بەربەستەکانی بەردەم پڕۆژەیاسای زۆرەملێی سەربازی لە عێراق
نوچە نێت: تایبەت
ئامادەكردنی: ئەحمەد زرار
مێژووی خزمەتی سەربازی لە عێراق
خزمەتی (سەربازیی زۆرەملێ) مێژوویەکی دێرینی هەیە و پەیوەندی بە سەردەمی داگیرکردنی عوسمانییەکانەوە هەیە؛ بەڵام وەک دەوڵەتی عێراق ئەم یاسایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1935)، کە ئەوکات بەناوی یاسای (بەرگریی نیشتمانی)یەوە دەرکرا و جێبەجێكرا، بەڵام دواتر لە ساڵی (1969) یاسای ژمارە (65) جێگەی گرتەوە و تا ساڵی (2003) کاری پێکرا، چونکە لەو ساڵەدا پۆل برێمەر فەرمانڕەوای کارگێڕیی عێراق بە بڕیاری (CPA دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان) ژمارە (2) سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە و خزمەتی زۆرەملێی ڕاگرت. دوای ئەو ساڵەش تا ئەمڕۆ عێراق بۆ پڕکردنەوەی ڕیزەکانی سوپا، پشت بە سیستەمی خۆبەخشی دەبەستێت.
ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای خزمەتی ئاڵا
ڕۆژی یەکەشەممە (19/4/2026) پەرلەمانی عێراق بە سەرپەرشتی هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا و بە ئامادەبوونی (198) پەرلەمانتار یەکەمین خوێندنەوەی بۆ پڕۆژەیاسای (خزمەتی ئاڵا) کرد، لە کۆبوونەوەکەدا ماوەی خزمەتکردنەکە بەپێی ئاستی خوێندن لە نێوان (3) بۆ (18) مانگ دیاری کرا و سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاند، کە ئامانج لەم یاسایە عەسکەرتارییەت نییە، بەڵکو بۆ دروستکردنی هەستی نیشتمانی و کەمکردنەوەی بێکارییە لەناو گەنجان.
هەر لەم کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی پەرلەمان جەختی کردەوە کە، ناوی پڕۆژەیاساکە "یاسای خزمەتی ئاڵا" بێت نەک "سەربازی زۆرەملێ"، بۆ ئەوەی وەک ئەرکێکی نیشتمانی نیشان بدرێ. ماوەی خزمەتکردن بەپێی بڕوانامە: خزمەتکردن لە یەکەم ڕۆژی تەمەنی (19) ساڵییەوە دەستپێدەکات: (18) مانگ بۆ ئەوانەی نەچوونەتە بەر خوێندن، (12) مانگ بۆ ئەوانەی ئامادەییان تەواو کردووە، (9) مانگ بۆ دەرچووانی پەیمانگەکان، (6) مانگ بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر، (3) مانگ بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا.
ئەوانەی مەرجی توانای جەستەیی و تەندروستییان تێدا نییە، لە خزمەتکردن دەبەخشرێن، بەڵام ڕێگە نادرێت هیچ عێراقییەک لە کەرتی گشتی (وەزارەتەکان)، کەرتی تایبەت یان تێکەڵاو دابمەزرێت یان کار بکات ئەگەر تەمەنی لە (19) ساڵ زیاتر بێت و خزمەتی سەربازیی تەواو نەکردبێت، یان بۆی دوانەخرابێت یان نەبەخشرابێت. هیچ فەرمانبەرێک کە تەمەنی گەیشتبێتە (19) ساڵ، بۆی نییە لە کارەکەی بەردەوام بێت ئەگەر پەیوەندی بە خزمەتی سەربازییەوە نەکردبێت، هەروەها هیچ عێراقییەک کە تەمەنی لە نێوان (19) بۆ (45) ساڵدایە، بۆی نییە گەشت بۆ دەرەوەی عێراق بکات مەگەر خزمەتی سەربازیی تەواو کردبێت. سەبارەت بە پرسی مووچە، مانگانەی سەربازی زۆرەملێ هاوتا دەبێت لەگەڵ مووچەی سەربازێکی خۆبەخش کە هەمان پلە و بڕوانامە و پسپۆڕی هەبێت. بەڵام بە گوێرەی قسەکانی خالید عوبەیدی ئەندامی فڕاکسیۆنی حزبی تەقەدووم، مووچە و تێچووەکان بەشێوەیەک ڕێکدەخرێن کە بارگرانی دارایی زۆر بۆ دەوڵەت دروست نەکەن و هاوکار بن بۆ کەمکردنەوەی بێکاری لە وڵات. هەروەها سزای زیندانیکردن بۆ ماوەیەک دیاریکراوە، کە لە یەک ساڵ زیاتر نەبێت، بۆ هەر کەسێک کە بێ پاساو لە ماوەی (10 ڕۆژ لە ناوەوەی عێراق و 30 ڕۆژ لە دەرەوەی عێراق) پەیوەندی بە خزمەتەکەوە نەکات دوای بانگهێشتکردنی. محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە کاتی شەڕ یان باری نائاساییدا، دەتوانێت ئەو سەربازانەی خزمەتەکەیان تەواو کردووە بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتیان درێژبکاتەوە.
هەڵوێستی لایەنەکان بەرامبەر پڕۆژەیاساكە
دوای تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسایەکە نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گووتی، ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێی پێشنیازی گەڕاندنەوەی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێی کردووە، کە بە بڕوای من بیرۆکەیەکی بەسەرچووە و زەمەن تێيپەڕاندووە، شەڕی مۆدێرن چیتر پشت بە ژمارەیەکی زۆر سەرباز نابەستێت، بەڵکو پشت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو دەبەستێت. مالیكی گووتیشی، كۆكردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز بەبێ هیچ پێویستییەکی ڕاستەقینە، تێچوویەكی زۆری لەسەر دەوڵەت دەبێت، بۆیە باشترە ئەم سەرچاوانەی ئاڕاستە بکرێت بۆ پێشخستنی کارایی سوپاو بنیاتنانی هێزێکی کاریگەر بە ژمارەیەكی كەمتر، بۆیە داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین پەلە نەكات لە دەرکردنی ئەم یاسایە.
هەندێک لایەنی ناڕازی لە پەرلەمانی عێراق ئەم پڕۆژەیە ڕەتدەکەنەوە و دەشڵێن، لە کاتێکدا زلهێزەکانی جیهان باس لە "سەربازی زیرەک و درۆنی خۆکوژ و جەنگی سایبەری" دەکەن، عێراق بە گەڕانەوەی باس و خواستی "خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ" دەیەوێت سوپاکەی بەهێز بکات، ئەو هەنگاوەش گەڕانەوەیە بۆ دواوە، چونکە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو بەرەو سوپایەکی بچووکی مەشقپێکراوی تەکنیکی دەچن، نەک سوپایەکی گەورەی ژمارەیی کە تەنیا چەکێکی سادەی پێ بێت. لە کاتێکدا جیهان گەنجەکانی فێری کۆدینگ و پێگەیاندنی مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد دەکات بۆ پاراستنی وڵات لە هێرشی ئەلیکترۆنی، گەڕانەوە بۆ خزمەتی زۆرەملێ لە عێراق بە بە فیڕۆدانی کات و وزەی گەنجان دادەنرێت کە دەکرێت لە کەرتی تەکنەلۆژیادا سوودیان لێ ببینرێت. بۆیە زۆرێک لە چاودێرانی سەربازی و تەکنەلۆژی پێیان وایە ئەم هەنگاوە لەگەڵ سەردەمەکەدا ناگونجێت، چونکە عێراق پێویستی بە بودجەیەکی خەیاڵییە بۆ (دروستکردنی سەربازگە، دابینکردنی خۆراک، جلوبەرگ و مووچە) لە کاتێکدا دەکرێت ئەم پارەیە لە ژێرخانی دیجیتاڵی و پەروەردەدا خەرج بکرێت. بەڵام لایەنگرانی ئەم یاسایە پێیان وایە کە ئەم هەنگاوە پێویستە بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی نیشتمانی و تێکەڵکردنی پێکهاتە جیاوازەکان لە ژێر یەک ئاڵادا، هەروەها کەمکردنەوەی بێکاری کە مووچەیەک بۆ ئەو گەنجانە دابین دەکرێت کە بێکارن. جگە لەوە فێرکردنی گەنجان بە پابەندیی و ڕێکخستن.
بەربەستەکانی بەردەم خزمەتی سەربازی لە عێراق
ــ کێشەی دارایی و بودجە: ئەمە بە گەورەترین ئاستەنگ دادەنرێت؛ چونکە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە پێویستی بە بودجەیەکی زۆر هەیە بۆ دابینکردنی (مووچە، شوێنی نیشتەجێبوون، خۆراک، و پڕچەککردنی سەدان هەزار گەنج.)
ــ بەرهەڵستی سیاسی: ناکۆکی قووڵ لە نێوان کوتلە پەرلەمانییەکانی عێراقدا هەیە؛ بەشێکیان وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی سوپا و دامرکاندنەوەی فیتنەی تائیفی دەیناسێنن، بەڵام بەشەکەی دیکە پێیان وایە ئەمە دەبێتە هۆی گەڕانەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و زیادبوونی میلیشیاکان.
ــ ئاستەنگی شوێن: وەزارەتی بەرگری عێراق لە ئێستادا ژێرخانی پێویستی (وەک بنکەی مەشق و ڕاهێنان و کەمپی نیشتەجێبوون) نییە بۆ وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەنجان کە ساڵانە دەگەنە تەمەنی یاسایی.
ــ ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی: زۆرێک لە گەنجان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دژی یاساکەن و پێیان وایە لەبری سەربازی، حکومەت دەبێت هەلی کار و پڕۆژەی ئابووری بۆ گەنجان بڕەخسێنێت.
ــ ئاڵۆزییە ئەمنییەکان: بوونی هێزە جیاوازەکان و میلیشیاکان وای کردووە مەترسی ئەوە هەبێت کە ئەم یاسایە بۆ ململانێی ناوخۆیی بەکاربهێنرێت یان ببێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی هێز لە وڵاتدا.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment