کۆمیتەى ناوەنديى پارتى راگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچە نێت

کۆمیتەى ناوەنديى پارتى دیموکراتى کوردستان بە سەرپەرشتى سەرۆک مەسعوود بارزانى کۆبووە, لەو کۆبوونەوە گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەریەکى پەیوەندى بە پەیوەندى لەگەڵ حکومەتى ناوەندى عێراق کرایەوە و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە.

ئەمرۆ دووشەممە (دووى حوزەیران/2025) کۆمیتەى ناوەنديى بە سەرۆکایەتى سەرۆک بارزانى کۆبووە، لە راگەیێنداوەکى کۆبوونەکە هاتووە، گفتوگۆمان لەسەر  بنەماى هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى (شراکة، توافق، توازن) و بەڕێوەبردنى عێڕاق لەلایەن هەموو پێکهاتەکانیەوە بەگوێرەى دەستوورى هەمیشەیى عێراقى فیدراڵ کرد.

كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان:

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بە ئامادەبوونى هەڤاڵانى کۆمیتەى ناوەندى و بەرپرسى لقەکان، ئەمرۆ دوو شەممە ٢ ى حوزەیرانى ٢٠٢٥، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان، سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌مشه‌ له‌یاد ده‌ستی پێكرد، دواتر چەند پرسێکى گرنگ و هەنوکەیى شڕۆڤەکران و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

تەوەری یەكەم/ پەیوەندیمان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ؛ پارتیمان لە قۆناغى بەرەنگاربوونەوە و ڕوخاندنى ڕژێم و دواتریش لە بونیادنانى عێراقێکى نوێ کە تێیدا هەموو هاووڵاتیان هەست بە ئارامى و ئاسوودەیى بکەن و، بەگوێرەى دەستوور بە ماف و ئازادییەکانیان بگەن، عێراقێک کە بەبى جیاوازى نەتەوەیى و ئایینى و مەزهەبى بۆ هەمووان بێت ڕۆڵى کاریگەرى هەبوو، سەرکردایەتى کوردستان بە بڕیارى پەرلەمانى کوردستان بەشدارى دامەزراندنەوەى عێراقى نوێی کرد لەسەر بنەماى هاوبەشى و سازان و هاوسەنگى (شراکة، توافق، توازن) و بەڕێوەبردنى عێڕاق لەلایەن هەموو پێکهاتەکانیەوە بەگوێرەى دەستوورى هەمیشەیى عێراقى فیدراڵ و دابینکردنى ژیانێکى شایستە بۆ تەواوى خەڵکى عێراق کە ببێتە مایەى قەرەبووکردنەوەى ئەو هەموو نەهامەتى و وێرانییەى بەسەر عێراق بەگشتى و کوردستان بەتایبەتى دا هاتبوو. بەداخەوە دواى تێپەڕینى چەند ساڵێک بەسەر ڕوخانى ڕژێم، بەشێک لە دەسەڵاتدارانى بەغدا بە عەقڵیەتى دوور لە عەقڵیەتى فیدراڵى و بە ئاراستەى گێڕانەوە دەوڵەتى مەرکەزى و پشتکردن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکانى کە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجامدراون بۆ پێکهێنانى کابینە و گوشار خستنە سەر هەرێم بە هەموو شێوازێک و بەکارهێنانى کارتى مووچە و بودجەى هەرێمى کوردستان هەنگاو دەنێن، کۆبوونەوە پەسەند و پاڵپشتى هەڵوێستى مەکتەبى سیاسى پارتیمانى کرد لە بارەى مووچەى مووچەخۆرانى کوردستان، هەروەها هەڵوێستى حزبە کوردستانییەکانى لە کۆبوونەوەى هاوبەشى ڕێکەوتى ٣١ى ئایارى ٢٠٢٥ بەرزنرخاند و، دواى ئەو ئاماژە ئەرێنیەى کە هەیە لەلایەن حکومەتى فیدراڵى و دامەزراوەى قەزائى بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکە ئێمەش داکۆکى دەکەین لە چارەسەرکردنى کێشەکان و کۆتایى هێنان بەم شێوەڕەفتارە نادادپەروەرانەیەى کە لەگەڵ بژێوى ژیانى فەرمانبەر و مووچەخۆرانى کوردستان دەکرێت.

تەوەری دووەم/ پەیوەندیمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان؛ پارتیمان باوەڕى تەواوى بە فرە حزبى و لەگەڵیشیدا بە کارى هاوبەش و بەرپرسیاریەتى هاوبەش هەیە، لەم ڕوانگایەوە هەوڵى ڕێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستانیمان بەردەوام هەبووە و هەوڵى جدیشمان دا بۆ دروستکردنى هاوپەیمانیەتییەکى کوردستانى بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنى داهاتووى خولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێڕاق بۆ ئەوەى لە بەغدا وەکو پێکهاتەى کورد ڕۆڵێکى کاریگەرترمان هەبێت، نەک وەکو ئەحزاب، بەڵام بەداخەوە پێشوازى لەو هەوڵەمان نەکرا و بێ ئەنجام بوو. دوا هەوڵیشمان بۆ کارى پێکەوەیى و دروستکردنى هاوڕایى بەرامبەر کێشە و ئاڵنگاریەکان ئەوەبوو کە داوامان لە هەموو پارت و لایەنە کوردستانییەکان کرد و میوانداریمانکردن بۆ کۆبوونەوەیەکى هاوبەش کە بەسوپاسەوە بەشى هەرە زۆرى حزب و لایەنەکان ئامادەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن بوون هاوکات چەند لایەنێکیش دەستپێشخەریەکەیان قبوڵ نەکردین کە ئامانج لێى ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە بوو لەبارەى بڕیارە نایاساییەکەى وەزارەتى دارایى حکومەتى فیدراڵ سەبارە بە ماف و شایستە داراییەکانى مووچەخۆران بەتایبەتى و خەڵکى هەرێمى کوردستان بەگشتى، شایەنى ئاماژەیە کۆبوونەوەى ناوبراو کۆبوونەوەیەکى باش و سەرکەوتوو بوو.

تەوەری سێیەم/ سەردان و کۆبوونەوەکانى بەرێز سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان؛ دواى گفتوگۆ و ڕونکردنەوەى ناوەرۆکى سەردانەکەى بۆ ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کۆبوونەوەکانى بەرێزیان لە گەڵ کەسایەتى و دامەزراوەکانى ئەو وڵاتە بە کارێکى باش زانرا بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمریکا، هەروەها ڕێککەوتنەکان لەسەر کێڵگەکانى گاز و نەوت کە لە چوارچێوەى مافە دەستوورى و یاساییەکانى هەرێمى کوردستان دان، بە سوودى بوژانەوەى ئابوورى هەرێمى کوردستان و عێراق زانران.

تەوەری چوارەم/ پرۆسەى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان؛ لیژنەى دانوستاندنەکانى پارتیمان زانیارى و ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى هەنگاوەکانى ئەو پرۆسەیە پێشکەشى کۆبوونەوە کرد، بەردەوامى هەنگاوەکانى لیژنەى ناوبراو بە مەبەستى پێکهێنانى کابینەى دەیەم بە زووترین کات بەپێوست زانرا.

تەوەری پێنجەم/ پرۆسەى هەڵبژاردنى خوولى شەشەمى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق؛ لیژنەى باڵاى سەرپەرشتى پرۆسەى هەڵبژاردن تەواوى هەنگاو و ئامادەکاریەکانى کە کراون و پلان و بەرنامەى داهاتووى لیژنە و ئۆرگانەکانى پارتیمانى سەبارەت بەم پرۆسەیە خستە ڕوو، کۆبوونەوە پلان و هەوڵەکانى لیژنەى ناوبراوى بە گوێرەى ئەو خشتە زەمەنیەى کە دیاریکراوە بە پەسەند زانى.

كومیته‌ی ناوه‌ندیی

پارتی دیموكراتی كوردستان

٢ـی ٦ـی ٢٠٢٥

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین