ڕەهەندەکانی چەمکی مێژووی ژن بیروڕا

ڕاز ئەسعەد

هەرچەندە مێژووی مێژووی ژن زۆر کۆن نییە، ڕەنگە نوێترینی لقە جۆراوجۆرەکانی زانستی مێژوو بێت، بەڵام بەو تەمەنە کەمەوە، توانیویەتی ببێتە تەوەرێکی گرنگی مشتومڕەکانی نێو زانستەکانی ئەنترۆپۆلۆجیا، مێژووی کۆمەڵایەتی و توێژینەوەکانی بواری جێندەری و مافەکانی ژنان.

 مێژووی ژن مافەکانی ژنانی لەبواری داواکاری مافەوە گواستەوە بۆ نیشانەی پرسیار خستنە سەر کۆی مێژووی تۆمارکراوی مرۆڤایەتی، مافەکانی دەنگدان و یەکسانی بردە قۆناغی داوای گێڕانەوەی ڕۆڵ و دەستکەوتەکانی ژنان لە دێر زەمانەوە بۆ ئێستا، 

بە واتایەکی دیکە سەرلەنوێ پێداچوونەوە بۆ سەرجەم کنە و پشکنینەکان بکرێتەوە، تا نووسینەوەی نوێی مێژوو، بەو پێیەی ژنانی تێدا نادیدە کراون و بەمەبەست کراونەتە قوربانیی بۆ بەپیاوانەکردنی مێژوو، لێرەوە بە هاوبەشی نووسینەوە و تۆمارکردنی مێژوو ئامانجی دوور مەودای مێژووی ژنە.

کەواتە مێژووی ژن بریتییە لە لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی شێواز و میتۆدی پێویست بۆ دەرخستنی ئەو ڕۆڵەی ژنان بینیویانە لە دروستکردنی مێژوودا، کە توێژینەوە لە مێژووی گەشەسەندنی مافەکانی ژنانیش، بە درێژایی مێژووی تۆمارکراو لەخۆدەگرێت، هەروەها دەرخستنی گرنگی لێکۆڵینەوەی مێژوویی لە گرووپ و تاکەکاکانی ژنان و ئاشکراکردنی کاریگەریی ئەو ڕووداوە مێژووییانە لەسەر ژنان، بەو هیوایەی ژن لە قاڵبی یارمەتیدەرێکی سادەی پیاوان بهێنرێتە دەرەوە و ڕۆڵ و گاریگەرییە گرنگەکانی وەک بکەرێکی مێژوو لە شوێنی خۆیدا بچەسپێنرێت.

کرۆکی ڕاستەقینەی توێژینەوە لە مێژووی ژن لەو باوەڕەوەیە کە تۆمارە مێژووییەکان ڕۆڵی ڕاستەقینەی ژنیان وەک بکەرێکی مێژوو وەلاناوە و بە مەبەست ونکراوە، چونکە بەشدارییەکانی ژنان لە بنیادنانی ئەو مێژووەدا لە ڕێی تۆمارەکانەوە ونکراوە یان لە باشترین حاڵەتدا بەدێڕێک یان چەند دێڕێک کراوەتە یاریدەدەرێکی بێدەسەڵاتی پیاو. لەم سۆنگەیەوە مێژووی ژن لە زۆری کاتەکاندا، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە پێداچوونەوەی مێژوویی، بەمەبەستی ئاڵنگاری و فراوانکردنی تێڕوانینە کۆنە مێژووییەکان و زیاتر نزیککردنەوەیان لە دەرخستنی ڕاستیی ڕووداوەکان.

سەرەتای دەرکەوتنی چەمک و توێژینەوەکانی بواری مێژووی ژن هاوتەریبی شەپۆلی دووەمی خەباتی ڕەگەزیی ژنان بوو، هەر لە سەرەتاوە کەوتە بەردەم دژایەتی گەورەی ناوەندە ئەکادیمیە کلاسیکیەکان، چونکە پێکداچوونی واتا و ڕەهەندەکانی چەمکەکە ئاستی تێگەیشتنیانی سەختتر کردبوو، هەر بۆیە لای خۆشمان تا ئێستا، تەنانەت لە ناوەندە ئەکادیمیەکانیشدا، کاتێک باسی مێژووی ژن دەکرێت، ئەوان یەکسەر خەیاڵیان بۆ ڕۆڵی ژن دەچێت لە مێژوودا، بەداخەوە تەنانەت ڕێکخراوە چالاکەکانی ژنانیش هەر درێژکراوەی ئەو بۆچوونانەن و کەمتر لەو پۆلینکارییە تێدەگەن.

زۆربوونی توێژینەوەکان و دەرکەوتنی بۆچوونی نوێ لەبوارەکەدا، گەیشتە ئەو دەستکەوتە گرنگەی لە ساڵانی ١٩٩٠-١٩٩٢ کارێکی مەزن بە بەشداری نزیکەی حەفتا توێژەر بە سەرپەرشتی هەردوو مێژوونووسی ناوداری فەرەنسی جۆرج دوبی و میشێل بیرۆ، لەژێر ناوی مێژووی ژنانی ڕۆژئاوا لە دووتوێی پێنج بەرگدا لە فەرەنسا بڵاوبکرێتەوە، ئەم کتێبە هەر زوو بە نێو زانکۆکانی جیهاندا بڵاوبۆوە و بووە سەرچاوە و ئیلهامی هەزاران توێژینەوە.

بۆ ئەوەی لە چەمکی مێژووی ژن تێبگەین، پێویستە پۆلینکاری بۆ سێ سێکتەر یان چەمک بکرێت و لێکیان جیا بکەینەوە، ئەوانیش:

- مێژووی بزووتنەوەکانی ژنان، کە لە شێواز و ڕەگوڕیشە و پێشکەوتنەکانی جوڵانەوەی ژنان دەکۆڵێتەوە و کار لەسەر چۆنێتی و چەندایەتی گەشەسەندنی داواکانی ژنان و کاری ڕێکخراوەییان دەکات بە درێژایی مێژوو.

- مێژوو لە دیدگای ژنەوە، هەوڵدەدات بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو، بەڵام لە تێڕوانین و دیدگای ژنەوە، بەئامانجی ئاشکراکردنی خوێندنەوەی ژنان بۆ ڕووداوە مێژووییەکان، ئەویش لە ڕێگەی بەدیارخستنی فەیلەسوف، هونەرمەند و نووسەرانی ژن لە ڕابردوودا، تا گرنگی دەنگی ژنان و بۆچوونەکانیان بەدەستبهێنرێتەوە، کە لە ڕابردوودا هەیانبووە، هەروەها هەوڵدان بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیانە.

- مێژووی ژن، جەخت لە ڕۆڵی ژن دەکاتەوە وەک بکەرێکی مێژوو، نەک تەنیا هاوکارێکی شوێنکەوتەی پیاو، واتە پێداچوونەوە بە مێژوودا و ڕزگارکردنی تۆمار و ئەرشیف و توێژینەوە مێژووییەکان لەو چەپاندنەی ڕۆڵی ژنان، کە تائێستا بە ئاشکرا لە نووسینەوەی مێژوودا هەستی پێدەکرێت.

هەرچەندە هەر دوو چەمکی مێژووی ژن و مێژوو لەدیدگای ژنەوە، لە ڕووکەشدا تاڕادەیەکی زۆر لەیەکترەوە نزیکن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا زۆر جیاوازن، یەکەمیان هەوڵدەدات ڕووداوە مێژووییەکان لە ڕاستییەوە نزیکتر بکاتەوە و ژن وەک ئەوەی هەبووە لە تۆمارەکاندا باسبکرێت، بۆ نموونە لە هەموو وڵاتێکدا ئایکۆنی (سەربازی ون) جێگەی ڕێزە و دەیان چیرۆکی قارەمانێتی بۆ دەهۆنرێتەوە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت ڕاستییەکان وەک خۆی ببینین، دەبێت بزانین سەربازەکان ئەرکی خۆیانە نیشتمان بپارێزن، دوای گیان بەختکردنیشیان، مێژوویەکی ونکراو دەستپێدەکات کە کەس گرنگی پێنادات، ئەویش ئەو مێژووەیە کە هاوسەر و منداڵی ئەو سەربازە گیانبەختکردووە لە دوای نەمانی خۆی تۆماری دەکەن، کە بەدڵنیاییەوە درێژتر و پڕ نەهامەتیترە و کەسیش باسی ناکات.

دووەمیشیان کە مێژووە لە دیدگای ژنەوە، هەوڵدەدات مێژوو بنوسرێتەوە بەڵام بە خوێندنەوە و تێڕوانینی ژن، واتە ژنێک چۆن لە ڕووداوێکی مێژوویی دەڕوانێت و ئەگەر خۆی بینووسێتەوە چۆنی دەنووسێتەوە؟

خانمە نووسەر و شاعیری بەحرەینی (د.پەروین حەبیب) لە وتارێکیدا دەڵێت: جاروبار بیر لەوە دەکەمەوە ئەگەر ژنێک تەفسیری شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامی بکردایە، مەبەست تەفسیرێکی ژنانەی جیاوازە لە تەفسیری کلاسیکی پیاوانە، دەبوو ئێستا ئاینداری چۆن بووایە. بۆ نموونە ژنێک تەفسیری سورەتی (النساء) بکات چۆن دەیکات و چی دەڵێت؟

توێژینەوەکانی ژنان لە هەر یەکێک لەم سێ بەشەدا گرنگی خۆی هەیە، بەڵام پۆلینکارییەکە و جیاوازییەکانیش گرنگیان لەو کەمتر نییە، لەو ڕووەوە لە جیهانی دەرەوەدا ئەم توێژینەوانە زۆر چوونەتە پێشەوە، گرنگە لای ئێمەش کاری رژدی بۆ بکرێت و خەبات و کاری ژنان لەو شێواویەی ئێستا بێتە دەرەوە و بەشێوەیەکی زانستی و میتۆدی کاریان لەسەر بکرێت، نەک هەر کەسێک و بۆ ناو و ناوبانگ سەردێڕی بابەتەکانی بە وشەی ژن بڕازێنێتەوە.

 

سەرچاوەکان

١- د.فیروز رشام ،تأریخ النساء الذی لم تکتب بعد، ، دار فضاءات للنشر والتوزیع، الاردن ٢٠٢١ 

٢- بروین حبیب ،المنسیات العظیمات، ، جریدة شرق الاوسط، ٢٧ اکتوبر ٢٠٢٤.

٣-حلقات فی تأریخ المرأة بالمغرب، مجلة أمل للتأریخ والثقافة والمجتمع، عدد مزدوج ١٣-١٤، الدارالبیضاء، ١٩٩٨

٤-میشیل بیرو، تأریخ المرأة والنسویة، ت: جمیلة السواح، 

https://cswdsy.org/%D8%AA%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%AE-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B1%D8%A3%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%86%D8%B3%D9%88%D9%8A%D8%A9/

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین