نونی ژنانی کورد  لە نێو گوڵزاری پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدا بۆ کتێب بیروڕا

ڕاز ئەسعەد

کاری داهێنەرانە هەمیشە پێویستی بە بناغەی پتەوە، هیچ کارێکیش داهێنەرانە نییە، ئەگەر لەسەر بنەما و پێگەی مێژوویی نەبێت و ڕەگ و ڕیشەی لەقوڵاییەوە سەرچاوەی نەگرتبێت، بەو پێیەی هەر لە کۆنەوە بەغدا شاری ڕۆشبیری و پێشکەوتن بووە و ساڵانێکە بەهۆی دەسەڵاتدارێتی چەوتەوە پێگەی شایستەی خۆی لەدەستداوە، ئێستا وردە وردە شوێن پێی خۆی لە پێشەنگدا دەکاتەوە و پێشانگای کتێبی ئەم ساڵی لەجوڵەیەکی داهێنەرانەی بێوێنەدا ئاسۆی فراوانی بیرکردنەوەی دەسەلمێنێتەوە.

بۆ پێشانگای کتێبی ئەم ساڵ و لە خولی شەشەمیدا، بەڕێوەبەرانی پیشانگاکە دەروازەکان ڕادەستی سەد ژنی داهێنەر دەکەن، کە لە ماوەی سەدەیەکدا لە سەرتاسەری عێراقدا پێشەنگی پێشکەوتنی هزری و جڤاکی و سیاسی و کولتوری بوون، ژنانێک کە بۆ هەمیشە مێژووی ژنیان لە یادگەی عێراقدا نەخشاندووە و هەمیشە پێش سەردەمی خۆیان کەوتوون و تەنانەت ناوی نیشتمانەکەیان لە نێو وڵاتانی جیهاندا بەرزکردۆتەوە. ژنانێکی ڕێچکەشکێن ئاسۆی بیرکردنەوەی ئەم کۆمەڵگایەیان بەجۆرێک فراوان و پێشخست، کە بوونە ناونیشان و لۆگۆی پێشکەوتن و شانازی نەوەکانی داهاتوو.

ناونیشانی سەرەکی پێشەنگاکە (سەد نونی عێراقی)ە، نون لە (نون النسوة)وە هاتووە و مەبەست لێی ژنانە، شێوەی لۆگۆی گشتی پێشانگاکەش لە کارێکی هونەرمەندی ناوداری شێوەکار جەواد سەلیمەوە وەرگیراوە، کە تابلۆیەکە بەناوی (دایکایەتی/ الامومة ١٩٥٤) و بریتییە لە بەرجەستەی نەحتێک لە شێوەی پیتی نوندا، هەڵبژاردنی ئەم تابلۆیە وەک لۆگۆ کارێکی زیرەکانەیە چ وەک یادێک بۆ جەواد سەلیم و چ وەک ڕەمزێک بۆ ژنان.

هەڵبژاردنی سەد کەسایەتی وەک کاریزما و ژنی داهێنەر، زۆر بە ئاگایی و زیرەکانەیە و تەواوی ئەو ژنانە نەک هەر لەعێراقدا بەڵکو لە ناوچەکە و جیهانیشدا ناسراون و کاریگەریی گەورەیان لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگا و بیری پێشکەوتنخوازی هەبووە و لە تێکڕای بوارەکاندا ڕێچکەشکێن و داهێنەر بوون.

دوور لە ئاگاداری ڕێکخراوەکانی ژنانی لای خۆمان، کە پێویست بوو لەپەراوێزی پێشانگاکەدا چەندین کارو چالاکیان هەبووایە، لە نێو ئەو سەد ژنە داهێنەرەدا چەند ژنێکی ناودار و ڕێچکەشکێنی کوردیش بوونەتە گوڵی ڕازاوەی نێو دیوانی سەد ژنی داهێنەر لەعێراقدا، لەوانە حەپسەخانی نەقیب، وەک سەرکردەی نەتەوەیی و دامەزرێنەری یەکەمین قوتابخانەی کچان لەعێراقدا، سانیحە ئەمین زەکی بەگ وەک یەکەمین خانمە پزیشکی موسڵمان، زەکیە ئیسماعیل حەقی وەک یەکەمین ژنە دادوەر لەوڵاتانی عەرەبیدا و...هتد.

بەم ناونیشان و گرنگیدانە بە ژنان و بە بەشداری زیاتر لە ملیۆنێک ناونیشان لە بیستوسێ دەوڵەتەوە، پێشانگای کتێب لەبەغدا و شاری بەغدا دەچێتەوە دۆخی ڕۆشبیری ئاسایی خۆی، کە پێشتر لە ناوچەکەدا بەسەنتەری خوێندنەوە و کتێب و ڕۆشنبیری ناسرابوو، جاران دەگوترا کتێب لە قاهیرە دەنوسرێت و لە بەیروت چاپدەکرێت و لەبەغداش دەخوێندرێتەوە، بەئومێدی گەڕانەوەی ئەو ڕۆژگارە، سەرکەوتن بۆ هەموو پێشەنگاو فێستیڤاڵێکی کتێب و چالاکی ڕۆشنبیری.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین