دەمیرتاش ئازادناکرێت، چونکە لە کۆبانێ هانی خەڵکی داوە بۆ پشێوینانەوە تورکیە

ئەردۆغان:


رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە پێشنیازێک لەبارەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە تووڕەبوونی ئەردۆغانی لێکەوتووەتەوە، ئاکپارتیش هەدەپە و پەکەکەی بە کۆتاییهێنان بە پرۆسەی چارەسەری تۆماتبارکردووە. 
 
ئاکپارتی بە هاوکاریی مەهەپە هەوڵدەدەن ئەو گرژی و پشێوییانەی ساڵی 2014 بەهۆی گەمارۆی کۆبانێ روویاندا، بکەنە دۆسیەیەک و بەهۆیەوە 108 کەس کە یەکێکیان دەمیرتاشە، دادگایی بکرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بە روونی بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی داوە و مانەوەی دەمیرتاشی لە زیندان بە نایاسایی ناوبردووە.
 
میدیای تورکیا بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتیدا پێشنیازێک لەبارەی ''پێشکێشکردنی راپۆرتی کاردانەوەکانی کۆبانێ لە تورکیا و وردەکارییەکانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 بە یەکێتیی ئەوروپا، ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا کرا کە تێیدا هاتووە: "ئەوەی کۆتایی بە پرۆسەی چارەسەری هێنا ئێمە نەبووین، بەڵکو هەڵوێستی هەدەپە و پەکەکە بوو. پێویستە ئەمە بۆ یەکێتیی ئەوروپا، پەرلەمانەکانی رۆژئاوا، میدیا و رای گشتیی رۆژئاوا باس بکەین". 
 
ئەردۆغان بە تووندی وەڵامی ئەو پێشنیازەی داوەتەوە و رەتیکردووەتەوە و رایگەیاندووە: "بەرپرسانی هەدەپە و لە سەرووی هەمووشیانەوە دەمیرتاش لە رووداوەکانی کۆبانێدا هانی خەڵکیاندا بۆ پشێوی. رووداوەکانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 بووە هۆی کۆتاییهاتنی پرۆسەی چارەسەری".
 
هەر بەپێی میدیای تورکیا ئەردۆغان زیاتر جەختی لەسەر دۆخی دەمیرتاش کردووەتەوە و لەبارەی داواکاریی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەوەی ئەنقەرە راپۆرتی رووداوەکانی کۆبانێ بەرزبکاتەوە، رایگەیاندووە: "ئەو پیاوە لای ئێمە تیرۆرستە و بکوژە. بووەتە هۆی کوژرانی 53 کەس. ئەوروپاییەکان چۆن تێدەگەن با تێبگەن، ئێمە کێشەیەکی وەهامان نییە". 
 
ساڵی 2014 کاتێک کۆبانێ لەلایەن داعشەوە گەمارۆدرا، هەدەپە داوای رێپێدانی لە حکومەتی تورکیا کرد بۆ ئەوەی هاوکاری لە دیوی باکووری کوردستانەوە بگەیێنرێتە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە). چونکە لەوکاتەدا شەڕڤانانی یەپەگە هیچ هاوکارییەکیان پێنەدەگەیشت و شەڕی داعشیان دەکرد. دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا رەزامەندیی نیشاننەدا لە باکووری کوردستان ناڕەزایی دروستبوو و پشێوییەکان کوژران و برینداربوونی خەڵکیان لێکەوتەوە. ئەردۆغان هەموو ئەمانە دەخاتە ئەستۆی هەدەپە، هەرچی بەرپرسانی هەدەپەن رەتیدەکەنەوە پشێوییان دروست کردبێت و حکومەت تۆمەتبار دەکەن.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکان لە رووداوەکانی کۆبانێ 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014'دا 53 کەس کوژران، 682 کەسیش دەستبەسەر کران و 323 کەسیش خرانە گرتووخانەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین