تانیا تاهیر: عێراق بۆتە دەوڵەتێکی مەزھەبی ڕانەگەیێندراوی نادەستوری
نوچەنێت: ئافرەتان
.نوچەنێت : بۆچی لە پەرلەمانی عێراق ھەوڵی ھەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە 188 ی ساڵی 1959دەدرێت؟
تانیا تاهیر: ڕەنگە ئەوانەی پێشنیازی ئەم ھەموارەیان کردبێت ( سەرەڕای هەبوونی سەرنجی رژدی یاسایی لەسەر دەسەڵاتەکانی ئەو لایەنانە و دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنی پەیوەست بەم ھەموارە) پاساوی تەواویان نەبێت، وەک ئەوەی یاسای باری کەسێتی عێڕاقی کۆنە، کە ھی ساڵی (1959) یە و ئێستا گۆڕانکاری گەورە ڕووی داوە و ماوەی زۆر بەسەر یاساکە و جێبەجێکردنی دا تێپەڕبووە، بەڵام لە ڕووی پێوەرەکانی کات و شوێن و پێشکەوتنی ژیانیشەوە، ئەم ھەموارە ھێندەی ھەنگاونانە بە ئاڕاستەی پێچەوانە، ھێندە ئامانجی دەرچواندنی یاسایەکی پێشکەوتوو سەردەمیانە نییە، ڕوونتر بڵێم، نەیتوانیوە یاساکۆنەکە تێپەڕێنێت.
بۆیە بە بڕوای من سرووشتی کۆمەڵگای سیاسی عێراقی و بە دیاریکراوی سەرکردایەتی سیاسی عێراقی، ویستێکی فراوانی مەزھەبی ھەیە، دەتوانم بڵێم لە ئێستادا بە تەواوەتی عێراق بەسەر مەزھەبی شیعە و سوننەدا دابەشبووە. واتا عێراق بۆتە دەوڵەتێکی مەزھەبی ڕانەگەیێندراوی نادەستوری، ھەربۆیە ئەم ویستە بە بوونی پاڵپشتی ئیرادەی ھێزی پەرلەمانی مەبەستیەتی تەرجەمەی ئەم دابەشبوونە بکات و بیکاتە ئەمری واقع، لەچوارچێوەی دەقی یاسایی دا، لەناو سەرەکیترین، گرنگترین و پڕبەھاترین یەکەی کۆمەڵایەتییەوە بەرجەستەی بکات، کە خێزانە خۆی بخزێنێتە ناو ژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگای عێراقییەوە و لە شعوری ھەموو تاکێکدا زیندووی بکاتەوە و درێژەی پێبدات.
ئەگەر ئەو پڕۆژە یاسایە تێپەڕێت نەوەکانیشمان باجی قورس دەدەن
نوچەنێت: ئەگەر ئەم پرۆژە یاسایە دەربچێت. کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای عێراقی دەبێت ؟
تانیا تاهیر: بێگومان تێپەڕینی ئەم پڕۆژە یاسایە بەم دۆخەوە، لە داھاتوودا کارەساتی مرۆیی و کۆمەڵایەتی گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێ ، وەک:
1. دیاری نەکردن یان لابردنی تەمەنی شیاو بۆ ھاوسەرگیری، کە ئەمەش دەمانخاتە بەردەم چەندین جۆری کێشەی تری خێزانی و ھەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی لەڕووی پێگەیشتنی تاک و بەرپرسیارێتی ئەرکی خێزانی، پرۆسەی پەروەردەی منداڵ و لەدایک بوونی منداڵی ناکام و کێشەی تەندروستی زیاتر بۆ ئافرەتان، هەروەها بابەتی جیابوونەوە و قەیرانی ئابووری.
2.بە کردار دەرگای دابەشبوونی کۆمەڵگای عێراقی بەسەر شیعە و سوننەدا دەکاتەوە، کە ئەمەش ئەو بۆمبەیە ساتی تەقینەوەی نزیکتر دەکاتەوە و کاریگەریشی زیاتر دەکات. بەتایبەت لەڕووی کۆمەڵایەتی زەمینەی شەڕی مەزھەبی باشتر دەسازێنێ.
3.نەمانی ڕۆڵی یاسایە لەچارەسەری کێشە خێزانییەکان و سپاردنی بە کەسایەتی مەزھەب، کە لە بنەمادا لەڕووی یاساییە لەکاتی بوونی کێشەی خێزانی، دادوەری باری کەسی کێشەکە یەکلایی بکاتەوە و ھێزی یاسا بۆ چەسپاندنی مافی تاک و وەرگرتنی ئەو مافە بەکار بھێنێ، بەڵام بەپێی ئەم ھەموارە، چونکە گرێبەستی ھاوسەرێتی لە دەرەوەی دادگایە و لای پیاوانی ئایینی دەبێت و یاسا ڕۆڵی نامێنی، بە تایبەت لەکاتی سەرپێچی گرێبەستەکە یان بنەما خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت کێشەکانی وەک نەفەقە و نەسەب و کات و مافەکانی ژن و منداڵ و دایکایەتی و مافی بەخێوکردنی منداڵ، ئێمە دەزانین لە زۆربەی کێشە خێزانییەکاندا منداڵ و ئافرەت قوربانین. بۆیە لایەنی بەرپرسیار بۆ چەسپاندنی ماف و وەرگرتنی ئامادەیی نییە کە یاسایە.
4. لەکاتی جیاوازی مەزھەبی لە نێوان ژن و پیاودا، پیاوەکە سەرپشکە بۆ دیاریکردنی ئەو مەزھەبەی کە دەبێتە بنەما بۆ چارەسەری ھەر کێشەیەک، کە ئەمەش پێچەوانەی بنەما دەستورییەکانە لەڕووی ئازادی ئایینی و ماف و ئازادی کەسی، لێرەدا بە تەواوی ڕۆڵی بەکاڵاکردنی ئافرەت بەرجەستە دەبێت.
ئەم گروپە ژن وەکو ئامرازی چێشت لێنان و سێکس و منداڵ خستنەوە دەبینن
نوچەنێت: ئایا کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان دەبێت؟ کاریگەرییەکان چی دەبن؟
تانیا تاهیر: بێگومان ھەرێمی کوردستان، وەک ھەرێمێکی دانپێدانراوی دەستوری لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ، بە حوکمی رێکخستنی دەستوری و کۆمەڵایەتی، بەدەر نابێت لە لێکەوتە خراپ و زیانەکانی ئەم ھەموارە. ئێمە دەزانین کە لە ئێستادا ویست ھەیە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەمواری ساڵی(2007)ی یاسای باری کەسێتی، کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە کراوە بەتایبەت بابەتی مەرجدارکردنی فرەژنی، ھەندێک پەنا بۆ دادگاکانی خوارووی عێراق یان ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان دەبات. دواتر دەبینین ھەرچەندە ھەرێم لە زۆر ڕووەوە لەبارەی مافەکانی ئافرەتان ھەنگاوی باشی ناوە، بەڵام لەبەرامبەردا کەم نین ئەو دژانەی بڕوایان بەھێز و وزە و توانای ژن نییە، وەک کائینێکی پڕ وزە و بیرکەرەوە و داھێنەر و کاریگەر و سەلمێنەر، زۆرن ئەوانەی کە ھێشتا ژن تەنھا وەک ئامرازی سێکس و منداڵ دروستکردن و ماڵ پاککەرەوە و چێشت لێنەر دەبینن، ڕوونتر بڵێم، ھێشتا کۆمەڵگای کوردی بەدەرنییە لەو بۆچوونەی ھێندەی ژن لەجەستەدا دەبینێ، ناتوانێ وەک مرۆڤ تەماشای بکات، بۆیە ئەم ھەموارە دەرفەتی باش دەدات بەو بیرکردنەوانە تا لەڕێگای پەرلەمانی کوردستانەوە بە پاساوی نامەنتقی قانوونی "نەفاز"ی پێ دەربکات، یاخود دوور نییە پەنا ببرێتەبەر دادگای باڵای فیدراڵی و بە بڕیاری دادگا، ھەرێم پابەند بکرێت بە جێەجێکردنی یاساکە.
نوچەنێت: ھەرێمی کوردستان چی بکات تا خۆی لە کاریگەرییەکانی بپارێزێت؟
تانیا تاهیر: باشترە هەرێمی کوردستان، لەڕووی سیاسییەوە سەرەتا فشار بخاتەسەر کوتلە سیاسییە جیاوازە کوردەکان، کە لەم پرسەدا سەرجەم جیاوازییەکان بخەنە لاوە بەیەک دەنگ تەواوی ھەموارەکە رەت بکەنەوە لەڕێی کاری پەرلەمانییەوە لۆبی دروست بکەن.
لەسەر ئاستی ناوخۆی ھەرێمیش، ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی یەکەم دەبێت بدرێتەوە بە پیاوانی ئایینی و یاساناسان پێکەوە قسە لەسەر جیاوازی و لێکەوتە خراپەکانی ھەموارەکە بکەن و ھۆشیاری لای تاک دروست بکەن، کە ھەرکەس لەلای خۆیەوە ئەم پڕۆژە یاسایە رەت بکاتەوە. نەک ھەرکەس لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیەوە زەمینەسازی بۆ بکات.
ھەروەھا راگەیاندنەکان بە ئەرکی نیشتمانی خۆیان ھەستن؛ بەداخەوە کە ئێمە تائێستا میدیایەکی نیشتمانیمان نییە بەرپرسیارێتی ئەرکە نیشتمانییەکان لە ئەستۆ بگرێت لەحاڵتێکی وادا کە ڕەنگە بەدەرچوونی ئەم ھەموارە نەوەکانیشمان باجی قورس بدەن کۆمەڵگا وشیاربکاتەوە لەوەی بە یاسا شیرازەی خێزان تێک دەدەن و بەھای تاک کەم دەکەنەوە و پرۆسەی ھاوسەرگیری دەخەنە بەردەم ناکامڵی عەقڵیەتی مەزھەبگەرایی.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment