سیحری زستان لە شەوچەرەی شاعیراندا
ڕاز ئەسعەد
گەرچی زستانی کوردەواری تووش و بێ ئامان بووە، بەفر و بەستەڵەک و شەختە هێندەیتر ژیانی دانیشتوانی ناوچەکەی سەخت کردووە، دیارە ناوچەکەش هەر لە بنەڕەتەوە هەژار و بێزەخیرە و ژیان تێیدا قورس بووە، بەڵام هەموو ئەو ڕێگریانە نەیانتوانیوە جوانییەکانی زستان لە سەرنجی چاوی شیعری شاعیران نادیدە بکەن و بەردەوام لە کڵاوڕۆژنەی شیعرەوە هەم جوانییەکان و هەمیش شێوازی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەکەیان بۆ گواستوینەتەوە، لە دەلاقەی وێنا شیعریەکانیانەوە بێگەردی بەفر و سمفۆنیای دەنگی لێزمەباران و سایەقەی ساماڵی ئێسکڕچێنی ڕیبەندان و گڤەی بای وەیشومەی پێش زریان و نەرمە تاوی ئێوارانیان کردۆووەتە دیاری دەستیان و لە گوێ ئاگردانی شەوە درێژەکانی زستانەوە، وەک شەوچەرەی روح دەرونی تەزیوی خەڵکەکەیان پێ هێورکردووەتەوە.
لێرەوە دەزانین شیعر هەر هونەرێک نییە، بەڵکو دەکرێت حیکایەتخوانی نێو دیوەخان و گێڕەرەوەی داستان و سەرگوزشتەی دانیشتنەکانی هاوەڵان و ڕێنیشاندەری مەترسی و ئاوەزەکانی نادیار بێت. دیسانەوە زستانیش کەرەستەیەکی شیعری بەرزی شاعیرانی کوردە و لێرەدا هەندێک نمونەی ئەو شیعرە باڵایانە بیرخۆمان دەهێنینەوە.
پرژە شیعریەکانی زستان و شەختە
لە هۆنراوەیەکی جیاواز و پڕ لە وردەکاریدا، بەناوی (زووسانەن)، مەولەوی شاعیر زۆر وردبینانە دیمەنەکانی وەرزی زستان و سەختی و سەرماوسۆڵەی وەرزەکە، لەگەڵ سروشتدا تێکهەڵکێش دەکات و وێنەیەکی شیعری بەباڵای زستاندا دەنەخشێنت و وردەکاری سروشت لەگەڵ جوانی ڕەنگ و سەرمایەکی توندا ئاوێزانی یەکتر دەکات، بەجۆرێک تایبەتمەندییەکانی زستان لە سەرماوسۆڵە و بەفر و با و شاخەکان و ئەشکەوتەکان هاوڕێ لەگەڵ گەڵای دارەکان و ڕەنگی زەرد و سەهۆڵ و تەمەن دیمەنێکی پێ دەخوڵقێنت، خوێنەر سەرسام و توێژەرانی مێژوو لەئاستیدا دەوەستێنیت، چونکە هەوای سارد لە هۆنراوەکەدا دەبێت بە زەڕەنگەر و کار لەسەر گەڵای دارەکان دەکات، کە وەک زێڕ زەرد هەڵگەڕاون، لێرەدا (گەڵا، زێڕ و زەڕەنگەر) ئەرکی دیمەنەکەیان لەئەستۆ گرتووە، گوارەیەکی جوان دەکەنە گوێی نەمامەکان.
وەک لە کوردەواریدا دەوترێت تۆفانی زستان کەرەستەیەکی باڵای شیعرییە لەم هۆنراوەیەدا، کە مەولەوی پەنای بۆ بردووە، چونکە تۆفی زستان لە پێناو تەماشاکردنی باڵای نەونەمامە گوارە لە گوێکاندا سەهۆڵی بۆ گرتووە، لە جیاتی ئاوێنە تەم دەکات بە چارشێو بۆیان، بەم شێوەیە لە هۆنراوەکەیدا دەڵێت:
زووسانەن وەی ڕەنگ وە گەردوون یاوان
گێجیایی لوول گێج کڵێڵەی کاوان
بە ناباشیی بورج بەرزە دیاران
سفیدکاری کەرد تاقچەی موغاران
چ شیرین زەڕگەر تۆفی هەوای سەرد
گۆشوارە نەگۆش نەونەمامان کەرد
پەی نیگای باڵای مەحبووبی بێ گەرد
یەخ ئاینە گرت، تەم چارشێو ئاوەرد
نالی لە چەند بەیتێکدا باسی حوجرەکەیان دەکات، لەو ڕۆژانەی بەفر و باران دەبارێت هانا بۆ شیعر دەبات تا باس لە دۆخی ناهەمواری حوجرەکە بکات، حوجرەکەیان دەچوێنت بە ئاش کە لە کاتی هاڕینی ئارددا چۆن دەوربەرەکەی سپی پۆش دەکات، حوجرەکەی ئەوانیش لە ڕۆژی بەفر باریندا سپی پۆش دەبێت، ئەگەریش باران ببارێت دەبێت بە قوففە ئەکەوێتە سەر ئاو، بۆیە ئاماژە بەوە دەدات کە هەرکەس لە حوجرەکەدا بێت، دەبێت کاسەیەکی لابیت بەفری پێ لابدات و سەوڵێکیش ئاوی پێ پاڵبنێت، هەربۆیە گوتویەتی:
ڕۆژی بەفر و با وەکاشە، ڕۆژی باران قوففەیە!
ساحیبی لازم کە بیبێ سەوڵ و کاسێکی شکاو
کاسەی بۆیە لازمە تا ئاردەڵۆکی دەربدا
سەوڵی بۆیە لازمە نەک جۆگەلە بیبا بە تاو
هەژار موکریانی لە هۆنراوەیەکی ناسک و جیاوازدا بەباڵای مانگە کوردییەکاندا هەڵدەزنێت، دەتوانین لەم ڕێگەیەوە ئاشنای مێژوویەکی تەواو جیاواز و کۆمەڵایەتی ڕابردووی کۆمەڵگەی کوردی ببین، دەکرێت توێژینەوەکان لەم بارەیەوە ببنە ئەرشیفێکی نەتەوەیی و مێژوویی گرنگ، چونکە ناوبراو باسی لەجوانی و سەختی و وردەکاری و تایبەتمەندی هەریەکێک لەمانگە کوردییەکان کردووە، سەبارەت بە یەکەم مانگی وەرزی زستان کە بەفرانبارە، بە ڕوو گرژ و تاڵ پەسنی دەکات، دەڵێت:
وا بەفرانباری ڕووگرژ و تاڵە
کوردە گیان! وەختی خزانە ماڵە
هاوین پەیداکە، ئەمڕۆ بیپۆشە
پیاو بە ئێرووبێ، زستانیش خۆشە
هەروەها باسی لە دووەم مانگی وەرزی زستان کردووە، کە ئەویش ڕێبەندانە وەک لە ناوەکەیدا دیارە ئاستەنگ و گرفتی بۆ هاتوچۆکردن دروستکردووە، لەڕابردووشدا لە گوندەکاندا بۆ ماوەیەکی زۆر هاتوچۆکردنی پەکخستووە، چونکە لەم مانگەدا بەفرێکی زۆر باریوە، ئەم مانگە بە تەواوی کەوتووەتە ناو چلەوە، چڕبوونەوەی سەرما، بەستەڵەک و سەهۆڵبەندان لەدیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم مانگەن، هەر لە نیوە دێڕێکیشدا پێماندەڵێت، کە لەو مانگەدا ڕژێمی پاشایەتی ڕووخاوە و کۆماری دامەزراوە، ئەمەش دیاریکردنی مێژووی ڕووداوێکی گرنگی وڵاتە، هەژار موکریانی لێرەدا دەڵێت:
ڕێبەندان! گەرچی ڕێگەبەندانی
گلێنەی چاوی گەلی کوردانی
لە نێو مانگاندا جوان و ڕووسووری
لە تۆدا کرا جیژنی جمهووری
(ڕەشەمێ) وەک کۆتا مانگی زستان دەبێتە کەرەستەیەکی باڵای شیعری بۆ شاعیر، کە سۆزی خامەکەی دەبزوینێ و لە وێنەکی شیعری باڵادا مژدەی هاتنی بەهار دەدات، (ڕەشەمێ) بە واتای مژدەی هاتنی وەرزی بەهار رادەگەیەنێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە هەژار موکریانی سەبارەت بە ڕەشەمێ وتوویەتی:
ڕەشەمە، نامەی بەهاری هێنا
کۆچی بە خێڵی سەرمایە لێنا
ڕنووی ڕووخاندن تۆپخانەی شەماڵ
کوردە! دڵخۆش بە نەما ژینی تاڵ
لە هۆنراوەیەکی پڕ لە جوانی و جیاوازدا بە ناونیشانی (ڕێبەندان و شاعیر)، هێمنی جواننوس بە خامەیەکی ئازاد و لە وێنەی و دیمەنێکی باڵای هۆنینەوەی شیعردا بەباڵای مانگی ڕێبەنداندا دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ مانگەکە، باسی سەختی و ساردی وەرزەکە دەکات، لە هەمانکاتدا چەندین دیمەنی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵی کوردەواری دەخاتە بەرباس و لە ساردی و کڕێوە نەخۆشی و نەمانی ئازوخە و بەستنی ڕێگاوبان، هەژاریی تاکی کورد شاعیر دەکاتە گازندەکار لە ڕێبەندان و دەڵێت:
ڕێبەندان! دیسان هاتیتەوە سەرمان
ڕقمان هەڵێنی دیسان لەسەرمان
بە سۆزەی زریان پیاوی دەکەی سڕ
بە کڕێوە و باکوت ئاژەڵ دەکەی قڕ
ڕێوبان دەبەستی بە بەفر هەموو
لەبەر پاساران هەڵدەنێی ڕەنوو
پڕوشە و مژ و کەڕەسیسەکەت
تەپ تۆمان و هەوا پیسەکەت
پێیەوە هەزار ئازار ئاهۆ
کۆخە و هەڵامەت، لەرزو چەق و چۆ
کە تۆ تەشریفی ناشەریف دێنی
دڵی گەلی کورد دادەخورپێنی
ماشین و ڕێگا ئیسفاڵتی نیە
بەو سارد و سۆڵە عیلاجی چییە
بە هەچەهەچی کەرێ چۆن باری
لادێیی کوردی دەگاتە شاری؟
هەژار لێێ دەبڕێ ئاوردوو زمهەڕ
کورووژمەی دەکا فەقیر، ماڵانگەڕ
سەر دەنێنەوە پیر و نۆجوان
بێ پەرەستار و بێ داو و دەرمان
بەخێر نەهاتی مانگی مژ و تەم
دێنی بۆ ئێمە گەلێک دەرد و خەم
دواتر ڕێبەندان لەگەڵ شاعیردا دەکەوێتە گفتوگۆ، ئەمەش تۆمارکردنی مێژووە لە شیعردا و هێشتنەوەیەتی بە زیندووی، دەڵێت:
بە کەڕەسیسە و پروشە و سیخوار
ئاواتی کۆنی کوردم هێنا خوار
لە ڕۆژی مندا کورد بە ڕووسووری
هەڵی بژاردووە ڕەئیس جەمهووری
جا ئەو جار باوی کوردی دێتەوە
ئاسوودە دەبێ، دەحەسێتەوە
قانیعی شاعیر لە هۆنراوەیەکدا بە ناوی (فەسڵی زستان)، جیاواز لە هۆزانڤانەکانی دیکە خەمی نەتەوەیەک نیگەرانییەکانی بە باڵای زستاندا پێدەهۆنێتەوە، باس لە بێ هیوایی خۆی دەکات ئەو لەو بڕوایەدایە زستانی سەختی نیشتمان، وەک ئاواتی کورد وایە، باسی کڵۆڵی کورد، دەکات زستان دەکاتە بیانوو یان کەرەستەیەک بۆ دەربڕینی هاواری ناخی و دەڵێت:
ئەی وەتەن زستانی ساردت وەک هیوای کوردانمە
ڕووت و قووتیی دارەکانت وەک گرۆی لاوانمە
بۆ کڵۆڵیت قوڕ بپێووم وەک قوڕی سەرشانمە
بەفر و باران و بڵووکەت هەروەکو گریانمە
تۆ خەریکی مردنی بۆیە منیش دواگیانمە
خوێنی گەرمم ساردە بێ شک هەروەکو بەفراوی تۆ
قەسیدەکان لە بارەی سەختی زستانەوە زۆرن، لە هۆنراوەیەکدا پیرەمێردی نەمر ئاماژەی بەسەختی وەرزەکە و سەهۆڵبەندان و چلوورەی گوێسوانەکان داوە، دیمەنێکی وردی خانووەکانی کوردەواریمان بۆ دەنەخشێنت، کە لەوەرزی زستاندا چۆن بووە بە چلورە و گوێسەوانە ئەو دیمەنە سەرنجڕاکێشەیە کە سەرنجی شاعیری کەمەندکێش کردوە، هەروەها باسکردن لە تەمەنیش لە هۆنراوەکەدا کەرەستەیەکی باڵایە لەپێناو پیشاندانی دیمەنێکی باڵای ژیانی کوردەواریدا، کە ئەویش باردۆخی کەسانی بەتەمەنی کۆمەڵی کوردەوارییە، زیاتر وردی دەکاتەوە و باس لە بورجی پیرەژن دەکات، کە لە کوردەواریدا بەپێی کەشوهەواکە ناویان لە کاتە جیاوازەکانی وەرزی زستان ناوە، دەڵێت:
زستانی ئەم ساڵ ئێجگار سەخت و سارد و سۆڵە
پیرەژن و پیرەمێردی کرد بە گڵۆڵە
کەوتینە سووتاندنی گوێسەوانە و کەمۆڵە
سەراپای جیهان ئەبرقێتەوە سەهۆڵە
چاڵە بەفرەکان هەر لە خۆوە پڕبوونەوە
چلوورە بەسەر گوێسەوانەدا شۆڕ بوونەوە
ئێمە زۆرتر لە بورجی پیرەژن ئەترسین
ئەویش هات و تێپەڕی کرد ڕۆی و خەلەستین
هەروەها لە هۆنراوەی (بیتی ترخێنە)دا باسی زوقمی زستانی ساڵانی کۆن دەکات، لە باسی بڕی ئەو بەفرەی کە دەبارێت و تەنگ بە خەڵک هەڵدەچنێت گوتویەتی:
ساڵ و عەیامان کە ئەتوت: زستان
ئەبوو بە بەفر و زوقم و ڕێبەندان
کە بەفر ئەباری تا پشتێنەی پیاو
نە ئەتوایەوە بە تینی هەتاو
دەر و ژوور بیست ڕۆژ ڕێگا ئەبڕا
مەل و جانەوەر ئەچوو بە قڕا
پیرەمێرد لە هۆنراوەیەکی دیکەدا بە ناوی (کوردی ڕەوان)، باس لەجوانییەکانی بارینی بەفر دەکات، بەفر بە تارای زیو و سلێمانی بە بەلقیس دەچوێنت، هاوکات بیرەوەری دەبێتە بەشێک لە دیمەنی هۆنراوەکە، دەڵێت:
سبەینێ بوو، لە خەو هەستام کە ڕوانیم بەفر باریوە
سلێمانی ئەڵێی بەڵقیسە، تارای زیووی پۆشیوە
دەمێک بوو چاوەڕێی بەفرێکی وابووم، مژدەبێ باری
سەرم بەفرە کەچی هێشتا شەڕە تۆپەڵمە بۆ یارێ!
لە بیرمە شێرە بەفرینەم ئەکرد، سواری ئەبووم بێزین
نسێ بوو جێگەکەی ئەیبەست، ئەما تاکو دەمی هاوین
سەبارەت بە چلەش لە هۆنراوەیەکدا بە ناوی (ناوقەدی چلەی زستامان پچڕا)، کە لەساڵی ١٩٤١دا نووسیوویەتی، ئاماژەی بە دیمەنەکانی دوای کۆتایهاتنی چلەی زستان داوەو دەڵێت:
ناوقەدی چلەی زستانمان پچڕا
ئەمڕۆ پشکۆکەی هەورامان گڕا
هەوا بەتینی ئەو تەشقی شکا
پەنجەی لە گۆ چوو پێکەوە لکا
بەفری سەرچاوەی زەڵم توایەوە
شیعر و شەوچەرە
بابەتی شەوچەرە وەک یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆڕی دانیشتینی شەوانی زستان لەلایەن زۆرینەی شاعیرانەوە باسی لێوەکراوە، پیرەمێرد بۆ شەوچەرە دەڵێت:
شەوارەی زستان شەوچەرەی دۆستان
باسووق و سجووق دێتە بەردەستان
بەسەر مێوژدا مەولوود ئەخوێنن
ئەبێ بە موفەڕک خەڵک ئەیفڕێنن
هەمیشە خواردنەکانی زستان لە سەردەمی کۆن و نوێشدا تایبەتمەندی خۆی هەبووە، لە کۆندا دەبوو لە هاویندا خەمی پایز و زستان بخۆن، پیرەمێرد لە هۆنراوەیەکدا باسی خواردنەکانی زستان دەکات و بەراوردیان دەکات بەخواردنەکانی ئێستا:
هاوین زەخیرەی زستانیان ئەخست
ماڵی تفاقیان ئەهاتە نوشوست
قاورمە لەجێی گۆشت دائەنرا
بە کەشک تامەزرۆی دۆکوڵیو ئەدرا
بە لەتکە هەرمێ دەم تەڕ ئەبووەوە
بە خۆشاو ترێ لەبیر ئەچووە
زستان و دڵداری
شاعیران هیچ هەلێکیان نەبواردووە کە تێیدا هەستی خۆشەویستی و دڵداری تێدا باس نەکەن، هێندەی کرابێت و هەر دیاردەیەکی سروشتی یان هەستی مرۆیی سەرنجی کێشکردبن کردویانەتە کەرەستەو شیعری دڵدارییان پێ نەخشاندووە، هێمن موکریانی وەک پیری عاشقان هەمیشە کاری لەسەر هەستە ناسک و سۆزە قوڵەکان کردووە، ئەوەتا لە شیعرە ناودارەکەیدا (چارەنوسی شاعیر)، کە سەردەمانێک لەڕێی میلۆدییە ڕەسەنەکەی حەمەجەزاوە بووبووە وێردی سەرزمانی کوڕان و کچانی وڵات، لەبەرخاتری یارەکەی زستان بە چۆکدا دەهێنێت و مژدەی بەهار بە ئامادەبوونی دڵبەریەوە دەبەستێتەوە، لەو هۆنراوە بە ویقارەیدا دەڵێت:
بەهار بوو فەسڵی زستانم، ئەگەر یارم لەگەڵ بایە
درۆیە کە گوتوویانە بە خونچێکی بەهار نایە
لە بارانێ مەپرسە تا هەور بگرێ بەری ڕۆژێ
دەبێ بگریم هەتا ڕووی تۆ لە ژێر چارشێوی ڕەشدایە
هەناسەم لادەدا چارشێو و ڕووبەندی ڕەشت ئاخر
هەور هەرچەندە پڕبێ کوا حەریفی قودرەتی بایە؟
شیعر بۆ جوانی دەگەڕێت و زمانی هەستە قوڵ و ناسکەکانە، کە لە کانی دڵی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، شیعر پەنای بردووەتە بەر هەموو جوانی و هەستەکان و تێکەڵ بە مۆسیقای هونەری کردوون، ئاسایی جوانی لەزستانیشدا دۆزیوەتەوەو وێنای بۆ کێشاوین و پێماندەڵێت، زستان بە ساردی و سەختیەکانیشیەوە جوانی لێدەبارێت و میوانێکی ڕەزاسوکی ساڵە و شیعریش هەمیشە ئامادەی نێو دانیشتنەکانی دیوەخان، شەوگاری درێژی ساردی زستانە و شەوچەرەی دڵداران و وێردی سەر زمانی عاشقانە.
سەرچاوەکان
١-مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیسی مکایەڵی(نالی)، دیوانی نالی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە٠مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و فاتیح کەریم، چ١٢، ناوەندی کوردستان ،٢٠٢٣، سنە.
٢- سەیید عەبدو ڕەحیم سەعید (مەولەوی)، دیوانی مەولەوی، کۆکردنەوە و لێکدانەوە و لەسەر نووسینی(مەلا عەبدولکەریمی مودەریس)، چ٣، ناوەندی بڵاوکردنەوەی کوردستان ، سنە.
٣-هەژار موکریانی، هەژار بۆ کوردستان، چ٨ ، بڵاوکردنەوەی پەخشانگای هەژار ، ١٣٩٨، سنە.
٤-شێخ محەمەدی شێخ قادر(قانع)، دیوانی قانع، چ١، ناوەندی بڵاوکردنەوەی کوردستان، ٢٠٢٣، سنە.
٥-تۆفیق بەگی مەحمودئاغا (پیرەمێرد)، دیوانی پیرەمێرد، کۆکردنەوەی محەمەد ڕەسووڵ هاوار، چ١، مادیار، ٢٠٢٣، سنە.
٦-هێمن موکریانی، سەرجەم و کۆی شیعر و پەخشانی مامۆستا هێمن موکریانی، چ٢، چاپخانەی بڵاوکراوەی کوردستان ، سنە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment