سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: كێشه‌كانى عێراق به‌ جێبه‌جێکردنى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر ده‌بن کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌ كۆڕبه‌ندى تاران بۆ گفتوگۆ ڕایگەیاند، "دڵنیاین ئەگەر بیانەوێت دەستوور جێبەجێ بکەن، عێراق دەتوانێت زۆربەی کێشەکانی ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکات."

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (18/ئایار/2025) نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ بانگهێشتێكى فه‌رمى، به‌شداریى له‌ كۆڕبه‌ندى تاران بۆ گفتوگۆدا كرد كه‌ ناوه‌ندى لێكۆڵینه‌وه‌ى سیاسى و نێوده‌وڵه‌تیى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى ئیسلامیى ئێران ئه‌نجامى ده‌دات و به‌ به‌شداریى به‌ڕێز مه‌سعوود پزشكیان سه‌رۆكى كۆمارى ئیسلامیى ئێران و ژماریه‌ك له‌ به‌رپرسانى باڵاى وڵاتان و میوانان به‌ڕێوه‌ چوو.

 

دەقی وتەكانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی تاران بۆ گفتوگۆ:

كۆڕگێڕ: زۆر دڵخۆشم، بەڕێز بارزانی.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس، ئەگەر فارسییەکەشمان باش نەبوو، داوای لێبوردن دەکەم.

كۆڕگێڕ: فارسیی ئێوە باشترە لە کوردیی من، هەڵبەت کوردیی بەڕێز سەرۆککۆماریش.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: بە ڕاستی کوردیی بەڕێز سەرۆککۆمار قسەی تێدا نییە. باوەڕ بکەن، هەر پێیەوە دیار نییە کورد نییە، ئێمە ئەوەمان بینیوە.

پرسیار: ئێوە پشتڕاستی بکەنەوە ئیدی تەواوە.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، ئێمە پشتڕاستی دەکەینەوە؛ بەڕێزیان ئێستاش کە هاتن به‌ کوردی قسەیان کرد، گەورەیییان نواند.

كۆڕگێڕ: بەڕێزیان سەرۆککۆماری چەند زمانزانەی ئێمەن. زۆر سوپاس بەڕێز بارزانی، سەرۆکی بەڕێزی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئەوەی بانگهێشتەکەی ئێمەتان قبووڵ کرد، دڵخۆشم کە ئەم دەرفەتە بە من دراوە لەگەڵ ئێوە گفتوگۆ بکەم. کەمتر لە یەک مانگ و نیو لەمەوپێش میوانی ئێوە بووم. زۆر سوپاستان دەکەم لە هەوڵی ئێوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆڕبەندە ناوازەیە و هیوادارم ئەم کۆڕە کە کۆڕی ڕۆشنبیران و سیاسییەکانە، ئەمڕۆ بە باشی هەڵیبسەنگێنن و بتوانین تیشک بخەینە سەر هەندێک لە بابەتەکان.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر چەند وشەیەک بە کوردی قسە بکەم. بێگومان زۆر خۆشحاڵم لەوەی کە لەم کۆڕبەندەدا بەشدار دەبم، سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ جەنابیشت کە بانگهێشتی ئێمەت کرد. ئێمە هاتین بۆ تاران، زۆر خۆشحاڵم. هەوڵ دەدەم بە فارسی قسە بکەم، ئەگەر فارسییەکەم تۆزێک کێشەی تێکەوت، ئەوکات بەکوردی قسە دەکەم.

 

ئێمە بە فارسی دەستپێدەکەین، باسی ئەوەم کرد لە خزمەتتان کە ئەگەر فارسییەکەم کێشەیەکی هەبوو، ئەو کات دەیکەینە کوردی.

 

كۆڕگێڕ: ئێوە زۆر بە باشی فارسی قسە دەکەن.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: تەنیا ڕوخسەتم دەوێت، ئەوەی کە باست کرد یەک مانگ و نیو لەمەوپێش لە هەرێمی کوردستان بوون، من ویستم، هەر ئێستاش بە بەڕێز د. زەریفیشم گوت کە ئێمە بانگهێشتتان دەکەین.

پرسیار: بەڕێز بارزانی، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە زۆر خێران. ئێوە لە هەرێمی کوردستان کە قسەتان دەکرد، ئاماژەتان بەوە دا کە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە گۆڕانکارییەکان هەیە و باستان لەوە کرد کە ئێوە چەندە لە بواری پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە سەرکەوتوو بوون. ئێستا ئێوە چ ڕۆڵێک بۆ عێراق لە داهاتووی ئەو گۆڕانکارییانەدا دەبینن؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: سەیر بکەن، عێراق وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکەدا و دەتوانێت لە داهاتووی ناوچەکەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت. ئێستا دەتوانم بڵێم دۆخی عێراق ئەگەر ئێوە سەرنجی بدەن، بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو، ئێستا گەورەترین کێشەیەک کە دەکرێت ناوی کێشەی لێ بنێین لە بەغدا، کێشەی قه‌ره‌باڵغیى ترافیكه‌.

عێراق خەریکە لە قۆناخێکەوە دەچێتە قۆناخێکی دیکە. لە بابەتی سیاسیدا ئەگەر بمەوێت باس لە هەموو عێراق بکەم، ئێمە ئێستا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لووتکەی کۆمکاری عەرەبیمان بەڕێوەبرد لە بەغدا و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخێک کە لە ناوچەکەدا هەیە، پێمان وایە لووتکەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوو کە هاوڕێیان و برایانی عەرەبمان لە وڵاتانی دیکەوە تێیدا بەشدار بوون.

عێراق وڵاتێکە کە بەم دواییانە پرسی شەڕی تێپەڕاندووە، کێشەکانی تێپەڕاندووە و خەریکە پێ دەنێتە قۆناخێکی سیاسیی گرنگ کە دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر وەک وڵاتێکی گرنگ لە ناوچەکە بگێڕێت.

عێراق وڵاتێکە لە بواری سەرچاوە سروشتییەکان، سەرچاوە مرۆییەکانەوە زۆر دەوڵەمەندە و بە سیاسەتی دروست و دووربینی یان خوێندنەوە بۆ داهاتوو، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر و گرنگ لە ناوچەکەدا بگێڕێت.

 

پرسیار: ئێوە چۆن هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا پێناسە دەکەن؟

 

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: دۆخی کوردستان، با من بەو شێوه‌یە بڵێم، بەرلەوەی ئەمەریکییەکان بێنە نێو عێراق لە ساڵی 2003، ئێمە هەر ئەو دۆخەمان هەبوو. ئەمەریکییەکان هاتن و بە ئێمەیان گوت سیستمی بەڕێوەبردنی عێراق بۆ سیستمێکی دیموکراسی و فیدراڵی دەگۆڕدرێت و ئێمە هاوکاریمان کردن بۆ ئەوەی سەدام لە دەسەڵات لابدرێت. پێناسەی سیستم لە عێراق، ئەگەر ئێوە سەرنج بدەن، پێناسەیەکە دەڵێت، سیستمی فیدراڵی لە عێراق. بەداخەوە، من دەمەوێت ئەوە بڵێم تاوەکوو ئێستا نەگەییشتووینەتە ئەو شوێنە، واتە عێراق زۆر دوورە لە فیدراڵیزمەوە. ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانمان لە بەغدا گەنگەشەمان لەسەر ئەوەیە. ئێمە دەڵێین، لە جوگرافیایەکدا دەژین کە پێی دەگوترێت عێراق. ئێمە دەبێت مۆدێلێکی بەڕێوەبردن پێناسە بکەین کە لە عێراق جێگەی ڕەزامەندیی هەمووان بێت. ئەو مۆدێلە لە دەستووری عێراقدا پێناسە کراوە و 80٪ـی خەڵکی عێراق دەنگیان بەو دەستوورە دا. ئێمە لە هەرێمی کوردستان داهاتوومان لەو چوارچێوەیەدا دەبینینەوە و دڵنیاین ئەگەر بیانەوێت دەستوور جێبەجێ بکەن، عێراق دەتوانێت زۆربەی کێشەکانی ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکات.

من دەمەوێت بە ئێوە بڵێم، ڕاستییەکە ئەوەیە، نامەوێت وەک گلەیی بیڵێم، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی فیدراڵیزمدا نییە. هەڵبەت من لە بەغدا بە هاوڕێیانم گوتووە کە کێشەکە ئەوەیە کاتێک ئێوەش چاو لە هەرێم دەکەن، وا بیر دەکەنەوە کە ئێمە زۆر زیاتر له‌ فیدراڵین. لەگەڵ خودی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی کە لێرەن و ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو، ئەو گەنگەشەیەمان هەبووە؛ گوتوومە ئێوە کاتێک چاو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، وا بیردەکەنەوە کە ئێمە زیاتر لە دەستوور دەسەڵات بە خۆمان دەدەین. ئێمە دەبێت پێکەوە بێ پەردە دابنیشین و بزانین لە کامە خاڵ دەتوانین بە یەکدی بگەین؛ ئەوە وەک بنەمای عێراقی نوێ دابنێین و دەکرێت جێبەجێش بکرێت، دوور نییە لە جێبەجێکردن. ئێستا کاتیەتی و من دەڵێم هەموو ئەو کێشانەی لە عێراق هەبوون، خەریکە بەرە بەرە چارەسەر دەکرێن. عێراق یەکەم کار کە دەبێت بۆ سەقامگیریی سیاسی بیکات، پێویستە پرسی فیدراڵی لەگەڵ کوردستان 100٪ چارەسەر بکات.

پرسیار: ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران چییە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لە هەرێم پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران پەیوەندیی مێژوویین؛ پەیوەندیی مێژوویی، کولتووری، زمانی، هەموو ئەوانە هەن و نزیکین لە یەکدی. ئەگەر ئێوە چاو لە بواری ئابوورییەکەی بکەن، نزیکەی 60٪ـی ئەو ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق هەیەتی، لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەچێتە عێراق، واتە ئێمە لە بواری ئابوورییەوە پەیوەندییەکی زۆر باشمان پێکەوە هەیە. ئێمە دەبینین ئاستی ئەو پەیوەندییانە ڕۆژ بە ڕۆژ باشتر دەبن. بۆ نموونە، ئێمە لە هەفتەی داهاتوودا دانیشتنێکی دیکەمان هەیە کە پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگارە سنوورییەکانی ئێران پێکەوە دادەنیشن و گەشتێکیشیان هەیە بۆ تاران، لەوانەیە سەرۆککۆماریش ببینن.

 

ئەو پەیوەندییە کولتووری و مێژووییانەی لەگەڵ ئێران هەمانە، هەموو کات وەک دراوسێیەک چاو لەو بابەتە دەکەین، لە هەر کاتێکیشدا تووشی گرفتێک بووبین، ئێران یارمەتیی ئێمەی داوە. وەک یەکەم جار ئەگەر باس لە پرسی هەڵەبجە بکەین؛ لەدوای هەڵەبجە و ئاوارەبوونی چەندین ساڵە؛ لە شەڕی داعشدا ئێران لەو وڵاتانە بوو، لە ڕاستیدا یەکەم وڵات بوو لە شەڕی داعشدا یارمەتیی ئێمەی دا و خودا لێی خۆشبێت، بەڕێز سەردار سولەیمانی لە یەکەم کەسەکان بوو کە هەر لەو شەوەدا کە زۆر کێشە دروست بوو هاتە هەولێر. ئێمە لە هەموو شوێنێک ئەوەمان گوتووە و ڕاشکاوانە ئەوەمان باس کردووە.

ئەو پەیوەندییەی ئێمە پەیوەندییەکی باشە لە هەموو بوارەکاندا و من لە خزمەت ئێوە دەمگوت کە لەدوای سەردانەکەی بەڕێز سەرۆککۆمار پزشکیانه‌وه‌ بۆ بەغدا کە دواتر هاتنە هەولێریش، ئێمە ئێستا لە هەموو بوارەکاندا پەرەپێدان بەو پەیوەندییانە دەبینین؛ لە بواری سیاسی، کولتووری، زانکۆ و بازرگانی. ئێمە پێشکەوتنی باشمان لە پەیوەندییەکان، لە هەموو بوارەکاندا بەدەستهێناوە.

پرسیار: باست لە سەردانەکەی سەرۆککۆکار پزشکیان کرد بۆ بەغدا و هەولێر، پێدەچێت ئەو سەردانە لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییەکان هەڵدابێتەوە؟

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: بێگومان. سەیر بکەن، بە هەر حاڵ، ئێمە بەرزی و نزمی لە پەیوەندییەکانماندا هەبووە. من لەو سەردانەدا کە بۆ تاران هەمبوو، هەڵبەت بەرلەوەی کە بەڕێز پزشکیان ببێتە سەرۆککۆمار، چوومە خزمەت خوالێخۆشبوو بەڕێز ڕەئیسی کە سەرۆککۆمار بوو؛ هەروەها چوومە خزمەت جه‌نابى ڕێبەری باڵای ئێران و پرسەکانمان زۆر بە ڕوونی باس کردن. ئەو گۆڕانکارییەی لە پەیوەندییەکاندا دروست بوو، لەدوای لوتف و دیداری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ من بوو کە بووە خاڵی بەهێزی پەیوەندییەکانی ئێمە.

بەڕێز د. پزشکیان گوتی، لە یەکەم سەرداندا دێتە عێراق؛ گوتم بێگومان ئێمە بانگهێشتتان دەکەین کە بێنە هەولێر؛ بەڕێزیان پێشتر هاتبوو بۆ هەولێر، بەڵام کاتێک مامۆستای زانکۆ یان سەرۆکی زانکۆی تەورێز بووە. بەڕێز سەرۆککۆمار ئەو کات زانیارییەکی لەسەر هەولێر هەبوو، نازانم ئێوە لەگەڵی بوون یان نا.

 

كۆڕگێڕ: نەخێر.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: لەوێ نەبوویت، بەڵام براکانمان لەوێ بوون، کاتێک بەڕێز سەرۆککۆمار هاتە بەغدا و هەولێر، لە هەولێر بە کوردییەک قسەی کرد، بە زمانی کوردی وەها قسەی دەکرد کە هەموو سەریان سوڕما.

گۆرگێڕ: من ئەوەم بینیوە.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: بینیوتە ئیدی؟ داوای لە منیش کرد فارسی قسە بکەم کە پێم وایە سەرۆککۆماریش نەختێک سەری سوڕما کە فارسییەکەم باشە. بە بۆچوونی من، سەردانی بەڕێز سەرۆککۆمار هەر بەو شێوەیەی باسم کرد، لەدوای سەردانەکەی ئێمە، بە کردەوە دەبینین کە کاریگەری هەبوو و لە هەموو پرس و ئاستەکاندا پەیوەندییەکان بەرەو پێشەوە دەچن. هەر ئەو پرسە ئابوورییە و دانیشتنە کە بڕیارە بەمزووانە لە سنە بەڕێوەبچێت خۆی یەکێک لە دەستکەوتەکانی گرنگی سەردانی بەڕێز سەرۆککۆمار بوو.

 

تەماشا بکە، بەڕێز سەرۆککۆمار بڕوای بەو شتە هەیە کە دەیڵێت، باوەڕی تەواوی پێیە و گوتی، دەبێت ئێمە لە ناوچەکە هاوکاریی یەکدی بکەین، دەبێت پێکەوە بین. خەریکە ئێمە ئەوە لە بەڕێزیان دەبینین، واتە ئێمە دەبینین کە دوای ئەوەی وەک سەرۆککۆمار ئەو پۆستەی وەرگرت، خەریکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەموو عێراق بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچن، بۆ نموونە، هەر لەو دیدارانەی هەمانبوون لەدوای سەردانەکەی بەڕێزیان، بابەتی زیارەتکارانی ئێرانی کە لە ڕێگەی کوردستانەوە دەچنە نەجەف و کەربەلا، ئێستا زۆر ڕێکخراوتر بووە و میکانیزمێکمان بۆ پێناسە کردووە. دوای ئەوەی کە بەڕێز سەرۆککۆمار فەرمانی دەرکرد، ئێستا دەبینین کە خەریکە لە تەواوی ئەو پرسانەدا بەرەو پێشەوە دەچین.

پرسیار: ئەو گۆڕانکارییانەی سەبارەت بە پەکەکە ڕوودەدەن، ئایا دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ کۆتاییهێنان بەو تێکهەڵچوونە دوور و درێژانە؟ دەزانن کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش تێبینیی ئەمنیی خۆی لە ڕابردوودا هەبووە و ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشە و هێرشانە بووەتەوە کە وردەکارییەکانمان گەیاندووەتە خزمەت ئێوە. پێدەچێت دوای سەردانەکەی بەڕێز پزشکیان لەوبارەشەوە ئێمە دەستکەوتی باشمان هەبووبێ.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: تەماشا بکە، لە بواری ئەمنییەوە من با ئەوە بڵێم، دواتر دەتوانین سەبارەت بە پەکەکەش قسە بکەین. لە بواری ئەمنییەوە ئێمە پێشکەوتنی باشمان هەیە. میکانیزمێکمان دیاری کرد کە بەغدا و هەولێر و کۆماری ئیسلامی پێکەوە تێیدا کار دەکەن. بە هەر حاڵ، بابەتێك بە جددی بۆ ئێمە زۆر گرنگە؛ ئێمە ڕێگە نادەین هەرێمی کوردستان سەرچاوەی مەترسی بێت بۆ دراوسێکان، بەتایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی. ئەوە یەکێک لە پرەنسیپەکانە کە ئێمە لە کوردستانی عێراق پێیەوە پابەندین و بە هاوکاریی عێراق خەریکە ئەو میکانیزمەی پێناسەمان کردووە و لیژنە سێ لایەنەکە بەردەوام دانیشتنیان هەیە بە خۆشحاڵییەوە. ئینجا من دوێنێ شەو هەندێک دانیشتنیشم هەبوو لە تاران، هەموومان ئەوە دەزانین کە تاوەکوو ئێستا لە بواری ئەمنییەوە قۆناخی باشمان بڕیوە و دووپاتی دەکەینەوە خاکی هەرێمی کوردستان سەرچاوەی مەترسی نییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ناشبێت.

 

پرسیار: زۆر پەیامێکی ڕوونە. ئەی سەبارەت بە پەکەکە؟

 

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: لەبارەی پەکەکەوە بەڵێ، پرۆسەیەک دەستیپێکردووە لە تورکیا. بە بۆچوونی ئێمە، بە هەر حاڵ، پرسی کورد ناکرێت لە ڕێگەی شەڕ و خوێنڕشتنەوە چارەسەر بکرێت. ئەو ڕۆڵەی ئێمە لە کوردستانی عێراق دەیگێڕین ئەوەیە کە هاوکار بین، دەستوەردان ناکەین، نە لە کاروباری نێوخۆی تورکیا و نە لە کاروباری نێوخۆییی هیچ وڵاتێکی دیکە، بەڵام ئەگەر بتوانین لە چوارچێوەی ئەو بابەتەدا یارمەتیدەر بین بۆ تورکیا، ئەو ئامادەییەمان هەیە.

 

ئەو پرۆسەیە لە تورکیا دەستیپێکردووە و جددییە، کە لەلایەکەوە پەکەکە هەیە، لە لایەکی دیکەوە دەم پارتی، لە لایەکی دیکەشەوە بەڕێز ئۆجەلان. ئەو سێیانە، کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو پرۆسەیەن کە ئێستا پێیەوە سەرقاڵن و ئێمە ڕامانگەیاندووە کە هەر هاوکارییەک لەلایەن ئێمەوە پێویست بێ، ئامادەین ڕۆڵی خۆمان بگێڕین؛ ڕۆڵێک کە ئینشائەڵڵا ئەو کێشەیەی پەکەکە و کێشەکان لە تورکیا چارەسەر بکات، چونکە ئەو کێشەیە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چارەسەر نابێت.

 

پرسیار: ڕێگەم پێدەدەیت پرسیارێکی جیاواز لە سیاسەت بپرسم؟ ئێوە کە دێنە ئێران، چی زیاتر سەرنجتان ڕادەکێشێت؟ جگە لە زمانی فارسی و بیرەوەریی هاوبەش.

 

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: هەر ئەو بیرەوەرییانەی باست کردن. تەماشا بکە، ئێران وڵاتێک بووە ئێمەی قبووڵ کردووە وەک پەناخواز کاتێک هاتین؛ لە ڕاستیدا پەناخواز نەبووین، ئێمەیان وەکوو هاووڵاتیی خۆیان قبووڵ کرد، تەنانەت میوان نەبووین، خاوەن ماڵ بووین. ئەو بیرەوەرییانەى ئێمە لەگەڵ ئێران هەمانن بە جۆرێکن کە دەمێننەوە. لە هەمان کاتدا کاتێک دێم بۆ ئێران، ئەو شوێنەی کە هەموو جارێک دەمەوێت بیبینم، عەزیمییەی کەرەجە. بە هاوڕێیانیشمان گوتووە کە بەرنامەیەک هەبێت؛ هاوبەشیی زۆرمان هەیە پێکەوە، هەمووکات ئەم وڵاتە بە ماڵی خۆمان دەزانین.

 

كۆرگێڕ: زۆر سوپاس. دەتوانم شایەتیی ئەوە بدەم کە بەڕێزتان یەکێک لە ئەندازیارانی پەیوەندییە زۆر پتەوەکانی ئەم دوو وڵاتەن. زۆر سوپاس کە بەشداریتان کرد.

 

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین