وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: له‌پشتگیریکردنی هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام دەبین کوردستانی

نوچە نێت

بەیانی ئەمڕۆ شەممە (15/شوبات/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە به‌رده‌وامیی دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی به‌ریتانیا کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا "پەیوەندییەکانی به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران، هەروەها باسیان له‌ چۆنیه‌تیى بەهێزکردنی هاوکاریی لە بواری سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا كرد."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی "پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی بەردەوامی به‌ریتانیا له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، به‌تایبه‌تی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پەرەپێدانی دامەزراوە ئەمنییەکاندا، هه‌روه‌ها جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم پشتگیرییە کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

لاى خۆیەوە، وەزیر دەیڤید لامی پابەندیی شانشینی یەکگرتووی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگه‌یاند، "به‌ریتانیا له‌ پشتگیریکردنی هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش لە پرسە هەرێمایەتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییەکان کرد."

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و هه‌وڵه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان، دۆخی سووریا و پێشهاتە هەنووکەییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین