سەرۆکى هەرێم: یه‌كڕیزی و ته‌بايى گه‌ره‌نتيی راسته‌قینه‌ن بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كانمان کوردستانی

نوچە نێت

‏سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەبۆنەى یادى (55) ساڵەى رێککەوتنى (11ـی ئاداری 1970) پەیامێکى بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەى جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە " یه‌كڕیزی و ته‌بايى، گه‌ره‌نتيی راسته‌قینه‌ن بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كانمان و داهاتووی نه‌وه‌كانمان."

ئەمڕۆ سێشەممە (11/ ئادار/ 2025) سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە بۆنەى رێککەوتنى (11) پەیامێکى بڵاوکردوە، لە پەیامەکەى ئاماژە بەوە دەکات ئەو رێککەوتنە، یەکەم رێککەوتنى فەرمى دانپێدانراوە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بە مافەکانى گەلى کورد.

دەقی دەقى پەیامى سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئه‌مڕۆ يادى 55 ساڵه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئاداری 1970 ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ رابه‌رايه‌تيى بارزانيى نه‌مر، بووه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان و وێستگه‌یه‌كی مێژوویى و گرنگى خه‌باتى گه‌لى كوردستان و یه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رميی داننان به‌ به‌شێك له‌ مافه‌ ره‌واكانيدا، هه‌روه‌ها بنه‌مای یاسایی بۆ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێستامان داڕشت، بهشێوه‌يه‌ك هيچ ده‌سه‌ڵاتێكى عێراق نه‌توانێت جارێكى تر نكۆڵى له‌ مافه‌كانمان بكات. له‌م یاده‌ شكۆداره‌دا، به‌ ڕێزه‌وه‌ یادی ئه‌و نه‌به‌ردانه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌پێناو ئازادی و مافه‌كانی گه‌ل و نيشتماندا گیانیان به‌خشی. سڵاو له‌ بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، له‌ پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان‌ و گه‌لی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه، ده‌كه‌ين.
ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ـى ئادار‌، نموونه‌ی چاره‌سه‌رێكی دادپه‌روه‌رانه‌ بوو له‌سه‌ر بنه‌مای لێكگه‌یشتن و دانوستان، به‌ڵام دواتر ده‌سه‌ڵاتی عێراق لێى پاشگه‌ز بووه‌‌وە و له‌ ئه‌نجامدا، چه‌ندین ده‌یه‌ ململانێ و شه‌ڕى لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تى و ئازار هیچی ترى بۆ عێراق نه‌هێنا. ئه‌مڕۆش، عێراق هێشتا باجی پابه‌ندنه‌بوون به‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ و به‌ بنه‌مای هاوبه‌شيی ڕاسته‌قینه‌ و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كانی ده‌دات. وانه‌ و ئه‌زموونه‌كانى‌ مێژوو ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ سه‌قامگیری به‌دی نایه‌ت ته‌نيا له‌ ڕێگه‌ی ديموكراسى، كه‌ دروشمى شۆڕش بوو، ڕێزگرتن له‌ فره‌یی، كاری هاوبه‌ش و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی له‌نێوان هه‌موواندا، نه‌بێت.
یه‌كڕیزی و ته‌بايى، گه‌ره‌نتيی راسته‌قینه‌ن بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورییه‌كانمان و داهاتووی نه‌وه‌كانمان. بۆیه‌ داوا له‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ین په‌ند له‌م ئه‌زموونه‌ وه‌ربگرن و به‌ گیانی به‌رپرسیاريه‌تيی نیشتمانی پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن، بۆ چه‌سپاندنی فیدراڵی، پاراستنی مافه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق و به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیيانه‌. داهاتووی عێراق له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، به‌هێزكردنی هاوبه‌شيی ڕاسته‌قینه‌ و بنیاتنانی وڵاتێكدایه‌ كه‌ ئاسایش، سه‌قامگیری و دادپه‌روه‌ری تيایدا باڵاده‌ست بێت.
هه‌ر شكۆدار بێت یادی ڕێككه‌وتننامه‌ی 11ـی ئادار،
دروود بۆ گیانی پاكى شه‌هیدان.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
11ـی ئاداری 2025

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین