(چنوور) بۆن خۆشترین گیای کوێستانان
ڕاز ئەسعەد
(١-٣)
ناساندنی چنوور
(چنوور) گیایەکی بۆن خۆشی کێویی کوێستانی ناوچە بەرزەکانە، بە قەدپاڵ و نسێ بەرزەکان و شوێن ڕەنووە بەفرەوە شینودەبێت، لەدێر زەمانەوە تێکەڵ بە کولتوور و کەلەپوور و مێژووی ئێمە بووە، میوانێکی ڕووخۆش و ڕەزاسووکی سەر سفرە و خوانەکان، نێو تاقی دیوەخان و بن کاریتەی هەیوانەکان، هاوڕێی مەشکە و دۆی نۆژەن و سەر سەلەی پەنیر و ڕۆنی داخ نەکراو بووە. چنوور چەپکە گوڵی سروشتی و بۆنی خواکردی نێو شاخەکان بووە. شوانەکان کردویانەتە دیاری دەستیان و پێشکەش بە بێری دڵبەریان کردووە، شیردۆشی جوانیش بۆ دڵخۆشی شوانەکان لە لچکی کڵاو و بنهەنگڵی هێلەگەکانیان توند کردووە و بە بەرامەی دڵڕفێنی کەشوهەوایان پێ عەترڕێژ کردووە.
توێژینەوە لەگیای چنوور دەبێتە بنەڕەتێکی گرنگی ڕووەکناسی و سروشتناسی و تەنانەت مێژووناسیش، چونکە تا ئێستا نەک هەر لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و شرۆڤەیەکی وردی ئەکادیمی بۆ نەکراوە، بەڵکو تا ئێستا بە شێوەیەکی گشتی شێوەی گیاکەش لە ناو خەڵکدا ئاشنا و ڕوون نییە، ئێمە لە میانەی بەدواداچوونماندا بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە، گەیشتین بەو ڕاستییەی کە هەندێک بەهۆی نەبوونی شارەزایی پێویست ئەم گیایە بە ئەفسانە ناو دەبەن، هەندێکیش لەگەڵ گوڵی شلێردا تێکەڵی دەکەن، تەنانەت عەتارەکانیش لە پێناسەکردن و ناساندنی بە ناوی گوڵەوە لەو هەڵە تێگەیشتنەدا بەشدارن، لەکاتێکدا گرنگی (چنوور) و بەکارهێنانی بەهۆی گوڵە بچکۆلە ڕەنگ زەردەکەیەوە نییە، بەڵکو بەهۆی بۆنە خۆشەکەیەوەیەتی.
لە کوردەواریدا هەندێک جار پێیدەوترێت (بنج)، لە ڕووی زمانەوانییەوە مەبەست لە بنج ڕەگ و بەشی خوارەوەیەتی، لە ئەدەبیاتیشدا بە (تای چنوور) ناو دەبرێت، (تا) بە مانای لق یان بەش یان چڵ دێت، وەک مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس لە لێکدانەوەی دێڕە شیعرێکی مەولەویدا بە چڵی چنوور شرۆڤەی دەکات.
شێخ محەمەدی خاڵ لە فەرهەنگی خاڵدا سەبارەت بە (گیای چنوور) دەڵێت: ''چنوور گیایەکی کوێستانی بۆن خۆشە لە شویت دەچێت'' هەروەها هەژار موکریانی لە فەرهەنگی هەمبانە بۆرینەدا هەمان بۆچوونی شێخ محەمەدی خاڵی هەیە و دەڵێت ''چنوور گیایەکی زۆر بۆن خۆشە گەڵاکانی لە شویت دەکات'' گیوی موکریانیش لە فەرهەنگی (کوردستان)دا دەڵێت ''چنوور جۆرە گیایەکی بۆن خۆشی کوێستانییە وەگەسکی هیندی، پەشمەکی دەچێ و گوڵیشی هەیە، گەڵاکەشی وەهی شوویت دەچێ''.
بەشێوەیەکی گشتی لە ڕووی ناوەوە لە زمانی کوردیدا بە چنوور ناو دەبرێت، لە زمانی فارسیشدا بە (گیاه چویل)، یان (چنگویر)، یان (چویر)، یان (چاویل) یان (Chavill)ناودەبرێت، ناوە زانستییەکەشی (ferulago angulata (schlecht) boiss)، ئەم ڕووەکە بۆ گەشەکردن پێویستی بە ڕووناکی و بەرزی شێ هەیە، لە ناوچە شاخاوییەکاندا گەشە دەکات، ڕەنگی کەمێک سەوزی تۆخە و بۆنێکی خۆشی هەیە، بەشێوەیەک لە دووری چەند مەترێکەوە هەست بە بۆنەکەی دەکرێت، لە دوا مانگەکانی وەرزی بەهاردا لە ناوچە کوێستانییەکان و شوێنە بەرزەکاندا دەردەکەوێت، نزیکەی مەترێک لە زەوییە بەرز دەبێتەوە، هەندێک جار زیاتریش، بەڵام تەمەنێکی کورتی هەیە، لەسەرەتای وەرزی بەهاردا گەشە دەکات، تەمەنی لە مانگێک تێناپەڕێت، لە فەرهەنگی (گوڵ و گیا)دا بە (گیای ڕۆن) ناوبراوە، چونکە وەک زانراوە لە سەدا دوانزەی پێکهاتەی ئەم ڕووەکە زەیتی سروشتییە و بە ئاسانی لێی دەردەهێنرێت.
لەڕووی دابەشبوونی جوگرافی لە کوردستاندا لە زۆربەی شاخە بەرزەکاندا هەیە وەک لە چیاکانی هەورامان، چیای پیرەمەگرون، هەروەها ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ، وەک هەمەدان، ئاراک، سنە، لوڕستان، کرماشان، لوڕستان ، بەختیاری، قەزوین، شاخی پەروا، چیای شاهۆ لە بەرزای ٢٢٠٠ مەتر، هەروەها بەرزترین خاڵی چیای پارێزگای خوزستان واتە شاخی بەفر بە بەرزی ٢٣٠٠ مەتر.
لە هەر کۆمەڵگایەکدا ناو جیاکەرەوەی کولتوورە جیاوازەکانە، فۆڕمێکە بۆ ناسینەوەیان، بەجۆرێک دەتوانین بڵێن شوێن، سروشت، ئایین، نەتەوە،کەلتوور، جەنگ، ڕووداو، ئەفسانە، ....تاد ڕۆڵێکی بنەڕەتیان هەیە لە ناونانی مرۆڤەکاندا، بەتایبەتیش لە ناونانی کچاندا ئەمە لایەنێکی بەرچاوە، بۆ نموونە ناوی ژنێک دەکرێت لە ناوی سروشتەوە وەرگیرابێت، ئەمەش بۆ کاریگەری و خۆشەویستی شوێن دەگەڕێتەوە لەسەر مرۆڤەکان، بێگومان مێژووی ئەو کاریگەرییەش بۆ هەنوکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ یەکەم مرۆڤ دەگەڕێتەوە کە لە ئامێزی شوێندا یەکەم هەناسەی داوە، یان دەکرێت ناوەکان لە ناوی وەرزێکەوە، یان لە ناوی ڕووبارێکەوە وەربگیرێت، بۆ نموونە ڕووباری (ئەڵوەن)، یان خودی زارەوەی (ڕووبار) کراوە بە ناوی کچ، یان ناوەکە لە ناوی تاڤگەیەکەوە وەردەگیرێت، وەک (بێخاڵ) یاخود خودی گوزارەی (تاڤگە)، لێرەوە ناوە وەرگیراوەکان لە سروشتەوە زیاتر فراوان دەبێت و دەگاتە ناوی کیشیوەرەکان وەک ئاسیا و ئەوروپا یان تەنانەت خودی ناوی کیشوەر لە کوردەواریدا ناوی کچانەیە، کۆمەڵگەی کوردی لە ڕووی ناونانی منداڵەکانیانەوە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە سروشت بەستووە، بە تایبەتی لە ناونانی منداڵانی کچدا ناوی گوڵ و ڕووەکە بەهارییەکان کە هەندێکیان وەک شیفا بەخش بەکارهاتوون، ڕەنگە یەکێک لە ناوە دیارەکان ناوی (گیای چنوور) بێت کە زۆر کات بە (گوڵی چنوور) ناودەبرێت، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ناوانە چۆن و لە کوێوە هاتوون کاتێک خودی مرۆڤ خۆی ناوی گوڵەکان یان هەر دیاردەیەکی سروشتی دەنێت، پاش ماوەیەک خەسڵەتەکانی گوڵەکە یان گیاکە هەڵدەگرێتەوە و منداڵەکەی بەو گیا سروشتییە ناو دەنێت، کەواتە دەکەوینە بەر دوالیزمەیەک و نازانرێت ناوی کەسەکان لە مرۆڤەکانەوە گواستراونەتەوە بۆ ڕووبار و شاخ و ڕووەکەکان، یانیش بە پێچەوانەوە.
گیای چنوور جگەلەوەی ڕووەکێکی بۆنخۆشە لە هەمانکاتدا خۆراکێکی بەسوودیشە بۆ ئاژەڵان، ئیرەج موڕادی لە فەرهەنگی ڕووەکناسی کوردستاندا ئاماژەی بە چەند جۆرێک لە گیای چنوور داوە، بەڵام ئەو بە گوڵ ناویاندەهێنێت، وەک (چنووری سەقزی، چنوورە شویتە، چنوری سێ پەلکە، چنووری تۆم ئەستوور، بزنە ڕیشە (ڕیش بزن).
سەرچاوەکان
١-شێخ محەمەدی خاڵ، فەرهەنگی خاڵ، چ١، ناوەندی هزری و ڕۆشنبیری خاڵ ، ٢٠٢١، ل ١٣٧ ٢.
٢-هەژار، هەمبانە بۆرینە (فرهنگ کردی- فارسی)، یک جلدی، چ١، ١٣٦٩، چاپخانە بویا چاپ و در صحافی، فرد صحافی شد .
٣-گیوی موکریانی، فەرهەنگی کوردستان،چ١، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس ، هەولێر، ١٩٩٩.
٤- ئیرەج مورادی( باقلاوایی) ،فەرهەنگی ڕوەکناسی کوردستان، چ١، ،ناوەندی بڵاوکردنەوەی کانی کتێب، سنە ، ٢٠١٦.
٥-فەرهەنگی گوڵ و گیا( فەرهەنگی فارسی -کوردی) ، و ڕەحمان جەوان. چ١.
٦-سەیید عبدوڕڕەحیم سەعید (مەولەوی)،کۆکردنەوە و لێکدانەوەو لەسەر نووسینی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، دیوانی مەولەوی، چ٣، ناوەندی بڵاوکردنەوەی کوردستان، سنە.
٧-کامەران محەمەد، لە نێوان مرۆڤ و شوێن و کاتدا( دیمانەیەک بۆ تێگەیشتنی مێژوو)، چاپخانەی یاد، ٢٠١٥.
٨-میرزا صدیق ئەحمەد جینگیانی ، گژ و گیا و ئاژەڵ، چاپخانەی ئاشتی، سلێمانی ، ١٩٩٠.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment