سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و شا عه‌بدوڵڵا دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شای ئوردن لە عەممان كۆبوونەوە و "پته‌وكردنى زیاترى پەیوەندییەکانی شانشینی ئوردنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی هاوکاری لە بوارەكانى سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا" تاوتوێ كرد.

پاشنیوه‌ڕۆى ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (27/نیسان/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم کوڕی حسێن، شای شانشینی ئوردنیی هاشمی، کۆبووەوە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا، "پته‌وكردنى زیاترى پەیوەندییەکانی شانشینی ئوردنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی هاوکاری لە بوارەكانى سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا، تاوتوێ کران، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاتە ناوچه‌یى و نێودەوڵەتییه‌كانى جێى بایه‌خى هه‌ردوولا بیروڕایان گۆڕییه‌وه."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی "پێزانینی قووڵی خۆی بۆ هەڵوێسته‌كانى شانشینی ئوردنیی هاشمی له‌ پشتگیرى بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، هه‌روه‌ها پەیوەندییە مێژوویییه‌كان و دۆستایه‌تیى نێوان هەردوولاى به‌رز نرخاند."

هەروەك لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، لاى خۆیه‌وه‌ شا عەبدوڵڵای دووەم "خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ پته‌وكردنى پەیوەندییەکان و هاوکاریی هاوبه‌ش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە، هه‌روه‌ها داكۆكیی لە پابه‌ندیى ئوردن بۆ پشتگیریى هه‌ر هەنگاوێک کرد کە ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ گەلانی ناوچەکە بەهێز بکات."

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ پاراستنى سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا کردەوە و باسیان له‌ چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، كرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین