مێژووی پۆشاک و ڕەسەنایەتی بەرگی ژنی کورد توێژینەوە

ڕاز ئەسعەد

زنجیرە (٢)

پۆشاکی ژنانی کورد، کەڤاڵێکی ئاڵو واڵا

هەرچەندە پۆشاکی کوردی هەمیشە بە فرە ڕەنگی و ئاڵوواڵاییەکەی ناسراوە، بەڵام بەو پێیەی جلوبەرگ ئەرکێکی کۆمەڵایەتی کولتووری گرنگی لە ئەستۆدایە، هەر بۆیە ژنانی کورد بەپێی مەراسیمە کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگی جلەکانیشان دەستنیشان کردووە، ئەمەش جۆرێک بووە لە زیرەکی ژنانی کورد لە ڕووی هەڵبژاردنەوە، بۆ نموونە ژنانی بەتەمەن هەمیشە خۆیان لە هەندێک ڕەنگی زەق بە دوور گرتووە، لەو بڕوایەدا بوون کە بۆ تەمەن و پێگەی ئەوان گونجاو نییە، بەتایبەت ڕەنگەکانی (سور، پرتەقاڵی، پەمەیی.....تاد) تەنانەت لە شێوازی دورینی پۆشاکەکانیشیاندا ڕەچاوی تەمەن کراوە، بۆ نمونە ژنانی بەتەمەن کاتێک سەڵتەیان پۆشیوە ئاستی درێژی سەڵتەکەیان زیاتر بووە بە بەراورد بە ژنێکی گەنج، هەربۆیە خاتو ‌هێنی هارۆلد هانسن ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەو ژنانەی هاوسەریان هەیە هەمیشە سەروبەستیان لەسەردایە، بەڵام کچانی گەنج تەنها سەرپۆشیان بەسەریاندا داوە، هەندێک جاریش لەلایەن ژنانی بەتەمەنەوە (یازمە) بەکارهاتووە بۆ بەستنی ناوچەوان، کە لە شێوەدا شێگۆشەیە و قەراغەکانی بە گوڵنکە ڕازێنراوەتەوە، نێوانی گوڵنگەکان مەرج بوو کە بە زەنگیانەی شین بنەخشێنرێن، ئەو قوماش یان کوتاڵەی کە بەکاردەهات پێیدەگوترا جورجێت، لەبەر ئەوەی لەلایەن ژنانی بە تەمەنەوە بەکاردەهات دەبوو ڕەنگی ڕەش بێت.

لە زۆربەی کۆمەڵگا جیاوازەکاندا مەراسیمی پرسە گرنگییەکی تایبەتی پێدەدرێت، ئەو کەسانەی سەردانی پرسەکە دەکەن ڕەنگی جلەکانیان لەگەڵ ئەو ماتەمینیەدا دەگونجێنن، هەر کولتوورە و ڕەنگێکی جیاوازی تایبەت بە خۆی هەیە، ژنانی کوردیش لەم ڕووەوە بە ئەندازەیەکی بەرچاو گرنگیان پێداوە، لوسی گارنێت باس لەوە دەکات، کە ژنانی کورد لە کاتی سەردانیکردنی پرسەکاندا ڕەنگی ڕەشیان پۆشیوە. بە شێوەیەکی گشتی جگە لە ڕەنگی ڕەش چەند ڕەنگێکی دیکەی تۆخیان پۆشیوە، وەک نیلی و قاوەیی. ئەم ماتەمگێڕییە تەنها لە جلوبەرگەکانیاندا ڕەنگدانەوەی نەبووە، بەڵکو لە سەروبەست (فێست) و ئەو خشڵانەشی بەکاریانهێناوە ڕەنگدانەوەی هەبووە، بەجۆرێک ئەو خشڵانەی بە سەروبەستەکەیانەوە بووە، وەک هاوخەمی و ماتەمگێڕیی بۆ خاوەن پرسەکە لێیانکردۆتەوە، ئەمەش یەکێک بووە لە نەریتە باڵاکانی کۆمەڵگای کوردی و بە (کڵاو ڕەشکردنەوە) ناسراوە.

لە بەرامبەردا لە مەراسیمە شادییەکاندا پۆشینی جلی ڕەنگاوڕەنگ بەردەوام سەرنجی گەڕیدە بیانییەکانی ڕاکێشاوە، ئەوەی زیاتر سەرنجی کەمەندکێش کردوون دیمەنی پۆشین و خۆڕازاندنەوەی ژنان بووە لە زەماوەندەکاندا، هەربۆیە ڕیچ باسی دیمەنێکی سلێمانی دەکات کاتێک، کە بینوویەتی چەند ژنێک خۆیان ڕازاندۆتەوە و جلی ئاوریشم و ئاڵو واڵایان لەبەردا بووە و بێ ڕووبەند و سەروبەست بوون. ژنی کورد لە ڕابردوودا بەهۆی خراپی باری ئابورییەوە هەریەکەیان بوخچەیەکی هەبووە، دەستێک جلی کوردی تێدابووە کە جلی زەماوەند و بۆنە تایبەتییەکان بووە.

هەر بەتەنها مەراسیمە کۆمەڵاتییەکان کاریگەری لەسەر پۆشینی شێوە و ڕەنگی جلوبەرگ نەبووە، بەڵکو ژینگەی جوگرافی و هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئابوریش کاریگەریی خۆی هەبووە، بەجۆرێک جگە لەوەی کە شێوازی دورینی پۆشاکەکان بەپێی ناوچەکان گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، لە هەمانکاتدا کەشوهەوا یەکێکی دیکە بووە لە هۆکارەکان، بۆ نمونە لە وەرزی زستاندا ژنان کەوای لۆکە (ناوار)یان پۆشیوە، کە شێوازی دروستکردنەکەی سەرەڕای جوانی و خانەدانییەکەی لە سەرماش پاراستونی، ئەمە لەکاتێکدا لەوەرزی هاویندا لەبەریان نەکردوە، چونکە تایبەت بووە بە وەرزی سەرما.

هەرچەندە ژنان بەردەوام سەرقاڵی کارکردن بوون لە شار و گوندەکانیشدا، بەڵام ئەمە هۆکارێک نەبووە بۆ دوورکەوتنەوە لە پۆشینی پۆشاکی کوردی، بەتایبەتیش لە گوندەکاندا، ژنان سەرەڕای کاروباری ناوماڵ و میوانداری و منداڵ بەخێوکردن، هەمیشە یارمەتیدەری سەرەکی هاوسەرەکانیان بوون لە کاری باخداری، ئاژەڵداری، کشتوکاڵ، ڕستن و چنین، کاری قوڕکاری و دروستکردنی تەنور، کارە سەرەتاییەکانی دیکەی وەک پیشەی خۆشکردنی پێستەی ئاژەڵ، دروستکردنی هەمبانە و مەشکە ...تاد، لە کاتی کارکردندا فەقیانەکانیان لەسەر مەچەکیان بەستووە.

میروسلاڤ زیمکوند، ئاماژەی بەدیمەنێکی ناوازەی کارکردنی ژنانی کۆچەریی داوە، کە لە کارە سەختەکانن و بۆ هێزوبازووی ژنان تاقەت پڕوکێنن و هەر بە پۆشاکی کوردییەوە کارەکەیان ئەنجامداوە، بەڵام سەری خۆیان دانەپۆشیووە، ڕەنگە سەختی کارەکان وای خواستبێت، یاخود بەستنی سەروبەست یان سەرپۆش کارەکەی لێ سەختتر کردبێتن، چونکە کاری (ئەسپ زینکردن، ‌ڕەشماڵ هەڵدان)یان ئەنجامداوە، بۆیە میروسلاڤ ئەو پرسیارە دەوروژێنت و دەڵێت''دەی چۆن دەتوانێ ئەسپێ زین بکەیت، یان ڕەشماڵێک هەڵبدەیت، ئەگەر پێچەت کردبێ؟'' هەندێک جار سەختی کاروبارەکانی ژنان وایکردوە کە بەسەر جلە کوردییەکانیاندا شەرواڵێکی پیاوانە بپۆشن، هەندێک جاریش بۆ هەندێک لە کارەکان بەرهەڵبێنەیان کردووە، کە ئەمە زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە، بۆ پاراستنی پۆشاکەکانیان لە پیس بوون، کە بریتی بووە لە پارچەیەک قوماش و لە خۆیانەوە ئاڵاندووە، هەندێک جار بۆ کارەکانی ناوماڵ، یاخود لە بەهاراندا کاتێک ژنان بە هەروەزی بەرەو دەشتەکان ڕۆیشتوون بۆ هێنانی گیا بەهارییەکان.

لە ڕووی پۆلینکردنەوە دەکرێت ئەم تایبەتمەندیەی جلوبەرگی ژنانی کورد وەک جیاکردنەوەی پۆشاکەکان وابێت لەڕووی بەکارهێنانەوە، دەستنیشانکردنی ئەرکی کۆمەڵایەتی و دەروونی ژنان بێت وەک کاردانەوە بەرامبەر هەستی کەسەکان لە هەمبەر ڕووداوەکاندا و دەرخەری هەڵوێستیانە بەرامبەر شادی یان ئەو کارەساتەی ڕوویداوە و بەشدارن تێیدا، ئەمەش دەرخەری فراوانی شێواز و جۆری پۆشاکە لە سەردەمێکی زووەوە و دەوڵەمەندی کولتووری نەتەوەکەیە، ئەگەر بزانین لەو سەردەمانەدا جلوبەرگ هێندە گرنگی پێنەدراوە، بەڵام ژنانی کورد سەلماندوویانە هەر لە زووەوە لە ڕووی پۆشاکەوە جیا لە گەلانی دیکە پۆشتەتر دەرکەوتوون و زیاتر خانمێتی و خانەدانی خۆیان دەرخستووە.

سەرچاوەکان

١-میروسلاڤ زیکموند-جیری هانزیکا، کوردستان وڵاتی ڕاپەڕین و ئەفسانە هومێد، وزاگرۆس سیروانی، چ١، لە بڵاوکراوەکانی  ڕێکخراوی خوێندکارانی شۆسیالیستی کورد لە ئەوروپا(سۆکە)،١٩٨٤.

٢-محەمەد باقی سەعید بەرزنجی ، گوزەرانی دانیشتوانی شاری سلێمانی لە پێش ساڵانی(١٩٤٠)تا نزیک پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو،چ١، چاپخانەی کارۆ، ٢٠٢٤،سلێمانی، ل ٢٣٦.

٣-چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(گوڵسان ئەحمەد محەمەد)، تەمەن ٨٨ ساڵ،  ٢٠-٨-٢٠٢٥، ٢:٣٠-٢:٥٠سلێمانی.

٤- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(گوڵزارڕەفیق،ساڵح )، تەمەن ٧٧ ساڵ، ٥-٦-٢٠٢٥، ٥:٠٠-٥:٣٠، سلێمانی.

 ٥- چاوپێکەوتنی توێژەر لەگەڵ خاتوو(نەرمین ساڵع محەمەد)، تەمەن ٨٣ ساڵ، ٢٨-٨-٢٠٢٥، ١١:٠٠١١:٤٠، سلێمانی.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین