ئامادەکارییەکانی ژنان لە پێشوازی شا وەرزیی پاییزدا
ڕاز ئەسعەد
فەسڵی نەو پاییز تازە کەردەن مەیل
شەماڵ هەرزان کەرد ڕشتەی نەوسیوەیل
گێجی سەر کاوان جە سەردی بین کەیل
بۆ مدان چون بۆی بێوەفایی لەیل
ئازیز تاقەت شی ئاخر نەفەسەن
ڕەحمێ کەر ئامان، ئیستیغنا وەسەن
ئەگەر بەهار بوکی وەرزەکان بێت، ئەوا گومانی تێدا نییە پاییز بەو هەموو جوانیی و ئارامی و بێدەنگییەوە شای وەرزەکانە، وەرزی تێڕامان، خەزان و گەڵاڕێزانە، ڕووتبوونەوەی درەختەکان و فڕێدانی بەرگی سواوی بەر گەرمای هاوینە، لە پاییزدا هیچ دیمەنێک نییە دیدەکێشت نەکات و کەس نییە مەستی کەڤاڵی گەڵای زەرد و تیشکی ڕۆژی مەیلەوسپی نەبێت، پاییز ئارامی بە جەستە و بیروهۆش دەبەخشێت، بۆیە لای زۆربەی شاعیران بووەتە کەرەستەی شعری و کەم هەیە شعری بۆ کەزی و پرچی پاییز و دیمەنە شعرییەکانی خۆرئاوابوونی نەنووسیبێت، ئەوەتا مەولەوی لە پێوقەدەمی هاتنی پاییزێکی نوێدا هانا دەباتە بەر دەسپێکی وەرزەکە و خوازیارە بە دیداری دڵبەری شاد بکات.
پاییز جگە لە یەکسانبوونی زستانەی شەو و ڕۆژ، دووبارە شکاندنەوەی ڕێڕەوی خۆری ئاسمانی بێگەرد، سەرەتایەکیشە بۆ دەرکەوتنی وەرزی سەرماوسۆڵە و ڕۆژانی بەر ئاگردان و تەڕوتووشیی نێو سرووشتی کوردستان، بێگومان ئەو بارودۆخە بە تایبەت کە زستانی کوردستان تاڕادەیەک سەختە، پێوستی بە ئامادەکاری و خۆسازدان بووە تا بە ئاسودەیی بتوانن مانگەکانی وەرزی سەرماوسۆڵە بەڕێ بکەن، ژنانی کورد لەو ئامادەسازیانەدا بەشی گەورەیان لە ئەستۆ گرتووە، تا ماڵێکی گەرموگوڕ بۆ منداڵ و خێزانەکانیان دابین بکەن و بە ئاسودەیی لە چاوەڕوانی بەهار و ساڵی نوێدا ژیان بەسەربەرن، ئامادەکارییەکان زۆرن لێرەدا هەندێکیان، ئەگەر بە کورتییش بێت بەسەر دەکەینەوە.
تەتەڵەکردن و قوڕەشۆرکردنی گەنم
پێش ئەوەی بەمەبەستی هاڕین، گەنم ببرێت بۆ ئاش پێویستی بە خاوێنکردنەوەیە، ئەم کارە سەختە و هەروا ئاسان نییە، چونکە شتنەوەیەکی ئاسایی نییە و قوڕەشۆر دەکرێت، کارەکەش ژنان پێیهەڵدەستن و بە چەند قۆناغێک ئەنجامدراوە، پڕۆسەیەکی تاقەت پڕوکێن بووە، سەرەتا دەبوو لە پوش و پەڵاش و بەری گیا زیانبەخشەکان پاکبکرێتەوە، بەم کردارە دەگوترا (لە گێژدانی گەنم) کە بە بێژنگ ئەنجام دەدرا و وردەکەیان لێ جیادەکردوە، دواتر جارێکی دیکە لەسەر سینی دەیانبژارد، بەمەش دەگوترێت (تەتەڵەکردن)ی گەنم، کە بریتی بوو لە جیاکردنەوە بەردەکان لە گەنمەکە، ئەم کارە زۆرتر لەلایەن ژنانی بەتەمەنەوە ئەنجامدەدرا، چونکە ئەزمونیان هەبووە لەکارەکەدا و کارامەتر بوون.
پاش ئەوەی گەنمەکە لە هەموو بابەتە زیانبەخش و بەرد و داڕووجان و ...هتد پاک دەکرایەوە، ئیتر دەگەیشتە قۆناغی شتنەوە، شتنەوەکەش دەبوو زۆر بە بەجوانیی بێت، چونکە دوای ئەوە ڕاستەوخۆ بۆ خواردن بەکاردەهێنرێت، ئەو شێوازی شتنەوەیە پێیدەگوترا (قوڕەشۆر)، دوای بڕینی قۆناغەکانی پێشتر هێشتا گەنمەکە مرۆری هەر تێدا دەما، کە بە قوڕەشۆر نەبێت لیینابێتەوە، مرۆر گیایەکی دڕکاوی گوڵ زەردە لە ناو دانەوێڵەدا شین دەبێت و لەگەڵ گەنمەکەدا دەدورێتەوە، ئەگەر لە گەنمەکە جیانەکرێتەوە دواتر ئاردەکەی تاڵ دەبێت.
گەنمەکە دەکرێتە ناو چەند مەنجەڵێکی گەورەوە، پێشتر گڵیان بۆ هێناوە و دواتر دەیگرنەوەو بەسەر گەنمەکەدا دەیکەنە ناو مەنجەڵەکەوە، لەبەر ئەوەی کێشی دەنکە مرۆر سووکترە لە دەنکە گەنم، سەرئاو دەکەوێت و لێی جیادەبێتەوە، پاشان دەی پاڵێون، دواتر دەیشۆنەوە بۆ ئەوەی قوڕەکەی پێوە نەمێنێت، پاشان بە سەبەتە دەیبەنە سەربان و هەڵیدەخەن، دەبێت لە ڕۆژێکدا چەند جارێک بە دەست ئەم دیوەودیوی بکەن بۆ ئەوەی نەترشێت، هەروەها پاسی چۆلەکەی لێبکەن چونکە هیچی ناهێڵنەوە.
ساوەر کوڵاندن
یەکێکە لەو کارە هەرەوەزیانەی ژنان لە کۆتایی هاوین و سەرەتای پاییزدا ئەنجامیانداوە و زۆرجار بڕیارەکە لە کانی ژنانەوە دراوە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ساوەر کوڵاندن، چەند ژنێک ڕێکدەکەوتن و شوێنێکیان دیاردەکرد تا پیاوان ڕۆژێک پێشتر ئاگردان و داری وشک بۆ سووتاندن ئامادە بکەن، هەندێک جاریش (سڕە یان بە کاردەهێنا، کە بریتییە لە پاشەڕۆی مانگا، گا، بزن) سڕە سووتەمەنییەکی خۆڕاگرە چونکە گەنم کوڵاندن ماوەیەکی زۆری پێویستە و دار فریای ناکەوێت، ڕۆژی دواتر دوای نوێژی بەیانی چەندین مەنجەڵی گەورە پڕ دەکران لە گەنم و گڕدەدران، بەو پێیەی ساوەر کوڵاندن مەراسیمێکی کۆمەڵایەتی و کۆبوونەوەی ژنانە، بەقسە و پێکەنین و گاڵتەوگەپ کارەکەیان بە هەرەوەزی ئەنجامدەدا، لە دوای کوڵانی گەنمەکە منداڵانی گەڕەک بەقاپەوە ڕیزیان بۆ دەبەست، بە گەنمە کوڵاوەکە گوتراوە (پەتڵە)، لە هەندێک ناوچەش پێیدەڵێن دانوولە، مەبەست لێی ئەوە بووە کە هێشتا گەنمە کوڵاوەکە یاخود ساوەرەکە نەکوتراوە، چونکە دوای کوڵاندنی دەکرایە نانەشانی دار و دەبرایە سەربانەکان و هەڵدەخرا تا وشکببێتەوە، لەوێش دەبوو پاسە چۆلەکە بکرێت، چونکە چۆلەکە حەزی لەو گەنمە کوڵاوەیە. دوای وشکبوونەوەی، کە ڕۆژێک یان دووانی دەویست، جارێکی دیکە کچان و ژنان بە هەروەزیی گەنمەکەیان دەبژارد و بە (دەسک و دۆڵ) دەکوترا، پاشان دەستاڕکراوە و کۆتا جار دەبوو بدرێت لە بێژنگ. ئەم پرۆسەیە چەند ڕۆژێکی پێویست بوو، هەموو کارەکانیشی بە هەرەوەزی ژنان دەکرا.
پەڕشە
یەکێکی دیکە لە کارەکانی خانمان پاککردن و ئامادەکردنی پەڕشەیە بۆ وەرزی زستان، بەهۆی ئەوەی کە پەڕشە ئەگەر زیاتر لە بڕی پێویست خاوێن بکرێتەوە ئەوا تێکدەچێت، پێویستە بە ڕادەی پێویستی خۆی بمێنێتەوە، هەر بۆیە لەوەدا زیرەکی کابان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، دوای هاڕینی لە ئاش و هێنانەوەی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەسەربان هەڵیان خستووە، دواتر لە ڕۆژێکدا کە (با) هەبووبێت دەستیان بە خاوێنکردنەوەی کردوە، بەم کردارە گوتراوە (بە باکردن)، چونکە ئەگەر با نەبووایە ئەنجامنەدراوە، پارچەیەک قوماشیان ڕاخستووە کابانەکان بە تەنەکەیەک بەبەرزی پەڕشەکەیان کرۆتە سەری و لەم کاتەدا پووشەکەی کە پێوەی بووە با بردوویەتی، دواتر داویانە لە بێژنگ و ئەو وردەیەی لێی ماوەتەوە، پێیانگوتووە (ژێر بێژنگ) ئەم کارانە زیاتر لەلایەن ژنانی بەتەمەنەوە ئەنجامدراوە، ئەوەی کە پێیاندەگوت ژێر بێژنە یان پیر خەلیلە بۆ شۆربا بەکاریانهێناوە، هەندێک جاریش واڕێکەوتووە کە بە دەستاڕ هاڕیوویانە، بە هەمان شێوە هەموو هەنگاوەکانیان ئەنجامداوە تەنها هەڵخستنەکەی نەبێت.
دۆشاو
یەکێک لە کارە سەختەکانی ژنان، بەڵام دەستڕەنگینی و سەلیقەی وردی کابانەکان پیشان دەدات، ئەویش دۆشاوکردنە، لە کۆندا ژنان بەرهەمی ماندووبوون و هێزی دەست و بازوی خۆیان خواردووە و بە درێژایی وەزری زستان و سەرما پێشکەش بە خێزانەکانیان کردووە.
بەچەند ڕێگایەکی جیاواز ئەم کارەیان ئەنجامداوە، یەکێک لەو ڕێگایانە دوای شۆردنەوەی تەماتەکە کردوویان بە سێ پارچەوە دواتر خستویانەتە سەر سوێنەی گڵین، یاخود تەشتی فافۆن و بردویانە لە سەربان بۆ ئەوەی هەتاو لێ بدات، دوای ماوەک چونەتە سەربان و دەستان تێکردوە کە بەمەیان گوتووە (هەڵفلیقاندنی تەماتە)، وەک ئامادەکارییەک بۆ دۆشاوەکە، دواتر بە هێڵەک پاوڵاوتویانە، جاری دووەم بە هێڵەکێکی وردتر پاڵاوتوویانە کە پێیوتراوە هێڵەکی واڵابێژ، پاشان کراوەتە تورەکەی خام بۆ ئەوەی ئاوەکەی پێوە نەمێنێت، کاتی ئامادەبوونی بەند بووە بە بڕی ئەو تەماتەیەی کە کراوەتە تورەکەکەوە، دواتر دەکرایە سەر سینی و لەسەربان دایان دانا تا خەست دەبوەوە، دوای ئامادەبوونی دەبوو لەگەڵ تاریکی بەرەبەیاندا خوێیان تێبکردایە و بکرایەتە کوپەڵە یان شوشەوە.
ڕێگای دووەمی ئامادەکردنەکەی دوای شتنەوە و لە تکردن و فلیقاندنەوەی تەماتەکە، کراوەتە مەنجەڵێلی گەورەوە و کەوچکیان تێکردوە، هەتا خەست بووەتەوە، دواتر کراوەتە سەر سینی لەسەربان دانراوە، لەم ڕیگایەدا لەبەر ئەوەی تەماتەکەیان کوڵاندوە ڕەنگی دۆشاوەکە کەمێک تۆخ بووە ، هەرچی ڕێگای سێهەمیشە دوای لەتکردنی تەماتەکە کراوەتە تەشتێکی فافۆنەوەو لەسەربان دانراوە، پارچەیەک خامیان داوە بەسەریدا، هەتا گەرمی هەتاو زیاتر لێی بدات، پاشان وەک ڕێگای دووەم دوای فلیقاندن بە هەمان ئەو کەرەستانە دوو جار پاڵاوتوویانە، دووبارە خامەکەیان داوەتەوە بەسەریدا و لەسەربان بەجێیان هێشتووە، ڕۆژانە سێ جار تێکیان داوە، ماوەی چەند ڕۆژێکی پێچووە هەتا ئامادە بووە، کە گەشتووەتە کاتی ئامادەبوونی بەیانییەکی زوو لە بولێڵدا کابان چووەتە سەربان و لەگەڵ تاریکی شەودا خوێی زبری پێوەکردووە و ئیتر ئامادەی خواردن بووە.
لەتکە
ئەم کارەش بە هەرەوەزی ئەنجامدراوە، ڕۆژێک پێشتر نۆکیان بۆ کردووەتە ئاو بۆ ئەوەی بخوسێت، بۆ ڕۆژی دواتر لەگەڵ تاریک و لێڵی بەیانیدا کابان هەستاوە، نۆکەکەی کردەوە بە قوڵینگە و سەبەتە دا، دوای ئەوەی کە ئاوی پێوە نەماوە، کە لە کوردەواریدا پێی گوتراوە (چۆڕانەوە) دواتر لە سەربان لەسەر ڕاخەرێک هەڵیان خستووە، چاوەڕێیان کردووە تا کاتی بێت و بیکەن بە دەستاڕدا، بەمە یانگوتووە (کڕە هاتنەوە)، کە بریتی بووە لەوەی ئەگەر نۆکەکە وشک بێت و بکرێت بە دەستاڕدا ورد دەبێت، لە هەمانکاتدا ئەگەر زۆر تەڕیش بیت ئەوا نۆکەکە پان دەبێتەوە، هەربۆیە کڕە هاتنەوە لە نێوان هەردوو کیاندایە، لەمەشدا وردی و سەلیقەی کابان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت.
ڕۆن تواندنەوە (زەنکردن)
لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بەهاردا کابانی ماڵ ئەو ماستەی دەیژەنێت دەبێت بە دۆ، دواتر بڕی ئەو (کەرەیەی) کە لە دۆکە دروستدەبێت (ژەمۆڵکە کەرە)، یان (بەرمەشکە) کۆیان دەکردەوە لە دەفرێکی گەورەدا کە پێیاندەگوت (کیتەڵەی دوو قوڵفی) هەموو جارێک کە هەڵی دەگرێت و بڕێک خوێی پێدادەکات بۆ پاراستنی لە خراپ بوو، پێانگوتووە (سوێر خوێ)، هەندێک جاریش دەیانکردە ناو ئاو و خوێ، لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزدا ئەو بەرمەشکانەی کە کۆی کردبوونەوە، دەیکاتە مەنجەڵێکی گەورەوە و دەیان توێنێتەوە، یان زۆر جار دەڵێن (دەیتوێنێتەوە)، پاشان کە ئامادەبوو دۆکەی لێی جیاکردەوە تەنها ڕۆنەکەی مایەوە دەیکاتە هیزەوە، بەو ڕۆنە دەڵێن (ڕۆنی زەنکراو).
شەکر داگرتن یان ئامادەکردنی شەکر
شێوازێکی شەکر کوڵاندنە بۆ دروستکردنی شەکری کوڵاوە و پێیدەگوترا (شەکر داگرتن)، ڕۆژی پێشتر شەکری وردیان لە دۆڵێکی قوڵدا دەکوتا، بەشێوەیەک ورد دەبوو کە بە ئاسانی بەیەکەوە دەنووسا، داگرتنەوەکەشی بە دوو شێواز ئەنجامدەدرا، شێوازێکیان ئەو ڕۆژەی کابانی ماڵ نانی دەکرد، لە دوای تەواوبوونی لە نانەکە، تەشتێکی فافۆنی دادەنا و نیوەی دەکرد لە شەکر و هەندێک جاریش لە نیوە کەمتر، پاشان بە ڕشێنەیەک ئاو کەمێک شەکرەکەی تەڕ دەکرد، لە ناو تەشتەکەدا بە جوانی تێکی دەدا، وشەی (هەڵفلقاندن)یان بۆ ئەو کارە بەکاردەهێنا، دواتر پارچە قوماشێکی خام دەدرا بەسەر تەشتەکەدا و بە جوانی دادەپۆشرا، بۆ ڕۆژی دواتر شەکرەکە شێوەی قاڵبی تەشەتەکەی وەردەگرت و ڕەق دەبوو، لە تەشتەکە دادەکرا بەبێ ئەوەی بشکێت، پاشان بە شەکرشکێن بە پێی پێویستی کڵۆ کڵۆ دەکرا و ئامادە دەبوو بە چای دیشلەمەوە پێشکەش بکرێت.
لە شێوازی دووەمیشدا بە هەمان شێوە شەکرەکە کەمێک تەڕ دەکرا و تێکەڵدەکرا، دواتر دەکرایە پەرداخێک یان سوراحییەکەوە تا دوای ساردبوونەوە شێوازی ئەو دەفرە وەربگرێت کە تێیانکردووە، واتە تەنها بۆ ئەوە دەکرایە پەرداخ یان سوراحییەوە تا وەک جوانکارییەک شێوەی دیاریکراو بێت، پاشان لەسەر پارچە قوماشێک لەسەر بان دادەنرا و دەبوو چەند ڕۆژێک لەبەر هەتاودا بێت.
دۆینە
یەکێک لە خواردنە کوردەوارییەکان کە گرنگییەکی زۆر بە ئامادەکردنی دراوە دۆینەیە، شێوازی ئامادەکردنەکەی بە پێی ناوچەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک لەوەزی بەهاردا تا کۆتاییەکانی وەرزی هاوین لەلایەن کابانە مەشکەژەنەکانەوە دۆیان بۆ کۆدەکردەوە، دۆکەیان بۆ دەکردە (کۆڵینەی گڵین) کە قوڵ بووە لە بەرزیشدا باڵایەکی بەرزی هەبووە، ئەم کارەیان بۆیە دەکرد هەتا دۆکە بەتەواوی خەست بێتەوە، لەگەڵ هەر دۆیەکی تازە کە دەیانکردە ناو کۆڵینەکە خوێیان تێدەکرد بۆ ئەوەی خراپ نەبێت، دواتر دۆکە دەکەوتە بنەوە ئاوەکەی دەکەوتە سەرەوە ئاوەکەیان دەڕشت و دۆی تازەیان تێدەکرد، کاتێک کە دەگەیشتنە وەرزی پایز ئەو دۆیەی کۆیان کردبووەوە و پێیاندەگوت (دۆ خەستە)، دەکرایە مەنجەڵێکی گەورەوە و دەخرایە سەر ئاگر، دەبوو تا ئامادە دەبێت بە کەوچک تێک بدرێت، لە کوردیدا بەم کەوچک تێخستنە و تێکدانەیان گوتووە (ما هاتنەوەی دۆ)، کە بڕێکی کەم گەنمیان تێدەکرد و هەتا هاتووەتە کوڵ، لە کوردەواریدا گوتراوە (پڕ بەدەست، یان پڕ بە چنگت گەنمی تێبکە) دواتر کە دۆکە کوڵاوە (بڕوێشیان) تێکردوە، (بڕوێش)گەنمێکی پاکی شۆراوە بووە کە پێشتر بە دەستاڕ هاڕیوویانە، بەڵام بە زبری، پاشان لە بێژنگیان داوە، بڕوێشی دۆینە دەبوو (سپی بێت)، دوای ماوەیەکی کەم کە بڕوێشەکە و دۆکە پێکەوە کوڵاون، وازیان لێهێناوە هەتا ساردبووەتەوە، دواتر لەسەر بانەکاندا لەسەر پونگە هەڵخراوە، کە پێشتر گیاکەیان بۆ ئامادەکردووە، دۆینەکەیان لەسەر پونگە ناوەتەوە هەتا وشک بووەتەوە ، پونگە گیایەکی بۆن و تام خۆشە، بۆیە لەسەر پونگە ناویانەتەوە تا تام و بۆنی پونگەکە دۆینەکە خۆشتر بکات.
لە هەندێک ناوچەشدا دوای کوڵاندنی دۆینەکە کراوەتە چاڵێکی قوڕی سواغدراو، کە پێشتر بۆیان ئامادە کردووە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە چاڵەکەدا بەجێیان هێشتووە و سەری چاڵەکەیان ناوەتەوە، دواتر هەموویان کردوە بەسەلک، لەسەر (چیغ) هەڵیانخستووە، چیغ ڕاخەرێکە لە قامیشی باریک و بە بەن دروستکراوە.
ترخێنە
ترخێنە وەک خواردنێکی سەرەکی دانیشتوانی لادێیەکان و شاریش لە پاییزاندا کابانەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، شێوازی ئامادەکردنەکەی بە هەمان شێوازی دۆینەیە، بە دوو ڕێگە ئامادەکراوە، سەرەتا بڕوێشەکەی کە لە گەنم دروستدەکرا دەبوو (سور)بێت و دەکرایە مەنجەڵێکی گەورەوە و خوێیان تێدەکرد تا دەکوڵا، پێشتر شێلمیان بۆ ئامادەکردووە و سەلک و گەڵاکەیان وردووە، دوای ساردبوونەوەی گەنمەکە شێلمەکەیان تێدەکرد و لەگەڵ گەنمەکەدا بەدەست تێکەڵیان دەکرد، پاشان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دایان دەنا هەتا ترش دەبوو، لە ماوەی ترش بوونەکەیدا دەبوو ڕۆژانە تێکی بدەن بۆ ئەوەی زووتر ترش بێت، کە ترش دەبوو پێیاندەگوت (تەڕەساز) بۆ ماڵە دراوسێکانیان دەنارد، چونکە خواردنێکی تایبەت و وەرزی بووە لایان، دواتر کردوویانە بە سەلک و لەسەربان ناویانەتەوە.
بە هەمان شێوەی دۆینە، هەندێک جار لە چاڵدا ترخێنەیان ئامادە کردووە، پێشتر چاڵەکەیان ئامادەکردووە و سواغیانداوە، پاشان گەنم و شێلمەکە کە بەیەکەوە کوڵاون و کردویانەتە ناو چاڵەکەوە، سەری چاڵەکەیان بە توندی ناوەتەوە، چونکە ئەگەر هەوا لێی بدات تێک دەچێت، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە چاڵەکەدا هێشتوویانەتەوە هەتا ترش بووە، دواتر لەسەربان ناویانەتەوە.
قاورمە
لە کۆتاییەکانی وەرزی پاییزیدا ئاژەڵێکیان سەردەبڕی و کەوڵیان دەکرد، زیاتر بۆ سوود بینین لە پێستەکەی بۆ مەشکە، ئاژەڵەکەیان دەگروو، گۆشتەکە پارچە پارچە دەکرا، بەشی خواردنی ئەو ئێوارەیەیان لێجیادەکردەوە، ئەوەی دەمایەوە تێکڕا لە مەنجەڵێکی مسدا هەڵیان دەکزاند، بۆ ئەم کارە مەنجەڵی فافۆنیان بەکارنەدەهێنا، چونکە بەهۆی زۆری گۆشتەکەوە پێیدا دەسوتا، بۆ ئەوەی دواتر گۆشتەکە تێکنەچێت، لەکاتی هەڵکزاندنیدا خوێیان تێدەکرد، دوای ئەوەی بەجوانی هەڵدەکزا دەیان کردە کیتەڵەیەکی گەورەوە، بۆ دیاریکردنی ڕێژەی هەڵکزانەکە کارامەیی کابانی دەویست، چونکە نەدەبوو زیاد هەڵبکزێت و وشکبێتەوە. کیتەڵە لە قوڕ دروستدەکرا و لە ئاگردا سور دەکرایەوە. گۆشتەکەیان بە ڕۆنەکەی خۆیەوە دەکردە کیتەڵەکەوە و بە پارچەیەک خام سەری کیتەڵەکەیان دەبەست، پاشان لە جیاتی سەرقاپ دەرخۆنەیان لە قوڕ بۆ دروستدەکرد، دەرخۆنە هاوشێوەی قاپێک بوو کە بە ئەندازەی سەری کیتەڵەکە دروستدەکرا، تا بەجوانی دایپۆشێت و هەواکێش نەبێت. خاتوو (ئامینە محەمەد) لە کاتی گێڕانەوەکانیدا لە جیاتی وشەی قاپ دەوری بەکاردەهێنا، دیارە ئەو کاتە وای پێگوتراوە، هەروەها بەسەری کیتەڵەکەی دەگوت دەرخۆنە، لە ڕاستیدا دەرخۆنە مانای پنە دەگەیەنێت، ئەو سەرقاپەش تا ڕادەیەک لە شێوەی پنەدا بووە، بۆیە وای پێگوتراوە. پێش ئەوەی دەرخۆنەکە یان سەری کیتەڵەکە بنرێتەوە، پارچە خامەکەی سەری بە پەتێک دەبەسترا و بە دارێکی باریک پەتەکە دەجەڕێنرا تا تەواو توند دەبوو و بەخۆشییەوە خامەکەی توندتر دەکرد، تا لە هەر مەترسییەکی پیسبوون بیپارێزێت، ئینجا دەرخۆنەکەیان دەکردە سەری و بۆ پاراستنی زیاتر شتێکی قورس دەخرایە سەری و بۆ کاتی پێویست هەڵدەگیرا.
کاتێک میوانێکی تایبەت بهاتایە کابانی ماڵ پەڕشە یان (بڕوێش)ی لێدەنا و سەری کیتەڵەکەی هەڵدەدایەوە و دوو چنگ قاورمەی تێدەکرد، دەبوو خێرا سەری کیتەڵەکە وەک خۆی توند بکاتەوە. ئەو ئاژەڵەی کە بەم شێوەیە سەریان دەبڕی و ئامادەیان دەکرد بۆ هەر سێ مانگەکەی زستان بوو، دەبوو کابانی ماڵ بە جوانی و بە سەلیقەی خۆی دەستی پێوەبگرێت تا بەشی ڕۆژە درێژەکانی زستان بکات، ئەگەر میوان نەبووایە دوو هەفتە جارێک کابانی ماڵ کەمێکی لە کیتەڵەکە دەردەهێنا و ئامادەی دەکرد، ئەو کاتە زیاتر پرشە بەکارهێنراوە، چونکە ئەو دەمە برنج زۆر کەم و گران بووە.
مێوژ
مێوژکردن یان مێوژ دروستکردن یەکێکە بووە لە و خواردن و کارانەی کە ژن ئامادەی کردووە، لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستاندا ئەنجامدراوە، ڕەنگە شێوازی ئامادەکردنەکەشی بە پێی ناوچە جیاوازەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت.
ئەو ترێیە کە بۆ مێوژ بەکاردەهات دەبوو ترێیەکی جوان بێت و باشتر وابووە کە ترێی ڕەش بێت، ڕۆژێک بەر لەوە ئامادەکاری بۆ کراوە، خۆڵی سۆپایان بۆ بێژاوتەوە، دواتر لە مەنجەڵێکی گەورەدا کوڵاندویانە، پێیگوتراوە (خۆڵەمێش، خۆڵەکەوە)، ڕۆنە کەرەیان دەکردە ناو خۆڵەکەوە و دەبوو خۆڵ و ڕۆنەکە پێکەوە بکوڵێن تا جوان تێکەڵ دەبوون، ڕۆژی دواتر خۆڵەکەیان دەپاڵاوت و جارێکی دیکە دەخرایەوە سەر ئاگر، هێشووە ترێکانیان هەڵدەکێشا لە خۆڵاوەکە و دواتر لەسەربان لەسەر پارچە قوماشێک دادەنرا و دوای نزیکەی هەفتەیەک دەبوو بە مێوژ.
میوە و سەوزە وشککردنەوە
بەدریژایی مێژوو وشککردنەوەی خۆراک یەکێک بووە لە کۆنترین و باوترین ڕێگاکان، خانمان ئەم کارەیان وەک ئامادەکارییەکی سەرەکی بینووە بۆ وەزری زستان، هەر لەگەڵ پێگەیشتنی بەروبومەکاندا لە کاتە جیاوازەکانی وەرزی هاوین و پاییزدا دەستیان پێکردوە هەتا هاتنی وەزری سەرما بەردەوامی هەبوو.
زۆربوون ئەو بەرهەمە خۆراکیانەی کە وشک کراونەتەوە، بۆ نموونە تەماتە یەکێک بووە لەو خۆراکە سەرەکیانەی لەتیان دەکرد بۆ وشک بوونە لە زۆر ناوچە پێانگوتووە (لەتکە تەماتە)، یان (تەماتەی وشكکراوە)، هەروەها کولەکەی گەورە دوای لەتکردن و قاژکردنی وشک دەکرایە و پێیاندەوت (تاسمە)، باینجان، هەروەها بامێی و بیبەری تون و گەڵامێویان دەکرد بەپەتەوە و وشکیان دەکردەوە.
سەبارەت بە میوەکانیش (هەنجیر، قۆخ، سێو، هەرمێ، هەڵوژە، قەیسی .....هتد) چەندین میوەی تریان وشک دەکردەوە، ئەو کاتەی کە پێویست بوو بۆ وشکبوونەوەی هەریەکەیان جیاواز بوو.
سەوزەکانیش کە خۆی دەبینەوە لە چەند سەوزەیەکی جیاوازدا وشکنیان دەکرد و دەیانهاڕی بۆ زستان وەک کەرەوز، پونگە، جاترە و...هتد.
ترێ
لە هەمانکاتدا دەستڕەنگینی و ئامادەکارییەکانی خانمان تەنها لە وشک کردنەوەی سەوزە و میوەکاندا نەبووە، بەڵکو زۆر جار پەنایان بردووەتە بەر پاراستنی میوە و بەرهەمە پاییزەکان، تا بەتام و بۆنی خۆی هەڵیبگرن بۆ سەرمای زستان، لەوانە هەستاون پاراستنی تێرێی ڕەش.
ترێ یەک بووە لەو میوانەی کە لە چاو هەندێک بەربوومی دیکەدا ڕەنگە ماندووبوونی کەمتربێت ، کۆمەڵگەی کوردیش یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی کە بەڕێژەیەکی بەرچاو خاوەنی باخی ترێ بووە، بەڵام لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز و سەرمادا، دەبیتە هۆی خراپ بوون ئەم بەربوومە کە پێیان گوتووە(سەرما بردن)، بەڵام بەڕێگەیەکی جیاواز ترێکەیان لە سەرمابردن پاراستووە، بۆ ئەمەش هەستاون بە هەڵکەندنی چاڵێک کە نزیکەی سی سانتیمێک قوڵ بووە، هێشوە تریکانیان بەبێ لێکردنەوە، واتە هەر بە مێوەکە کردووەتە ناو چاڵەکە پاشان خۆڵیان کردووەتەوە بەسەریدا ، ئەم ڕێگەیە تەنها بۆ هەڵگرتنی ترێی ڕەش گونجاوە، چونکە ترێی سپی ، یاخود جۆرەکانی تر بەهۆی ناسکییەوە زوو خراپ دەبن .
هەرمێ و بەهێ
بێگومان سەلیقە و وردی ژنان لە پاراستی چەندین بەرهەمی دیکەدا جێگەی هەڵوەستەکردن و توێژینەوەی قوڵن، یەکێکی دیکە لەو بەرهەمانە بریتی بووە لە هەرمێ و بەهێ، کە هەردووکیان کەمێک بە سەوزی لێکردووەتەوە کردویانەتە ناو (کا) بۆ ئەوەی بە تێپەڕبوونی کات لە ناو (کا)کەدا پێبگات، زۆر کات تا تێپەڕبوونی مانگ و نێوێک لە زستان ماوەتەوە، هەمان ڕێگا بۆ هەڵگرتنی تەماتەش بەکارهاتووە، بە هەمان شێوە بە سەوزی لێکراوەتەوە لە ناو کادا هەڵیان گرتووە تا پێگەیشتووە، سور بووە.
گۆیژ یان گێوژ
یەکێکە لە دارە خۆڕسکەکان لە دەرەنگانێکی پاییزدا پێدەگات و لە هەندێک ناوچە پێی دەگوترێت (بلچ) ، بە چەند ڕەنگێک هەیە وەک (سور، زەرد، ڕەش) لەو بەروبوومە پاییزانەیە کە ژنان زۆر حەزی پێدەکەن، بۆ پاراستن و هەڵگرتنی بۆ وەرزی سەرما بەنایان بردووەتە بەر ئەو گەڵاییەی کە پیاوان پێش هاتنی وەرزی سەرما بۆ ئاژەڵەکانیان ئامادە دەکرد ، چەند ناوێکی جیاواز بەم کردارە گوتراوە، هەندێک ناوچە پێان گوتووە (گزرە)، یان(دێ چڵو)،(دێوچڵو)، (گەڵاکردن)، (زەبارەدێو)، (زباردێ)،مەبەست لە هەموو ناوەکان پاشەکەوتکردنی گەڵایە بەهەرەوەزی لەلایەن ئەو خێزانانەی کە کاری ئاژەڵداری دەکەن، ژن بۆ هەڵگرتنی گۆیژ پەنایان بردووەتە بەرئەو گەڵایە گۆیژەکەیان تێدا هەڵگرتووە، ئەمەش جۆرێک لە وردبینی و سەلیقەی ژنانی کورد لە تابلۆیەکی کوردەواریدا نمایش دەکات.
تەڕاو
ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی پاییز هەر ئامادەکردنی خواردنی نەدەگرتەوە، ژنان چەندین کاری دیکەشیان هەبوو بۆ جوانکاری، ڕازاندنەوە و ئامادەکردنی ماڵەکانیان بۆ وەرزی سەرماوسۆڵە.
یەکێک لەو کارانەی کە ژنان بۆ جوانکاری خانووەکانیان لە گوندەکاندا دەیانکرد، بریتی بووە لە تەڕاوکردنی دیوار و زەوی خانووەکانیان، بەو پێیەی لە کۆندا خانووەکان لە قوڕ دروست دەکران و سواخ دەدران ئیدی جوانکاری بەشی ناوەوەی خانووەکان لە ئەستۆی ژناندا بوو.
کرداری تەڕاوکردن کارێکی زەحمەت بوو بۆ ژنان، دەبوو لە پاییزدا ئامادەکاری تەواویان بۆ بکردایە، دەچوون لە شوێنی تایبەت گڵیان بۆ دەهێنا، چونکە ئەو گڵەی بۆ کارەکە بەکاردەهات لە هەموو شوێنک نەبوو، بە واتایەکی دیکە هەموو گڵێک بۆ ئەم کارە بەکارنەهاتووە و باشتر یان جوانتر وابوو گڵی سپی بەکاربهێنن، دیارە گڵی سپیش کەمە و دەبوو لە دوورەوە بیهێنن، ژنان جگە لەوەی ناوماڵەکانیان تەڕاودەکەن و فەرشەکانیان خاوێن دەکردەوە و دەیانتەکاند، دەبوو پاشەکەوتیان هەبوایە بۆ وەرزی زستان و بەشێک لەوەزی بەهاریش بەهۆی نالەباری کەش و هەوا ژنان بە هەرەوەزی دەچوون بۆ ئەم گڵەیان دەهێنا.
بەم گڵە دەگوترا (گۆشتە گڵ) چونکە گڵێکی نەرم بوو هیچی پێوە نەبوو هەمیشە تەڕ بوو لە شوێنەی کە هەڵدەکەندراو دەیانهێنا دوای هەڵکەندن و هێنانی وشک دەکرایەوە، ڕەنگی (زەرد و سپی)بوو، ئەو ڕۆژەی کە کابانی ماڵ بڕیاری تەڕواکردنی بدایە دەبوو ڕۆژی پێشتر گڵەکەی بکردایەتە ئاو بۆ ئەوەی بەجوانی بخوسێت، بۆ ڕۆژی دواتر بە گونیەیەکی بەن دەستی بە کارەکەی دەکرد، لە جاری یەکەمدا تەنها جۆرێک بوو لە تەڕکردن و ئامادەکاری دیوارەکان، دوای وشک بوونەوە دەبوو جارێکی دیکە بە خەستی بڕێکی کەم لە گڵەکە بە خەستی بگیرایەتەوە و دووبارە بە گونیەیەکی بەن هەمان کاریان دەکردەوە، وێڕای جوانییەکەی بۆنێکی خۆشیشی بە ماڵەکە دەبەخشی.
فەڕش تەکاندن
بەو پێیەی لە کۆندا خانووەکان لەگەڵ بوون تەنها لە ڕێگەی گڵیشەوە خاوێن کراونەتەوە، فەڕش شتن نەبووە، لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییزدا کچان و ژنان بە هەرەوەزی لە سەربان کۆدەبوونەوە بۆ تەکاندنی ڕاخەرەکان، فەرشەکان لەسەربان کۆدەکرانەوە و چەند خاتونێک لەسەرەوە فەرشەکەیان دەگرت و بەشێکیان بۆ خوارەوە شۆڕدەکردەوە، لەو بەشەی خوارەوە چەند خاتونێکی دیکە بە دار پیایاندادەکێشا بۆ ئەوەی خاوێن بێتەوە و تەپوتۆزەکەی نەمێنێت، دواتر خاتونەکانی خوارەوەش هەموویان دەچوونەوە سەرەوە بە هەموویان هەڵیان دەتەکاند.
هەرچەندە ژنانی کورد پێگەی خۆیان پێنەدراوە، بەڵام بەڵگەنەویستە کە بەشێکی گرنگی ماڵ بەڕێوەبردن و دابینکردنی گوزەران و کارئاسانی ژیان لە ئەستۆی ئەواندا بووە، سەلیقە و دەستڕەنگینی خانمانی کورد لە هەموو شوێنیکی مێژووی کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانەی ئەم نەتەوەیەدا بە زەقی دەردەکەوێت و دەیسەلمێنێت، کە ژنان هەرگیز دەستەوستان دانەنیشتوون و هەمیشە لە هەوڵی بەڕێکردنی ژیان و ئاسودەیی خێزانەکانیاندا بوون، بۆیە لەهەر پنتێکی مێژووی ئەم نەتەوەیەوە ڕۆبچیتە نێو قوڵاییەکان، گەورەیی ژنان خۆی دەسەپێنێت.
سەرچاوەکان
١-سەید عەبدوڕەحیم مەلا سەعید(مەولەوی)، دیوانی مەولەوی، (لێکدانەوەی) مەلا عەبدولکەریمی مودەریس)، چ٣، ناوەندی بلاوکردنەوەی کوردستان، سنە.
٢-ڕاز ئەسعەد، دەستیاوی ژن لە مێژووی ژیانی ڕۆژانەدا (توێژینەوەیەک لە مێژووی زارەکی)، گۆڤاری خاڵ، ژمارە ٤٦، پایزی ٢٠٢٤.
٣-راز ئەسعەد، کاری ژن لە کەلتووری دێرینی پێنجوێندا، گۆڤاری سلێمانی، ژمارە ٢١٦، ٢٠٢٤.
٤-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ(خاتوو ئامینە محەمەد،( ٨-٤-٢٠٢٤)،تەمەن(٩٨)ساڵ، ٢:٣٠کاتژمێر -٥:٠٠، پێنجوێن.
٥- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ(خاتوو جیهان ئەحمەد)،تەمەن(٨٣)ساڵ، ١٠-٤-٢٠٢٣، کاتژمێر ١١:٠٠-١٢:٣٠، سلێمانی .
٦- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ(خاتوو شنۆ ئەسعەد محەمەد)، تەمەن(٧٨)، ١٥، -١٠-٢٠٢٥، کاتژمێر ١٠:١٥- ١٠:٤٥، سلێمانی.
٧- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ(خاتوومریم ئەحمەد ڕەحیم)،تەمەن(٨١)ساڵ، ٢٠-٥-٢٠٢٠، کاتژمێر ٢:١٣-٢:٤٠، سلێمانی .
٨- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ(خاتوو عەتیە فەتحوڵا)، تەمەن(٧٧)ساڵ، ٩-٩-٢٠٢٤، کاتژمێر ١٠:١٥-١٢:٣٠، سلێمانی .
٩- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ(خاتوو ڕەحمە محەمەد شەریف)، تەمەن(٨٨)ساڵ، ١٠-١٠-٢٠٢٤، کاتژمێر ٢:٠٠-٢:٣٠، سلێمانی.
١٠- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ(خاتوو عیسمەت ئەحمەد محەمەد)، تەمەن(٩٥)ساڵ، ٨-١٢-٢٠٢٤، کاتژمێر ٣:٠٠-٣:٣٠، سلێمانی.
١١- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ(خاتوو نازدار ساڵح)، تەمەن(٧٥)ساڵ، ٣١-٧-٢٠٢٤، کاتژمێر ١٠:١٥-١١:٣٠، سلێمانی.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment