جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی: شۆڕشی گوڵان نموونەیەکی بێ وێنە بوو بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم کوردستانی

نوچە نێت

جێگری یەكەمی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە یادی شۆڕشی گوڵاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، شۆڕشی گوڵان نموونەیەکی بێ وێنە بوو لە ئیرادەی گەلێک کە بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری، ھەرگیز کۆڵی نەدا.

ئەمڕۆ دووشەممە (26/ئایار/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی یەكەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵیادی (49)یەمین ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان ڕایگەیاند، "شۆڕشی گوڵان وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، نموونەیەکی بێ وێنە بوو لە ئیرادەی گەلێک کە بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری، ھەرگیز کۆڵی نەداوە."

 

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان:

لە کاتێکدا ئەمڕۆ یادی چل و نۆ ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە، بە ڕێز و شکۆدارییەوە شەھیدانی نەمر و ھەموو ئەو قارەمان و جوامێرانە بە بیردەھێنینەوە کە لەم شۆڕشە مەزنەدا گیان و خوێنیان لەپێناو ئازادیدا بەخشی.

شۆڕشی گوڵان وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، نموونەیەکی بێ وێنە بوو لە ئیرادەی گەلێک کە بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری، ھەرگیز کۆڵی نەداوە. لە شۆڕشی گوڵاندا گەلی کوردستان دووبارە سەلماندی کە لەپێناو پاراستنی بوون و ئازادیی خۆیدا، بۆ ھەموو قوربانیدانێک ئامادەیە.

لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەرکی ھەموومانە میراتی شەھیدان و فیدراڵی و دەستکەوتە دەستوورییەکانی بپارێزین و بە یەکڕیزی و ھاوکاری درێژە بە ڕێگەی ئەوان بدەین. با یادی شۆڕشی گوڵان ھاندەری زیاترمان بێت بۆ تەبایی و پێکەوەیی، تا بە کاری ھاوبەش و ھاریکاری، بەرەو داھاتوویەکی باشتر ھەنگاو بنێین. 

بەرز و شکۆدار بێت یادی شۆڕشی گوڵان، دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدان، سڵاو لە ھەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانی

جێگری یەكەمی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

٢٦ی گوڵانی ٢٠٢٥

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین