سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای کوردستان: داوای هەڵوەشانەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتی دەکەین دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێڕاقی بە ناپەسەند دەزانێت و دەڵێت: کێشەی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.

ڕۆژی شەممە(25/کانوونی دووەم/2025) سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای کوردستان ڕایگەیاند: کاتێک بە شودانی کچی خوار تەمەنی باڵغ بوون دروستە، کە سەرپەرشتیارەکەی، عەدالەتی تەواوی تێدا ھەبێت، واتە خۆی بە تەواوەتی لە گوناھـ بپارێزێت لە ئێستاشدا ئەو جۆرە وەلیانە زۆر دەگمەنن، ھەروەھا پێویستە بدرێت بە ھاوشانی خۆی، ئەگەرنا نادروستە و پاش باڵغ بوونی کچەکە بۆی ھەیە داوای فەسخ و ھەڵوەشاندنەوەی نیکاحەکە بکات.
ڕۆژی (21/کانوونی دووەم/2025) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق، بە هەماهەنگی لە نێوان هەرسێ پێکهاتە (کورد، سوننەو شیعە)  دەنگی لەسەر سێ پرۆژە یاسای ھەستیار دا، کە یەکێکیان باری کەسێتیە. تێپەڕاندنی یاساکە کاردانەوەی ئازادیخوازانی لە سەر ئاستی عێراق و جیھانیشدا بەدوای خۆیدا ھێنا، چونکە بە پێی ڕای شارەزایانی بواری یاساو شەریعەت، ئەم هەموارە ڕێگە بۆ بەشودانی کچانی منداڵ خۆش دەکات.
سەبارەت بە تێپەڕاندنی یاساکە، پرۆفیسۆر دکتۆر حەسەن موفتی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە"گومان لەوەدا نییە ئەو پڕۆژە یاسایەی، کە شیعە پێشکەشی کردووە و پاشان بەسیاسەتی چەوتی (دەنگم بەرێ دەنگت دەدەمێ) ڕوێنراوە کە کچ دروست بێ لە نۆ ساڵیدا بچێتە پرۆسەی ھاوسەرگیرییەوە، کێشەی کۆمەڵایەتی گەورەی لێ پەیدا دەبێت".
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتوای کوردستان هەروەها دەڵێت" ئەم یاسایە بۆ ئەم زەمانە ناگونجێت و مەرجە شەرعییەکان تێیاندا ھەرگیز بەرجەستە نابێت، بۆیە داوای ھەڵوەشاندنەوەی پرۆژە یاساکە دەکەین یاخود لانی کەم سنوردارکردنی بە مەرجە شەرعییەکان. دەشپرسین ئایا باشتر وانەبوو لەم کاتەی کە عێراق، غەرقی کێشەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەندەڵییە، پێویست بوو پەرلەمان کێشە گەورەکان چارەسەر بکات، نەک بپێچێت بە شتی لەوچەشنە کە بۆ ئەم سەردەمە زۆر ناپەسەند و نا بەجێیە و گرفتی گەورەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات".
پێشتر یاسای باری کەسێتی ژمارە (188) ی ساڵی 1059لە هەرێمی کوردستان، بە پاڵپشتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بە جۆرێک هەموارکرایەوە کە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە پێشکەوتووترە. بە پێچەوانەوە هەموارکردنەوەی یاساکە لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆڵ لە دادگا و یاسا وەردەگرێتەوە.
دکتۆر بەشیر حەداد، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت سەبارەت بە هەمواری ئەم یاسایە گوتی" ئەم جۆرە لە هەموارکردنەوە عێراق دابەش دەکات و جیاوازییە مەزهەبییەکان زەق دەکاتەوە. هەروەها ڕۆڵ لە دادگا و یاسا وەردەگرێتەوەو دەیدات بە مەزهەب و پیاوانی ئایینی، ئەمەش لەگەڵ ئەو سەردەمەدا ناگونجێت".
رێزان شێخ جەعفەر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێڕاق دەڵێت" دەیانەوێ عێڕاق لە وڵاتێکی مەدەنییەوە بکەن بە وڵاتێکی مەزهەبی، با ئەم پارچە زەوییانەی کە کورد لە پێناویدا دەنگی پێدا هەروەها ئەو زیندانییانەی کە سوننەکان لە پێناویاندا دەنگی بە پڕؤژە یاساکەدا، کە خەڵكی بەعسی و داعشی تێدابوو، کرابوایە بە قوربانی منداڵانی عێڕاق و ئەم پڕۆژە یاسایە تێنەپەڕیبوایە".
ئازادیخوازان و چالاکانی بواری مافەکانی ئافرەتان، بە توندی ئەم هەموارە ڕەت دەکەنەوەو بە پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و ژنانی دەزانن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین