وەزارەتی ناوخۆ پڕۆژەی چاکسازی و پەرەپێدانی پۆلیسی کوردستان جێبەجێ دەكات کوردستانی

نوچەنێت: پەیام عەلی

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ لێژنەی تایبەتی چاکسازی پۆلیس ئەنجامدا و جەختی لەسەر پێویستی نوێکردنەوەی شێوازی کار و ڕاهێنانی پۆلیسی کوردستان، بەپێی ستانداردە نوێیەکان و چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتیان کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە (22/10/2025)، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لێژنەیەکی تایبەتمەند كۆبووەوە کە ئەرکی پێداچوونەوە بە پەیکەر، ئەرکەکان، شێوازی مامەڵە، ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای پۆلیسی کوردستانیان پێسپێردراوە، لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ جەختی لە پێویستی پێداچوونەوەی جددی بە کەرتی پۆلیس لە هەموو بوارەکاندا کردەوە، بۆ گونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتیان.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆ، ڕێبەر ئەحمەد ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس و لیژنەیەکی تری باڵا، کە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوسینەوەی ڕێبەریی کاری پۆلیسی لە کوردستان پێکهاتووە، بۆ ئەو ئەرکە ڕاسپارد. داوای کرد بیرۆکەکان لەڕێی وۆرکشۆپەوە لەگەڵ کارمەندان لە سەرانسەری کوردستان بەشبکرێن، ڕا و بۆچوونەکانیان وەربگیرێت، سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو ببینرێت، بەجۆرێک لەگەڵ سروشتی کۆمەڵگەی کوردستان بگونجێت.

هاوکات، جەختی لەسەر ڕاهێنانی بەردەوامی جەستەیی و هزری بۆ کارمەندان و ئەفسەران کردەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئەکادیمیای سەرکردایەتی و هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی مەشق و شیاندن، بەشەکانی ئاراستەکردن و ڕابەریکردنی مەعنەوی، پۆلیسی کۆمەڵگەیی، ڕاسپارد بۆ ڕێکخستنی خول و ڕاهێنانی بەردەوام.

لە کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە بە پەیکەری پۆلیس و ئەرکەکانی، بنکەکانی پۆلیس وەک یەکەی بنەڕەتی کاری پۆلیس، سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن بۆ ئاسانکاری ئەرکەکان، پەروەردەکردنی سەرکردە و دابەشکردنی ئەرکەکان، تەوەری گفتوگۆکان بوون.

پڕۆژەی چاکسازی پۆلیسی کوردستان، بەشێکە لە پلانی فراوانتری پەرەپێدانی دامەزراوە ئەمنییەکان، بەمەبەستی گونجاندنیان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و پێداویستییەکانی ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەی کوردستان. ئەم پڕۆژەیە هەموو لایەنەکانی کاری پۆلیس دەگرێتەوە، لە پەیکەری ڕێکخراوە و ڕاهێنانەوە تا بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ و پەرەپێدانی توانای سەرکردایەتی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین