پارێزگای سلێمانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ژمارەیەك بڕیار و ڕێنمایی دەردەكات کوردستانی

نوچەنێت: هێلان مزەفەر

پارێزگای سلێمانی لەبارەی ڕێنماییەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕایدەگەیێنێت، "هیچ کەس و دامەزراوەیەک لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا بەبێ باجی فەرمیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ مافی چاودێریکردن و سەردانیکردنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی نابێت."

پارێزگاری سلێمانی چەند بریارێکی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەرکرد و سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کرد.

ڕۆژی چوارشەممەی هەشی تشرینی یەکەمی 2025 ، بەسەرپەرشتی د. هەڤاڵ ئەبوبەكرپارێزگاری سلێمانی كۆبوونەوەیەكی فراون لەبارەی ڕێنماییەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر جێبەجێكردنی یاسا و ڕێنمایەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و لیژنەی باڵای ئارامی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی کرایەوە.

لە كۆبوونەوەكەی پارێزگای سلێمانی دا چەند بڕیارێکی گرنگ دەرکران ، کە چەند خالێک لە خۆ دەگرێت، پێویستە تەواوی ئەم خالانە جێبەجێ بکرێن لە بانگەشەی هەڵبژاردندا:

1-پێویستە هەموو فەرمانگا و دامەزراوە حکوومییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئەندامانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ، پابەندی تەواوی بڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆنووسی پەسەندکراوی لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ بن، بەپێی ئەرک و تایبەتمەندیی دیاریکراوی خۆیان.

2-پێویستە هەموو کاندید و لیست و قەوارە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، پابەندی تەواوی یاسا و بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی خاڵی 1ـی ئەم نووسراوە بن.

3-سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، ڕێنمایی پێویست بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەردەکات، هەر کاندید و لیست و قەوارەیەک سەرپێچی ئەو ڕێنماییانە بکات، لەلایەن سەرۆکی یەکە کارگێڕی و بەتایبەتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکانەوە سزای پێبژاردن دەکرێن.

4-کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ و ئۆفیسەکانیان لە پارێزگاکاندا سزای یاسایی و پێبژاردنی دارایی هەر کاندیدێک دەکەن، کە دامەزراوە حکوومیی و ئایینیەکان بۆ بانگەشە بەکاربهێنن، یان کەلوپەل و کەرەستەی دامەزراوە حکوومییەکان بەکاربهێنن.

5-وێنەگرتنی کارتی دەنگدان و بردنە ژورەوەی مۆبایل و هەر هۆکارێکی وێنەگرتن بۆ ناو ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیشدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

6-لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵەوە بنکەی چاودێریکردنی بانگەشە لە سۆشیاڵ میدیاکاندا دیاریکراوە و سەرپێچیکار بەپێی ڕێنماییەکانیان تاڕادەی دورخستنەوەی کاندیدەکان لە کاندیدبوون دەڕوات، بۆیە پێویستە هەموولایەک پابەندی ڕێنماییەکان بن.

7-هیچ کەس و دامەزراوەیەک لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا بەبێ باجی فەرمیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ مافی چاودێریکردن و سەردانیکردنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی نابێت.

8-پێویستە چاودێر و ڕاگەیاندنکار و نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و دەرەکیی و نێودەوڵەتییەکان، باجی ڕێپێدانی فەرمیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵیان هەبێت.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیارە لە 11تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت کە تێیدا (329) نوێنەر بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەبژێردرێت، نوێنەرانی هەڵبژێردراو سەرۆک کۆماری عێراق هەڵدەبژێرن و متمانە بە کارنامەی سەرۆک وەزیرانی دەستنیشان کراو دەبەخشن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین