چنور، بۆنخۆشترین گیای کوێستانان، میوانی سفرەو خوانە (دەرمانی حەوت دەردانە)
ڕاز ئەسعەد
٢-٣
باسکردن و خستنەڕووی دیمەنەکانی ژیانی ڕۆژانەی هەر کۆمەڵگایەک دەبێتە تۆمارێکی گرنگی نووسینەوەی مێژووی شارستانیەت و ژیانی ئەو کۆمەڵگایە، وردەکارییەکانی هەر قۆناغێکی مێژوویش دەبنە دەروازیەکی گرنگ و پڕ بایەخی ئەرشیفی نەتەوەیی، هەر لەم ڕوانگەیەوە ڕەنگە گیای چنور یەکێک بێت لەو وردەکارییە گرنگانەی ژیانی ڕۆژانەی ژنانی کۆچەری ناوچەکانی بەختیاری و لوڕستان، چنور، یەکێکە لەو ڕووەکانەی کە وەک ناوهێنان ڕۆژانە گوێبیستی دەبین، بەڵام لە بینیندا کەمترە، بە واتایەکی دیکە ڕەنگە گیای چنور، بەهۆی زۆری بەکارهێنانی لە کۆندا و کەمبوونەوەی لەئێستادا بووبێتە ئەو ڕووەکەی نهێنیەکانی لە دڵی سروشتدا قەتیس بووبێت.
بەو پێیەی ئەم گیایە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەچاو ناوچەکانی دیکەدا، بە ئەندازەیەکی زیاتر گرنگی پێدراوە، بۆیە لەوێ (چویر) ناوێکی باوتری ئەم ڕووەکە شاخاوییەیە، هەرچەندە لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئێران بە هەمان شێوەی کوردستانی باشوور پێیدەڵێن (چنور)، لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران کە سەرچاوەی سەرەکی (چویر)ە، دوو ناوی هەیە (چویر، چویل)، لە ناوچەکانی کرماشانیش پێیدەڵێن (چویر).
خوسرەو جاف لە کتێبی (لوڕ کوردە یا لوڕە کورد؟)دا پێیوایە هەر لەکۆنەوە لوڕستان ناوچەیەکی پانوپۆڕ بەربڵاو بووە، بەجۆرێک وڵاتێک بووە بۆ خۆی، بەتەواوی مەرجی زیندەگانی و بە جوانییەکانیەوە و بەهۆی ئەو ئاو هەوا و جوانیانەوە کە باسکراون ژینگەیەکی لەبار بووە بۆ گەشەکردنی گیای چنور، هەر لەم ڕوانگەیەوە (چنور) لە ژیانی ڕۆژانە و کۆچەری دانیشتوانی بەختیاریدا گرنگی پێدراوە، بە شێوەیەک لە فەرهەنگی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی بەختیاریدا بە ئەندازەی بەرچاو گرنگی پێدراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆنە خۆشەی پەخشی دەکات، دەگوترێت بۆنەکەی لە دووری زیاتر لە بیست مەترەوە هەستی پێدەکرێت، هەربۆیە وەک پاکژکەرەوەیەک بۆ خاوێنکردنەوەی ڕەشماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونەکان بەکارهاتووە، هەموو ئەوانە وایکردوە ژنانی کۆچەری ڕووەکی (چنور)یان کردووەتە نێو هێزەکانیانەوەو وەک ماددەیەکی خۆراکی بۆ خۆشکردنی بۆنی ڕۆنی ئاژەڵی، تا بەدرێژایی مانەوەی ڕۆنەکە بۆن و بەرامەیەکی خۆشی هەبێت، ئەم تایبەتمەندیەش یەکێکە لە دیارترین لایەنە جیاکەرەوەکانی ڕۆنی ئەو ناوچانەی کە گیای چنور بەکاردەهێن، بە بەراورد بەسەرجەم ناوچەکانی دیکە و تا ئێستاش بەردەوامە.
لە هەمانکاتدا هەندێک لە کۆچەرییەکان ئەو هیزانەی دروستیانکردووە بۆ بەشی ناوەوەی ناوپۆشی هیزەکان بەکاریان هێناوە، بۆ ئەوەی زووتر بۆنی هیزەکە خۆشبێت، هەندێک جار لە بەشی دەرەوەی هیزەکاندا کەمێک مووی کورتیان لەسەر هێشتووەتەوەو پێیانوابووە، ئەمە ڕێگری دەکات لە ڕژانی ڕۆنەکە لە ڕێگەی کونیلەکانی پێستەکەوە، چەند لقێک لە چنوریان لەسەر داناوە کە ژنانی هۆزەکانی لوڕ پێیان وتووە (خیگ).
هەروەها لە دوای ئامادەکردنی کونە، یان کوندە بۆ ئاو هێنان، ژنان بۆ زووتر ئامادەبوون و بۆخشبوونی پەنایان بردووەتە بەر گیای چنور، لەو بڕوایەدا بوون ڕۆڵی هەیە لە ئاڵوگۆڕی گەرمی و فێنک ڕاگرتنی ئاوەکەدا.
(چنور)، وەک میوانێکی تایبەتی سفرە و خوانەکان بووە، کابانی ماڵ هاوشێوەی بەهارات لە وەرزی سەوزبوونیدا وشکی کردووەتەوە و دوای وشک کردنەوەی گەڵاکانی وردکردوە و بۆ ناو خواردنەکان بەکاریهێناوە، لە وەرزی سەوزبوونیدا کراوەتە ناو دۆوە، لەسەر سفرە دانراوە، کابانی ماڵ لقەکانیشی وشک کردووەتەوە. لە کاتی بەسەرچوونی وەرزی چنوردا لقە وشەکانیان بۆ ناو دۆ بەکارهێناوە، هاوکات لە باشوریش بۆ سەر سەبەتەی پەنیر و چەند لقێکیشیان لەسەر شوێنی نانەوەی دۆینە داناوە تا بۆن و تامی چنور بگرێت، سەرەڕای ئەوانەش لە وەرزی پێگەیشتنی گوڵەبەڕۆژەدا و لە دوای چنینەوەی، دەسکێک چنوری وشک کراو دەڕژێنن بە ناویدا، تا بۆنی خۆش بێت، هەروەها لە وەرزی بەهاردا بە تایبەت بە دوای قارچکی ئەو ناوچانەدا دەگەڕێن کە لە شوێنی چنوردا هەڵدەتۆقێت، دەگوترێت تامی زۆر لە هی شوێنەکانیتر خۆشترە.
چنور و بۆنە کۆمەڵایەتییەکان
هەمیشە بۆنە کۆمەڵاتییەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە ئەندازەیەکی بەرچاو گرنگی پێدراوە، هەندێک جار بە پیرۆز لە بۆنەکانیان ڕوانیوە، گیای چنوریش یەکێک بووە لەو گیایانەی کە ئامادەییەکی بەرچاوی لە ناو بۆنە کۆمەڵاتییەکاندا هەبووە، وێڕای ئەوەی هەمیشە چەپکێک لە چنور لە وەرزی بەهاردا بەسەوزی لەلایەکی ڕەشماڵەکاندا هەڵواسراوە، لە ماڵەکانیشدا لە ناو تاقەکاندا میوانێکی بۆنخۆش بووە.
یەکێک لەو بۆنە کۆمەڵاتیانە مەڕاسیمی زەماوەند بووە، ئەگەر زەماوەندەکە لەوەرزی سەوزی چنوردا بگێڕدارایە، ئەوا چنور دەبووە ئامرازێکی بۆنخۆشکردنی ژووری بووکەخان، هەروەها وەک هێمای سەوزایی هێنانی خێر و خۆشبەختی دەدرایە بوک، ئەگەر لەو کاتەشدا وەزری چنور نەبوایە ئەوا چەپکێک لە چنوری وشک لە تاقی ژووری بوکەخاندا هەڵدەواسرا.
هەروەک چۆن (چنور) لە مەڕاسیمی زەماوەندا ئامادەیی هەبووە، بەهەمان شێوە لە مەڕاسیمی پرسەشدا وەک بۆنخۆشکەرێک بەکارهاتووە، بەو پێیەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەتایبەت لە باشوری کوردستان کاتێک کەسێک کۆچی دوایی کردوە، وەک نەریتێک سێ شەو لە شوێنی شۆردنی جەستەی مردوەوەکەدا چرایەکیان داناوە، لەگەڵ دەسکێک چنوردا، چونکە لەو بڕوایەدا بوون هەتا سێ شەو رۆحی مردوەکە سەردانی هەمان شوێن دەکاتەوە، واباشترە ئەو شێوێنە بۆنخۆش بکرێت.
لەبەر ئەوەی گیای چنور، هیمایەک بووە بۆ سەوزایی و بۆن لە بەیتە لریکی و لۆکاڵییەکانیشدا ئامادەیی هەبووە، لە هەمانکاتدا لە ناونانی منداڵی کچ بەم ناوە بۆ ئەو تایبەتمەندیانە گەڕاوەتەوە، هەندێک جار واڕێکەوتووە لە مەڕاسیمی ناونانی منداڵێکدا بە (چنور) گیای چنوریش ئامادەی هەبووە ئەمەش یەکێک بووە لە سیما سەرنجڕاکێشەکانی کوردەواری و جۆرێکیش بووە لە چواندنی دوو چنور بە یەکتر.
چنور پەڕلەی نێوان دڵدران
ئەگەر سمڵ و مێخەک هێمای بۆن و ناسینەوەی ژنی کوردبێت، کە بەردەوام کەرەستەیەکی گرنگی شیعری شاعیرانی کلاسیک بووە، ئەوا زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین گیای چنوریش ئامرازێکی گرنگی نێوان دڵداران بووە، کاتێک لە وەرزی بەهاردا گەنجان ڕوویان لە کوێستانەکان کردوە لێکردنەوەی چنوور و هێنانەوەی لەگەڵ خۆیاندا تا پێشکەشی دڵبەریانی بکەن دیاریەکی ناوازە بووە لای دڵدارەکان کە بەرامەی پێناسە نەکراو بووە، هەروەها زۆر جار دوور لە چاوەکان و لە فرسەتێکدا کە دڵداریش لە ناو ئاپۆڕای ئەو کەسانەدابووە کە ڕوویان لە کوێستان کردوە بۆ هێنانی گیا بەهارییەکان، پێشکەشی کردووە.
هەندێک جاریش (چنور) پیشکەشی بێری دڵدار کراوە لەلایەن شوانی ڕانەبێرییەوە، کاتیک بێرەڤان سەردانی ڕانەبیری دەکات لە کوێستان شوانی دڵدار چنوری کردووەتە دیاری دەستی بۆ بێرەڤان.
چنوور، گیایەکی بەسوودە بۆ خۆراکی گیاندران و هێندە بەلای ئاژەڵەکانەوە پەسەندە ئەوەندی لێدەخوات تووشی هەڵاوسان و تەقینی دەکات، بۆیە زۆر بەئاگادارییەوە بە ئاژەڵەکان دەدرێت. کاتێک دەگاتە دوا مانگەکانی وەرزی بەهار و کاتی درەوی دێت، لاوان و کاسبکارەکان زۆر پێوەی ماندوو دەبن، چونکە وشکی دەکەن و دواتر دەیکوتن بۆ ماڵات، لەبەر ئەوەی ئەم کارە کاتێکی زۆری دەوێت وا دەکات دڵدار لە دڵبەر بێ هەواڵ بێت، بۆیە دڵبەر گازندەی خۆی لە یار دەکات، هەربۆیە بۆ دڵدانەوەی دڵخوازەکەی، دڵدار بۆ دڵخواز دەنووسێت:
چنور باوەشێن کە ماکە نانە
گلە مەفەرمو وادەی فەرمانە
واتە دڵی دڵبەر دێنێتەوە، کە تاسەی دووری کردووە و پێیڕادەگەیەنێت، کارو فرمان ناچار بە دووری کردووە و داوای لێدەکات گلەیی نەکات و زویر نەبێت.
چنور دەرمانی حەوت دەردانە
لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیای (چنور) لە چەندین بواردا بەکاردەهێنرێت و تا ئەندازەیەکی باش گرنگی پێدراوە، وەک چارەسەر بۆ هەندێک نەخۆشی بەکاردێت، ئەگەرچی پیشەی پزیشکی میللی لە کوردەواریدا وەک نەریتێک سەرچاوەکەی ئەزمونی مرۆڤەکانە بە پێی تێپەڕبوونی ساڵەکانی تەمەنیان.
گیای چنوریش، وەک کەرەستەیەکی گرنگ چووەتە ناو چوارچێوەی بەرکارهێنانەکانەوە، وەک چارەسەرێکی سروشتی، لە دژی ژەهراوی بوون بەکاریدەهێنن بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی خۆراکێکەوە دووچاری ژەهراوی بوون دەبنەوە، هاوکات وەک دەگوترێت بەرگری جەستەی بەساڵاچوان بەرامبەر بە نەخۆشییەکان زیاد دەکات، یارمەتیدەرێکی باشە لە کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکاندا، بۆ ئەوکەسانە بەکاریدەهێنن کە کێشەی گەدە و ڕیخۆڵەیان هەیە، دەبێتە هێورکەرەوەیەکی باش بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان و هاوکات لە کوردەواریشدا ئاوەکەیان داوە بەو کەسانەی کە توشی خەو زڕان دەبن.
سەرەڕای بەکارهێنان و سوودە باشەکانی، تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕووەکە بە شێوەیەکە ئەگەر لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر بکرێت بەو پێیەی کە یەکیلۆ گرام لە چنوری سەوز دەتوانرێت لە ٪١٢ زەیتی سروشتی لێدەربهێنرێت، بۆیە باس لەوە دەکرێت کە دەکرێت لە پیشەسازی بۆن و کرێمدا بەکاربهێنرێت، کەواتە دەکرێت وەک ڕووەکێکی پیشەسازی لێیبڕوانرێت و سودی ئابوری گرنگی لێوەربگیرێت. بەهۆی زۆری بەکارهێنانییەوە بەراورد بەڕابردوو ڕەگەزی چنور یان چەڤیل لە ژێر مەترسی لە ناوچووندا دەبێت، باشترە لە کێڵگەدا هەوڵی بەخێوکردنی ئەم ڕووەکە بەسودە بدرێت و پەرەی پێبدرێت تا سودی ئابوری لێوەربگیرێت.
سەرچاوەکان
١-خوسرەو جاف، لوڕ کوردە یا لوڕە، دەزگای ئاراس، هەولێر، ٢٠١١.
٢- ئیرەج مورادی باقلاوایی، گەنجینەی پزیشکیی حەکیمانی کوردەواری، ب١، چ١، ٢٠١٩، ناوەندی ڕۆژ ، سنە.
٣-میرزا صدیق ئەحمەد چنگیانی، چاپخانەی ئاشتی، سلێمانی ، ١٩٩.
٤- ڕاز ئەسعەد، ژنی کورد و مێژووی کۆمەڵایەتی (بۆنە کۆمەڵاتی و ئاینیەکان بە نموونە)، گۆڤاری خاڵ، ژ٥٠، پاییزی ٢٠٢٥.
٥- گیاه چویر در روغن حیوانی.
https://share.google/I2Tu1DW4dfJFqPhO
٦- خواص درمانی چویر که فکرش را هم نمیکنید! {12 خاصیت و نحوه مصرف}
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment