ئاكار محەمەد: من پشكەكانی كۆمپانیای چاڤی لاندم نەكڕیوە کوردستانی

نوچەنێت: سنوور یاسین

ئاکار محەمەد، هاووڵاتییەکی سلێمانییە، دوای ئەوەی دوێنێ وا بڵاوکرایەوە کە هەموو پشکەکانی چاڤی لاند لە لایەن ئەو هاووڵاتییەوە کڕدراون، بەڵام ئەو ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت، "دوور و نزیک پەیوەندی بەو بابەتەوە نییە".

ئەمڕۆ دووشەممە (2025/10/6) لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە کڕینی سەرجەم پشکەکانی کۆمپانیای چاڤی لاند لە سلێمانی ئاکار محەمەد، ئەو کەسەی کە وا بڵاوکرایەوە سەرجەم پشکەکان لە لایەن ئەوەوە کڕدرابێت ڕایدەگەیێنێت، "ناو و وێنەی من بە هەڵە لە كڕینی چاڤیلاند دانراوە، من موچەخۆری مانگانەی حکومەتم، دوور و نزیك پەیوەندیم بەو بابەتەوە نیە".

ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت، بە مافی خۆمی دەزانم لەڕێگەی ئەم ڕوونکردنەوەیەوە دوو داواکاری ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن، پەیج و ئەکاونتەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بکەم و بڵێم، "هەرچی زووە ناو و وێنەی من بسڕنەوە".

هاوکات لەڕێگەی ڕوونکردنەوەکەیەوە ئاکار محەمەد داوا دەكات، "ئەو هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە بەهۆی ئەوەی ئەو دوور و نزیک پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە". دووپاتی دەکاتەوە، "بەپێچەوانەوە هەر کەس و دەزگایەک بەردەوام بێت لە بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی ڕێگەی یاساییەوە سکاڵای یاسایی لەدژی دەگرێتەبەر".

بەهۆی نەدانی باج و كەڵەبوونی قەرزەكانی، دوێنێ یەکشەممە (2025/10/5)  بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووی سلێمانی سەر بە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم نزیکەی (60) موڵکی پرۆژەی چاڤی لاندی سلێمانی بە زیاتر لە (91) ملیار دینار لە زیادکردنێکی ئاشکرادا فرۆشت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین