رچووانی پێگه‌یاندنی كۆلێژی سه‌ربازیی دووی زاخۆ، لە گوتارێکدا وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە سەرکەوتنی قوتابیانی بەشداربوو لەم ڕێوڕەسمەدا، بەشداریی ژمارەیەکی دیار لە کچانی کوردستانی لەناو دەرچواندا کە پلەی ئەفسەریان پێ درا، بە جێگەی فەخر زانی.

لە وتارەکەیدا ڕاگەیاند، خۆشحاڵە لەگەڵ قوتابیان و کەسوکارییان، بەشداریی لە دەرچوونی ئەفسەرانی (٢٩)ی پێگەیاندنی کۆلیژی سەربازی زاخۆ دەکات. دەرچوونی ئەو ژمارە زۆرە ئەفسەرەی لەو خولە سەربازییەدا بە جێی شانازیی بۆخۆی و هەموو خەڵکی کوردستان زانی، گوتیشی ”زیاتر جێی خۆشحاڵییە کە لەناو دەرچواندا (٥٠) کچی کوردستان، (١٣) ئێزیدی و دەرچوویەکی کاکەیی هەیە. ئەمە جێی دڵخۆشی هەموومانە، بە گەرمی و بە دڵ پیرۆزبایی لە هەموو ئێوە و لە خانەوادە و کەسوکاری ئێوە دەکەم، کە ئەمرۆ لەم مەراسیمەدا لەگەڵ ئێمە بەشدارن. پیرۆزبێت لە ئەوان، پیرۆزبێت لە ئێوە و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم”[2].

لەمەراسیمێکی دیکەدا کە لە ڕێکەوتی ١٦/١١/٢٠٢٤ لە قەڵاچوالان بەڕێوەچوو، بۆ دەرچوونی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەرانی کۆلیژی سەربازیی قەڵاچواڵان بەبەشداری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بەڕێزیان لە گوتارێکدا، چەندین پەیامی گرنگی خستەڕوو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی کە دەبینێت "٧٦٩ گەنجی وڵاتەکەمان بە گڕوتینێکی نوێوە چەکدار بە زانست و دیسپلینی سەربازی نوێوە لەم کۆلێژە دەردەچن". گوتشی "ئەوەی زیاتر جێگەی خۆشحاڵییە، ئەوەیە لەو دەرچووانە  ٤٨ یان خانمن. ئه‌وان ئێستا دواى نۆ مانگ خوێندن و ڕاهێنان ده‌رده‌چن و پله‌ى مولازم وه‌رده‌گرن. خوێنێكى نوێ به‌ به‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستاندا ده‌كه‌ن. دڵنياين، ئێستا كه‌ خه‌ڵكى كوردستان ئه‌م ديمه‌نانه‌ ده‌بينن، به‌ شانازييه‌وه‌ هه‌ست به‌ سه‌ربه‌رزى ده‌كه‌ن".

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا سەرکەوتنی گەنجانی بەشداربوو لەو خولە سەربازییەدا بە "سەرەتای وەرچەرخانێکی گرنگ و پێویستە لە مێژووی پێشمەرگایەتی و هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان" ناو دەبات، بۆ بەشداریی ژنانیش دەڵێت "بە شانازییەکی زۆرەوە بەشداریی کچان و ژنانی کوردستان، لە ڕیزەکانی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانمان بەرز دەنرخێنم". 

هیچ دەرفەتێکیش لە دەست نادات بۆ ئەوەی ئەم باوەڕەی خۆی بە هەموان بگەیەنێت و هانیان بدات ڕێزی زیاتر لە مافەکانی ئافرەت بگرن و ڕێگە بە پاشەکشێ لە مافە بە دەست هاتووەکانیان نەدرێت.

هاوکات هەوڵی ئافرەتانی کوردستانیش لە مێژووی نەتەوەکەماندا دەخاتەڕوو، تیشک دەخاتە سەر بایەخی بەشداریکردنی ژنان لە کایە سیاسییەکاندا و گرنگی ڕۆڵیان لەوبوارەدا، بە بیری دەهێنێتەوە "ئافرەتانی کوردستان بە درێژایی مێژووی خەباتی گەلەکەمان سەلماندوویانە، کە هاوبەشی سەرەکی و کاریگەرن لە بونیادنانی نیشتیمان و بەرگریکردن لە خاک و وڵات، لەم پێناوەدا قوربانی زۆریان داوە، کە مایەی رێز و شانازیین. بوونی ژن لە دامەزراوەی سەربازی و ئەمنیدا تەنیا نیشانەی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکەمان نییە، بەڵکو بەڵگەی باوەڕی قوڵی ئێمەیە بە یەکسانی و دادپەروەری و هاوبەشی ڕاستەقینە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی نیشتیمانی و ئەرکە گرینگەکاندا"[3].

لەو مانگەدا کە بە نمونە خستمانەڕوو، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لەگرنگیدان بە پرسی ئافرەتان تەنها لە چوارچێوەی وتارەکانیدا گرنگی بە پرسی ئافرەتان نەداوە، بەڵکو لە دەرکەوتنەکانیشیدا پێداگیریی لەسەر ئەوە دەکات، کە را و ئامادەیی ژنان لە بۆنەکاندا لە نادیدە نەگیرێت بەرگری لە رێزگرتن لە ئامادەبوانی ژنان دەکات. بۆ نموونە لە کاتی بەڕێوەچوونی  دیداری مێری، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ساڵانەی ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە، کە لە ڕۆژانی ٢٩-٣٠/ ١١ ٢٠٢٤دا، لەژێر دروشمی (بەرەوحکومڕانی دروست و خۆشگوزەرانی بەڕێوەچوو). سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دووەمین ڕۆژی دیدارەکەدا لە پانێلێک بە ناونیشانی ''هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا'' بەشداریی کرد. لەدوای گوتەکانی بەڕێزیان لەو پانێڵەدا کاتێک دەست بەوەرگرتنی پرسیاری ئامادەبوان دەکرێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی تێبینی ئەوە دەکات کە دەرفەت کەمتر بە خانمان دەدرێت بۆ ئەوەی پرسیاری ئاڕاستە بکەن. هەر لەو کاتەدا خانمێک لە هەوڵی ئەوە دایە دەرفەتی پرسیارکردنی پێ بدرێت و مایک وەربگرێت، بەڵام بەڕێوەبەری پانێلەکە دەرفەت بە پیاوێک دەدات، بۆیە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕاستەوخۆ قسەکانیان پێ دەبڕیت و گلەییەک ئاڕاستەی بەڕێوەبەری پانیلەکە دەکات، دەڵێت:' بۆ ئەم خانمانە وەرناگریت؟ ئەوانیش حەز دەکەن پرسیار بکەن''[4]

کەواتە تەنها بە لێکدانی ڕاو هەڵوێستەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە ماوەی یەک مانگدا زیاتر ئەو ڕاستییە بۆ خوێنەر و خەڵک دەسەلمێنێت، کە گرنگیدان بە بە پرس، ماف، پێگە، بوون و سەنگی ژن، لە لای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، باوەڕ و سیاسەتێکی نەگۆڕە.

هیچ دەرفەتێکیش لە دەست نادات بۆ ئەوەی ئەم باوەڕەی خۆی بە هەموان بگەیەنێت و هانیان بدات ڕێزی زیاتر لە مافەکانی ئافرەت بگرن و ڕێگە بە پاشەکشێ لە مافە بە دەست هاتووەکانیان نەدرێت. هەروەک سەرنجی سیاسی و سەرکردەکانی دیکەش ڕادەکێشێم کە بەڕێگەکەیدا بڕۆن و بەردەوامی بەو باوەڕەبدەن، چونکە وەک لە زۆر بۆنەدا دەڵێت"هیچ سیستەمێک ناتوانێ بە خۆی بڵێ دیموکراسی، کە دەرفەتی یەکسانی ژیان و کارکردن بۆ هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ وەک یەک نەڕەخسێنێ.

 

سەرچاوەکان:

١/ https://presidency.gov.krd/shrok-nechyrvan-barzany-proshy-yhkkhstny-peshmhrghshrdhkhhyn/

٢/ https://presidency.gov.krd/shrok-nechyrvan-barzany-kol-nadhyn-ayradhy-gddyman-hhyh-bo-yhkkhstnhohy-peshmhrgh/

٣/ https://www.youtube.com/live/F-BiSL44I58?si=wOTYMshtEPdqgymK

٤/https://presidency.gov.krd/phyamy-shrok-nechyrvan-barzany-dhrbarhy-dhstpekrdny-banghshhy-hhlbzhardn/


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین