ئاسایشی سلێمانی رێگەنادەن دەستەی مافی مرۆڤ دەكەن سەردانی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی بكەن کوردستانی

نوچه‌ نێت

دەستەی مافی مرۆڤی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەسەر سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانی نیشتیمانی كوردستان بڵاوكردەوە و رایدەگەینێت، دۆخی تەندروستی لە زیندان ناجێگیرە و رێگە نادەن سەردانی بكەن.

ئیسماعیل تەها

ئەمرۆ چوارشەممە (2025/10/8)  دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت راگەیێندراوێكی سەبارەت بە ڕێگە پێنەدانی تیمی دەستە لە لایەن هێزی ئەمنییەکانی سلێمانی بۆ سەردانی کردنی ئارام قادر بڵاوكردەوە.

لە راگەیێندراوەكە هاتووە، دوای ئەوەی کوڕێکی ئارام قادر سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کرد و سکاڵای تۆمار کرد سەبارەت بە دەستگیرکردنی باوکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیەوە، لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە باری تەندروستی باوکی ناجێگیرەو داواشی کرد ڕێگە بەپارێزەرەکەی بدرێت سەردانی ناوبراو بکات بۆ وەرگرتنی پەنجە مۆری بۆ مەبەستی ئەنجامدانی ڕێڕەوی یاسایی کەیسەکەی.

دەستەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەنوسراوی فەرمی ژمارە (1037) لەڕێکەوتی 2025/9/9 ئاراستەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی کرد کە ئاسانکاری و هاوکاریان بکرێ. دوای ئەوەش دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەفەرمی لەڕێگەی ئەندامێکی ئەنجومەنی دەستەوە چەندین جار داوای کرد لە هێزە ئەمنییەکان کە ڕێگە بدەن دەستە سەردانی بکات بۆ ئاگادار بوون لەڕەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵیان لەڕووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێگەیان نەداوە شاندی دەستە سەردانی ئارام قادر بکەن.

دەستەكە دەشڵێت، ئێمە بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەپێی یاسای ژمارە 4 ی ساڵی 2010 مافی بەدوا داچونی هەیە بۆ سەردانی کردنی چاکسازیەکان و بەندیخانەکان وبەدوا داچونی ڕەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی لەهەرێمی کوردستان.

دەستەی مافی مرۆڤ جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، كە ڕێگریکردن لە دەستە بە مەبەستی سەردانی کردنی شاندی دەستە بۆ لای ناوبراو پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکانە و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دۆسیەکەی ناوبراو وناوبانگی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی مافی زیندانیان بەگشتی.

لە كۆتاییدا داواش دەكات هەرچی زووە هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی کاتێک دیاری بکەن بۆ سەردانی کردنی تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وە پارێزەر بۆلای ناوبراو.

ئارام قادر، سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانی نیشتیمانی كوردستان، یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵی ئیسلامی و دواتر لەو حزبە جیابۆوە هاوپەیمانی نیشتیمانی دامەزراند، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی دەستگیركراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین