وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى : به‌ دوو یاسا هه‌وڵ ده‌ده‌ین مافى كرێكاران دابین بكه‌ین کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

ئه‌مرۆ له‌ یه‌كى ئایار رۆژى جیهانى كرێكاران، كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاند، به‌ دوو یاساى نوێ هه‌وڵ ده‌ده‌ن مافى كرێكارانى كوردستان زیاتر دابین بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ یه‌كى ئایار كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیرى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ سلێمانى دوو كۆمپانیاى به‌سه‌ركرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارى بارودۆخى كرێكاران بێت و دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى باسى له‌وه‌ كرد، ئه‌وان له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى شوێنه‌كانى كاركردن ده‌یانه‌وێ له‌ چه‌ند خاڵێك دڵنیا ببنه‌وه‌.

له‌وانه‌ مووچه‌ى كرێكاران و سه‌لامه‌تى پیشه‌یى و شوێنى حه‌وانه‌وه‌ و پاراستنى ته‌ندروستى، رێژه‌ى كرێكارى خۆماڵى له‌ هه‌ر كارگه‌یه‌كدا. وه‌زیرى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى گوتى، "هه‌ندێك له‌ كۆمپانیاكان پابه‌ند ده‌بن به‌و مه‌رجانه‌ى كه‌ بۆیان دانراوه‌، ده‌بێت كرێكارییش پابه‌ند بێت به‌ سه‌لامه‌تى پیشه‌یى".

 

كوێستان محه‌مه‌د: ده‌بێت كرێكارى گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كار بكات
 



كوێستان محه‌مه‌د باسى له‌وه‌ كرد له‌ كوردستان بۆ كرێكار دوو یاسا كارى پێده‌كرێت كه‌ هه‌ردووكیان یاساى عێراقن و ئێستا هه‌وڵى هه‌مواركردنه‌وه‌یان ده‌درێت، ئه‌وانیش یاساى كار و یاساى خانه‌نشینى و ده‌ستبه‌ره‌. یه‌كه‌میان له‌ ئه‌نجوومه‌نى شورا ته‌واو بووه‌ و ره‌وانه‌ى لیژنه‌ى یاساى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كراوه‌ و ئه‌ویتریشیان له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى شوراوه‌ تاوتوێ ده‌كرێت.

وه‌زیرى كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى دووپاتى كرده‌وه‌ له‌ یاسا نوێیه‌كان ره‌چاوى چه‌ند خاڵێك كراوه‌ له‌وانه‌ هه‌لى كار بۆ كرێكارى خۆماڵى زیاد بكرێت، دووه‌میشیان مووچه‌ى كرێكاران زیاد بێت.

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى باسى له‌وه‌ كرد بۆ زامنكردنى مافه‌كانیان كرێكارانى كوردستان ده‌بێت فێر بن گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كاره‌كان بكه‌ن و وتیشى، "ئه‌مه‌ له‌ یاسا نوێیه‌كه‌ جێگیر كراوه‌ و نموونه‌ى گرێبه‌ستێكیش دانراوه‌".

رۆژى یه‌كى ئایار رۆژى جیهانى كرێكارانه‌ و له‌سه‌رتاسه‌رى جیهان چالاكى جۆراوجۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و دووپات له‌سه‌ر دابینكردنى  ژیانى باشتر بۆ كرێكاران و ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌كانیان ده‌كرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین