مێژووی پۆشاک و ڕەسەنایەتی بەرگی ژنانی کورد
ڕاز ئەسعەد
(زنجیرە ٤)
پۆشاکی ژنان وەک سمفۆنیای نێو شیعر
ناکرێت ڕۆبچینە نێو هیچ بابەتێکی کولتووری، فەرهەنگی یان مێژوویی تا گوزەر بەنێو شیعری شاعیرانی کلاسیک و پێش کلاسیکدا نەکەین، چونکە یەکێکە لە گرنگترین و کۆنترین سەرچاوەکانی مێژووی تۆمارکراوی کورد و بەهۆی ڕۆشنبیریی فراوانیان، چونکە لانی کەم لە سێ زمانەوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها شارەزایی شاعیرانی کلاسیک لە بواری ئایین و کۆمەڵایەتی و بوارەکانی دیکە، بۆیە کاتێک شیعری شاعیرانی کلاسیک دەخوێنینەوە، بە ئاستەم نەبێت، شتێک نادۆزینەوە ئەوان پێڕانەگەیشتبن و باسیان نەکردبێت.
یەکێک لەو بوارانەی شاعیران زۆر شیعریان بۆ نووسیوە، خەمەکانی عیشق و دڵڕفێنی دنیای دڵداری و خۆشەویستیی بووە، بە جۆرێک شیعریان بە باڵای ژندا هەڵگوتووە، ڕەنگە هیچ ئەندامێکی جەستەی لە تیشکی قەڵەمیان قوتار نەبووبێت، بەو پێیەشی جلوبەرگ و پۆشاک ئاوێنەی جوانییەکانی جەستەیە، ئەوا شاعیران پارچە بە پارچەی پۆشاکی کوردیان لێک جودا کردووەتەوەو کردویانەتە کەرەستەیەکی ناوازەی شیعری، بۆ ئێمەش بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگی مێژووی کۆمەڵایەتی و کەلتوری ژیانی ڕۆژانە. ئەمە بۆخۆی، جگەلە ئەرکەکانی دیکەی، ئەرکێکی ناوازە و گرنگە کە شیعر لە ئەستۆی گرتووە، لێرەدا بە پێی توانا گوزەر بە نێو چەند نموونەیەکی پارچەکانی جلی کوردیدا دەکەین کە شاعیران بۆیان تۆمار کردووین.
دەسڕۆکەی هەوری(سرکەیی)
یەکێک لەو قوماشە کۆنانەی لە ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەکارهاتووە بریتی بووە، لە قوماشی (سرکەیی، هەوری)، بە پێی ناوچەکان گۆڕانکاری بەسەر ناوەکەیدا هاتووە، قوماشێکی نەرم و ناسک بووە، نەخشێکی تایبەتی لەسەر بووە، ڕەنگە ناوەکەشی لە نەرمی و ناسکییەکەوە هاتبێت، چونکە لە کوردەواریدا وشەی سرک بە شتێکی نەرم و ناسک دەگوترێت.
دیارە هەوری یان سرکەیی بۆ چەندین مەبەستی جیاواز بەکارهاتووە لەوانە بۆ سەروبەست، ناوچەوانیان پێی بەستووە ئەمەش یەکێک بووە لە سیما دیارەکانی ژنی کورد، هەروەها هەندێک جار بۆ سەرپۆش و کۆڵوانە و کراس بەکارهاتووە، هەندێک جاریش لەلایەن پیاوانەوە کراوە بە پشتێن، ئەمە پەڕلەی نێو دڵداران بووە، چونکە زۆر جار کوڕێک پشتێنەکەی لە هەمان قوماشی کراسی دڵبەرەکەی کردووە و بۆتە کەڤاڵێکی هاوبەشی نێوانیان. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەلایەن پیاوانەوە زۆر جار لە جێگەی مشکی یان جامانە و چیت بەکاریانهێناوە.
سرکەیی یان هەوری پانتایەکی فراوانی لە شیعری شاعیراندا داگیرکردوە، بە جۆرێک لە کاتی خوێندنەوەی هۆنراەکاندا هەندێک جار هەست بەوە دەکەیت کە خودی دڵبەری شاعیر سرکترە لە پارچە سرکەییەکەی کە لە نێوان خەیاڵەکانیدا دەبنە هەناسەی قوڵی ژیانەوەی دڵدار لە پێناو دڵبەرەکەیدا، بە ئاستێک شاعیر جڵەوەی قەڵەمەکەی دەداتە دەست هەستەکانی، وەسفی یاری پێدەکات کاتێک هەوری لەسەری بەستووە، هەر بۆیە نالی لە بەتێکی باڵادا داوا لە یارەکەی دەکات هەورییەکەی لاببات، پەرچەمی ڕەشی بە تاریکی شەو دەچوێنیت، ڕوخساری یاریشی مانگەشەوە لە نێوان ڕەشی پەرچەمی یارەکەیدا دەیەوێت نێوچەوانی ببینێت، دیارە مەبەستی شاعیر لە (جەبین) تەوێڵ و ناوچەوانی یارە، هەربۆیە دەڵێت:
''پەچەیی پەرچەمی یو، پرچی سیا
هەر دەڵێی مانگەشەوە تیا
لادە دەسڕۆکەی هەوری لە جبین
دەرکەوێ شەمس و قەمەر نوور و زیا''
لە بەتێکی دیکەدا دووبارە ئاماژەی بە (دەسڕۆکەی هەوری) داوە، یارەکەی دەدوێنێت بەوەی کە تازە پێدەگات، دیارە لەم تەمەنەدا جوانی کچان زیاتر دەردەکەوێت، تابلۆی جوانییەکانی ئەم تەمەنە زۆر جار شاعیرانی دەستەوستان کردووە، چونکە بە ئەندازەیەکی فراوان جوانییەکانی جەستەو ڕۆشنی ڕووخساری یار دڵیان داگیردەکات، بەمەش جوانی سروشت لەگەڵ جوانی یار دەکاتە دیمەنێکی بێ هاوتا لە نەخشاندنی وێنەی شیعریدا، هەروەک چۆن لەم بەیتەدا نالی (مەمکی یار) دەچوێنێت بە (بەهێ)، شاعیر بێ مەبەست و لە خۆڕا بەهێ بەکارناهێنت، دوو سروشت لە وێنەیەکی شیعریدا ئاوێزانی یەکتر دەکات (مەمک، بەهێ، نار)، وەک ئاشکرایە بەهێ ڕەنگێکی زەردی سەرنجڕاکێشی هەیە، وێڕای بۆنخۆشی و ئاودارییەکەی، لە کوردەواریدا وەک دەرمان بۆ چەندین نەخۆشی بەکارهاتووە، ڕوومەتیشی بە هەناری نەگەیشتوو، بەسەر تەختی سینەیەوە، کە هێشتا کاڵن و پێنەگەیشتوون. هەروها سەرپۆشە هەورییەکەی یار کە ڕۆژی ڕووی یاری لێوە دەردەکەوێت، هەندێک جاریش دەیشارێتەوە بۆیە، دەڵێت:
کێ دەستی دەگاتە بەی و ناری نەگەیشتووت
لەو تەختە کەوا ساحێبی مۆرن بە سەدارەت؟
دەسرۆکەیی هەوریی چ حیجابێکە کە تێیدا
((شمس فللک الحسن أنارت فتوارت)! ''
نازەنینەی سوخمە ئاڵ
شاعیر لەگەڵ ئەو وەسفە جوان و ناسکانەی یارەکەی دەکات، لە ناو (باڵای عەرعەر، دیدە مەست، گوڵعوزار، شۆخ و شەنگ)، بە تێڕامان لە جلوبەرگی یارەکەی وەسفی سوخمەی ئاڵ دەکات، هەمیشە ڕەنگی سوور سەرنجڕاکێشی و تایبەتی خۆی هەبووە، ئەمەش وەسفی ڕەسەنی جلی کوردییە، کە بەردەوام ڕەنگی ئاڵوواڵابوو، شاعیر دەڵێت:
دڵبەرە قەد عەرعەرەی بێڕەحمەکەی بەدبەختەکەم
دڵڕفێنەی شۆخەکەی بێ عەهد و پەیمانم وەرە
نازەنینەی سوخمە ئاڵەی دیدە مەستەکەی کەچکولاهـ
گوڵعوزارەی شۆخ و شەنگەی شاهی خووبانم وەرە
پارچەکانی جلی کوردی وەک کەرەستەیەکی مێژوویی
هێمن لە شیعری (ژوانی ئاغا) لەسەر زاری ئاغاوە گفتوگۆ لەگەڵ کیژۆڵەیەکی نازەنین دەکات کە ناوی نادیەیە، لەو شیعرەدا ناوی چەند پارچەیەکی جلی کوردی دەهێنێت، لە هەمانکاتدا ناوی جۆری قوماشەکانیش دەهێنێت، ئەمەش دەبێتە کەرەستەیەکی گرنگی نووسینەوەی مێژووی کۆمەڵایەتی، مێژووی ورد، مێژووی جلی کوردی و مێژووی قوماش لە کلتوری کوردیدا، دەڵێت:
ئەی بوتی سیمین و ئەی خوشکی پەری
شەرتە بۆت بکڕم کراسی کودەری
بەو سەرەی تۆ و بە مەرگی (کاکە باس)
گیانە بۆت دەکڕم کەوا و ئاوەڵ کراس
بۆچیمە بەزیاد نەبێ پووڵ و دراو
جوانێ وەک تۆ نەیبێ کەوش و تاس کڵاو'
شاعیر لە هۆنینەوەی بەردەوام دەبێت و تابلۆ هۆنراوەییەکەی فراوانتر دەکات، بەردەوامی بە گفتوگۆی ئاغا دەدات بە ناو هێنانی چەند پارچەیەکی دیکەی جلی کوردی (دەسماڵ، چارۆکە، شەدە) دیمەنەکە ڕازاوەتر دەکات و هەریەکەیان دەکاتە کەرەستەیەکی گرنگی نووسینەوەی مێژووی نەتەوەیەک، هەروەها زیاتر ڕۆدەچێتە نێو کەرەستەکانی پێویستی ڕۆژانە، لە هەمانکاتدا باسی ئارایشت و خشڵەکانی ژنان دەکات و دەڵێت:
تۆ بەڵێنم پێ بدە و تەفرەم مەدە
حازرە دەسماڵ و چارۆکە و شەدە
بۆت دەنێرم عەتر و سابون و خەنە
کرمەک و خڕخاڵ و بازنە و ژێرچەنە
ڕەنگە نووسینەوەی مێژوو لە ڕێگەی خشڵەکانی ژنانەوە کارێکی سەخت نەبێت، چونکە خشڵەکانی ژنان لەگەڵ جلی کوردیدا دوو تەواوکەری گرنگن، کە جودا کردنەوەیان لەیەکدی کاریکی زەحمەتە، بەمەش دەکرێت خشڵ لەقۆناغە جیاوازەکاندا مێژووی نەتەوەیەک تۆماربکات، هەربۆیە زۆرینەی شاعیران کاتێک وەسفی جلی کوردی دەکەن، ئەوا ڕاستەوخۆ خشڵ دەبیتە تەواوکەری شیعرەکە، لەم ڕووەوە میرزا مەنگوڕی لە هۆنراوەیەکدا، بە ناوی (گۆبەرۆک)، وەسفی خشڵەکانی ژنان و پارچەکانی جلی کوردی دەکات، شاعیر زیاتر دیمەنەکە ورد دەکاتەوە و ڕەنگیش دەبێتە ئارایشتێکی جوان لە ناو وێنا شیعریەکەیدا، (کراسی زەرد، کوڵنجەی ڕێ ڕێ، شەدەی ڕەش و مۆر، سرکەیی گوڵدار) و (دوگمە و گێل گێلە، لولەی پڵپڵەدار) کەرەستەکانن کە مەنگوڕی پەنایان پێدەبات، لەم بەیتەدا، دەڵێت:'
لێتان پیرۆزبێ چەند جوانت لێ دێ
کراسی زەرد و کوڵنجەی ڕێ ڕێ
شەدەی ڕەش و مۆر سرکەیی گوڵدار
دووگمەو (گێل گێلە) لولەی پڵپڵەدار
جوانێکی لاوی کۆڵوانە لار
هەروەک چۆن جلی کوردی قوماش و دورینێکی تایبەتی هەیە و شێوازی دوورینەکەش بەپێی ناوچەکان گۆڕانکاری بەسەردادێت، بە هەمان شێوە شێوازی لەبەرکردنی پارچەکان و وەستانیشیان لەبەردا بە ئەندازەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش بووە. نیگا و خامەی شاعیرەکانی بۆ خۆی کێش کردووە، گۆرانی شاعیر یەکێکە لەوانەی کە شێوازی لاری کۆڵوانەی جوانێک دیدەی داگیر کردووە، کاتێک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا گەشتیان کردوە بۆ قەرەداغ باسی هەست و بینی خۆی دەگێڕێتەوە، دیارە شێوازی لەبەرکردنی کۆڵوانە جیاواز بووە لە پارچەکانی دیکەیی جلی کوردی، هەندێک جار بەلاری دانراوە و شانێکی خانمەکە بەدەرەوە بووە، هەندێک جاریش بەڕێکی لەبەرکراوە، هەربۆیە لە پارچە هۆنراوەیەکی ناسکدا، گوتویەتی:
ڕێگای دێهاتی دەمی بەیانی
قەڵەباڵخە بۆ سلێمانی
پۆل پۆل ژن و پیاو لە دووی کەر و بار
سڵاوێک ئەکەن مل ئەنێن بۆ شار
ئەم کۆمەڵانە تیایەتی جارجار
جوانێکی لاوی کۆڵوانە لار
کارە جیاوازەکانی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا سەخت و هەمەچەشن بوون، بۆ سەرجەم کارەکانیشان پۆشاکی کوردیان پۆشیوە، یان ڕاستر بڵین تاکە پۆشاکیان بووە، یەکێک لەو کارە سەختانەی کە هەندێک جار ژنان و پیاوان بە هاوبەشی ئەنجامیانداوە بریتی بووە لە مازو چنین، قانیعی شاعیر لە شیعرێکدا بە ناوی (مازوچنین لە لادێ) باس لە وردەکارییەکانی ژیانی لادێ دەکات، یەکێک لەوانە مازوچنینە سەرەتا و دەستپێکی دەستکردن بە مازوو چنین، کە دیارە لە کۆمەڵی کوردەواریدا ئەو ڕۆژەی بۆ ئەم کارە دیاری دەکرێت پێیانگوتووە (تەقەی مازو)، باس لەو دیمەنە دەکات، کە کچان کوران دەڕۆن بۆ کارەکەیان، پاشان لە نزیک چێشتەنگاو وەک پشوێک ڕیز دەبەستن و هەڵدەپەڕن، شاعیر ئەو دیمەنە بەرجەستە دەکات کاتێک کچان تەماشای هەڵپەڕکێی کوڕان دەکەن، دواتر کچانیش تێکەڵ دەبن و کەژاوەی ڕەشبەڵەک دادەمەزرێت، لەم هۆنراوەیەدا شاعیر مازووچین و پارچەکانی جلی کوردی و ڕەنگەکانی لە بەیتێکدا بەرجەستە دەکات و دەڵێت:
کچیش هەموو لەو لاوە
بە ڕیزە ڕێک وەستاوە
کراس مۆر و سوخمە زەرد
کەوای ئاڵ وومەتی بێگەرد
هەریەک دڵی لەلایە
بۆ خۆی خەریک سەودایە
پەسنی کراسی دڵدار وەک ناونیشانی هۆنراوە
مەنگوڕی لەیەک هۆنراوە جیاوازەکانیدا ناوی قوماشی کراسی یارەکەی دەکات بە ناونیشانی هۆنراوەکە بە ناوی (کراس کەتانە چین) پەسنی دڵبەرەکەی دەکات، لە ناو پارچە جیاوازەکانی جلی کوردیدا قوماشی کراسی یارەکەی سەرنجی شاعیر ڕادەکێشێت و لەگەڵ جوانییەکانی ڕووخساریدا دەبنە تەواوکەری دیمەنەکە، دەڵێت:
''کراس کەتانە چین لێوی ئاڵی نەخشین نەشمیلەی چاو کاڵ
قژ کاڵی چین چین ''
زەماوەند
زەماوەند لە کۆمەڵی کوردەواریدا یەکێک بووە لەو دیمەنە سەرنجڕاکێشانەی کە بۆتە جێگای باس و گرنگی پێدانی سەرجەم ئەو گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسە بیانیانەی کە سەردانی کوردستانیان کردووە و پانتایەکی فراوانی لە یاداشت و بیرەوەرییەکانیادا داگیرکردووە، چونکە سەڕەڕای نەریتە جیاوازەکانی ناو زەماوەند کە پەیڕەو کراوە، لە ناویاندا پارچەکانی جلی کوردی و ڕەنگەکانی و شێوازی ڕێکخستنی هەمیشە جێگەی سەرنجی بیانیەکان و شاعیرانی کورد بووە.
گۆرانی شاعیریش لەدرێژەی گەشتی قەرەداغدا، باسی زەماوەندی ئەو دەڤەرە دەباتە نێو هونراوەکانی و لە بەیتێکدا ئاماژە بە کوڵنجە و هەوری دەکات، هەرچەند لێرەدا شاعیر مەبەستی لە ناوهێنانی دوو گۆرانی فۆلکلۆری کوردییە، بەڵام ناوی ئەو دوو گۆرانیەش ناوی دوو پارچە جلی ژنانەی کوردییە، بەمەشدا بۆمان دەردەکەوێت گۆرانیبێژ و بەندبێژانیش وەک شاعیران هەمان ئەو کەرەستانەیان بەکارهێناوە، گۆران لێرەدا دەڵێت:
بوکی ژێر تارای ڕەنگ ئەرخەوانی
شۆخ و شەنگە وەک گوڵی بەیانی
ئێمەش ((لەشکرین)) بۆ خوای دڵداری
خاتوو زین بۆ مەم ئەبەین بە دیاری!
سا توخوا دەنگخۆش دەی قەتارەکەت
(کوڵەنجە ڕێ ڕێ) و (هەوری لارەکەت)
قانیعی شاعیریش لە هۆنراوەیەکدا بەناوی (ڕەشبەڵەک لە جەژنی لادێدا) باس لە شێوازی زەماوەندی گوند دەکات و دیمەنەکانی ئەو زەماوەندە و ڕەشبەڵەک دەباتە ناو هۆنراوەکەیەوە، لەناو ئەو جەژنەدا وەسفی گەورەکچ دەکات کە جیاوازتر لەوانی دیکە گرنگی بە جوانی خۆیداوە، چارەکەی خامەک کە ناوی جۆری قوماشەکەیە لەگەڵ خڕخاڵی مەچەکیدا ئاوێزان دەکات و دەڵێت:
چرپەی گەورە کچ ڕوو ئەکاتە ماڵ
ئارایشت ئەکا بە لفکەی دەسماڵ
چارەکەی خامەک ئەکاتە کۆڵی
خڕخاڵ مەچەکی چەشنی سەهۆڵی
بەردەوام دەبێت و جیاوازتر وەسفی ئاڵوواڵایی جلەکان دەکات و ناوی ڕەنگەکان دەهێنیت و دەڵێت:
کەوا تۆزێ ئاڵ، کراس مەیلەو سور
سرکەیی کۆڵی بەرق ئەدا لە دوور
سوخمەی نارنجی گۆدەڵەک پێوە
لە ژێر سوخمەدا دوو شەکرە سێوە
مەنگوڕیش خۆی لە دیمەنی زەماوەند نەبواردووە، لە شیعرێکی پڕدا زۆر بە وردی باس لە وردەکارییەکان دەکات، لە هۆنراوەی (بوکی لادێ)دا باسی دیمەنەکانی زەماوەند دەکات کە لە ساڵی ١٩٥٨دا بینوویەتی و زۆر بە وردی چۆتە ناو دیمەنەکانەوە لە (ڕازاندنەوەی بوک)دا جیاواز لە شاعیرەکانی دیکە وەسفی جلەکانی ئەو خاتوونە دەکات کە لە کوردەواریدا پێیانوتووە (بەربووک)، ئەم پێڕاگەیشتنە بە خانمی بەربوک یەکێکە لە جوانییەکانی شیعری ناوبراو، تێیدا دەڵێت:
سوار گەینە دێی نازدارێ ڕەنگین
بەربوک کردیە بەر لباسی نەخشین
کوڵنجەی سەوزی قەدیفەی چین چین
کراسی چیندار پشتێنەی پەشمین
دەسماڵ (برنجۆک) پوڵەکە زێڕین
عابد سیراجەدین نەقشبەندی وەک هەموو شاعیرانی دیکە سەرسام بووە بەجوانی زەماوەند و دیمەنە دڵڕفێنەکانی، ئەویش باسی جلی کوردی و ڕەشبەڵەک دەکات و وردتری دەکاتەوە و تێکگیرانی فەقیانە و لەرزانەی سەرنجی دەبات، لە دیمەنێکی ناوازەدا خامەی وەسفی دەتەقێتەوە و دەڵێت:
ماین بە ڕەختۆ بێ (کچ) بەلەرزانە
(ژن) سەروین لەسەر بێ (کوڕ) بە جامانە
جوانە تێک ئاڵێن (لەرزانە) لەچک و فەقیانە
شادییە زەماوەندە، خەنەبەندانە
ڕەشبەڵەک گیراوە سێ چین لەو بانە
هەرچەندە شاعیران تاسە و دنیابینی خۆیان لە شیعرەکانیاندا نووسیوەتەوە، لە تەنیاییدا دەردی دڵی خۆیان بە گوێی شیعردا چپانووە، بەڵام خۆویستانە بێت یان خۆنەویستانە توانیویانە مێژوویەکی تێروتەسەلی ژیانی ڕۆژانەی سەردەمەکەی خۆیانمان بۆ بگوێزنەوە، باسی هەر شتێکیان کرد بێت، هێندە ورد و دیقەت نووسیویانە ئێستا بۆ ئێمە وەک دیمەنێکی ڤیدیۆیی دێتە پێش چاومان، هەر ئەمەش وایکردووە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی تۆمارکردنی هەواڵەکانی ئەوێ ڕۆژێ، بوونەتە سەرچاوەی چەندین جۆری بابەتە مێژوویی و کولتورییەکان، بۆیە ئەرشیفێکی نەتەوەیی گرنگە و پاراستن و پۆلینکردن و توێژینەوە تیایاندا چەندین ڕاستی ئەو سەردەمانەمان بۆ ئاشکرا دەکات، هەموو ئەمانەش هیچ لە چێژە ئەدەبیەکەیان کەم ناکاتەوە و تا بیانخوێنینەوە زیاتر چێژی ئەدەبیمان دەدەنێ.
سەرچاوەکان
١-مەلا خدر ئەحمەدی شاوەیسی مکایەڵی (نالی) ، شەرحی دیوانی نالی، لێکۆڵینەوەو لێکدانەوەی (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، و فاتیح عەبدولکەریم)، چ١٢، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستان، ٢٠٢٣، سنە.
٢-تاهیربەگی وەسمان پاشای جاف(تاهیر بەگی جاف)، دیوانی تاهیر بەگی جاف، لێکدانەوەو لێکۆڵینەوەی( موحەمەد ڕەشید ئەمینی پاوەیی و کاروان عوسمان خەیات(ڕێبین) و جوتیار نەریمان )، چ١، ناوەندی بڵاوکردنەوەی کوردستان، سنە.
٣-هێمن موکریانی، سەرجەم و کۆی شیعر و پەخشانی مامۆستا هێمن موکریانی، چ٢، چاپخانەی بڵاوکراوەی کوردستان ، سنە.
٤-میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی، دیوانی بەهەشتی دڵداری ، ج٢،چاپخانەی کارۆ، ٢٠٢٠، سلێمانی،٢٦١.
٤-عەبدوڵڵا بەگی کوڕی سلێمان بەگ(گۆران)، دیوانی گۆران ، ئامادەکردنی (محەمەدی مەلا کەریم ، چ١، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستان و چوارچرا ، ٢٠٢١، سنە.
٥-قانع، دیوانی قانع ١٩٦٥، کۆکردنەوەی مەلا عبدالکریمی مدرس، 1998، چ١، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژ، سنە.
٦-میرزا محەمەمەد ئەمین مەنگوڕی، دیوانی جیهانێکی ئازاد ،چ٢، جاپخانەی کارۆ، ٢٠٢٠، سلێمانی.
٧- عابد سیراجەدین نەقشبەندی ، ئاهووی ئێڵاخان، ب١، ئامادەکردنی (ئەسعەد سیراجەدین نەقشبەندی)، چ١، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ٢٠٠٤.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment