بەرپرسانی کورد لە کەرکووک لە کەمى رێژەى بەشدارى کورد هۆشداری دەدەن کوردستانی

نوچەنێت

بەرپرسانى کورد لە شارى کەرکوک بەهۆى رێژەى کەمى کورد و بەشدارى چڕى عەرەب لە پڕۆسەى دەنگدان هۆشدارى لە لەدەستدانى کورسى کورد لەو شارە دەدەن.

ئەمرۆ سێشەممە (2025/11/11) شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و كاندیدى پارتی لە کەرکووک رایگەیاند، ‌‌ئەگەر خەڵک نەگەڕێتەوە کەرکووک بۆ دەنگدان، کورد کورسییەک یان دوو کورسی لەدەست دەدات، جەختیشی کردەوە، دەنگدانی کورد لە کەرکووک هێندەی شەڕی داعش گرنگە.‌‌

ئەو کاندیدەى پارتى جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، کە ‌‌بەشداریی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن زۆر گرنگە، چونکە کەرکووک دۆخێکی جیاوازی هەیە و ململانێی نەتەوەیی هەیە، کوردیش دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە کەرکووک بپارێزێت.‌‌

لە لایەکى دیکەوە، جەنگی عیزەدین، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند، ‌‌پێشبینی دەکەن دوانیوەڕۆ رێژەی بەشداریی خەڵک لە دەنگدان زیاتر ببێت، بەتایبەت کە بڕیارە لە دەرەوەی شارەکان خەڵکی زیاتر بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە.‌‌

لێپرسراوی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک جەختیکردەوە، ‌‌بەشداریکردنی کورد لەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە" و داوای کرد خەڵک بە چڕی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

هەر سەبارەت بە کەمى بەشدارى کورد، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە پشکى یەکێتى لە حکومەتى عێراق رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە لە مێژووی عێراق و کەرکووکدا بەتایبەتی. ئەمڕۆ خەڵکی نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرن. پەرلەمانی عێراق گرنگی گەورەی هەیە، چونکە ئەوێ سەنگەری پێشەوەی مافەکانی خەڵکی کوردستانە و مافی خەڵکی عێراقە. بۆیە هەرچەندە هاووڵاتییانی ئێمە بەشێوەیەکی کارا و زۆر بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن، زیاتر دەتوانن نوێنەریان لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەران هەبێ و لەوێوە بتوانن مافەکانیان بپارێزن و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن".  

خالید شوانی ئاماژەی بە پێویستی بەشداریکردنی زیاتری هاونیشتمانییانی خەڵکی باشووری کوردستان بەگشتی و کەرکووک بەتایبەتی کرد و گوتی: "بۆ ئێمەی کوردستانییان و کەرکووک، پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵی و پرۆسەی سیاسیی گرنگی خۆی هەیە. لەبەرئەوەی ئێمە هەرێمێکی فیدراڵ و کەرکووکێک وەک پارێزگایەک لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتەدا کە ئیدارەکەی ئێستا بە دەست پێکهاتەی کوردییەوە هەیە بە هاوبەشی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە هەیە، پێویستمان بەوەیە ئامادەبوونێکی بەهێزمان لە بەغدا هەبێ".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین