ڕۆڵی دەسەڵاتی شاراوەی ژنێک لە کۆشکی سپی یەوە دیمانە و راپۆرت

چنوور جەعفەر ئەحمەد

لە پەراوێزی  سوێند خواردنەکەی دۆناڵد ترەمپ، چل و حەوتەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووە کانی ئەمریکادا، دەرکەوتنی خێزان و منداڵی سەرۆکە نوێییە هەڵبژێرداوەکان هەمیشە دەبنە جێگەی مقۆ مقۆی میدیا جیهانییەکان. بەڵام ئەم گرنگی پێدانە بە کچ و خێزانی سەرۆکە نوێییە هەڵبژێرداوەکان لەگەڵ دەستبەکاربوونی باوک و هاوسەرەکانیان هێواش هێواش سەرنجی میدیا جیهانییەکان لەسەریان کەم دەبێتەوە، یاخود بەپێچەوانەوە چاودێری هەنگاو و جوڵە نوێیەکانیان دەکرێت. لەگەڵ هەر دەرکەوتنێکیاندا کۆمەڵێک کاردانەوەی سەیرو سەمەرە دەبیستین و دەبنیرێت.

مێژووی دەرکەوتنی دەسەڵاتی ژن، وەک هێزێکی سیاسی خۆسەپێنی هاوسەر و کچی، کەسی یەکەمی سەرۆکی وڵاتان، لە ئاستی جیهان بەگشتی و لە مێژووی مرۆڤایەتیشدا هەبوون. چەندان نموونەی دیار هەیە، کە ڕۆڵی دەسەڵاتی ژنان بەدیار دەخەن لە بڕیارە سیاسییەکانی وڵاتەکانیاندا. ئەم دەسەڵاتەی هێزی ژنان بۆ نموونە، لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکان بە ڕوون و ڕاشکاوی لە دەسەڵاتی چەندین سوڵتانی عوسمانی و مێژووی ئەم ئیمپراتۆریەتەدا بەدیاردەکەون، هەروەها مێژووی ڕۆمانەکان و چەندین قۆناغی مێژووی جیاوازمان هەن کە پڕن لەم نمونانە.

لەمێژووی نوێ و هاوچەرخیشدا، بەتایبەت لەنێو وڵاتانی دیمۆکراتخوازدا هێزی سیاسی ژن، چ بەنهێنی چ بەئاشکرا بوونی هەیە. ئەوەی دەمانەوێت ئاماژەی پێ بدەین لەم کورتە نووسینەماندا کە هاوکاتە لەگەڵ بوونی دۆناڵد ترەمپ، بە سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی وویلایەتەیەکگرتووەکانی ئامریکا، و پەیوەستە بە بوونی بەهێزی دەسەڵاتێکی شاراوەی ژنێک کە لەمێژووی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکادا، چەندین ساڵ بە شاراوەیی کاری کردووە لە کۆشکی بریاردانی ئەو ویلایەتەدا.

ئیدیت ویلسۆن، (Edith Wilson)

ئیدیت ویلسۆن، (Edith Wilson)،لەدایکبووی ١٥ی تشرینی یەکەمی 1872و هاوسەری دووەمی وودرو ویلسۆن، 28هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. دوای هاوسەرگیریی لەگەڵ (وودرو ویلسۆن) لە ساڵی 1915، بووە (خانمێکی یەکەمی)، وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاو ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی لە بریارە سیاسییە یەکلاکەرەوەکانی (کۆشکی سپی) دا گێڕاوە. بەتایبەتی دوای نەخۆش کەوتنی هاوسەرەکەی (وودرۆ ویلسۆن) لەساڵی 1919بەدواوە، کە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە توانای کاری سیاسی لاواز ببوو، لە کۆشکی سپی دا. 

ژیانی سەرەتایی و هاوسەرگیری لەگەڵ وودرو ویلسۆن

خاتوو ئیدیت ویلسۆن، لە شاری وایسڤیل لە ویلایەتی ڤێرجینیا لە خێزانێکی دیار لەدایکبووە. پەروەردەیەکی باشی هەبووە، حەزو خولیایەکی زۆری بە ئەدەب و هونەر و کولتوور هەبووە. لە ساڵی 1896بۆیەکەمجار دەبێتە هاوسەری بازرگانێکی دەوڵەمەندی واشنتۆن دی سی، بە ناوی نۆرمان گالت. بەڵام لە ساڵی 1908کاتێک هاوسەرە بازرگانە دەوڵەمەندەکەی لەدەست دەدات، سامانێکی بەرچاوی لە(گاڵت)ی، هاوسەرییەوە بۆ بەجێ دەمێنێت.

هەربۆیە دوای دووساڵ لەمردنی هاوسەرەکەی ئیلین لویس ئەکسۆن، لە ساڵی 1915، هاوسەرگیری لەگەڵ وودرو ویلسۆن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکادا ئەنجام دەدات. سەرەتای دروست بوونی ئەم پەیوەندییەشیان بە پەیوەندییەکی سۆزداری بەهێزەوە دەست پێدەکات و بە قوڵی عاشقی یەکتردەبن. ئیدیت ویلسۆن، پێش هاوسەرگیرییەکەیان ویڵسۆنی ناسیوە، بەڵام دوای مردنی هاوسەری یەکەمی هەستە ڕۆمانسیەتەکەیان گوڵ دەگرێت.

خانمی یەکەم و ڕۆڵی لە سەرۆکایەتی وودرو ویلسۆن

ئیدیت ویڵسن، لە ماوەی نێوان ساڵانی ساڵی 1915 تا 1921وەک خانمی یەکەم کاری کردووە، بەڵام دیارترین و تەمومژاویترین ڕۆڵی ئەم خانمە نادیارە لەمێژووی ڕۆڵی سیاسی ژندا. ڕۆڵی ئەم خانمە لەو کاتەوە زیاتر بەدەر دەکەوێت، کە دەگەڕێتەوە بۆ دوای هاوسەرەکەی واتە وودرو ویلسۆن تووشی جەڵتەی مێشک دەبێت لە ئۆکتۆبەری 1919, چونکە ویلسۆن بەهۆی جەڵتەی مێشکییەوە کە تووشی ببوو، بەشێکی جەستەی ئیفلیج و بێ توانایی کردبوو، نەیدەتوانی زۆرێک لە ئەرکەکانی سەرۆکایەتی بەهۆی گرفتی نەخۆشییەکەیەوە ئەنجام بدات.

ئیدی ویڵسن، سەرەڕای ئەوەی هیچ ئەزمونێکی سیاسی فەرمی لەکاروباری وڵاتدا نەبوو، بەڵام ڕۆڵێکی نافەرمی وەک "بەڕێوەبەر" یان "دەروازەپارێز"ی وەرگرتبوو. ئیدیت ویلسۆن، بوو بە بەرپرسیار لە سکرینکردنی ئەو بەڵگەنامە و پەیوەندییانەی کە دەگەیشتنە دەستی سەرۆک، هەربۆیە دەستیکرد بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی ژنانەی خۆی لە یەکلاکردنەوەی بڕیارە سیاسییەکانی وڵاتەکەیدا.  سەرەتا بڕیاریدا کە کام پرس دەتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بکات و کامیان دوابخرێت. لە بنەڕەتدا، ئیدیت ویلسۆن، یەکێک بووە لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئیدارەی ئەمریکا لەم ماوەیەدا، زۆربەی کارەکانی ڕۆژانەی سەرۆکایەتی بەناوی هاوسەرە نەخۆشەکەیەوە واتە (وودرو ویلسۆنە)ەوە بەڕێوەبردووە.

هەربۆیە مێژوونووسان، لەم ماوەی حوکمڕانی کردنەیدا مشتومڕیان لەسەر ڕادەی کاریگەرییەکانی ئیدیت ویلسۆن کردووە، کە دوو جۆر بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەم ڕۆڵەی هەیە لەمێژووی سیاسی ئامریکادا، هەندێک ڕەخنەیان لێ گرتووە کە بەبێ ئیختیاری گشتی ڕۆڵێکی وا بەرچاوی گرتووەتە ئەستۆ، هەندێکی تریش دەڵێن کە بە لە بەرچاوگرتنی بێتوانایی هاوسەرەکەی لەبەر پێویستی و لە بەرژەوەندی وڵاتدا مامەڵەی کردووە.

ژیانی دواتر و میرات

دوای ئەوەی لە ساڵی1921 ١٩٢١دا سەرۆکایەتی وودرو ویلسۆن کۆتایی هات، ئیدیت و وودرو ، خانەنشین بوون و ژیانێکی ئارامیان بردووەتەسەر. وودرو ویلسۆن لە ساڵی 1924 کۆچی دوایی دەکات، بەڵام ئیدیت، دوای وودرو ویلسۆن  37 ساڵی دیکە ژیان دەکات. خاتوو ئیدیت ویلسۆن، بەردەوام بووە لە پاراستنی میراتی هاوسەرەکەی و کۆی کارو بیرەوەرییەکانی لە بەرهەمێکدا چاپکردووە بە ناوی "بیرەوەرییەکانی من"، کە لە ساڵی 1939دا بڵاوکراوەتەوە، لە بەرهەمەکەیدا خاتوو ئیدیت ویلسۆن، دیدگای خۆی بۆ ڕووداوەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی تێدا یادداشت کردووە، بەتایبەت لەنێویاندا ئەو ماوەیەی کە ویڵسن لە نەخۆشییەکەیدا بووەو ئەم وەک خانمی یەکەمی ووڵاتەکەی و دوور لەئاشکرابوونی لەمیدیا و ڕۆژانامەکان بڕیارە سیاسییەکانی وڵاتەکەی دەرکردووەو جێبەجێی کردون.

میراتی ئیدیت ویلسۆن ئاڵۆزە. زۆرجار وەک ژنێکی بەهێز و زیرەک لەبیر دەکرێت کە بە هێمنی و ئیختیارییەکی سەرنجڕاکێشەوە دۆخێکی تەحەدای بەسەربردووە. بەڵام ڕۆڵی ئەو لە ماوەی نەخۆشکەوتنی هاوسەرەکەیدا پرسیاری لەسەر شەفافیەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەو ماوەیەدا و سنووری دەسەڵاتی سەرۆکایەتی دروستکردووە، لەمێژووی سیاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکادا.

ئیدیت ویلسۆن، لە ساڵی 1961 لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، کەچی لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵە سیاسی و ڕۆڵگێڕانە نهێنییەیدا، ئەمڕۆ ئیدیت ویڵسن، وەک یەکێک لە کاریگەرترین خانمە یەکەمەکان لەجیهاندا لەبیر دەکرێت، هەرچەندە هەندێکجار بەشدارییەکانی لەپرۆسەی سیاسییەکەی ئەو قۆناغەی ئامریکادا وەک دراوێکی دوو ڕوویی مشتومڕاوی، و (گۆڕانکارییەک) سەیر دەکرێن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین