توركیا گوێ به‌ ناڕه‌زاییه‌كى عێراق نادات  له‌ بۆردومان به‌رده‌وامه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

دواى پێدانى یاداشتى ناڕه‌زایى له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق به‌ رێكخه‌رى كاروبارى باڵیۆزخانه‌ى توركیا له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانى توركیا له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مڕۆ توركیا جارێكى تر ده‌ستى به‌ بۆردومانكردنى چه‌ند ناوچه‌یه‌كى هه‌رێمى كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ چوارى ئایار توركیا جارێكى تر ده‌ستى به‌ بۆردومانى ناوچه‌ى كانى ماسێ له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك كرده‌وه‌، سه‌ربه‌ست سه‌برى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى كانى ماسێ به‌ ماڵپه‌ڕى "رووداو"ى راگه‌یاندووه‌، هێزه‌كانى تورك سنوورى گونده‌كانى كانى ماسێ و قه‌زاى ئامێدى به‌ به‌رده‌وامى بۆردومان ده‌كه‌ن. سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌كانیش به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى كانى ماسێ گوتوویه‌تى، "تا ئێستا زیانه‌كان نه‌زانراون".

ئه‌و بۆردومانه‌ى هێزه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر گونده‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ هێشتا 24 كاتژمێر به‌سه‌ر ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ تێنه‌په‌ڕیوه‌ كه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق به‌ باڵیۆزخانه‌ى توركیاى له‌ به‌غدا داوه‌.

شه‌وى رابردوو دووشه‌ممه‌ سێى ئایار، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا له‌ ماڵپه‌ڕى خۆى ئاشكراى كردووه‌، نزار خه‌یڕوڵا بریكارى یه‌كه‌مى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بانگهێشتى كوجلو كاڵڤاتى رێكخه‌رى كاروبارى باڵیۆزخانه‌ى توركیا له‌ عێراق كردووه‌ و یاداشتێكى ناڕه‌زایى پێداوه‌.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و سه‌ردانه‌ى خوڵوسى ئاكارى وه‌زیرى به‌رگرى توركیا ده‌كات، كه‌ بێ وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندى حكومه‌تى عێراق بۆ ناوچه‌ى كانى ماسێى له‌سنوورى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ئه‌نجامى داوه‌. هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ناڕه‌زایى له‌ لێدوانه‌كه‌ى سلێمان سۆیلۆ وه‌زیرى ناوخۆى توركیا ده‌ربڕیوه‌ كه‌ گوتوویه‌تى، "بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى له‌ مه‌تین داده‌مه‌زرێنین".

توركیا چه‌ندان ساڵه‌ به‌ بیانووى دژایه‌تى پێگه‌كانى په‌كه‌كه‌ بۆردومانى سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و له‌شكركێشى ده‌كات، ئۆپراسیۆنى سه‌ربازى ئه‌نجام ده‌دات. به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق پاراستنى سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌ستۆى حكومه‌تى عێراقه‌، به‌ڵام وه‌ك چاودێرانى سیاسى و په‌رله‌مانتارانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان باسى ده‌كه‌ن، هه‌ڵوێستى حكومه‌تى عێراق له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ جددى نییه‌ و له‌ ئاست ئه‌و زیانانه‌ى بێده‌نگه‌ كه‌ به‌ر خه‌ڵكى نزیك سنووره‌كان ده‌كه‌وێ.
 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین