سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان: پشتگیری لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا پشتگیریی لە دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تی فەڵەستین دەكەین کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا پشتگیریی خۆی "بۆ مافى چاره‌یخۆنووسین بۆ گه‌لى فه‌ڵه‌ستین و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى ڕه‌وایه‌تى و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا" دەكاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (23/ئەیلوول/2025) سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "هه‌رێمى كوردستان به‌ گرنگییه‌كى زۆره‌وه‌ له‌ گفتوگۆكان له‌ په‌راوێزی کۆبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رباره‌ى فه‌ڵه‌ستین ده‌ڕوانێت. ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ته‌واوى پشتگیریمان بۆ مافى چاره‌یخۆنووسین بۆ گه‌لى فه‌ڵه‌ستین و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى ڕه‌وایه‌تى و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌."

 

دەقی ڕاگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:

هه‌رێمى كوردستان به‌ گرنگییه‌كى زۆره‌وه‌ له‌ گفتوگۆكان له‌ په‌راوێزی کۆبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رباره‌ى فه‌ڵه‌ستین ده‌ڕوانێت. ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ته‌واوى پشتگیریمان بۆ مافى چاره‌یخۆنووسین بۆ گه‌لى فه‌ڵه‌ستین و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى ڕه‌وایه‌تى و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ئێمه‌ وه‌ك گه‌لێك كه‌ زۆر قوربانیمان بۆ ئازادى و مافه‌ ڕه‌واكانمان داوه‌‌، به‌ ڕێزه‌‌وه‌ له‌ تێكۆشان و قوربانیدانی گه‌لى فه‌ڵه‌ستین له‌پێناو ئازادیدا ده‌ڕوانین و‌ ساڵانێكى‌ درێژه‌ نوێنه‌رایه‌تیى فه‌ڵه‌ستینمان له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه.

جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى نه‌گۆڕى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ شه‌ڕ و كوشتار هیچ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات. بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مووان له‌ ئارامى و سه‌قامگیرى و ئاسووده‌ییدا بژین، ده‌بێ شه‌ڕ و كرداره‌ چه‌كدارییه‌كان بوه‌ستن، پێکه‌وه‌ژیان و ئاشتى به‌رقه‌رار بێت و به‌پێى به‌ها مرۆیییه‌كان و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان مافى ڕه‌واى گه‌لانى ناوچه‌كه‌ و ئاسایش و ژیانى شكۆمه‌ندانه‌ و دادپه‌روه‌ر‌ى بۆ هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر بكرێت و بسه‌لمێنرێت.

سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان

2025/9/23

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین