ئەنجومەنی وەزیران: بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان نایاسایی و نادەستوورییە کوردستانی

نوچە نێت

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی ئاسایی ڕاگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و سەبارەت بە بەبابەتی بڕینی مووچە دەڵێت، "نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە" نامەیەك ئاراستەی دادگای فیدراڵی كراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (18/حوزەیران/2025) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی حكومەتی هەرێم، سەبارەت بە ناردنی ئەو نامەیەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ئاراستەی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە، مەسرور بارزانی گووتی، "هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات، بە تایبەتیش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا ، ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت."

 

دەقی ڕاگەیێندراوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان:

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە بابەتی بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا کرد و گوتی، بە هەموو شێوەیەک، لە هەوڵ و کارکردنمان بەردەوامین بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە و بۆ ئەم مەبەستەش لەم یەک دوو ڕۆژەی دوایی، نامەیەکمان بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە سەبارەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی بڕیاری بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە .

سەرۆک وەزیران گوتیشی، هیوادارین دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نامەکەدا بڕیارێکی ئەرێنی و لە قازانجی خەڵکی کوردستان بدات ، بە تایبەتیش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و خوازیارە لە بەرامبەریشدا ، ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی بگیرێت و شایستە داراییەکانی بنێردرێت.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد.

لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە ، کە هەمیشە دژی شەڕ و گرژی و وێرانکاری بووە و وەک هەمیشەش، فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و ئارامیی وسەقامگیریی دەبێت و نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هیچ لایەنێک .

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان ، پشتیوانیی هەموو هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و پاراستنی ئاشتی و تەناهی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا ، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ، پێشنیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ بە ڕێژەی %20 بۆ شەش مانگی دیکە لە 7/1 تا 2025/12/31 خستەڕوو .

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەند کرد.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بابەتی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی گشتییان خستەڕوو.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و بڕیاری دامەزراندنیان لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی درا و ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و تەندروستی و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی ڕاسپارد ڕێکاری پێویست بۆ دامەزراندنیان بگرنەبەر.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین