مێژوو و سیاسەت
(لە توێژینەوەی سەردەمەکانەوە بۆ داڕشتنی جیهانبینییەکان)
نوسینی: پ. ی. د. کامەران محەمەد*
زانکۆی سلێمانی
مێژوو کۆمەڵە ڕووداوێک نییە، کە تەنها بۆ بە بەڵگەنامەکردنی ڕابردوو بگێڕدرێتەوە؛ بەڵکو ئاوێنەیەکە کە هزر و تێڕوانینە سیاسی و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگە پیشان دەدات. مێژوو تێگەیشتنێکی قووڵترمان سەبارەت بەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە، پێدەبەخشێت، دواتر چۆن کاریگەریی لەسەر (تاک و کۆمەڵ و سەرکردەکان) لە داڕشتنی دیدە سیاسی و ستراتیژییە داهاتووییەکانیان جێدەهێڵێت.
مێژوو دەرگای تێگەیشتن سەبارەت بەو هێزانەی گەلان دەجوڵێنن، دەکاتەوە، هەروەها تیشک دەخاتە سەر گرنگیی فێربوون لە ئەزموونەکانی ڕابردوو، ئەوەش لەپێناو دوورکەوتنەوە لە هەڵەکان و پەرەپێدانی تێڕوانینە داهاتووییەکان. بە شیکردنەوەی ڕووداوە مێژووییە گەورەکان، پەی بەوە دەبەین، کە تاک و کۆمەڵ و سەرکردایەتی سیاسی چۆن دەتوانن (هەڵوێستەکان)یان لەسەر بنەمای ئەو وانانەی کە لە ڕابردوو فێربوون، وەربگرن.
یەکەم: کاریگەریی مێژوو لەسەر داڕشتنی بیروڕای سیاسی تاکەکان
تاک، بە یەکەی بنەڕەتی کۆمەڵگە دادەنرێت، هەربۆیە پێکهێنانی تێڕوانین و جیهانبینی سیاسی ئەو بە هەنگاوی یەکەم بۆ پێکهێنانی هۆشیاری کۆمەڵ دادەنرێت. تاکەکان لە هەڵوێست و بۆچوونە سیاسییەکانی خۆیاندا پشت بە ئەزمونە کەسییەکانیان و مێژوو دەبەستن، جا لەڕێگەی پەروەردەوە بێت، یان لەڕێگەی چیرۆکە میللییەکانەوە، یان لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە گەورانەی کە ڕەوتی کاتیان گۆڕیوە. بۆ نموونە با شۆڕشە جەماوەرییە گەورەکانی مێژوو وەربگرین، شۆڕشی فەرەنسی (١٧٨٩)، نموونەیەکی زیندووی کاریگەریی مێژوو لە داڕشتنی هۆشیاری سیاسی و جیهانبینی تاکەکاندا نیشان دەدات. سەرلەنوێ چەمکەکانی وەک ئازادی و یەکسانی و برایەتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی داڕشتەوە، تەنانەت بۆ ئەو گەلانەی دیکەش ئیلهامبەخش بوو، کە داوای مافەکانیان دەکرد. ئەو تاکانەی لەم سەردەمەدا ژیاون یان لێکۆڵینەوەیان دەربارەی ڕووداوەکانی کردووە، ئەو تێڕوانینە سیاسییەیان بۆ دروست بووە، کە دژی ستەمکاریی بجەنگن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەهێزبکەن.
هەروەها مێژووی جیکاریی نەژادیی لە ئەمریکا، پاڵی بە زۆر لەتاکەکانەوە نا، هەڵوێستی سیاسی وا وەرگرن، کە بەرگری لە مافەکانی یەکسانی بکات. دیارە ڕووداوەکانی وەک ڕێپێوانی (مارتن لوتێر کینگ) بۆ واشنتۆن لە ساڵی (١٩٦٣) بۆ تاکەکان هاندهر بوو، واتە ئەم ڕووداوە، وایلێکردن هەڵوێستی سیاسی دژ بە جیاکاریی نەژادیی و پشتیوانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە وەربگرن.
بەمشێوەیە مێژوو ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە چۆن ئەزموونەکانی ڕابردوو وا لە تاکەکان دەکات، بەرامبەر ڕوداوە گرنگەکان بێدەنگ نەبن و بەشدارییەکی چالاک و کاریگەریانەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان بکەن. بۆیە لەمیانەی لێکۆڵینەوەی ئەم ڕووداوانەدا، تاکەکان دەتوانن دیدگای سیاسی خۆیان لەسەر بنەڕەتی دادپەروەریی و گۆڕانکاری ئەرێنی گەشەپێبدەن.
دووەم: ڕۆڵی مێژوو لە بونیادنانی شوناسی سیاسی کۆمەڵگەکان
کۆمەڵگەکان لە ڕێگەی ئەزموونە مێژووییە هاوبەشەکانەوە دیدگای سیاسی خۆیان پێکدەهێنن، ڕووداوە گەورەکانی وەک جەنگ و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆڵێکی جەوهەری لە بونیادنانی هۆشیاری کۆمەڵدا دەگێڕن. ئەم ڕووداوانە ناسنامەی گەلان دادەڕێژن و ئەولەویەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان دیاری دەکەن. بۆ نموونە جەنگی سەربەخۆیی جەزائیر (١٩٥٤-١٩٦٢) لە دژی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی، لە هۆشیاری سیاسی کۆمەڵگەی جەزائیردا خاڵی وەرچەرخان بوو. تەنانەت ئەم ئەزموونە هاندەرێکی گرنگ بوو، بۆ گەلانی دیکەی ئەفریقا و جیهانی عەرەبی، هەتا بتوانن بە ڕۆحێکی نێوە درێژە بە خەبات دژ بە کۆلۆنیالیزم بدەن، هاوکات جەختی لەسەر گرنگی یەکێتی نیشتیمانی بۆ گەیشتن بە ئازادی دەکردەوە.
هەروەها دوای وێرانکارییەکانی جەنگی دووەمی جیهانی، لە کۆمەڵگەی ئەوروپی دیدێکی گشتی سەبارەت بە جەنگ و وێرانکارییهکانی دروست بوو، بۆیە وڵاتانی ئەوروپا هەوڵیاندا دیدێکی سیاسی هاوبەش گەڵاڵە بکەن، ئەویش بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی جەنگەکان بکەن. ئەمەش بووە هۆی دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا، واتە مۆدێلێک بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵگەکان لەسەر ڕۆشنایی وانەکانی مێژوو.
لێرەوە لێکۆڵینەوە لە مێژووی هاوبەش، کۆمەڵگەکان دەتوانن دیدێکی سیاسی بونیادبنێن، کە هاودەنگی بەهێزتر بکات و سوود لە وانەکانی ڕابردوو وەربگرێت. بۆیە (ڕووداوە گەورەکان) گرنگی هاوکاریی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان ڕووندەکەنەوە.
سێیەم: سەرکردەکان لە داڕشتنی ستراتیژییە سیاسییەکانیاندا چۆن سوود لە مێژوو وەردەگرن؟
سەرکردە سیاسییەکان بۆ تێگەیشتن لە بزووتنەوە سیاسییەکان و دوورکەوتنەوە لە هەڵەکانی ڕابردوو، پشت بە مێژوو دەبەستن. واتە مێژوو ئامرازگەلێکی کاریگەریان بۆ دابین دەکات، هەتا بتوانن ستراتیژییەکانیان ئاڕاستە بکەن و بڕیاری چارەنووسساز بدەن.
بۆ نموونە سەرۆک (ئەبراهام لینکۆڵن) تێگەیشتنێکی قووڵی دەربارەی مێژووی کێشەکانی ئەمریکا هەبوو، بەتایبەت کاتێک ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی جەنگی ناوخۆ بووەوە. ئاگاداری ململانێی درێژخایەنی ویلایەتە ئازاد و کۆیلەکان بوو، دەیزانی کە پشتگوێخستنی ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی تێکدانی یەکڕیزیی و ناسنامەی گەل. بە پشتبەستن بە بنەماکانی (ئازادیی و یەکسانیی) کە ئەمریکا لەسەری دامەزرابوو، لینکۆڵن بڕیارێکی بوێرانە و ستراتیژیی دا، ئەویش دەرکردنی (جاڕنامەی ئازادکردنی کۆیلەکان) بوو، لە ساڵی ١٨٦٣ دا. بۆیە بەم هەنگاوەشی پشتگیری بزووتنەوەکانی دژە کۆیلایەتی بەدەستهێنا، هاوکات ڕێگری لە دەستێوەردانی ئەوروپا لە بەرژەوەندی کۆنفیدڕاڵی کرد. لەبەرئەوە ئەم بڕیارە یەکگرتوویی ئەمریکای پاراست و پابەندبوونی بە پرەنسیپە دیموکراسیەکانهوه چهسپاند.
هەروەها ئیمپراتۆر مێیجی لە ژاپۆن، لە بە مۆدێرن کردنی وڵاتەکەیدا سودێکی زۆری لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکان وەرگرت، بەتایبەت هۆکارەکانی لاوازی وڵاتانی دراوسێی ئاسیای (وەک چین) لە بەرامبەر هەژموونی دەرەکیدا. ئەو تێگەیشت کە چەقبەستوویی و وەستان هۆکارێکی سەرەکیی دواکەوتنی ئەم وڵاتانە بووە. جگە لەوەش مێژووی وڵاتانی خۆرئاوای شیکردەوە، کە چۆن بوونە زلهێزی گەورەی پیشەسازیی و سەربازیی. لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە، ئیمپراتۆر لە ساڵی (١٨٦٨) چاکسازییەکانی مێیجی دەستپێکرد، کە بریتیبوو لە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیۆداڵی، هاندانی پیشەسازی، هاوردەکردنی تەکنەلۆژیای خۆرئاوایی و داڕشتنەوەی سوپا بەپێی مۆدێلی ئهڵمانی. لە سایەی ئەم بڕیارە ستراتیژیانەدا کە لەسەر بنەمای وانەکانی مێژوو دامەزرابوون، ژاپۆن لە ماوەیەکی کورتدا بۆ هێزێکی پیشەسازیی مۆدێرن گۆڕا و توانی خۆی لە کۆلۆنیالیزم بەدوور بگرێت و پێگەی خۆی وەک زلهێزێکی دیاری جیهانیی جێگیر بکات.
ئەم نموونانە ئەوە دەردەخەن، کە چۆن سەرکردە درەوشاوەکان، دەتوانن مێژوو وەک ئامرازێک بۆ ڕێنماییکردنی بڕیارە ستراتیژییەکانیان بەکاربهێنن. واتە مێژوو یارمەتیان دەدات، کە لە هەڵەکانی ڕابردوو فێربن و ڕێگا ڕاستەکان بۆ گەیشتن بە گۆڕانکاری و خۆشگوزەرانی دیاری بکەن.
ئهنجام:
لە ئەنجامدا مێژوو تەنها گێڕانەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو مامۆستایەکی زیندووە، کە تاک و کۆمەڵگە و سەرکردەکان وەک یەک توێشوودار دەکات. لە میانەی تێگەیشتن لە وانەکانی ڕابردوو، دەتوانین ببینە خاوەن دید و جیهانبینی سیاسی گشتگیرتر و دانایانەتر.
بۆیە مێژوو توانای تێگەیشتنی هەڵەکانی ڕابردوومان پێدەبەخشێت، بۆ ئەوەی دووبارەی نەکەینەوە، هاوکات توانای بونیادنانی داهاتوویەک لەسەر بنەمای دادپەروەری و هۆشیاریمان پێدهدات، کە بەکۆمەڵ بونیادی بنێین. واتە مێژوو بۆ هەر (تاک و کۆمەڵگە و سەرکردەیەک) وەک ئاوێنەیەک وایە، کە بەهاکانمان پیشان دەدات و بەرەو داهاتوویەکی باشتر ئاڕاستەمان دەکات.
*پ.ی.د. کامەران محمەد: مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، بەشی فەلسەفە و توێژینەوە کلتورییەکان.
پسپۆڕ لە فەلسەفەی مێژوو و میتۆدی توێژینەوە مێژووییەکان.
سهرچاوهکان:
- Martin Luther King, Jr., I Have A Dream: Writings and Speeches that Changed the World (San Francisco: Harper, 1986) via Teaching America History. (https://naacp.org/find-resources/history-explained/1963-march-washington).
- The Emancipation Proclamation, (https://www.archives.gov/exhibits/featured-documents/emancipation-proclamation).
- آلان بالمر: موسوعة التاریخ الحدیث (١٧٨٩-١٩٤٥)، (ترجمة: سوسن فیصل السامر و یوسف محمد امین، الجزء الثانی، دار المأمون، بغداد، ١٩٩٢.
- ألیکس دو توکفیل: النظام القدیم و الثورة الفرنسیة، ترجمة: خلیل کلفت، المرکز القومی للترجمة، الطبعة الاولی، ٢٠١٠، القاهرة.
- ثورة التحرير الجزائرية، أسبابها ومحطاتها ونتائجها والقادة الذين أطلقوا شرارتها، (https://www.aljazeera.net/encyclopedia/2022/10/312022/10/31/ثورة-التحرير-الجزائرية-أسبابها).
- نیل موگنت: سیاسهت و حکومهت له یهکێتی ئهوروپا، وهرگێڕان: عهلی میهرپهروهر، دهزگای توێژینهوه و بڵاوکردنهوهی موکریانی، چاپی یهکهم، ههولێر، ٢٠١٢.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment