سه‌رۆكی حکومەت و باڵيۆزى توركيا لە عێراق كۆبوونەوە کوردستانی

نوچەنێت

سه‌رۆكى حکومەت و ئانڵ بۆرا ئينان، باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە ڕێککەوتنی سێلایەنەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرد، هەردوولا هاوڕا بوون کە ڕێککەوتنەکە ڕێگەخۆشکەربێت بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.

ئه‌مڕۆ سێشەممە‌ (2025/10/21) حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوای لە ئانڵ بۆرا ئينان، باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەدا کە ئەرمان تۆپچو، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، "وێڕای جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ کرا."

لایخۆیەوە باڵيۆزى توركيا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆژە و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا لە سەرۆکی حکومەت کرد و بەتایبەتیش ئاماژەی بە پڕۆژەی ڕووناکی و پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە و پشتێنەی سەوزایی و دابینکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریی ئاو کرد.

دەشڵێت هەر لەو کۆبوونەوەدا، "باس لە ڕێککەوتنی سێلایەنەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرا و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە ببێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین