ڤون درلاین: ده‌بێت باشتركردنى بارودۆخى ژنان له‌ توركیا مه‌رجى سه‌ره‌كى گفتوگۆ بێت هەواڵ

نوچه‌نێت

ئۆرسولا ڤۆن درلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، گوتی لە دیدار لەگەڵ ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کە سەرەتای ئەم مانگە ئەنجام درا، هەستی بە "زویری و تەنیایی" کردووە و تەنیا بە هۆی "ژن بوون"ییەوە هەڵسوکەوتی ناگونجاوی لەگەڵدا کراوە. داوایش له‌ سه‌ركرده‌كانى یه‌كێـتى ئه‌وروپا ده‌كات به‌ مه‌رجى چاككردنى دۆخى ژنان له‌ توركیا، ده‌ست به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته‌ بكه‌نه‌وه‌.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆنیوز" بڵاوی کردەوە، ئەوە یەکەمین کاردانەوەی فەرمی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا سەبارەت بەو رووداوە بوو کە بە" قەنەفە گەیت" ناسرا.

خاتوو ڤۆن لەگەڵ شارل میشل سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا بە مەبەستی دیدار لەگەڵ ئەردۆغان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا سەردانی ئەنقەرەی کردبوو. ڤیدیۆیەک لە چرکەکانی دەستپێکی کۆبوونەوە هاوبەشەکەی بەرپرسان بڵاو کرایەوە کە نیشانی دەدا سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا کورسی بۆ دانەنراوە و ناچار بوو لەسەر قەنەفەیەکی تایبەت دابنیشێت.

خاتوو ڤۆن درلاین گوتی: "من یەکەمین ئافرەتم بوومەتە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و چاوەڕوانیم دەکرد لە کاتی سەردانەکەی دوو هەفتە پێش بۆ تورکیا بە پێی پێگەکەم لەگەڵم هەڵسوکەوت بکرێت، بەڵام من لەو دیدارەدا سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوووپا بە هەژمار نەهاتم".

ئەو گەورە بەرپرسەی یەکێتی ئەوروپا وتیشی: "ناتوانم لە پرۆتۆکۆلە ئەوروپییەکاندا پاساوێک بۆ ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە بدۆزمەوە لە بەرانبەر من ئەنجام درا، بۆیە دەبێ بەو ئەنجامە بگەم کە ئەو هۆکاری ئەو ڕووداوە ئافرەتبوونی من بوو".

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا کە لە کۆبوونەوەی ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپادا قسەی دەکرد، پرسیاری کرد: "ئایا ئەگەر من چاکەت و پانتۆڵ و بوینباخم لەبەر کردبا هەر ئەوە ڕووێ دەدا؟". 
خاتوو ڤۆن درلاین گوتی: "من هەستم بە زویری و تەنیایی کرد، وەک ئافرەتێک و وەک ئەوروپییەک. ئەو بابەتە پەیوەندی بە کورسی یان پڕۆتۆکۆلەکانی مەراسیمەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە کێین. پەیوەندی بە بەها و بایەخەکانی یەکێتی ئەوروپاوە هەیە و ئەوە نیشان دەدات هێشتا کاری زۆرمان ماوە تا بگەینە جێگایەک کە هەمیشە و لە هەموو شوێنێکدا لەگەڵ ئافرەتان ڕەفتاری بەرانبەرمان هەبێت".

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بە ئاشکرا لۆمەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان یان شارل میشلی بە هۆی ئەو ڕووداوە نەکرد، سەرەڕای ئەوە گوتی،  لە کۆبوونەوە هاوشێوە پێشووەکاندا نەیبینیوە کورسی کەم دابنرێت.

ئەنجومەنی ئەوروپا هەفتەی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو ڕووداوە گوتبووی بەشی بەڕێوەبردنی ئەو مەراسیمە نەیتوانیوە ژووری کۆبوونەوەکان ببینێت، چونکە تورکیا ئەو کۆبوونەوەیە لە شوێنێکی "زۆر نزیک لە نووسینگەی سەرۆک کۆمار ئەردوغان" بەڕێوە بردووە.

ڕۆژی دووشەممە شارل میشل لەبەر ئەو ڕووداوە داوای لێبووردنی کرد و گوتی دەبوایە کورسیەکەی خۆی بە خاتوو ڤون در لاین بدایەت بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان تورکیا و بەرەی ٢٧ وڵاتی ئەوروپی نیگەران بووە قەیرانێکی دیپلۆماتیکی گەورە بێتە ئاراوە.

به‌گوێره‌ى لێدوانێكى كه‌ له‌ لایه‌ن دویچه‌ڤیله‌ى ئه‌ڵمانى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ڤۆن ده‌رلاین دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، ده‌بێت به‌رپرسانى ئه‌وروپا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى دانوستاندنه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا باشتركردنى بارودۆخى ژنان له‌ توركیا بكه‌نه‌ مه‌رجى پێشوه‌خته‌.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین