سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیى سوپاى عێراق كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سوپاسالارى عێراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد كۆبووەوە و تیایدا "هاوڕا بوون كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایش و سه‌قامگیریى عێراق و سووریا ده‌كات."

ئەمڕۆ سێشەممە (21/10/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ فه‌ریقى یه‌كه‌مى ڕوكن عه‌بدولئه‌میر ڕه‌شید یاره‌ڵڵا، سوپاسالارى عێراق و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ پله‌دارانى باڵاى سه‌ربازى و ئه‌منیى عێراق پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسان له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، ئاماده‌ى بوون، هاریكاریى هاوبه‌شى سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازى و ئه‌منییه‌كانى عێراق و ئه‌مه‌ریكا له‌ چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى دوولایه‌نه‌ى ئه‌منیى نێوانیاندا، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و دۆخى سووریا، تاوتوێ كران.

هەروەك لە ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ "داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایش و سه‌قامگیریى عێراق و سووریا ده‌كات. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و له‌ چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراقدا، هێشتا پێویستییان به‌ هاریكارى و پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌."

سەرۆك نێچییرڤان بارزانی، هه‌روه‌ها "ستایش و پێزانینى بۆ ڕۆڵى سوپاى عێراق له‌ به‌رقه‌راركردنى ئاسایش و سه‌قامگیرى له‌ وڵات كرد، هه‌روه‌ها پته‌وكردنى هاریكاریى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراقى به‌ پێویست له‌ قه‌ڵه‌م دا. لاى خۆیه‌وه ‌به‌ڕێز سوپاسالارى عێراق دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا هاریكاریى نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ له‌ باشترین دۆخدایه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ ستایشى ڕۆڵى به‌ڕێز سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ى كرد."

دەشڵێت، پاراستنى ئاسایشى سنوور و دۆخى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان به‌تایبه‌تى له‌نێوان سووریا و عێراقدا، كۆتاییهاتنى ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق له‌ ئه‌یلوولى (2026) و دۆخى دواى ئه‌و قۆناغه‌، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین