سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کۆبوونەوە کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆک بارزانی پێشوازی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق، لە كۆبوونەوەیەكدا ڕەوشی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هەروەها بەشداریکردنی سەرۆك بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس بەرز نرخێندرا.

ئەمڕۆ سێشەممە (14/10/2025) ئامادەبوونی یان برێم کونسوڵی گشتی فەڕەنسا، لە پیرمام سەرۆک بارزانی لەگەڵ پاتریک دورێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کۆبووەوە.

 بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی بارەگای لە کۆبوونەوەکەدا "باڵیۆزی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بەشداربوونیان لە مەڕاسیمی کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس و ئەمەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناوبرد لەپێناو قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان گەل و حکومەتی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان." هەروەها پاتریک دورێل "کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگەی لە پاریس بە هێمای ڕێز و پێزانینی گەلی فەڕەنسا وەسفکرد بۆ قوربانیدان و  ڕۆڵی بەرچاوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە."

هەروەك لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، "سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکومەتی فەڕەنسا و شارەوانی و سەرۆکی شارەوانیی پاریسی کرد لە پێناو ئەو بڕیارە مێژوویەی بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لەناو جەرگەی پاریس دایان و ئەوەی بە سیمبوڵێک بۆ تێکۆشان و قوربانیدانی پێشمەرگە لە پێناو ئازادیدا وەسفکرد." هەروەها لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆك بارزانی گووتی، "سەرەڕای سەرنجی زۆرمان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە کەموکوڕی زۆری تێدایە بەشداری هەڵبژاردن دەکەین."

سەرۆك بارزانی دەربارەی شەفافیەتی هەڵبژاردنەوە گووتیشی، "هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی دەیانەوێت شەفافیەت لە هەڵبژاردن دا هەبێت پێکەوە کار لەسەر دەرکردنی یاسایەک بکەن بۆ هەڵبژاردنەکان کە یەکسانی و دادپەروەری تێدابێت." چونکە ئەو یاسایەی ئێستا کاری پێدەکرێت هی ساڵی 2010یەو ئەوکات بەڵێن بە کورد درا "کە مادەی 140ـی دەستوور جێبەجێ بکرێت و یاساکەش بۆ تەنها یەک خوڵی هەڵبژاردن کاری پێ بکرێت، بەڵام ئەم یاسایە تا ئێستا بەردەوامە و بەڵێنەکانیش جێبەجێنەکران." 

بڕیارە لە 11ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڕێوەبچێت و بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی 46 کورسییە.   

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین