سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ محەمەد شیاع سوودانى كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا لە سلێمانی، جەخت "لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوكاریی هه‌ولێر ـ به‌غدا" دەكەنەوە.

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (16/نیسان/2025) له‌ سلێمانى، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ محەمەد شیاع ئه‌لسوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقى فیدراڵ، كۆبووه‌وه‌.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا دەڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخی سیاسى و گشتیی عێراق و "دۆسیە هاوبەشەكان تاوتوێ كران و جەخت لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوكاریی هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌روه‌ها بەهێزكردنی هاوكاریی نێوان هێزە نیشتمانییەكان بۆ پاراستنی ئارامى و سەقامگیرى كرایه‌وه‌، بە شێوەیەك كە خزمەتی یه‌كڕیزیى نیشتمانى و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بكات و هاوكار بێت بۆ هەوڵەكانی حكوومەتی فیدراڵ لە جێبەجێكردنی گەشەپێدان لە سەرتاسەری عێراق."

هاوكات سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، داكۆكى له‌ گرنگیی مسۆگه‌ر‌كردنى ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كرد، هه‌روه‌ها پابەندیی هه‌رێمى كوردستانى بۆ بەهێزكردنی هاوكاریی بنیاتنەر لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو پرسه‌كان دووپات كرده‌وه‌، بە جۆرێك كە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزكردنی لێكگەییشتن و هاوبەشی له‌نێوان هه‌ردوولادا و هاوسەنگی و سەقامگیریی وڵات بپارێزێت."

دوا پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و بارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و كاریگەرییەكانی لەسەر عێراق، هەروەك لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ بوو. تیایدا جەخت لەسەر پێویستیی دووركەوتنەوەی عێراق لە ململانێكان و پشتگیریی ئەو دەستپێشخەرییانە كرایەوە كە ڕێگەچارەی ئاشتیانە و دیالۆگ دەگرنە بەر بۆ چارەسەركردنی كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانى ناوچەكە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین