د.ڤیان: ئەم هەوڵە لەم سەردەمەی مرۆڤایەتیدا وەک پەڵەیەکی ڕەش دەبینرێت دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

دکتۆرە ڤیان مەحمود زامدار، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە ئەدەبی فیمینیستی و بەڕێوەبەری پێداگۆجی و خولەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لە گفتووگۆیەکی نوچەنێت باس لە هەوڵ دان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێڕاقی دەکات و دەڵێت: ئەم هەوڵە لە سەردەمی ئێستای مرۆڤایەتیدا وەکو پەڵەیەکی رەش دەبینرێت.

نوچەنێت: بۆچی لە پەرلەمان، هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێڕاقی دەدرێت؟

د.ڤیان: ئەگەرچى ئێمە ناتوانین دڵنیابین لەوەى هۆکارەکانى هەموارکردنەوەى یاسایەکى وەها بەوردى دەبێت چیبێت، ئەوەى کە ڕوونە، هیچ کامێک لە هێز و لایەنەکان مەرج نییە مەبەستى دیاریکراوى خۆیان ئاشکرابکەن، لە هەوڵەکانیان بۆ هەموارکردنەوەى ئەم یاسایە. لەسەر ئەم بنەمایەش، دروستە بڵێین، گرنگ ئەوەیە تاوتوێى خودى گۆڕانکارییەکان و بڕگە و بەندە هەموارکراوەکان و لێکەوتەو پێشبینییەکان بکەین، جا هۆکارەکانى هەرچییەک بن. 

نوچەنێت: ئەگەر ئەم یاسایە تێپەڕێت کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی عێڕاقی چی دەبێت؟

د.ڤیان: هەر یاسایەکى گشتى، بەتایبەتیش یاساى مەدەنى، هەمواربکرێت، کاریگەریى لەسەر کۆمەڵگا دەبێت، چونکە دواجار ئەمە یاساى بارى کەسییە و پەیوەنددارە بە پێکهێنانى خێزان و میکانیزمە و ستراتیژیەکانى مامەڵە لەگەڵداکردنى. جارێ بەر لەهەموو شتێک، ئەمە دەبێتە دەیەمین هەموارى ئەم یاسایە و پێشتر نۆ جار هەموارکراوە. بە وردبوونەوە لە  بڕگەو بەندەکان و پێشنیارەکانى هەموارکردن، دەشێت چەند سەرەخاڵێک بخەینەڕوو، کە چاوەڕوانکراون لێکەوتەبن لەسەر کۆمەڵگاى عێڕاقى. ناکرێت لە چەند دێڕیکدا هەموو لێکەوتە و پێشبینییەکان بخەینەڕوو، بۆیە تەنها چەند خاڵێک ئاماژەپێ دەکەم.

لە بەندى پێنجەمى خاڵى دەیەمى یاسا بەرکارەکەى ئێستادا، کەئاماژەیە بەو سزاو پێ ژماردنانەى کە کەسێک شایستەى دەبێت لە حاڵەتێکدا کە لەدەرەوەى دادگاى بارى کەسى هاوسەرگیرى بکات- پڕۆژە هەموارەکە بەشێوەیەکە کە دادگا ناچاردەکات بۆ ڕاستاندنى ئەو هاوسەرگیرییانەى لەدەرەوەى دادگا ئەنجامدەدرێن. ئەمەش لەچەندین لایەنەوە کاریگەریى دەبێت: لە لایەنی یاساییەوە، ئەم پڕۆژەیاسایە دەسەڵاتی زیاتر دەداتە پیاوانی ئایینی بۆ بەستنی پەیمانی هاوسەرگیری و سنووری یاسایی نێوان دادگا و دەزگا ئایینییەکان تووشی گۆڕانکاری دەبێت. بێگومان ئەمەش دەروازەیەکى فراوان واڵادەکات بۆ فرەژنی. 

یەکێک لە دەرئەنجامە خراپەکانی لاوازکردنی ڕۆڵی دادگایە

لەڕووى کۆمەڵایەتییەوە، ڕۆڵى دادگا لاوازدەکات لە چاودێریکردنی پرۆسەی هاوسەرگیری، هەروەها  ئەگەری زیادبوونی هاوسەرگیرییە نافەرمی و نایاساییەکان زیاددەکات، ئەمە جگەلەوەى کە  کاریگەریی لەسەر مافی ئافرەتان و پاراستنی بەڵگەنامە فەرمییەکان دەبێت، کە دەشێت لەدواڕۆژدا لە بابەتەکانى پەیوەنددار بە میرات و وەئەستۆگرتن(وصاية) کێشەى قووڵى لێبکەوێتەوە.

 لەڕووى ئایینیشەوە، هەموارەکە دەسەڵاتی زیاتر دەدات بە پیاوانی ئایینی و بەهۆى جیاوازیى مەزهەبییەوە- کە واقیعی ئێستاى عێڕاقە- ئەگەرى قووڵبوونەوەى جیاوازى و ناکۆکیى مەزهەبى زیاترە و دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان تێڕوانینە ئایینی و یاساییەکاندا هەمیشە لەئارادادەبێت.

بەپێى یاسا کارپێکراوەکە، دادوەر دەتوانێت هاوسەرگیری ببەخشێت بە کچێک لە تەمەنى پانزە ساڵیدا، ئەوەشمان زانیوە کە هەوڵێک هەیە بۆ هێنانەخوارەوەى ئەم سنورە و بەشودان لە تەمەنى نۆ ساڵییەوە بە یاسایی دانان، کە ئەمە ڕوونە دوورە لە ڕێزلێنان لە بەهاى خانمان و کردنیانە بەکەرەستەى  مامەڵە پێوەکردن وەکو هەر کەرەستەیەکى دیکەى ناوماڵ. گەر پیاوێکى ئایینیش ڕێگەی هاوسەرگیری بدات بە کەسانى تەمەن نۆساڵ، بەپێى یاسا نوێکە، دادگا ناتوانێت سزاى  شایانى بۆ ببڕێتەوە. ئیدی ئەمە ڕێخۆشکەرییە بۆ باوبوونى هاوسەرگیریى ئایینى لەدەرەوەى دادگا و هاتنەخوارەوەى ناوەندى تەمەنى مەرج بۆ هاوسەرگیرى، کە باسکردنى لێکەوتەکانى ئەمەش خۆى بابەتێکى قوڵ و فرەڕەهەندە.

لەبیریشمان نەچێت، بەپێى ڕاپۆرتى نەتەوە یەکگرتووەکان، لە عێڕاق زیاتر لە 25%ى کچان، لەخوار تەمەنى هەژدە ساڵییەوە ”بەشوودەدرێن“. بۆیە پێویست وابوو ئەم دیاردە قێزەونە چارەسەربکرێت، نەک بەیاسایی بکرێت. 

نوچەنێت: ئایا کاریگەریى لەسەر هەرێمى کوردستان دەبێت؟ کاریگەرییەکانى چی دەبن؟

د.ڤیان: یاساکانى هەرێمى کوردستان لەڕووى بارى کەسییەوە بەڕاددەیەکى زۆر پێشکەوتووتر و مۆدێرنترن لە یاساکانی بەغدا، بەڵام یاساکانى بەغدا – لەم بابەتەدا- هەمیشە مایەى نیگەرانین بۆ کەسانێک کە خوازیارى پەرەپێدانى خێزانن و هەروەها بۆ یاساناس و کۆمەڵناسەکانیش، دەشێت هەوڵبدرێت فشار بخەنە سەرهەولێر بۆئەوەى بێنە ناو یاساکانی کوردستانەوە، ئەمەش هەوڵى لەمێژینەى ڕژێمەکانى بەغدایە لە کۆى داگیرکارییەکانى بۆ سەر خاکى ئێمە. لەلایەکى دیکەیشەوە، هەر پیاوێکى هەرێم دەتوانێت بچێتە ناوەڕاست و باشورى عێڕاق و بەیاسا کارپێکراوەکانى ئەوێ، هاوسەرگیریی دووەم یان هاوسەرگیرى لەگەڵ کچانى خوار تەمەنى یاسایى بکات، لەم حاڵەتەشدا، دادگاکانى هەرێم ناتوانن بڕیارى دادگایەکى دیکەى عێڕاق هەڵوەشێننەوە. ئەمە جگە لەوەى کە تەواوى بابەتەکە کاریگەریى نەرێنى هەیە لەسەر زیهنییەتى تاکى کورد کە خەون بە مەدەنیەت و مرۆڤ دۆستییەوە دەبینێت، کە دەیەوێت دانەبڕێت لە ڕەوتى پێشڤەچوون و کرانەوەى دونیابینیییەکانى. ئێمە بە نیگەرانکەریى دەبینین کە لەسەدەى بیست و یەکدا کەسانێک هەبن بەفەرمى و بەبێ سڵ کردنەوە بابەتگەلى ئەوتۆ ببەنا ناو پەرلەمانەوە و خودى ئەم هەوڵەش لەئێستاى مرۆڤایەتیدا وەکو پەڵەیەکى ڕەش دەبینرێت.

لە ٪25ی کچانی عێڕاق لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵییەوە بە شوودەدرێن

نوچەنێت: هەرێمى کوردستان چیبکات بۆئەوەى خۆى لە کاریگەرییەکان بپارێزێت؟ 

د.ڤیان: وڵامدانەوەى ئەم پرسیارە لەوانەیە کارى کەسانى پسپۆڕى یاسایى و کۆمەڵایەتى و خێزانی بێت، بەڵام پێویستە نوێنەرانى کورد، لە پەرلەمانى فیدڕاڵى بەمکوڕانە ڕووبەڕووى هەوڵى لەم شێوەیە ببنەوە و ڕێگەنەدەن عێڕاق بەرەو ئەو زەلکاوە خلۆرببێتەوە کە تیایدا مرۆڤ هێندە بێ بەهابێت و خانمان وەها بەکەم ببینرێن و بەکەرەستەبکرێن.

هەمیشە ڕۆشنبیرى و مەعریفەدارى چەکێکى باشە بۆ ڕووبەڕووروونەوەى جیاکارى و بێ حورمەتیکردن بە مرۆڤ و بەتایبەتیش بە خانمان. هۆشیاریى گشتى پێویستە، دەبێت دەزگاکانى ڕاگەیاندن بەجدى هەوڵبدەن بەها مەدەنییەکان و بناخەکانى خێزانى کوردى لە هزر و دونیابینیى تاکى کۆمەڵگاى کوردستانیدا قوڵتربکەنەوە. بە ڕوونى و بێسڵەمینەوە، ڕەخنەییانە، ئەم بابەتانە تاوتوێبکرێن لە کەناڵە فەرمییەکان و نافەرمییەکان. هێنانەکایەى پەروەردەیەکى دروست و مرۆڤ دۆستانە بۆئەوەى  نەوەکانى ئێمە هەر لەمنداڵییەوە پڕچەک بکرێن بە کەرەستەى هزرى و ئەخلاقى وەکو کەلتوورێکى بەرخودانکار، کە لەپێناو هێنانەکایەى کۆمەڵگایەکى ئاکاربەرز و یەکساندا خەبات دەکات. ئەمە جگە لە کایەکانى دیکەى حکومى و سیاسى و یاسایى کە هیچکامیان لەگرنگیدا لەوى دیکە کەمترنییە.  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین