مێژووی نەشتەرگەریی جوانکاریی، کەی و بۆچی پەیدابوو
ڕاز ئەسعەد
ڕۆچوون بە نێو مێژووی نەشتەرگەرییە جوانکارییەکان، پێویستی بە پێناسەکردنی چەمکەکە و شرۆڤەی ئامانجەکانیەتی، چونکە نەشتەرگەری جوانکاری بە تێپەڕینی قۆناغەکان گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، لەڕووی تەکنیک و ئامێرەکانی تایبەت بە نەشتەرگەرییەکە، هەروەها لە ڕووی ئامانج و مەبەست و هۆکارەکانییەوە، بە شێوەیەکی گشتی نەشتەرگەری جوانکاریی، بریتییە لە هەر کردەیەکی پزیشکی بە ئامانجی گێڕانەوەی گونجاندن یان هاوسەنگی بۆ هەر بەشێک یان چەند بەشێکی جەستە، بە پێی پێوەرەکانی جوانکاریی خوازراو.
بە گوێرەی مێژوونووسان، شارستانیەتی کۆنی هیندیەکان یەکەمین شارستانی بووە کە نەشتەرگەری جوانکاریان زانییوە و یەکەمین نەشتەرگەری جوانکاری لە مێژوودا، لە سەدەی شەشەمی پێش زایین بۆ لوت لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدراوە، بەو جۆرە پزیشکی کۆنی هیندۆسی سۆشروتا (Sushruta)، کە بە باوکی نەشتەرگەری جوانکاری دادەنرێت، یەکەمین نەشتەرگەری جوانکاری ئەنجامداوە، کتێبێکی گشتیریشی لە بارەی ئەزموونەکانی خۆیەوە بە ناوی (Sushruta Samhita) نووسیوە و تێدا بە وردەکارییەکی ناوازەوە باسی ٣٠٠ جۆر نەشتەرگەری دەکات، لەوانە نەشتەرگەری بنیاتنانەوەی لوت. ئەوەی سەیرە لە کۆندا نەشتەرگەری جوانکاری بۆ مۆدە ئەنجام نەدراوە، بەڵکو بۆ چارەسەر بووە و ناوی لێنرابوو (بنیاتنانەوە)، بەواتایەکی دیکە لە پێناوی پێویستیدا ئەنجامدراوە، نەک جوانکاری.
هەندێک پێیانوایە، میسرییە کۆنەکان یەکەمین شارستانیەتن کە نەشتەرگەری جوانکارییان ئەنجامداوە، بەڵگەش بۆ ئەم بۆچونە کۆنترین دەقی پزیشکییە کە ناسراوە بە (The Edwin Smith Papyrus) و باس لە زەبر بەرکەوتن و ڕێکارەکانی نەشتەرگەری جوانکاری دەکات. ئەم بۆچوونە گرنگە چونکە ئاشکرایە بواری پزیشکی لەسەردەمی فیرعەونەکانی شارستانیەتی میسری کۆندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە دوور نییە ئەمان کاریگەریی گرنگیان بەسەر مێژووی نەشتەرگەری جوانکارییەوە بەجێهێشتبێت، بەڵام جێی داخە مێژوونووسان وەک یەکەمین شارستانیەت لێیان نەڕوانیوە، ڕەنگە هۆکارەکەشی ئەوە بێت، کە ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە زۆر بەربڵاونەبووە لەبەرئەوەی ئەوان جیاواز لە هەموو کۆمەڵگاکانی دیکە، نەشتەرگەری جوانکارییان بۆ مردووەکان کردووە، نەک زیندووەکان. میسرییە کۆنەکان بڕوایان بە زیندووبوونەوە هەبووە، هەر لەبەرئەوەش ویستویانە مۆمیاکراوەکان بە شێوازێکی جوانتر زیندووببنەوە و جوانکاریش وەک هەر پێداویستییەکی دیکەی مۆمیاکردن سەیر کراوە.
لای یۆنانیەکانیش نەشتەرگەری جوانکاری بۆ چارەسەرکردنی پەڵەی سوتاوی یان شێواوی بەکارهاتووە، بە درێژایی مێژوو چەندین پزیشک ڕۆڵی زۆر گرنگ و بونیادنەرانەیان لەم بوارەدا بینیووە، بۆ نموونە چەندین سەدە دوای سوشرۆتای هیندی، (حبو قاسم الزهراوی) بە یەکێک لە گەورەترین پزیشکەکانی بواری نەشتەرگەری جوانکاریی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دادەنرێت و خاوەنی ئینسکلۆپیدیاییەکی پزیشکی بەناوبانگە، بە ناونیشانی (التصریف لمن عجز عن التألیف)، کە وەرگێڕدراوەتە سەر لاتینی و تێیدا بەوردی باسی زیاتر لە ٢٠٠ ئامێری نەشتەرگەری و وردەکارییەکان کراوە، هەروەها باسی لە ڕێکار و تەکنیکە جیاوازەکانی نەشتەرگەری جوانکاری و ڕاستکردنەوەی زگماگی و چارەسەرکردنی بڕین کردووە.
لەکۆندا بۆ ئەم نەشتەرگەرییە زاراوەی (بنیاتنانەوە یان نۆژەنکردنەوە) بەکاردەهات، نەشتەرگەری ڕێککاری و چاکردنەوەی لوتیش ڕیزبەندی یەکەمی نەشتەرگەرییەکانی وەرگرتبوو، چونکە ئەم نەشتەرگەرییە لە پێناو پێویستیدا ئەنجامدەدرا، خودی زاراوەکەش ئاماژەیەکی قووڵ بوو بۆ ئەم پێویستییە، هەربۆیە هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی، زیاتر پەرەی بەم نەشتەرگەرییە داوە و کاریگەرییەکی قوڵ و بەرچاوی لەسەر مێژووی نەشتەرگەری جوانکاری دروستکردووە، چونکە ئیدی ئەم پێویستیانە بە هۆی زۆری بەرکەوتوانی شەڕەکەوە زۆر زیادی کردبوو، بە جۆرێک دەتوانین بڵێن چەندین قۆناغ ئەم نەشتەرگەرییەی بردە پێشەوە و زۆری نەشتەرگەرییەکان بریتی بوون لە برینی دەموچاو، سوتان، شکانی چەناگە، لوت، برین و سووتانی لێو....تاد.
لەگەڵ کۆتایهاتنی جەنگی جیهانیدا، نەشتەرگەری جوانکاری پێینایە قۆناغێکی جیاوازترەوە، لە ساڵانی چل و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لە زانکۆکانی ئەمریکا، یەکەمین پڕۆگرامی تایبەتمەند لەم بواردا دامەزرا بۆ ڕێککاری و گەڕانەوەی ئەندامە لە دەستچووەکان و هەروەها بۆ خواستی کەسییش.
دواتر زاراوەی (نەشتەرگەری پلاستیکی و بنیاتنانەوە) هاتە نێو ئەدەبیات و مێژووی نەشتەرگەری جوانکارییەوە، بۆ یەکەمجار لەساڵی ١٩١٩دا وەک ناونیشانی فەڕمی لە ڕۆژنامەی نەخۆشخانەکاندا بڵاوکرایەوە، کە باسی لە پێشکەوتنەکانی بوارەکە دەکرد. لە دوای هەردوو جەنگی جیهانییەوە، سەبارەت بە زاراوەی پلاستیکیش (Plastic) لە (Plastique) یۆنانی کۆنەوە وەرگیراوە، کە بەواتای لە قاڵبدان دێت.
هەرچەندە لە کۆندا ئەوانەی ئەم نەشتەرگەرییەیان بۆ دەکرا بۆ پێدانەوەی ئەندامە لە دەستچووەکان و گەڕانەوەیان بوو، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایدا ئەم نەشتەرگەریانە هەموو سنورە پێویستی و پزیشکییەکانی تێپەڕاندووە و بەتایبەت لە دوای ساڵی ٢٠٠٠وە، وەک مۆتەکەیەکی ترسناک باڵی بەسەر بیرکردنەوەوە و هزری هەردوو ڕەگەزدا کێشاوە، ئەگەرچی هەردوو ڕەگەز لە مەترسی ئەم دیاردەیە بێبەش نین.
بەپێی دواین ئاماری کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پزیشکانی جوانکاری (ISAPS) لەساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٣٥ ملیۆن نەشتەرگەری جوانکاری لە جیهاندا تۆمارکراوە، ئەمە ژمارەیەکی هێجگار زۆرە و ساڵانەش بە ڕێژەی دیاریکراو زیاد دەکات، کار گەیشتۆتە ئاستێک کەس لە ڕووخساری خۆی ڕازی نییە و هەمووان لە هەوڵی گۆڕینیدان. جگە لە هەندێک هۆکار کە پێشتر باسکراوە، ئەوەی سەیرە بە پێی هەندێک توێژینەوەی نوێ، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان سناپ چات و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەیە و فیلتەری سەر وێنەی سێڵفی لەو تۆڕانەدا، کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر برەودان بەم مۆتەکەی جوانکارییە و وای لێهاتووە بۆ خەڵکێکی زۆر بەجۆرێک لە جۆرەکان ئالوودەبوونە نەک جوانکاریی، هەمووان دەیانەوێت ڕووخساریان وەک وێنە فیلتەرکراوەکان بێت کە لە سناپ چات و تۆڕەکانی دیکە بۆیان مەزەندە دەکرێت.
سەرچاوەکان
١-Markéta Duśková, PLASTIC SURGRY, univerzita Kalova Praze,3.lekarská fakulta, Klinika plastické chinrurgie, 3.LFa FNKV, 1st edition, 2010, print medium CD
٢-Steven E . Greer M.D, perosper Benhaim, james Chang M.D , MarchH M.D, Hedi k, MARCEL DLDEKKER, NEWORK.
٣-Michelle Smith، Friday essay: the ugly history of cosmetic surgery، April 28, 2016 9.13pm BST، https://theconversation.com/friday-essay-the-ugly-history-of-cosmetic-surgery-56500
٤-A history lesson about the origins of Plastic Surgery، Posted on January 8, 2018 https://aestheticplasticsurgeons.org.au/others/history-lesson-origins-plastic-surgery/
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment