سەرۆک نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى ئه‌نجومه‌نى پیرانى ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هه‌ردوو ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پیرانى ئه‌مه‌ریكا ئەنگه‌س کینگ، سیناتۆرى سەربەخۆ لە ویلایەتی مەین و جەیمس لانکفۆرد، سیناتۆرى کۆماری لە ویلایەتی ئۆکلاهۆما كۆبووەوە، تیایدا "دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان تاوتوێ كرد."

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (24/ئایار/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیى له‌ هه‌ردوو ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پیرانى ئه‌مه‌ریكا ئەنگه‌س کینگ، سیناتۆرى سەربەخۆ لە ویلایەتی مەین و جەیمس لانکفۆرد، سیناتۆرى کۆماری لە ویلایەتی ئۆکلاهۆما و شاندیكى (یاوه‌ریان) كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا "بره‌ودان به‌ پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئەمه‌ریکا و هاریكاریى هاوبه‌شیان به‌تایبه‌تى لە بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆردا، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌روه‌ها دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان تاوتوێ كرد و ده‌رباره‌ى دۆخی سووریا و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى "سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی بەردەوامى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان، به‌تایبه‌تی پشتگیریی کۆنگرێسی له‌ پرۆسه‌ی چاکسازیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی هاوکاریی نێوانیان لە بوارە جیاكاندا کرده‌وه‌. به‌ڕێزیان به‌تایبه‌تى باسى له‌ ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنانى ئه‌مه‌ریكى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد."

بە گوێرەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لاى خۆیه‌وه‌ شاندى میوان وێڕاى "ستایشى پیشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ بایه‌خێكى زۆر و وه‌ك هاوپه‌یمانێك له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامیى پابه‌ندیى ئه‌مه‌ریكا بۆ پشتگیرى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌."

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا،  هەروەك لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، که‌ کونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ی بوو، هه‌ردوولا "هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌ییشتن، هه‌روه‌ها داكۆکییان له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیری لە ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین