شوهدەی دینەوەری یان (فخر النساء)؛ خانمە کوردەکەی نێو کۆشکی عەباسیەکان
نوچە نێت: تایبەت
ن: ڕاز ئەسعەد
بەهۆی کۆنی و بەرفراوانی جوگرافیای ناوچەکە، مێژووی ئیسلام یەکێکە لە کۆنترین و قووڵترین و دەوڵەمەندترین مێژووە تۆمارکراوەکان لەسەر ئاستی دنیا و بەردەوام کاریگەریی لەسەر مێژووی تەواوی جیهان هەبووە. بە درێژایی تەمەنی خودی ئایینەکە، مێژوونووسان و بیرمەند و بیریارانی ئیسلامیی گرنگی زۆریان بە نووسینەوەو تۆماری ڕووداوەکان داوە، زۆر بە ئەستەم نەبێت، نەتەوەیەک یان گەلێک یان ناوی کەسایەتی و ڕووداوێک نییە ئەم مێژووە نەیپەرژابێتە سەری و ناوی نەهێنابێت، لەسەرجەم بوارەکانی مێژوویی و کەلتوری و ئایینی و فیکر و ناوی کەسایەتی و شارو شوێنەکان، سەرچاوە ئیسلامییەکان گرنگترین و باوەڕپێکراوترینن، هەر خودی مێژووەکەش مێژووی چەندین گەل و نەتەوەی جیایە، بۆیە ئەگەر مێژووی نیوەی جیهان نەبێت، ئەوا هیچی وای لە نیوە کەمتر نییە.
وەک هەموو مێژووەکانی دیکە، لەم مێژووەشدا ژن بەجۆرێک لە جۆرەکان پەراوێزخراوە، بەڵام ئەمە ڕێگە ناگرێت لەوەی جاروبار و لە نێو باسەکاندا گرنگی بە ژنانێکی کاریگەر و هەڵکەوتوو درابێت، چونکە لە مێژووی ئیسلامیشدا ژنانی هەڵکەوتوو هەبوون کە لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا توانیویانە بکەری کاریزمابن و مێژوو بنووسنەوە، بەتایبەت ئایینی ئیسلام هەندێک ڕۆڵی بۆ ژن گێڕاوەتەوە، کە پێشتر لەناوچەکەدا نەیبووە و دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام و بەهێزبوونی دەوڵەتی ئیسلامی، ئیتر ژنانی موسڵمان لە نەتەوە جیاوازەکان هەلی جووڵە و دەرکەوتنیان بۆ ڕەخساوە. بۆیە کە بەنێو سەرچاوە دێرینەکاندا دەگەڕێین، ناوی ژمارەیەکی زۆر لەو ژنە سەرکردە و کاریگەرانە دێنە بەرچاو، کە کەمترین لێکۆڵینەوەیان بەپێوەری میتۆدە نوێیەکان لە بارەوە کراوە، یەکێک لەو ژنانەی بەڕێکەوت لە نێو سەرچاوە ئیسلامییە ڕەسەنەکاندا بەرچاوم کەوت و بەگرنگم زانی لەبارەیەوە بنوسم و خوێنەری کوردی پێ ئاشنا بکەم شوهدەی دینەوەرییە.
سەدەی شەشەمی کۆچی سەردەمی زێڕینی فیکری ئیسلامی و دەرکەوتنی زانایەکی مەزنی دەرکەوتەی ئەو ڕۆژگارەبووە، کە ئەویش شوهدە، یان شەهدەی (فخر النساء)ە. شوهدە کچی (ابی نصر) ئەحمەدی کوڕی فەرەجی کوڕی عومەری ئەلئیبەریە، (الابری) لە وشەی (الابرة/ دەرزی)وە هاتووە، چونکە بازرگانی دەرزی بووە، باوکی لە ناوچەی دینەوەری نێوان کرماشان و ئیلامەوە هاتۆتە بەغدا، کەسێکی خوێندەوار و قاڵبووی نێو زانستە ئایینی و موسنیدێکی گوێلێگیراوی فەرموودەکان بووە، هەربۆیە لە تەمەنی پێنج ساڵی و هەندێک سەرچاوەش دەڵێن هەشت ساڵییەوە، شوهدەی کچی بە کۆڕ و ئەنجومەنی شارەزایان و زانایانی ئایینی ئاشناکردووە.
شوهدە، وەک لەسەرچاوەکاندا باسکراوە، لەبەردەستی چەندین زانای ناوداری ئەو سەردەمەی بەغدا زانستە ئایینیەکانی وەرگرتووە، وەک دەزانین ئەو کاتە بەغدا سەنتەری درەوشاوەی خوێندواری و زانستەکان بووە، لەوانە: (أبی الفوارس طراد الزینبی، ابن طلحة النعالی، أبی الحسن بن أیوب، أبی الخطاب بن البطر، عبدالواحید بن علوان) و چەندانی دیکە لە زانا ناودارەکانی ئەو سەردەمەی بەغدا.
یەکەمین مامۆستای شوهدە باوکی بووە، کە شارەزایەکی ناوداری فەرموودەکان بووە، پاشان لەسەر دەستی چەندین مامۆستا تەواوی زانستە شەرعیەکانی تەفسیر و فیقهـ و تەشریعی خوێندووە و زۆر زیرەک و بلیمەت بووە، بەتایبەت لە زانستی ئیسنادی فەرموودەکاندا تەواو کارامە بووە تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ناوی لێنراوە موسنیدەکەی عێراق و وتراوە پێگەی لە زانستی ئیسناددا نزیک بووە لە ئیمامی موسلیمەوە و لە هەموو لایەکەوە بۆچوون و ئیسنادەکانی گوێلێگیراو بووە.
بواری خۆشنووسیی ئەوکاتە گرنگیی گەورەی هەبووە، شوهدە زۆر پلە باڵابووە و لە بەغدای ئەو سەردەمەدا بێهاوتابووە، تەنانەت هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن خەلیفە (المقتفی لأمر الله) بەهۆی جوانی دەستوخەتیەوە ڕایسپاردووە بۆ نوسینەوەی ئەو ڕێککەوتننامە گرنگەی لەو سەردەمەدا لەنێوانی دەوڵەتی عەباسی و دەوڵەتی بێزەنتیەکاندا مۆرکراوە.
شوهدەی (فخر النساء)، شوهدەی بەغدادی، شوهدەی دینەوەری، شوهدەی ئیبەری، دایکی محەمەد (هەرچەندە منداڵی نەبووە)، بەشێکن لەو ناوانەی لێینراوە، لەساڵی ٤٨٢ی کۆچی (١٠٨٨ز) لە بەغدا لەدایکبووە و ساڵی ٥٧٤ی کۆچی (١١٧٨ز) هەر لە بەغدا ژیانئاوایی کردووە. شووی بە یەکێک لە قوتابیەکانی باوکی کردووە، ئەویش عەلی کوڕی محەمەدی کوڕی یەحیای ئەنباری بووە، کە ناسراوە بە (ثقة الدولة ابن الانباری) و ماوەی چل ساڵ پێکەوە ژیاون، ئەمیش کەسێکی زاناو شارەزابووە و لە نزیکەکانی کۆشکی خەلیفە بووە، ئەم دوو هاوسەرە تەواوی ژیانیان بۆ پێشخستنی زانست و فێرکردنی قوتابیەکانیان تەرخانکردووە و هەرچیان دەستکەوتووە لە ڕێگەی خێر و زانستدا خەرجیان کردووە، بۆیە بە دوو کەسی خێرەومەند ناسراون، تەنانەت دوای مردنی هاوسەرەکەشی، لەلایەن خەلیفەوە باخێکی گەورەی لە ڕۆخی دیجلە پێدەبەخشرێت تا لە ڕێی داهاتەکەیەوە ژیانێکی ئاسوودە بەسەربەرێت، بەڵام شوهدە هەرچی هەبووە تیایدا خەرج دەکات و دەیکایە پەیمانگایەکی گەورە و بێ بەرامبەر گوزەران و خوێندن بۆ قوتابیەکانی دابیندەکات کە لە تەواوی وڵاتانی ئیسلامیەوە بۆ خوێندن دەهاتنە بەغدا.
هەروەک چۆن خۆی لای چەندین مامۆستای گەورەو ناسراو وانەی خوێندووە، کاتێک خۆشی دەگاتە پلەی وانەوتنەوە، شوهدە دەیان گەورە زانای ئەو سەردەمەی فێری زانستە شەرعیەکان و خۆشنووسی کردووە، ئەوانیش زۆر بە شانازییەوە باسی گەورەیی ئەو زانایەیان کردووە، لەوانە: (ئیبن جەوزی، ئیبن عەساکر، ئەبوسەعد سەمعانی، عەبدولقادر رەهاوی، ئەلمەقدەسی، یاقوتی حەمەوی، ئەلمقەڕی) و چەندانی دیکە. بەداخەوە جگە لە چەند دەستنوسێکی کەم، شوهدە تەنیا یەک کتێبی بەجێماوە، کە لەماوەی ژیانی خۆیدا ئیبنولئەخزەری خوێندکاری ئامادەی کردووە، ئەویش کتێبی (العمدة من الفوائد والاثار الصحاح والغرائب).
لە بارەی شوهدەوە مێژوونووسی ناوداری ئیسلامی ئیبن عەساکر دەڵێت: "شوهدە تەنیا بە وانەوتنەوەوە نەدەوەستا، تەنانەت لە کاتی فەریزەی حەجیشدا لە مەککە لە یەکێک لە حەجەکانیدا گوێم لەڕێنماییەکانی دەگرت لە بارەی زانستی فەرموودەوە".
ئیبن جەوزیش دەڵێت: "زۆربەی فەرموودەکانی پێخوێندووەو لەهەمان کاتیشدا دەستوخەتی زۆر جوان بووە".
شەمسەدینی زەهەبی بۆ ستایشی لە کتێبی (سیر أعلام النبلاء)دا دەڵێت: "تەمەنی زۆربووە، نووسەر و موسنیدی عێراق و (فخر النساء) بووە".
مێژوونووسی ناودار یاقوتی حەمەوی دەڵێت: "شوهدە کچی ئەحمەدی کوڕی عومەری دینەوەریە و لە فەرموودەناسەکانە، (فخر النساء)ە، نووسەر، زمان پاراو، ناوازەو خەتخۆشە، لەسەردەمی خۆیدا کەس لەبەغدا وەک ئەو نەیدەنووسی، لە (المقتفی لأمرالله)ی شازادەی موسڵمانانەوە نزیک بووە".
لە کتێبی (الروضة الفیحاء فی تأریخ النساء)ی یاسین ئەلعومەریدا هاتووە، کە: شوهدەی کچی ئەحمەد بۆ خوێندنی ژنان کۆڕی تایبەتی هەبووە بۆ فێرکردن و ئامۆژگاریان، هەروەها خوێندکاران لە هەرچوار لای عێراق و وڵاتی شام و میسر و ئەسکەندەرییەوە ڕوویان تێکردووە".
سیوطی لە بارەیەوە دەڵێت: "دیندار و خواپەرست بووە و زۆر ژیاوە، خەتی زۆر جوان بووەو لەو سەردەمەدا کەس وەک ئەو نەینوسیوە، زانابووە و لە ئیسناددا پلە باڵا بووە".
ئیبن خەلەکان لە کتێبی (وفیات الاعیان)دا دەڵێت: "شوهدەی ئیبەری (فخر النساء) کچی ئەبی نەسر ئەحمەد کوڕی عومەری ئیبەریە، نووسەر و بەڕەچەڵەک دینەوەری و بە لەدایکبوون و مردن بەغدادیە، یەکێک بووە لەزاناکان و خەتی زۆر جوان بووە، کەسانی زۆر لێوەی فێربوون، لە ئیسناددا زۆر پلە باڵابووە گەورەو بچووک پەنایان بۆ بردووە". هەروەها لە بارەی مردنیەوە دەڵێت: "وەفاتی ڕۆژی یەکشەممە دوای عەسری سیازدەی موحەڕەمی ساڵی ٥٧٤ی کۆچی بووە، لە (باب أبرز) نێژراوە کە تەمەنی نەوەد ساڵی تێپەڕاندبوو، دواتر بە پێی وەسیەتی خۆی، ڕوفاتی هاوسەرەکەشی گواسترایەوە بۆ لای لەو گۆڕستانە".
سەرچاوەکان ئاماژە دەدەن کە تەواوی کەسایەتیەکانی حکومەت بە خەلیفە و زانایان و خوێندکاران و خەڵکی بەغدا بە هەزاران کەس لەدوای تەرمەکەیەوە بەرەو گۆڕستان لەگەڵی ڕۆیشتوون، بەجۆرێک لەو کاتەدا تەنانەت دوکان و بازاڕەکانیش داخراون.
سەرچاوەکان:
١- وفیات الأعیان، ابن خلکان، تحقیق: احسان عباس، ج:٢، ص٤٧٧، بیروت دار صادر.
٢- شهدة الدینوریة، دراسة حدیثیة فی الروایة والتدریس، عبدالسلام دعاء سمیح، مجلة مرکز الخدمة للاستشارات البحثیة، جامعة المنوفیة کلیة الاداب، عدد ٦٩ لسنة ٢٠٢٢.
٣- یحیی محمود جنید، سیدة عصرها الکاتبة شهدة، دار جداول السعودیة ط١، ٢٠١٧.
٤- المرأة الکردیة فی التأریخ الاسلامی، محمد خیر رمضان یوسف، دار القادری، بیروت ١٩٩٣.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment