مێژووی پۆشاک و ڕەسەنایەتی بەرگی ژنی کورد توێژینەوە

ڕاز ئەسعەد

(زنجیرە ٣)

جۆری قوماش گەڵاڵەی کەلتووری پۆشینە

وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەی هەر کۆمەڵگایەک ڕەنگدانەوەی مێژووی کۆمەڵایەتی، نەریت و کولتووری جیاوازی ئەو کۆمەڵگایە لەخۆدەگرێت، بەو پێیەی جلوبەرگ پێکهاتەیەکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەیە و قوماش یان کوتاڵیش پێکهێنەری سەرەکی جلوبەرگە، کەواتە قوماش یەکێکی دیکەیە لەو ئامڕازانەی ژیانی ڕۆژانە لە دیدگای هەر کۆمەڵگایەکەوە پێناسەی ژیانمان بۆ دەکات، هەربۆیە جۆرەکانی جلوبەرگ و قوماش، کە دوو وابەستەی یەکدین و هەرگیز لێک جودانابنەوە، بەواتایەکی دیکە ئەوەی گۆڕانکاری لە نێوان ئەم دوو وابەستە یان تەواوکەرەی یەکتردا دروستدەکات، لە زوربەی جارەکاندا خودی قوماشەکە نییە، بەڵکو ئەو دیزاین و جۆری دورینەیە کە کۆمەڵگایەکی دیاریکراوی پێ دەناسرێتەوە.

سەبارەت بە زاراوەی (قوماش/کوتاڵ Textile) لە وشەی لاتینی (texere) وەرگیراوە، کە هەندێک دەڵێن بە واتای (بۆ بنیادنان) دێت، پێدەچێت ئاماژە بێت بەوەی کەرەستەیەک یان داپۆشەرێک بۆ جەستە بونیاد دەنێت، چونکە لە بنەڕەتدا قوماش لە کەرەستە سەرەتاییەکانی سروشتەوە وەرگیراوە، لەبەرامبەردا هەندێکیش پێیانوایە وشەی (قوماش Textilis) لە وشەی لاتینی (textiles) وەرگیراوە، کە بە واتای (چنراوwoven)، (ڕیشاڵ Fabric) یان (جلcloth) دێت، زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین مێژووی قوماش بۆ پێش مێژوو دەگەڕێتەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەر پێکهاتە و جۆر و ناوی قوماشەکاندا هاتووە، لەڕابردوودا قوماش لە تۆڕێک ڕیشاڵی سروشتی دروستکراوە، ئەوەی گرنگە بوترێت مێژووەکەی هێندەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی کۆنە، هەندێک پێیانوایە کۆنترین ئاماژەی مێژوویی بۆ قوماش بۆ نزیکەی سەدەکانی شەش و حەوتی پێش زایین دەگەڕێتەوە، تەنانەت بۆ چەند هەزار ساڵێک تەنها قوماشی سروشتی بوونی هەبووە و سەرجەمیشیان لە سروشتەوە بەرهەمهێنراون، کە بریتی بوون لە (خوری wool)، (ئاوریشم Silk)، (لۆکە  Cotton)، (کەتان Flax) ، کەواتە بەشێوەیەکی گشتی قوماش و زاراوەی قوماش واتایەکی زۆر فراوان و دەوڵەمەند دەبەخشێت، کە کەرەستە و ماددەی زۆر لە خۆدەگرێت، بەشێکی سەرەکی ژیانی ڕۆژانەمان پێکدەهێنێت، هەر لەو جلوبەرگانەوەی لەبەری دەکەین تا دەگاتە جۆر و تەکنیکی ئەو قوماشانەی کە لە بواری پزیشکی و پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێن.

کوتاڵ لە کەلەپووری کوردیدا

کۆمەڵگەی کوردی وەک هەر کۆمەڵگایەکی دیکە، بەکارهێنەری جۆرە جیاوازەکانی قوماش بووە بۆ ئەوەی پۆشاکێکی ڕەسەنی کوردی لێ دروست بکات، کەواتە ئەوە شێوازی دورین و دیزاینە کە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە خودی قوماشەکە کولتووری کوردی یان نەتەوەیەکی دیکەمان پێ ئاشنا بکات.

لە کۆنەوە تائێستا جۆری ئەو قوماشانەی جلی لێ دروستدەکرا، بەپێ پارچەکانی جلی کوردی و وەرزەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، سەرەڕای جوانی جلی کوردی کە ڕۆژهەڵاتناسەکان بەردەوام سەرسامی خۆیان لەبەرامبەریدا نەشاردووەتەوە و بەشێکی گرنگ بووە لە یاداشت و بیرەوەرییەکانیاندا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە باری ئابووری لە کۆمەڵگای کوردیدا ڕەنگە دیارترین ئەو هۆکارانە بێت کە بە ڕێژیەکی بەرچاو جیاوازی لەنێوان کەسانی دەوڵەمەند و دەستڕۆشتوودا دروستکردوە، خاتوو هێنی لەگەڵ ئەوەی بە وردی باسی لە پارچەکانی جلی کوردی کردوە، لە هەمانکاتدا جلی کوردی بەسەر چەند مەڵبەندێکدا پۆڵێنکردوە، (دەرەبەگایەتی دێ، مەڵبەندی ساکاری جوتیاران، مەڵبەندی خوێندەواری شار، مەڵبەندی نەخوێندەواری شار)، ئەوە دەڵێت ''جیاوازی لە نێوان جلی ئافرەتی دەرەبەگی دێ و جلی ئافرەتی ساکاری جوتیاران لە شێوە و لە ژمارەی پارچەکانیدا نییە، بەڵکو لە ڕەنگ و لە جۆری قوماشەکەدایە'' بۆ نموونە قوماشی جلوبەرگی ژنانی مەڵبەندی دەرەبەگایەتی زیاتر بریتی بوون لە (مەخمەڵ، چیت، جورجێت، کودەری، ئارمووش، ئارمووشی دەستکرد و هەندێك جاریش ئارمووشی گوڵ سیم و نایلۆنی دەستکردی ڕەنگاوڕەنگی ژاپۆنی دەکەنە کورتەک) بەڵام لە مەڵبەندی ساکاری جوتیاران ئاماژە بەوە دەدات کە زیاتر قوماشی سپی، یان گوڵ گوڵ و تێر ڕەنگ بەکاردێنن، لە گوندی تۆپزاوە زۆربەیان سەرپۆشەکانیان ڕەنگی سپی بووە، هەندێک جاریش پیرۆزەیی، هەروەها باس لە گوندی سەرکان دەکات کە باوترین ڕەنگ (قورمزی) بووە، لە میرزا ڕۆستەمییش ڕەنگەکانی (ڕەش، نیلی تۆخ)، سەبارەت بە دوو مەڵبەندەکەی دیکەش هەمان قوماشیان بەکارهێناوە، تەنیا جیاوازییەکە لە ڕەنگەکاندا دروستبووە، هەروەها عەبایان بەسەر جلە کوردییە ڕەسەنەکانیاندا داوە. ئەم جیاوازییە لە ڕووی ئابووریی و توانای کڕینی قوماشەکان، تەنها لە باشووری کوردستان نەبووە، بەڵکو زۆربەی ناوچەکانی گرتۆتەوە، لەم ڕووەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لێی بێبەش نەبووە، (جەلیل ظیائپور) ئاماژەی بە جلوبەرگی خانمانی ڕۆژهەڵاتداوە و باسی  لە ڕێکوپێکی و جوانی قوماشەکان کردووە، بەتایبەتی لە نێوان چینی دەوڵەمەند و ئاغا و بازرگان و دەستڕۆیشتووەکاندا، بۆ نموونە دەستێک جلوبەرگی خانمانی مهاباد لە هەشت بۆ دە پارچە پێکهاتووە.

دیارترین ناوی قوماشەکان (بوک لەرزێنە،  مەل مەل، جادەی تاران ، جورجێت، خەسوتەقێنە، خامەکی مۆر، هانی هانی، پەشمەک، گورنی گوڵ باتمان، قەنەوز، تافتە، سورمەی دەرزی، کەتانچین، مۆزلین، نازناز، شیفۆن، نادر، شاڵی گوڵدار، سورمەی حەوت ڕەنگ، دانتێل، پولەکەی زیگزاگ، بلوری، ئەتڵەس، سللک، سرکەیی، گوڵ لیرە، جەلسە، سیا، خاڵ خاڵ، شوعل لیل، قەستۆر، بێچوو، چیتی شرکەتی، ساف سورمە، کوێستانان خاڵ خاڵ، جامانە، خام، کڕنەک، دیسکۆ، چاوە مار، پۆپەشمین، حەوزی بۆکان، چاووبرۆ، سورمەیی، فرمێسک، گەڵامێو، گوڵ تۆپی، مازەندەران، ئەنگۆرە، سرکەیی پەڕلۆن، دایلین، مەخمەل، برنجۆک، ئاگرباران، سورمەی حەسیری، کەتان، وەی وەی، چاوو برۆی سەمیرە تۆفیق، گوڵە جۆ، قەیفە، کرێم، تەرزە و باران ، چیمەن، پرچی ئایشێ و فاتمە، گورونی گوڵ هۆقە، شەبەنگەڕۆژ، بلوری، مەنتۆ، پەڕلۆن، شیش کەباب، شاخ و داخ، بی بی خانم، گوڵە شقارتە، سورمەی تێل قرمە، کرێشە، خیابان، کودەری ....تاد.

هەروەها ناو و جۆری ئەو قوماشانەی کە بۆ ئاوەڵکراس بەکاردەهێنران ئەمامەن: چیت، کودەری، دیسکۆ، خامەک، جورجێت، لیالی ...تاد.

بۆ ژێرکراسیش بەگشتی لە قوماشی ئاوەڵکراسەکە بوو، هەندێک جاریش جیاواز بوو، بە گشتی ئارمووشی بریقەدار، سورمە شاڵی گوڵدار ....تاد بەکاردەهات.

کراس

هەندێک جار بەپێی وەرزکان گۆڕانکاری بەسەر قوماشی کراسەکاندا هاتووە، لە زستاندا ئەو قوماشەی هەڵیاندەبژارد بۆ دورینی کراس، قوماشێکی ئەستور بوو تا لە سەرما بیانپارێزێت، لە هاوینشدا قوماشی نەرم و کەمێک تەنک بەکاردەهێنرا. ئەو قوماشانەی بۆ کراس بەکاردەهات چەند جۆرێک بوو، لەوانە: (فرمێسک، کڕنەک، جادەی تاران، حەوت ڕەنگە، زیگزاگ ....تاد)، لە ناوماڵدا زیاتر کراسی کودەریان لەبەرکردوە، ڕەنگە بەهۆی کەمی کێشی قوماشەکەوە و کەمی نرخەکەیەوە بووبێت، هەروەها کراسی دانتێلیش یەکێکی دیکە بوو لەو کراسە باوانەی کە بۆ بوک کراوە.

کەوا

ئەتڵەس یەکێک بوو لە قوماشە باوەکان کە دەکرا بە کەوا، چونکە بۆ زستان گەرم بوو، ڕوویەکی سافی هەبووە، هەروەها قوماشی شاڵیش کراوە بە کەوا، چونکە ڕووکارێکی نەرمی هەبووە، زۆریش ئەستور نەبوو، زیاتر لە بۆنە تایبەتیاکاندا لەبەرکراوە، لە هەمانکاتدا قوماشی شاڵ بۆ کراسیش بەکارهاتووە، زیاتر ئەو کەسانەی کردوویانە کەسانی دەستڕۆشتو و دەوڵەمەند بوون، بەشێوەیەکی گشتی کەوا لە ناوماڵدا بەهۆی کارکردنەوە لەبەرنەکراوە، تایبەت بووە بە بۆنە جیاواز و تایبەتەکانی وەک جەژن، زەماوەند ...تاد، هەروەها قوماشی سورمەی دەرزی بەو پێیەی پێکهاتەیەکی کەمێک ڕەقی هەبووە بۆ کەوای ناودار(لۆکە) بەکارهاتووە، چونکە لەبەردا جوانتر وەستاوە، سەبارەت بەو قوماشەشی کە دراوە لە بەری کەواکان قوماشی خامیان بەکارهێناوە.

سەڵتە، کوڵەنجە، کوڵینجە

خانمان لە کۆندا لە ناو ماڵدا زیاتر سەڵتە، یاخود هێلەگیان لەبەرکردوە، هەرچەندە وەک سەڵتەی ئێستا نەبووە و بۆ کارکردن ئاسانتر بووە، لە هەمانکاتدا لەوەرزی زستاندا گرمیەکی باشی بۆ جەستە دابینکردووە، بەتایبەت ژنانی بەتەمەن زیاتر پۆشیویانە، هەروەها قوماشی خامیان وەک بەر بەکارهێناوە، یەکێک لەو قوماشانەی کە بەکاردەهات (سورمەی دەرزی) بوو، کە پێکهاتەکەی کەمێک ڕەق بووە و ڕووکارێکی ناسکی هەبووە، سیمی تێدابووە، هەندێک جاریش نەخشی لەسەر دەچنرا، بەم نەخشە دەگوترا (دادورین) بە پولەکە یان زەنگیانە ئەنجامدەدرا.

هێلەک، ئێلەگ، سوخمە، سیخمە

لە ناوماڵدا هێلەگ بەردەوام لەبەرکراوە، چونکە بە کۆکراوە و گورجیان زانیوە بۆ کارکردن، ژنانی گەنجیش زیاتر حەزیان لە پۆشینی کردووە، قوماشی خامیان کردووە بە بەرەکەی، زیاتر ئەو قوماشانەیان بەکارهێناوە کە ڕەنگاوڕەنگ بوون وەک سورمە.

کۆڵوانە، دەسماڵ، چەفتە

کۆڵوانە، دەسماڵ، چەفتە


ئەگەرچی هەریەکەیان پارچەیەکی جیاوازی جلوبەرگی کوردییە، بەڵام بەگشتی هەمان جۆری قوماشیان بۆ بەکاردیت کە تەنک و ناسک و بریقەدار بووە، وەک (سرکەیی، پەشمین، دانتێل... ، هەندیک جاریش بەهۆی خراپی باری ئابوورییەوە قوماشی خامیان خوم دەکرد و دواتر کردوویانە بە کۆڵوانە.

لێرەوە گرنگی قوماش یان کوتاڵ دەردەکەوێت، کە جۆر و شێوازەکانی چەند ڕۆڵی کاریگەریان بەسەر دیزاین و شێوازی جلوبەرگ و تەنانەت جیاوازی چینایەتییەوە هەبووە، هەموو پارچەکان و تەنانەت ناوی قوماشەکان و شێوازی دیزاین و دوورینی پارچەکان بە پێی ناوچە جوگرافییەکانی کوردستان جیاواز و جۆراوجۆرن، ئەمەش ئەگەر مانایەک بدات، تەنیا دەوڵەمەندی زمان و کولتوور و فەرهەنگی کوردی دەردەخات، بۆیە زیندوو ڕاگرتنی ئەو کەلتوورە پەیامی لە پێشینەی هەمووانە. 

 

سەرچاوەکان

 ١- لەیلا نوورانی و سەلاح پایانیانی، فەرهەنگی جل و بەرگ وخشڵ و خاڵی ژنانی موکریان ، چ١، ١٣٩٣،تهران، ل٢٠٢٣

 ٢- هێنی هارۆلد هانسن، ژیانی ئافرەتی کورد، و؛عەزیز گەردی، چاپخانەی کۆڕی زانیاری عێراق، بەغداد، ١٩٨٣، ل ١٧٧.

٣-جلیل ظیائپور، پوشاک ایل ها،چادرنشینان و روستایان ایران، انتشارات وزارت فرهنگ وهنر، بدون سال چاپ، ص٥٧.

٤- Rita Patra ,The History of Fabric ,July 3, 2014 https://share.google/FyTABv8AoR0ApQIHa

 

چاوپێکەوتنەکان

٥- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(مهاباد حەسەن شەریف) ، تەمەن ٨٢ ساڵ، ٣٠-٨-٢٠٢٥،سلێمانی، ٤:٠٠-٤:٣٠.

٦- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو( شوکریە شەریف قادر)، تەمەن ٩٢ ساڵ، ٣١-٨-٢٠٢٥، سلێمانی، ٣:١٥-٣:٢٥.

   ٧-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(ئێران ئەسعەد ڕەسوڵ)، تەمەن ٧٩ ساڵ، ٣٠-٨-٢٠٢٥، سلێمانی، ١٠:٣٠-١٠:٤٠.

    ٨-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(هێرۆ عەبدوڵا ئیدریس)، تەمەن ٧٨ ساڵ، سلێمانی، ٦-٨-٢٠٢٤، ١٠:٠٠-١٠:٢٥.

      ٩-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(ئێران ئەسعەد ڕەسوڵ)، تەمەن ٧٩ ساڵ، ٣٠-٨-٢٠٢٥، سلێمانی، ١٠:٣٠-١٠:٤٠.

  ١٠- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(کەوسەر حەبیب عەلی)، تەمەن ٨٢ ساڵ، سلێمانی ،٢٥-٩-٢٠٢٤ ٣:٢٠-٣:٤٠.

    ١١- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(کەوسەر حەبیب عەلی)، تەمەن ٨٢ ساڵ، سلێمانی ،٢٥-٩-٢٠٢٤ ٣:٢٠-٣:٤٠.

       ١٢-لەیلا نوورانی و سەلاح پایانیانی، فەرهەنگی جل و بەرگ وخشڵ و خاڵی ژنانی موکریان ، چ١، ١٣٩٣،تهران، ل٢٠٢٣

      ١٣- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(ئێران ئەسعەد ڕەسوڵ)، تەمەن ٧٩ ساڵ، ٣٠-٨-٢٠٢٥، سلێمانی، ١٠:٣٠-١٠:٤٠.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین