شوگەر دادی، یان شەکرە بابە (١) (Sugar daddy)
نوچەنێت
ڕاز ئەسعەد
پەیوەندی سەردەمیانە یان کارەسات
شوگەر دادی، یان وەک عەرەبەکان پێیدەڵێن شوقەر دادی یان سوکەر دادی ساڵانێکە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنییوەو وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبۆتەوە، دەستەواژەکە لە (Sugar Daddy) ئینگلیزیەوە هاتووە و لەساڵی (١٩١٧)ەوە لەڕۆژئاوا بۆ ئاماژەدان بە پەیوەندی بێ خۆشەویستی نێوان ژن و پیاو بەکارهاتووە، مەبەست لێی پەیوەندی نێوان پیاوێکی بەتەمەن و کچێکی گەنجی کەم تەمەنە، کە لە پێناو بەدەستهێنانی پارە و دابینکردنی پێداویستیە زۆرەکانی ژیانی دەوڵەمەندانەدا، دەبێتە دۆست یان خۆشەویست یان هاوڕێی پیاوە پیرە دەوڵەمەندەکە، کە پێیدەڵێن (شوگەر دادی یان شەکرە بابە)، ئەو پیاوەش لە پێناو بەدەستهێنانی سێکس و خۆشەویستی کچێکی گەنجدا، بەوپەڕی دەستبڵاویەوە هەموو شتێکی بۆ دابیندەکات.
لەسەرەتادا بڵاوبوونەوەی دیاریکراو و تاڕادەیەک نهێنی بوو، بەڵام دواتر لەڕێی سۆشیالمیدیاوە زیاتر فراوانبوو، لەئێستادا بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ترسناک و بە ئاشکرا ڕیکلامی بۆ دەکرێت، تەناتەت لە سۆشیالمیدیا و هۆکانی دیکەی پەیوەندی و ڕاگەیاندنەوە کاری لەسەر دەکرێت، جا بە پشتگیری یان دژایەتی بێت، چونکە بە هەردوو بارەکەدا دەبێتە هۆی هاندانی زیاتری گەنجان و زیاتر ئاساییکردنەوە و شەرعیەت پێدانی. تەنانەت لە نێو زۆربەی نەتەوەکاندا گۆرانی تایبەتی بۆ دەوترێت، بۆ نموونە: گۆرانیە بەناوبانگەکەی خانمە گۆرانیبێژی ئەمریکی مایسی گرای کە لە ساڵی ٢٠١٨دا بڵاویکردەوە، هەروەها گۆرانیەکەی تیپی (جاکسۆن 5) کە ساڵی ١٩٧١ بڵاوبۆتەوە و گۆرانیەکی تیپی رۆکی (فلیتوود ماک) لە ساڵی ١٩٧٥دا، هەموو ئەو گۆرانیانەش بەناوی شوگەر دادیەوەیە.
دەوڵەمەندیی و زۆربوون و گرانیی پێداویستیەکانی ژیان و دەستبڵاوی دنیای سەرمایەداری و هاندانی چاولێکەریی و خۆدەرخستن و شانازیی کردن بە کەلوپەلی گرانبەها لە نێو گەنجاندا هۆکارێکی دیکەی ئاسایی بوون و خێرا بڵاوبوونەوەیەتی.
شوگەر دادی زیاتر لە نێو چینی باڵا و دەوڵەمەند و کەسایەتی و سیاسی و کەسانی دەرکەوتووی زۆربەی بوارەکاندایە، بە پێی توێژینەوە کۆمەڵناسیەکان دابەشدەکرێت بەسەر سێ جۆردا:
١- سبلیندا دادی، ئەمانە توانای داراییان دیاریکراوە و بێ پەروا هەوڵدەدات ببیێتە شوگەر دادی تەواو و دۆستی تایبەتی خۆی هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەشێک لەداهاتەکەی بۆ خەرجدەکات.
٢- شوگەر دادی، ئەمانە بەشێک لە داهاتی هەفتانە یان مانگانەیان دەدەن بە دۆستەکانیان و هەوڵدەدەن بەخشندە بن.
٣- هۆنی دادی، ئەمانە بێسنوور بەخشندەن و بە دەستبڵاویەوە خەرجی دۆست یان دۆستەکانیان دەکەن و هەموو شتێکی بۆ دابین دەکەن، چونکە دەوڵەمەندە گەورەکانن.
لە بەرامبەریشدا ئەو کچەی دەبێتە لایەنی دووەمی ئەم پەیوەندییە، پێییدەوترێت (بەیبی شوگەر)، بێگومان لەو کچە جوان و تەمەن خوار بیست ساڵانەن کە جێی سەرنجن و وێڵن بەدوای سەرچاوەی دەوڵەمەندبووندا.
بێگومان ژنە دەوڵەمەندە سینگڵە بەتەمەنەکانیشی لەم بوارەدا دەرکەوتوون و بەمان دەوترێت (شوگەر مامی)، مەرجیش نییە هەر بۆ دەوڵەمەندەکان بێت، بۆ نموونە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجە پەناهەندەکانی ئەوروپا، کە لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتەوە بە شێوەیەکی ناشەرعی دەچنە ئەو وڵاتانە، لەوێ لەگەڵ ژنێکی بەتەمەندا هاوسەرگیری یان دۆستایەتی ڕێکدەخەن، بە مەبەستی خۆ ژیاندن یان وەرگرتنی مافی مانەوە.
لە وڵاتی خۆمان و بەتایبەت لەم دوو دەیەی دواییدا، ئەم دیاردەیە وەک هەر شوێنێکی دیکەی دنیا بەتەواوی دەرکەوتووە، بەتایبەت کە سەرمایەیەکی بێ ئەژمار کەوتۆتە دەست کەسانی تازە هەڵتۆقیوو، یان لە نێو بەرپرس و کەسانی خاوەن سەرمایەدا بڵاوە و بە سەیرکردنێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دیاردەکە بەزەقی هەستی پێدەکرێت. هەرچەندە وەک پێویست گرنگی بە وروژاندنی مەترسی دیاردەکە نەدراوە و لە ڕاگەیاندنەکانیشدا، ئەگەر جاروبار وشەکە دەرکەوێت، ئەوا هێندە ڕووکەشیانەیە هیچ ڕاڤەیەک نابەخشێت، یان ڕاستتر ئەوەیە بڵێین تەنانەت خودی ڕاگەیاندنەکانیش لە دیاردەکە نەگەیشتوون و کاتێکیش باسی دەکەن تەنانەت ڕێنووسی وشەکە بەهەڵە دەنووسن، کە بۆتە هۆی شێواندنی واتاکەی، ئەوان وەک یەک وشە دەنووسن (شووگەردادی) کە ڕاستەوخۆ واتایەکی دیکە دێتە زیهنمانەوە، هەستی پێناکەن ئەوە دوو وشەی جیاوازن و ناکرێن بەیەک.
مەترسییە گەورەکە
هەرچەندە شوگەر دادی پێشێلکردنی مافی یەکسانیی ژیانە، بەڵام تاڕادەیەک هەندێک دەستکەوتی مادی دەدرێت بەو کچە گەنجەی لە بەرامبەر فرۆشتنی تەمەن و جەستەیدا گیرۆدەی پرۆسەکە دەبێت، هەرنەبێت لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کارەکە بەئاشکرا دەکرێت و ڕەنگە بەوپەڕی بڕواشەوە خۆی دەربخات، بڵاوبوونەوەکەشی گەیشتوەتە ڕادەیەک، تەنانەت لە وڵاتانی دەوروپشتیشمانەوە کچان لە ژێر چەندین ناووناونیشاندا ڕوودەکەنە ئێرە، لە بەرامبەریشدا حاڵەتێکی دیکە هەیە، کە پێموابێت لە حاڵەتە ئاشکراکە زۆر مەترسیدارترە.
وەک پێشتر وتمان شوگەر دادی زیاتر لە نێو چینی باڵای نێو کۆمەڵگادا دەردەکەوێت و دیاردەیەکە مۆدێرن و دەوڵەمەندانەیە، پەیوەستیش نییە بە تەنیا یەک چین و گرووپەوە، ئەم دیاردەیە بەجۆرێکی دیکە و بەنهێنی لە نێو چینی خوێندەوار و کاربەدەست و لە نێو کۆمپانیا و دەزگاو تەنانەت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیشدا بە نهێنی بوونی هەیە، ئەوەی وای لێدەکات لە جۆرە ئاشکراکە مەترسیدارتر بێت ئەوەیە کە لەم جۆرەیاندا دەستکەوتی مادی کەمترە و زیاتر بەهۆی بەکارهێنانی خراپی پلەو پۆستەوەیە، کە کچەکە ناچار دەکرێت لەبەرامبەر دەستکەوتی کەمتردا ئیستیغلال بکرێت.
لێرەوە کاری ڕێکخراوەکانی ژنانە کاری جدی لەسەر بکەن، کە بەداخەوە تا ئێستا هیچیان لەسەر نەوتووە، دەکرێت لەڕێگەی سیمینار و خولی بەردەوامی هوشیارکردنەوەوە کچانی گەنج لەو دیاردەیە و مەترسیەکانی ئاگادار بکەنەوە، تا ژیانی هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی حەز و شەهوەتبازی کەسانی دیکە.
١- شەکرەبابە: کورداندنی گوزارە ئینگلیزیەکەیە، لەبەر نەبوونی هیچ وشەیەکی هاوشێوە و هاومانا لە زمانی کوردیدا، ئەو دەستەواژەیەم داتاشیوە، بەهیوام گونجاو بێت.
٢- ریاض هانی بهار، دور التواصل الاجتماعی بانتشار ظاهرة (شوقر دادی) بالعراق، الحوار المتمدن، العدد: 8241 فی ٢/٢/٢٠٢٥
(https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=856725)
٣- مشاعل آل عایش، شوقر دادي المصطلح الذي ولد من شقوق الحداثة، (https://midad.com/article/225926)
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment