تارمایی ژنێک لەنێو دێڕەکانی قەسیدەی (خەندەکەی بایی) دڵداردا
ڕاز ئەسعەد
لەو سەردەمەدا و هاوڕێ لەگەڵ چەندین کەسایەتی دیکەی کوردا، لە پاڵ خوێندنەکەیدا تێکەڵ بە سیاسەت و ژیانی حیزبی بووە و کەسێکی دیاری ئەو دەمەی حیزبی هیوا بووە، لە ماوەی خوێندنی زانکۆدا هاوڕێی نزیکی مەسعود محەمەد بووە، پێدەچێت دڵدار هەر لە سەرەتاوە گرفتی تەندروستی هەبوو بێت، تەنانەت ساڵی یەکەمی کۆلێژ نەیتوانیوە تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدات، مەسعود محەمەد کە خۆی بەشێکی گرنگی بیرەوەرییەکانی دڵداری نووسیوەتەوە، دەڵێت: "دڵدار قوتابیەکی دڵ زیندووی هۆشیاری مێشک کراوە بوو، ڕەنگە گومان لەوەدا نەبێ کە لەمپەری (لاڵی) لە بەرایی ئاخاوتنیدا، وەک بناوانێکی پەنگاو ئاو بداتەوە، هەموو گووتە نەبێژراوەکانی و بیروباوەڕە ئاشکرانەکراوەکانی، هەست و سرکەوکورکە خەفەبووەکانی دابێتە دەروونی و لە ناخی گیانی و هۆشی ونیدا بووبێتە ئەو بژێوە مەعنەوییەی جارەهای جار، بەدەم وروژانی عاتیفەیەوە وەک تاڤگە هەڵدەڕژا".
دڵدار خاوەنی چەندین دەقی شیعری باڵایە، کە لەڕووی هونەریی و وێنای شیعرییەوە هیچیان لە دەقی (ئەی ڕەقیب) کەمتر نییە، کە ناوبانگ و شکۆ و سەرەوەریی گەورەی بە دڵدار بەخشی، کاتێک لەسەردەمی کۆماری مەهاباددا کرایە مارشی نەتەوەیی کورد و تا ئێستاش بە پیرۆزیی ماوەتەوە.
زۆری دەقەکان ناوازە و گرنگن، جگە لە ئەی ڕەقیب دەقی دیکەشی کراوەتە سروود، یەکێک لەو دەقانەی جێی سەرنجی تایبەتە دەقی (خەندەکەی بایی)ە، جگە لە جوانیی شیعرەکە بە ئاسانی دیارە، کە تایبەت بۆ کەسێکی دیاریکراو دانراوە و ماندووبوونی زۆری شاعیری پێوە دیارە، لەم بارەیەوە مەسعود محەمەد دەڵێت: "دڵدار بۆ ماوەی یەک دوو هەفتە بەدەست ئەو هەڵبەستەوە وەک نیوە سەرخۆش یان نیوە مەدهۆش بەتەواوی نەیدەزانی چۆن و چی دەکات، هەمیشە چاوەکانی دەبڕیە دیمەنێکی خەیاڵی، تەنانەت لە ڕۆیشتنیدا کەمتر ئاگاداری بەرهەنگاوەکانی بوو... دڵدار لە هیچ هەڵبەستێکدا هێندەی (خەندەکەی بایی) زۆرەملێی لەگەڵ عاتیفە و شاعیریەتی خۆی نەکردووە، هیچ پەری، فریشتە و ئادەمییەکیش بایی ئەو هەڵبەستە ئارایشتی لە دڵدارەوە بۆ نەچووە". کەواتە دەبێت کێ بێت ئاوا هەست و دەروون و شاعیرێتی دڵداری داگیر کردووە؟
لە یەکەم دێڕەوە دڵدار، جڵەوی سۆز بەردەدات و لە وێنایەکدا دەیدرکێنێت ئەم دەقە دڵی خۆیەتی و لە بەردەم عەشقێکی یەکلایەنەدا بۆ خاتوونێکی واڵا دەکات:
لە ئافاقی ژیانی ناهومێدم خەندەکەی بایی
فریشتەی پاکی هیوامی نیشان دام وا کە بیدوێنم
پڕیشکی تیشکی ئەستێرەی جوان ئیمشەو بە ئەسپایی
بە سۆزێ هاتە نێو کونجی دڵی تاریکی پڕ خوێنم
دەسا دەی مەسدەری هەستی
دە خێرا لادەری پەستی
وەرە تا من بە ڕازی تۆ نەمامی شادی بڕوێنم...
پێشتر چەند جارێک باس لە بەرزی و جوانی ئەم دەقە شیعرییە کراوە، وتراویشە نازانرێت بۆ کێ نووسراوە، بەڵام مەسعود محەمەد زۆر بە ڕوونی هۆکار و ئیلهامبەخشی ئەم دەقەی باسکردووە و لە بەشێک لە یادەوەرییەکاندا دەڵێت: "دڵدار لە دوو ساڵی کۆتایی خوێندن دەروونی ئاوس بوو بە عیشقی بەهیە، بێ ئەوەی ڕۆژەک لە ڕۆژان بدرکێنێ خۆشی ویستووە، هەر ئەو خۆگیرییەی بوو لێ نەگەڕا بپرسم ئەرێ دڵدار، تۆ کە ئەم کیژەت خۆشدەوێت، ئەویش بە ئاشکرا دەیەوێ شوو بە گەنجێکی کورد بکات ڕێی لێنەگرێت خزمەتی ئافرەتی دەشتەکی بکات، ئیتر بۆ نایخوازیت؟... کەم وزۆر دەرفەتی ئەم پرسیارەم لێی چنگ نەکەوت... بەداخەوە ئاگرەکەی وەک ژیلەمۆی ژێر خۆڵەمێش خۆی دەخواردەوە، گەرماییشی هەر ئەوەندە دەدایە، کە لە هەندێ پارچە هەڵبەستی بە دیاری دەدا، یەکێک لەوان (خەندەکەی بایی). ئەوانەی بە شیعر و بەسەرهاتی دڵدارەوە خەریکن، دڵنیابن لەوەدا کە فریشتەی ناو (خەندەکەی بایی) بەهیە فەرەجوڵڵایە!"
بەهیە فەرەجوڵڵا کێیە؟
لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەوکاتەی کۆمەڵێکی زۆر لە ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیاری کورد لە بەغدا کۆببونەوە، خاتوونێکی دانیشتووی گەڕەکی (الاعظمیة)ی بەغدا، بەهۆی خۆشەویستی و کوردپەروەری و ئەدەبدۆستییەوە ماڵەکەی خۆی کردبووە ساڵۆنێکی ڕۆشنبیری، هەفتانە کۆمەڵێک کەسایەتی گرنگ لە ماڵەکەیدا کۆدەبوونەوە و چەند سەعاتێک باس وخواسی جدی بەڕێوەدەچوو.
ئەم خاتوونە مامۆستای کۆلێژی کچانی بەغدا بوو، لە ڕادیۆش چەندین بەرنامەی ڕۆشنبیری بۆ ژنان و منداڵان هەبوو، وەک مەسعود محەمەد باسی دەکات، زمانەکانی فارسی، فەرەنسی و ئینگلیزی بە باشی دەزانی هەربۆیە چەندین کتێبی وەرگێڕدراوی لەو زمانانەوە لە بواری منداڵاندا هەیە، یەکێک لە گرنگترین کتێبە ئاینییەکانی بەهائیەکانیشی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی، کە کتێبی (الرسالة المدنیة)یە. هەرچەندە کوردێکی زۆر پەیوەست بووە خاک و وڵاتەوە، بەڵام جێی داخە کوردی نەزانیوە، چونکە لە ساڵی (١٩١٧) لە قاهیرە لە دایک بووە، هەر لە میسر گەورە بووەو دوای مردنی باوکی و لەسەر خواستی ئەو بە خۆی و دایکییەوە هاتوونەتە بەغدا و لەوێ نیشتەجێبوون.
ئەو هەموو توانا و ڕۆشنبیریەی بەهیە خاتوون لە هیکڕا نەهاتووە، چونکە کچی عەلامەی گەورە و زانای بەناوبانگ (فرج اللە زکی الکوردی المریوانی الکاشکانی الازهری (١٨٨٢-١٩٤٠))یە، کە کوردێکی ڕۆژهەڵاتە و لە سلێمانی و بەغداوە گەیشتووەتە زانکۆی ئەزهەر، لەوێ بە پلەی بەرز خوێندنی تەواوکردووە، هەر لە قاهیرە یەکەمین چاپخانەی بە ناوی کوردستانەوە دامەزراندووە و چەندین کتێبی گرنگی چاپکردووە، شەرەفنامەش هەر لەسەر دەستی ئەو چاپکراوە. پێدەچێت چەند ژمارەیەکی ڕۆژنامەی کوردستانیش لای ئەو چاپکرابێت، کارەکانی زۆر لەوە زیاترن لێرەدا باسبکرێن، بەڵام ئەوەی سەیرە لە دوای ئەو پلە بەرزە ئاینییە، بیروباوەڕی دەگۆڕێت و بە خۆی و بنەماڵەوە دەبێتە بەهائی. هەربۆیە بەهیەش لە بەغدا زیاتر تێکەڵی کۆڕبەندی بەهائیەکانی عێراق دەبێت و لەسەر ئایینەکەی بەردەوام دەبێت، جێی داخە تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەک لەسەر هەوڵ و کارەکانی ئەو خاتوونە نەکراوە، کاشکا وەک ژنێکی ناوداری کورد بە کوردزمانان بناسێنرایە.
کاتێک دڵدار هێندە عاشق دەبێت و لە ناخەوە بۆ ئەو خاتوونە دەسووتێت، سەیرنییە یەکێک لە بەرهەمەکانی دڵدار (فی طریقی الی معرفة الحقائق- انتقادات الی قلب البهائیین) لەسەر یان ڕاستتر ڕەخنەیە لە بیروباوەڕی بەهائی.
سەرچاوەکان:
١- عەبدولخالق عەلائەدین، دڵدار شاعیری شۆڕشگێڕی کورد، بەغدا: دار آفاق العربیة للصحافة و النشر ١٩٨٥
٢- دڵدار، دیوانی دڵدار، چاپخانەی کوردستان هەولێر ١٩٥٩
٣- مەسعوود محەمەد، شکۆی ئەدەب،چ١، ڕێکخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیری، ٢٠٢٣.
٤- مەسعوود محەمەد، گەشتی ژیانم، چ١، ڕێکخراوی خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیری، ٢٠٢٣.
٥-دڵدار تەمەنێکی کورت و ئەزمونێکی زیندوو، گ؛ڕۆڤار،ژ١٠، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.
٦- محمود محمد محمود زاید، الشیخ فرج الله زکی الکردی و جهوده فی نشر العلم، مجلة قطاع کلیات اللغة العربیة و الشعب المناظرة لها، المجلد ٢٠٢٠، العدد ١٤ (٣١ کانون الاول ٢٠٢٠).
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment