سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی نوێ ئەمریکا لە هەولێر دەکات کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ گویندەلن گرین کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر و ستیڤ بیتنەر کونسوڵی پێشووی ئەمریکا کۆبووەوە، کونسوڵی نوێی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆک بارزانی رۆلێکی ئەفسانەیی و بەرچاوی هەبووە لە ئاساییکردنەوەی باردۆخەکان لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەمڕۆ یەکشەممە (10/ئاب/2025) سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە هەریەک لە گویندەلن گرین کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر و ستیڤ بیتنەر کونسوڵی پێشووی ئەمریکا لە هەولێر کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، "لە کۆبوونەوەکە سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ هەردوو کونسوڵی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کونسوڵی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەرکە نوێکانیاندا خواست و سوپاس و پێزانینی هەبوو بۆ کونسوڵی پێشووی ئەمریکا کە لە ماوەی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان ڕۆلی بەرچاوی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و کارکردنی هاوبەش و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.

سەرۆک بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی "بە هەڵوێست و پشتیوانییەکانی ئەمریکادا لە دوای کۆڕەوی ساڵی 1991 و روخانی رژێمی پێشووی عێراق و شەری دژی تیرۆرستانی داعش و ئەو هەڵوێست و پشتیوانیانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەرزنرخاند."

هەر لەو کۆبوونەوە، کونسوڵی پێشووی ئەمریکا لە هەولێر سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەو ماوەیەی لە هەرێمی کوردستان کاری کردووە و ئاماژەی بە پاڵپشتی سەرۆک بارزانی و دامو دەزگاکانی حکومەت دا بۆ ڕایی کردنی کارەکانیان و جەختی لە پەیوەندی پتەوی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە و تیشکی خستەسەر بارودۆخی ئێستا و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕۆلی سەرۆک بارزانی لە ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکان لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند. 

بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "کونسوڵی نوێی ئەمریکا باسی لە ڕۆلی سەرۆک بارزانی کرد و بە رۆلێکی ئەفسانەیی وەسفکرد و جەختی لە پەیوەندیی بەهێزی بەردەوامی و دوولایەنەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە."

هەروەها لە راگەیێندراوەکە هاتووە، دوایین گۆڕانکاریەکان و ئالنگارییەکانی ناوچەکە و پرسی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و بارودۆخی سوریا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەبوون.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین