سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى: هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌میشه‌ به‌ نیشتمانى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن ده‌مێنێته‌وه کوردستانی

نوچە نێت

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێكى هاوبه‌شى به‌رپرسانى دیوانی ئه‌وقافى ئایینه‌كانى مه‌سیحى، ئێزدى و سابیئه‌ى مه‌ندائى‌، سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ کرد و ڕایگەیاند، "هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌میشه‌ به‌ نیشتمانى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى بۆ هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه و پارێزەری مافه‌كانیان ده‌بێت".

ڕۆژی یەکشەممە (2025/9/28) سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی له‌، "شاندێكى هاوبه‌شى به‌رپرسانى دیوانی ئه‌وقافى ئایینه‌كانى مه‌سیحى، ئێزدى و سابیئه‌ى مه‌ندائى‌، سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ به‌ سه‌رۆكایه‌تیى د. ڕامى جۆزێف ئاغاجان، سه‌رۆكى دیوان کرد".

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا "دۆخى پێكهاته‌ ئایینییه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا، ده‌رباره‌ى ئاماده‌یى و به‌شدارى و هاوبه‌شیى پێكهاته‌ى مه‌سیحى، ئێزدى و سابیئه‌ى مه‌ندائى له‌ پێگه‌ و دامه‌زراوه‌ سیاسى و كارگێڕییه‌كاندا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان".

هاوکات، "هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى فراوانکردن و قووڵکردنه‌وه‌ی کولتووری پێکه‌وه‌ژیان و یه‌کترقبووڵکردن له‌ هه‌موو ئاسته‌کانی ژیاندا کرده‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندندا. شانده‌که‌ ستایش و پێزانینیان بۆ ڕۆڵ و خه‌مخۆریی سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی و کار و پشتیوانیی به‌ڕێزیان له‌ پێکهاته‌کان ده‌ربڕی".

لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕاى، "دووپاتكردنه‌وه‌ى‌ هه‌موو پشتگیرییه‌ك بۆ مسۆگه‌رى و ده‌سته‌به‌ركردنى هه‌موو مافه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كان له‌ وڵات، جه‌ختى‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌میشه‌ به‌ نیشتمانى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى بۆ هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه و پارێزەری مافه‌كانیان ده‌بێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین