کاتێک ژن دێتە گۆ، مێژوویەکی نوێ لەدایکدەبێت  بۆچی تێگەیشتن لە مێژووی ژن قورسە؟ بیروڕا

ڕاز ئەسعەد

نووسەری گەورەی ئەمریکایی خاتوو (جێردا لیرنەر ١٩٢٠-٢٠١٣) دەڵێت: "کلیلی تێگەیشتن لە مێژووی ژن ئەوەیە، چەند ئازار بەخشیش بێت، ڕەزامەند بیت کە مێژووی زۆرینەی ڕەگەزی مرۆڤە".

مێژوو لە دیدی گیبۆنی، مێژوونووسی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانییەوە جیاواز بوو لە تێڕوانینی زۆربەی مێژوونووسانی دیکە، پێیوابوو ئەو مێژووەی نووسراوەتەوە هیچ نییە جگە لە تۆماری تاوان و گەمژەیی و کارەساتەکانی مرۆڤایەتیی، تەنیا چاوی لەشەڕەکان کردووە و ئاوڕی لە هونەر و ژیار و شارستانی ڕۆمانییەکان نەداوەتەوە.

تێگەیشتن لە چەمکی مێژووی ژن و جیاکردنەوەی لە ڕۆڵی ژن، لەمێژووی گشتیدا یان جیاکردنەوەی لە پرسی مافەکانی ژنان، کارێکی هێندە سەخت نییە، تا مامۆستایەکی بەڕێزم لە نێو هۆڵێکی زانکۆدا باسی وتارێکی کورتی من بکات و پێیوابێت ڕەخنەم گرتووە، کە تەنیا پێشنیارێک بوو بۆ کردنەوەی بەشێکی تایبەت بە مێژووی ژن و توێژینەوە لە مێژووی ژن.

ڕەخنە لە کاری جددی دەگیرێت، بۆ من مایەی شانازییە، بەڵام ئەوەی جێی داخە کەسانێکی ئەکادیمی و توێژەر نەزانن مێژووی ژن واتای چییە، واتە ئەو بەڕێزانە ئاگایان لەو هەزاران توێژینەوەیە نییە کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ەوە لە بوارەکەدا ئەنجام دراون!

(د.نهلة النداوی) لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پەراوێزی پێشەنگای نێودەوڵەتی عێراق بۆ کتێب، پێناسەیەکی کورت و سادە و جوانی بۆ مێژووی ژن کرد، گوتی: مێژووی گشتی تۆماری ڕووداوەکانە، بەڵام مێژووی ژن تۆماری لێکەوتەی ڕووداوەکانە.

گومانی تێدانییە بەدرێژایی نووسینەوە و تۆمارکردنی مێژوو، ژن گەورەترین پەراوێزخراو و خەفەکراوی نێو تۆمارەکانە، بە هەر هۆکارێک بێت کە لێرەدا شوێنی باسکردنیان نییە، بەڵام ئەو چەندان ژنە کەمەی باسکراون، کەسانی کاریگەر و کاریزمابوون، سەرجەمیان بەهۆی نا ئامادەگی پیاوەوە دەرکەوتوون و لە خزمەت پرۆسەی سیاسی و سەربازی و ئابووری پیاودا بوون، واتە وەک ژنی بەپیاو بوو لە مێژوودا ڕۆڵیان دەدرێتێ، بۆ نموونە کاتێک ئەلیزابێس دەردەکەوێت و ئەو کەسە کاریگەرەی لێدەردەچێت، بەهۆی نەبوونی شوێنگرەوەی نێرینەوە بووە بۆ تەختی ئینگلتەرا، نەک بە هۆی ژن بوونەوە، یان کاتێک جان دارک دەبێتە فەرماندەی فەرەنسییەکان، بەهۆی نائامادەیی سەرکردەی پیاوەوە بووە. ئەمانەو هەزاران نموونەی دیکە، کە لە مێژووی کوردیشدا چەندان هەیە و لە میانەی مێژووی گشتیدا و لە ژێر ناوی ڕۆڵی ژن لە مێژوودا، جاروبار لەلایەن مێژوونووسانی مێژووی گشتییەوە ئاوڕیان لێدەدرێتەوە، هەرچەندە ئەوە کارێکی باشە و کەمێک لەڕۆڵی ئەو ژنە کاریزمایانە لە مێژوودا دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەو ڕۆڵە ناچێتە خانەی چەمکی مێژووی ژنەوە، ئەی کەواتە مێژووی ژن چییە؟

پرسیارێکی خاتوو (ڕۆزالیند مایەڵز) دەروازەیەکی گرنگە بۆ ناساندن و ئەرکی مێژووی ژن، کاتێک دەڵێت: "ئەو ژنانەی کتێبەکانی مێژوو ناوەکانیانی پاراستوون، کەمینە و دانسقەن، ئەی ئەوانی دیکە لە کوێن؟"، لێرەوە کاری سەرەکی مێژووی ژن ئاشکراکردنی مێژووی هەموو ئەو ژنانەیە، کە بەهەر هۆیەک بێت خراونەتە دەرەوەی مێژووەوە، تەنانەت ئەو ژنە کاریزما و کاریگەرانەشی کە باسکراون، پێویستە توێژینەوەکانی مێژووی ژن لایەنە شاردراوە و خەفەکراوەکانی ژیانیان، لە ڕێی دووبارە نوسینەوەی مێژووی ژیانیان، ئاشکرا بکات.

ڕەنگە پرسیارێک بکرێت و بڵێت: ئەی ژن و پیاو هاوبەش نین لە خۆشی و ناخۆشی و پێکەوە خاوەنی مێژووەکە نین؟ ئەگەر چاوێک بە مێژووی کۆن و نوێدا بگێڕین جیاوازییەکی گرنگ دەبینین، بۆ نموونە ئەگەر ژنێک و پیاوێک لەسەنگەرێکدا پێکەوە دژی دوژمنێک بجەنگن، هەلومەرج و لێکەوتە و ئەرکیان زۆر جیاوازە، خراپترین حاڵەت بۆ پیاوەکە کوژرانیەتی، یان دەکەوێتە دەست دوژمن و دیسانەوە دەکوژرێت و چیرۆکەکەی کۆتایی دێت، بەڵام ژنێک کە زیاد لە ئەرکی ماڵ و منداڵی هاتووشەتە سەنگەرەوەو دەجەنگێت، ئەگەر بکەوێتە دەست دوژمن، وەک پیاو نییە و کارەساتەکە لەوێوە دەستپێدەکات، چونکە تووشی دەستدرێژی و لاقەکردن و بە کۆیلەکردنیش دەبێتەوە و ڕەنگە دواجار بەو هۆیەوە منداڵیشی لەچارەوە بپێچرێت، ئەمە هەر لە کۆندا ڕووینەداوە و وەک بینیمان لە شەڕەکانی داعشدا بە فراوانی ڕوویداو ئێستاش چەندان ژن بوونەتە بەخێوکەری منداڵی داعشە دەستدرێژیکارەکان. نەهامەتی ئەو ژنانە مێژووی گشتی دەستەوستانە لە ئاستیاندا، ئەوە مێژووی ژنە دەیپەرژێتە سەریان، کەواتە ئەرکی مێژووی ژن تۆماری ڕووداوەکان نییە هێندەی ئەوەی ئەرکی ڕوونکردنەوە و ڕاڤە و شیکردنەوەی ڕووداوەکانی لە ئەستۆیە.

گەورەترین کێشەی بەردەم توێژینەوەکانی مێژووی ژن کەمی سەرچاوەیە، بۆ گەڕان بەدوای هەر بابەتێکدا پێویستە زۆر بەوردی سەرچاوە میژووییەکان و یادەوەری کەسێتی و یادداشتە گشتییەکان بپشکێنرێت، تا وردە زانیاریەکان کۆبکرێنەوە و چیرۆکەکەی پێ تەواو بکرێت. سەرچاوەی سەرەکی توێژینەوەی مێژووی ژن گێڕانەوەی زارەکییە، لە خودی کەسەکە و کەسانی دەوروبەری، بە واتایەکی دیکە مێژووی ژن دووبارە گرنگیدانەوەیە بە مێژووی زارەکی، کە سەرباری سەختییەکەی بەشێکی گرنگ و بنەڕەتی تۆمارکردنی مێژووە، لەم ڕووەشەوە گرنگترین سەرچاوە گێڕانەوەی کەسەکە خۆیەتی، بۆیە زۆر گرنگە بۆ کەسانی پسپۆڕی ئەم بوارە گرنگی بە چاوپێکەوتنی هەر ژنێک بدەن کە دەیانەوێت لە هەر ڕووێکەوە بێت توێژینەوەی لەبارەوە بکەن و یادگە زیندووەکان لە لەناوچوون بپارێزن، چونکە ئەو کەسە دیوی پشتەوەی ڕووداوەکانی لایە و دەکرێت ببێتە سەرچاوەی چیرۆکە نەبیستراوەکان، هەر بۆیە مێژووی ژن باشترە یان ڕاستتر دەبێت ژن بینوسێتەوە، چونکە ئەو کەسە لای ژنێک باشتر دان بە ڕاستی ڕووداوەکاندا دەنێت و ژنێک باشتر لە ئازارەکانی ئەو کەسانە تێدەگات.

هاوسەر، ماڵ، خێزان، یان وەک هەندێک لە توێژەران ناویان لێناوە سیانەی پیرۆز، ئەو فاکتەرانەن بە درێژایی مێژوو ژن گیرۆدەیان بووە، سەرباری ئەوەش توانیویەتی ببێتە بکەرێکی کاریگەری دروستکردنی مێژوو، ژن جگە لەو مێژووەی لەگەڵ پیاودا بەهاوبەشی تۆماری کردووە و خاوەنیەتی، لە بێ ئاگاییدا مێژووێکی دیکەشی هەیە کە ئەرکی مێژووی ژنە کاری لەسەر بکات، هەموومان شانازی بە شەهیدان لەیلا قاسم و مارگرێتەوە دەکەین کە چۆن گیانیان بۆ ڕێگای ڕزگاری بەخشیوە، بەڵام ژیانی ئەو دوانە و سەرجەم کارەکتەرە ژنەکانی نێو کۆڕی خەبات کەس توانیویەتی کاری لەسەر بکات و ئازارەکیان ڕاژەنێت؟ مەستورەی ئەردەڵانی وەک شاعیر و مێژوونووس شانازیی پێوە دەکەین، بەڵام وردەکاری ژیانی نازانرێت و کەس باسی هۆکاری ڕووکردنە سلێمانی و ململانێی لەگەڵ شاعیری گەورە نالی ناکات. هەزاران ژنە شەڕڤان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دەستیان دایە چەک، ژیانی هەریەکێک لەوانە بۆخۆی مێژووێکە و لەگەڵ خۆیاندا تێپەڕی.

ئێستاش لە هەموو قوژبنێکی ئەم جیهانەدا ژنان ڕۆژانە مێژووێک تۆمار دەکەن، کە شاردراوەیە، هەموو ژنێکی سەرکەوتوو یان دەرکەوتوو، لە هەر بوارێک و هەر جێگایەک و چەند دەسەڵاتداریش بێت، ڕۆژانە بەرەنگاری چەندین ڕێگری و قەیران و (تەنەمور) دەبێتەوە، کە ناتوانێت تەنانەت باسیشیان بکات، ئەرکی مێژووی ژنە ئەو ڕووداوانەی پشت پەردە تۆمار بکات و ئەو ڕۆڵە مەزنەی ژن ئاشکرا بکات.

سەرچاوە:

١- غیردا لیرنر، نشأة النظام الابوی، ت: ‌‌أسامة اسبر، المنظمة العربیة للترجمة ٢٠١٣.

٢- ادوارد جیبون، اضمحلال الامبراطوریة الرومانیة وسقوطها، ت: محمد علی ‌أبودرة، ١٩٩٧.

٣- جورج دوبی و میشیل بیرو، موسوعة تأریخ النساء فی الغرب، ت: سحر فراج، مشروع القومی للترجمة ۲٠٠٥ .

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین