چلە و وەرزی سەرما بە پێوەری پێشینان
ڕاز ئەسعەد
گرنگیدان و هەڵوەستەکردن لەسەر وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە دەروازەیەکی گرنگە بۆ نووسینەوە مێژووی هەر شارستانیەت و کۆمەڵگایەک، هەروەک قوڵبوونەوە لە ڕێگەی تێڕامان و توێژینەوەی زانستییەوە دەربارەی هەر پنتێکی ڕێوشوێنەکانی ژیانی ڕۆژانە، دەکرێت وەرچەرخانی گەورە لە تێگەیشتنمان بۆ دیرۆکی گەلێک دروست بکات و مێژوویەکی چڕوپڕی ڕابردوو بۆ نەوەکانی داهاتوو تۆمار بکات.
بەو پێیەی وەرزەکانی ساڵ بۆ سەرزەمینی کوردەواری گرنگی لە ڕادەبەدەر و کاریگەری لەسەر جۆر و شێوازی ژیانیان هەبووە، چونکە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کۆمەڵگای کوردی بە زۆری پشتبەست بووە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، هەردوو سەرچاوەکەش بە تەواوی بەستراون بە جۆر و شێوازی کەشوهەوا و لێکەوتەکانییەوە، بەواتایەکی دیکە لە ڕێگەی توێژینەوە لەوەرزەکانی ساڵ، دەکرێت مێژووی نەتەوەیەک بەسەرجەم وردەکارییەکانیەوە بنووسینەوە و بە زۆربەی بەشەکانی مێژووی کۆمەڵایەتی، مێژووی ژن، مێژووی ورد، مێژووی کولتوورو نەریت، ....تاد ئاشناببین و لەڕێگەیانەوە مێژوویەکی گشتی و کامڵی ئەو گەلە تۆمار بکەین، ئەمەش جۆرێکە لە ئاوێزان بوونی مرۆڤ لەگەڵ کات و سروشتدا، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەم وردەکارییانە تاڕادەیەک فەرامۆشکراون و وەک پێویست بەهەند نەگیراون، بۆیە کارکردن لەسەریان کەمترە لەچاو مێژووی سیاسی.
بەداخەوە لە جێگەی توێژینەوە و ئاشناکردنی خەڵک بە شێوازی هاتن و بەڕێکردنی وەرزی زستان لە ڕۆژگاری ڕابردوودا، دەبینین ئێستا لە پێشوازی هاتنی وەزی سەرماو سۆڵەدا ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ دەبنە مانشێتی چەندین ڕێکخراو و دەزگای کولتووری، وەک ئەوەی لە کۆندا کاریان هەر ئاهەنگ گێڕان بووبێت بۆ زستان، لە کاتێکدا دەبووایە ئەو شوێنانە بابەتە زانستی و توێژینەوەی گرنگیان لەبارەی ژیانی کۆمەڵی کوردەواریەوە ببووایە بە هەڤپەیڤینێکی گرنگ و سەرنجڕاکێشی ناو باسە گەرمەکانی ڕۆژ، بەداخەوە ئەوەی هەیە و دەکرێت لە چەند وتارێکی کرچ و کاڵ تێپەڕناکات و لاسایی گەلانی دراوسێیە نەک ژیانی خۆماڵیی، کە زۆر جار بنەڕەتی بابەتەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، چونکە کۆمەڵێک ئەفسانە و سەرگوزشتە دروستکراوە و بە وەرزی زستانەوە لکێندراوە، بەتایبەت بە چلەی زستانەوە، کاتێک چاوپێکەوتنمان لەگەڵ چەندین کەسی بەتەمەن ئەنجامدا لە هەردوو ڕەگەز لە دانیشتوانی گوند و شارەکان، بەشی زۆریان ئەو سەرگوزشتانەیان ڕەتکردەوە کە بەبیرەوەری ئەوان ئەنجامدرابێت.
زستان وەرزێکی جوان و دڵگیرە، بەڵام بۆ کۆمەڵی کۆنی کوردەواری سەرەتای دەردی سەریەکان بووە، چلەی زستان نەک ئاهەنگی بۆ نەگێردراوە، بەڵکو خەڵکی سەردەمانی پێشوو هەر زۆریش لێی ترساون، چونکە زستانی ئەو کاتەی پێش گۆڕانکاری ئاووهەوا، زۆر سەخت و درێژ و تاقەتپڕوکێن بووە، بۆ کۆمەڵێکی هەژاری وەک کوردیش ئەوەندەی تر سەخت بووە، ئەوکات پاییزیش هێندەی زستان سەخت بووە، خەڵک نەک هەر لە خەمی پەڵەدا نەبوون، بەڵکو بەردەوام دەست بەنزابوون تا پاییزەکەیان سەخت نەبێت، چونکە ئەو ساڵانەی پایز سەخت بوایە بە زستانەوە دەبووە پێنج بۆ شەش مانگ، ئەمەش بۆ ئەوان زۆر قورس بووە، نە سوتەمەنی، کە تەنها داربووە، بەرگەی گرتوون، نە هێندە خواردنیشیان بۆ خۆیان و بۆ ئاژەڵەکانیشیان بۆ کۆکراوەتە تا بەرگەی زستانێکی دورودرێژ بگرێت، ئەو کاتە جار هەبووە بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ بە هۆی زۆری بەفرەوە نەتوانراوە لە ماڵەوە بێنە دەرەوە و دەبوو ئاژەڵەکانیان لە ماڵەوە خزمەت بکەن، هەربۆیە ئەو کات دەگوترا، هەر زستان تێپەڕێت و گژوگیا سەردەربێنێت، ئیتر نانیش نەبێت لە برساندا نامرین.
وەرزی زستان لە ٢١ی کانوونی یەکەم دەستپێدەکات و لە ٢١ ئازار کۆتایی پێدێت، بەڵام لە ساڵانی کۆندا سەرمای پایزی کوردستان هێندە توندو سەخت بووە ئاوێتەی وەرزی زستان بووە، لە کوردەواریدا لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا لە وەرزی پایزدا گوتراوە (بەرگی فەقیر دڕا)، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەختی کەشوهەوا، بەو واتایەی گەرما بەرگی هەژاران بووە و ئیتر سەرما زەفەری پێدەبات. وەرزی سەرما هێندە کاریگەری هەبووە لە کۆندا ناونانی وەرزکان لەسەر پێوەری گۆڕانکاری کەشوهەوا بووە، ناوی وەرزکان لەسەر هەمان پێودانگی گۆڕانی ئاووهەوا بووە، بۆ نموونە وەرزی زستانیان دابەشکردوە بەسەر چەند ناوێکی جیاوازدا ئەمەش بۆ سەختی کەشوهەواکە گەڕاوەتەوە، وەک (چلە گەورە، چلە بچووک، بورجی لەقلەق، بورجی کەو، بورجی پیرەژن، شینی چلە، شینی خاتوو زمهەریر(زمهەری) ...تاد)، هەریەکێک لەمانە بەپێ باردۆخەکە قسەی لەسەر کراوە و تاڕادەیەکیش کاتەکانیان دیاریکراو بووە، هەرچەندە لە زۆر شوێندا کاتەکان دەستنیشان کراوە، بەڵام کەمتر پشتی پێدەبەسترێت چونکە ساڵەکان چوونیەک نەبوون و ساڵێک بۆ ساڵێکی دیکە گۆڕانکاری هەبووە. سەبارەت بە چلە لە کوردەواریدا گوتراوە چلەی گەورە هێندە سەرماکەی توندە کە چلە بچووک گوتویەتی: ''ئەگەر من بوومایە لە جێگەی کاکم، جانوولەم لەسکی دایکدا دەڕچاند) دیارە مەبەست لە جانولە کۆرپەی ماینە لە سکیدا، ئەگەرچی ئەمە چەندین گیڕانەوەی جیاوازی لەسەرە و هەندێک جار دەگوترێت''چلە بچووک گوتوویەتی ئەگەر من بوومایە لە جێگەی چلەی گەورە، منداڵم لە سکی دایکدا دەڕچاند)، یان گوتویەتی: ''کلکی بزنم دەبەست بەدارەوە'' دیارە ئەم دوو چلەیە بەدوای یەکدا دێن، پێشینانیش گوتویانە: "ئەم سەری چلە ئەو سەری چلە، ناوەڕاستەکەی بەفرێکی زلە.
(زمهەریر) یان هەندێک کەس دەڵێن (زمهەری) لە کوردەواریدا پێیگوتراوە خوشکی هەردوو چلە، لەکۆندا بەهۆی ئەوەی پایزیش هاوشێوەی زستان سەخت بووە، لە کۆتاییەکانی پایز و سەرەتای هاتنی وەرزی زستاندا دەستی پێکردووە، بەفر و باران و تەرزە لەیەکاتدا دەبارێت، لە کوردەواریدا بەمە گوتراوە (گێژی )دەدات، یان پێشی دەگوترێت (کڕێوە)، یان کڕێوە دەکات، یان لە کوردەواریدا دەڵێن زمهەریرە، بەو واتایەی ساردییەکی زۆرە، یان دەگوترێت کردی بە (زمهەریر)، ئەمە لە کۆتایی وەزی زستانشدا جارێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەمەیان جیاوازە و دەڵێن (زستان کەوتۆتە تلەتل و ملوانکەکەی خاتوو زمهەریر پچڕا) یاخود دەڵێن: شینی خاتوو زمهەریرە، واتە شینی زستانە بۆ خاتوو زمهەریری خوشکی کە ئیتر بەرەو بەهار دەڕۆین.
بورجی لەقلەق لە نێوان هەردوو چلەی گەورەو بچووکدایە لە مانگی ڕێبەنداندا، بەوە ناسراوە کە سەرمایەکی زۆر توند دەست پێدەکات و هەموو شتێک دەیبەستێت، لە کوردەواریدا دەڵێن مریشک ئاو ناخوات لە ترسی سەرما، سەبارەت بە بورجی کەویش هەندێک دەڵین: ئەم بورجە نزیکەی پێنج ڕۆژە کە باران و تەرزەلۆکە دەبارێت و کڕێوە دەکات، کەو دەیکات بە قاسپەقسپ، بە مەدەڵێن (تاڵ و توشیە و کەو کوێستان بەجێدەهێڵیت، دێنەوە بۆ گەرمیان)، هەرچی بورجی پیرەژنیشە لە کۆتایی وەرزی زستاندایە کە هەتاو دەردەکەوێت، ژنانی بەتەمەن هاتوونەتە دەرەوە بۆ ئەوەی هەتاو لێیان بدات و سەروبەست و فێستەکانیان لابردوە، بەمە گوتراوە: (پیرەژن خۆی بەر خۆر دەدات) لە پڕدا هەتاو نامێنێت و سەرمایەکی بەهێز دێت، کە گوایە فریای خۆ کۆکردنەوە ناکەوێت، هەربەم هۆکارەش ناویان لێ ناوە (بورجی پیرەژن).
دواتر وەرزی زستان بە شینی خاتوو زمهەریر کە بەزوقم و پروشەی بەفر کۆتایی پێدێت، لە کوردەواریدا سەبارەت بە دەستپێک و کۆتایی زستان گوتراوە، کە لەسەرەتای هاتنی وەرزی زستاندا بەفر دەنێرێت بۆ لای هەڵەکۆک، کە شووی پێ بکات، بە هەڵەکۆک دەڵێت ''هەڵەکۆک شووم پێبکە، هەڵەکۆکیش دەڵێت: نەپرژم هەیە نە باڵم، چیم داوە لە ماڵ و حاڵم!، دوای ئەوەی کە زستان بەرەو کۆتایی دەڕوات و هەڵەکۆك لە ژێر بەفردا دێتە دەرەوە و پرژەکانی بڵاودەکاتەوە، دەنێرێت بۆ لای بەفر دەڵێت وەرە شوت پێ بکەم، بەفریش دەڵێت تنەتن کەوتووە بە بنم، چیم داوە لە حاڵ و ژنم''. دیارە هەڵەکۆك یان وەک دەگوترێت (ئاڵە کۆک)، (ئاڵی کۆک) گیایەکی خۆڕسکە لە ناو بەفردا دەڕوێت.
ئەوانە هەندێکن لەو زانیاریانە لە سەر پۆلێنکردنی سەرما لە وەرزی زستاندا، ڕەنگە جۆرێکی سەرگوزشتە و خورافەبن، بەڵام بە هەموویان کەرەستەی لێکۆڵینەوەی وردن لە مێژووی جوگرافیایەک، کە کورد تێیدا ژیاوە و بە پێی ئەزموونی هەزاران ساڵەی خۆی توانیویەتی جۆرێک لە دابەشکاری و ئەزمونگەری خۆی بخاتەگەڕ تا بتوانێت بەرەنگاری سەختییەکانی ژیان بێتەوە، لە سەردەمانێکدا کە وەرزی سەرماوسۆڵە مەترسی گەورەی خستۆتە سەر ژیانی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و بەردەوام هەڕەشە بووە لەسەر بەردەوامبوونی مرۆڤ. هەروەها دەکرێت کەرەستەی ژیانی کۆمەڵایەتی و هەموو وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەبێت و لە هەر ڕووێکەوە بیگریت دەیان نموونەی جوانی تێدایە تا ببنە بابەتی زانیاری کۆکردنەوە.
سەرچاوەکان
١-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(مینا ساڵح محمد)، تەمەن(٨٨)ساڵ، ٥-١١-٢٠٢٥، (١٠:٠٠-١:٤٥)گوندی کانی مانگ.
٢- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(جیهان ئەحمەد)، تەمەن (٨٥)ساڵ، (١٥-٨-٢٠٢٥)،(١١:١٥-١٢:٣٥).
٣- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(شەوبۆ ڕەسوڵ حەسەن)،تەمەن(٩٩)ساڵ، (١٨-١٠-٢٠٢٥)، ،(٢:٠٠-٢:٢٥)، سلێمانی.
٤- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(سارا فەقی محەمەد)، تەمەن(١٠٠)ساڵ، (١٤-١١-٢٠٢٥)، (١١:٠٠-١١:٤٥)، ڕانیە.
٥- چاوپێکەوتنی توێژەر(عومەر ڕەشید محەمەد)، تەمەن(٨٤)ساڵ، (١٧-٧-٢٠٢٥)، (٣:٠٠-٣:٣٥)، پێنجوێن.
٦- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ (کەریم سدیق جەلال)، تەمەن (٩٣)ساڵ،(٢٥-٧-٢٠٢٥)، سلیمانی.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment